راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

132 ساڵ ته‌مه‌ن
خانه‌قای‌ بیاره‌.. گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی‌ ته‌سه‌وف له‌كوردستان

هونەر حەمەرەشید
خانه‌قای‌ بیاره‌ 132 ساڵی‌ ره‌به‌قه‌ بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی‌ ته‌سه‌وف له‌كوردستاندا، نیقاش له‌ناو خانه‌قاكه‌وه‌ چیرۆكه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.
31.08.2017  |  هه‌ڵه‌بجه‌
به‌شێك له‌سۆفییه‌كانی‌ خه‌نه‌قای‌ بیاره‌ ( :وێنه ريبوار صلاح )
به‌شێك له‌سۆفییه‌كانی‌ خه‌نه‌قای‌ بیاره‌ ( :وێنه ريبوار صلاح )

میران محه‌مه‌د، كه‌ ته‌نیا 10 به‌هاری‌ ته‌مه‌نی‌ تێپه‌ڕاندبوو، له‌ناو حه‌وشه‌ی‌ مزگه‌وتی‌ بیاره‌ پیاسه‌ی‌ ده‌كردو چاوه‌ڕێی‌ "قامه‌ت"ی‌ بانگبێژی‌ مزگه‌وته‌كه‌ی‌ ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بچێته‌ ریزی‌ نوێژخوێنه‌كانی‌ مزگه‌وته‌كه‌وه‌و نوێژی‌ هه‌ینی‌ به‌كۆمه‌ڵ بكات.

 

میران، كه‌ خاوه‌نی‌ جه‌سته‌یه‌كی‌ لاوازبوو، به‌ده‌موچاوییه‌وه‌ كه‌مخه‌وی‌ به‌قسه‌كردنی‌ بێتاقه‌تی‌‌و به‌سه‌یركردنه‌كانیشی‌ برسییه‌تی‌ دیاربوو، زوو زوو سه‌یری‌ ئه‌و ژووره‌ی‌ ده‌كرد خواردنی‌ لێئاماده‌ ده‌كرا، ئه‌و منداڵه‌ هاتبووه‌وه‌ خانه‌قای‌ بیاره‌، ئه‌وه‌ش بۆ ته‌واوكردنی‌ خوێندنی‌ ئاینی‌‌و بوون به‌"ئیمام‌و خه‌تیب" له‌داهاتوودا.

 

میران نموونه‌ی‌ ده‌یان منداڵ‌و مێردمنداڵ‌و كه‌سانی‌ تری‌ گه‌نج بوو، كه‌ له‌زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هاتبوون بۆ خوێندن له‌و خانه‌قایه‌، كه‌ مێژووی‌ دروستبوونی‌ بۆ 132 ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و له‌كاتی‌ دروستبوونییه‌وه‌ تائێستا گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.

 

خانه‌قای‌ بیاره‌ "شه‌ریفه‌"، له‌شارۆچكه‌ی‌ بیاره‌ی‌ هه‌ورامان دروستكراوه‌ (ناحیه‌ی‌ بیاره‌ له‌باكووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌)، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی‌ (شێخ عومه‌ر زیائه‌دین( له‌ساڵی‌ 1885 .

 

خانه‌قاكه‌ باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ ته‌ریقه‌تی‌ نه‌قشبه‌ندییه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان - نه‌قشبه‌ندی، یان نه‌قشی، یاخود نه‌خشی ته‌ریقه‌تێكی سه‌ره‌كی ته‌سه‌وفی ئیسلامییه‌ - وه‌ك شێخه‌كانی‌ ته‌ریقه‌ته‌كه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ خانه‌قاكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خه‌وێكی‌ (شێخ عومه‌ر زیائه‌دین) دروستكراوه‌.

 

گوایه‌ شێخ عومه‌ر بۆ زیاره‌تی‌ مه‌رقه‌دی‌ ئیمام حوسێن چووته‌ كه‌ربه‌لا له‌وێ‌ خه‌وێكی‌ به‌پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلامه‌وه‌ بینیوه‌ كه‌ له‌خه‌وه‌كه‌یدا منداڵێكی‌ ساوای‌ نه‌خۆشی‌ داوه‌ته‌ ده‌ست ئه‌و شێخه‌و داوای‌ لێكردووه‌، چاره‌سه‌ری‌ بكات.

 

شوێنكه‌وتوانی‌ ئه‌و ته‌ریقه‌ته‌ وایده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ شێخ عومه‌ر پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ وه‌ها لێكی‌ داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و منداڵه‌ نه‌خۆشه‌ زانستی‌ ئیسلامی‌ بووه‌و پێغه‌مبه‌ری‌ داوای‌ زیندووكردنه‌وه‌ی‌ لێكردووه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش ئه‌و خانه‌قایه‌ی‌ دروستكردووه‌.

 

له‌دوای‌ شێخ عومه‌ر زیائه‌دین، هه‌ریه‌كه‌ له‌كوڕو نه‌وه‌كانی‌ (شێخ محه‌مه‌د به‌هائه‌دین، شێخ عه‌لائه‌دین، شێخ نه‌جمه‌دین‌و شێخ عوسمان سراجه‌دینی‌ دووه‌م) له‌خانه‌قاكه‌ شێخایه‌تیان كردووه‌و به‌رده‌وامیان پێداوه‌، تائێستا گه‌یشووته‌ به‌ (شێخ مادیح)، كه‌ كوڕی‌ شێخ عوسمانه‌و له‌ژیاندا ماوه‌و سه‌رپه‌رشتی‌ گشتی‌ خانه‌قاكه‌ ده‌كات.

 

وه‌ك فاخر محه‌مه‌د شه‌قلاوه‌یی سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌دره‌سه‌ی‌ خانه‌قای‌ بیاره‌ بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت "به‌درێژایی مێژوو ئه‌و خانه‌قایه‌ دوو ئه‌ركی‌ هه‌بووه‌، یه‌كه‌م ئه‌ركی‌ ئاینی‌‌و فێركردنی‌ زانستی‌ ئیسلامی‌، دووه‌م خزمه‌تی‌ كه‌سانی‌ هه‌ژار، كه‌ رۆژانه‌ بۆ پشوودان‌و نانخواردن روو له‌خانه‌قاكه‌ ده‌كه‌ن".

 

له‌ئێستادا خانه‌قای‌ بیاره‌، بۆ فێكردنی‌ زانستی‌ ئیسلامی‌، خاوه‌نی‌ 121 خوێندكاره‌، كه‌ ئه‌وان به‌ "فه‌قێ‌" ناویان ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ته‌مه‌نه‌كانی‌ 10 ساڵی‌ بۆ 35 ساڵی‌‌و خه‌ڵكی‌ هه‌موو ناوچه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ته‌نانه‌ت ئێران‌و توركیاو سوریاشی‌ تێدایه‌.

 

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌بوونی‌ ئاستی‌ خوێندنی‌ جیاواز له‌ناو "فه‌قێ"كان، كه‌ تێیاندایه‌ هیچ خوێنده‌وارییه‌كی‌ نییه‌و تێشیاندایه‌ خوێندنی‌ به‌كالۆریۆس‌و ماجیستێرشی‌ ته‌واوكردووه‌و هه‌مووشیان به‌یه‌ك جۆر زانست‌و به‌یه‌ك یاسا ده‌خوێنن‌و ده‌بێت ئاسته‌كانی‌ خوێندنه‌كه‌ به‌قۆناغ ببڕن.

 

فاخر شه‌قڵاوه‌یی، كه‌ 22 ساڵه‌ له‌خانه‌قاكه‌ كارده‌كات ده‌كات، ده‌شڵێت: "ئێمه‌ یه‌ك جۆر خوێندن‌و چه‌ند زانستێكی‌ جیاواز فێری‌ فه‌قێكان ده‌كه‌ین، دوای‌ ته‌واوكردنی‌ ئه‌و زانستانه‌ش فه‌قێ‌ مۆڵه‌تی‌ مه‌لایی وه‌رده‌گرێت‌و ده‌توانێت ببێته‌ ئیمام‌و خه‌تیب‌و چه‌ندیش ساڵیشه‌ به‌و شێوه‌ خوێندنه‌ فه‌قێ‌ پێده‌گه‌یه‌نین".

 

ئه‌و زانستانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ خوێندنی‌ خانه‌قای‌ بیاره‌ ده‌وترێنه‌وه‌ بریتین له‌"قورئان، زانستی‌ ته‌جویدو زانستی‌ سه‌رف.."‌و چه‌ند زانستێكی‌ تر، كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 12 زانستی‌ ترو سه‌رجه‌میان زانستی‌ ئیسلامین‌و ده‌بێت فه‌قێ‌ له‌ماوه‌یه‌ك ته‌واویان بكات، كه‌ دیارنه‌كراوه‌و به‌پێی‌ فێربوون كۆتایی به‌خوێندنه‌كه‌ی‌ ده‌هێنرێت‌و مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت.

 

مه‌رجی‌ وه‌رگرتنیش له‌و خانه‌قایه‌ ته‌نیا پابه‌ندبوونه‌ به‌رێنماییه‌كانی‌ خانه‌قاكه‌وه‌، كه‌ ساڵانێكه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت‌و گرنگترین مه‌رجیش مانه‌وه‌یه‌ له‌ناو خانه‌قاكه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌هه‌موو ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی‌ رۆژانه‌ به‌كاریده‌هێنرێت، به‌تایبه‌تی‌ بابه‌ته‌ ته‌كنه‌لۆژییه‌كانی‌ وه‌ك مۆبایل‌و ئینته‌رنێت‌و ته‌له‌فزیۆن هتد...

 

سه‌رپه‌رشتیاری‌ مه‌دره‌سه‌ی‌ بیاره‌ له‌و باره‌وه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌وان به‌كارهێنانی‌ مۆبایل‌و بابه‌ته‌كانی‌ تری‌ ته‌كنه‌لۆژی‌ له‌فه‌قێكان وه‌رده‌گرن‌و نابێت له‌كاتی‌ پابه‌ندبوونیان به‌ناو حه‌ره‌می‌ خانه‌قاكه‌وه‌ به‌كاریبهێنن، "ته‌نیا بۆ حاڵه‌تی‌ پێویست نه‌بێت".

 

فاخر شه‌قڵاوه‌یی هۆكاری‌ ئه‌وه‌شی‌ بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ نایانه‌وێت فه‌قێكان به‌شتی‌ لاوه‌كی‌‌و دنیایی خۆیان سه‌رقاڵ بكه‌ن.

 

میران محه‌مه‌د، یه‌كێك بوو له‌و فه‌قێیانه‌ی‌ له‌شارۆچكه‌ی‌ وارماوه‌وه‌ - شاره‌دێیه‌كه‌، سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخانه‌و له‌باشووری‌ رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی هه‌ڵكه‌وتووه‌ - وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت، ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌خانه‌قای‌ بیاره‌وه‌ كردووه‌و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر خواستی‌ باوكی‌ بووه‌.

 

میران ده‌ڵێت "ماوه‌ی‌ 30 رۆژه‌ نه‌چوومه‌ته‌ ماڵی‌ خۆمان‌و له‌و ماوه‌یه‌ش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم به‌ماڵه‌وه‌ نه‌كردووه‌".

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆچی‌ جگه‌ له‌زانسته‌ ئیسلامییه‌كان له‌خانه‌قای‌ بیاره‌ هیچ زانستێكی‌ تر ناخوێنرێت، فاخر شه‌قڵاوه‌یی وتی‌ "كاری‌ زۆرمان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌داهاتوو وانه‌ی‌ كۆمپیوته‌رو ئینگلیزی‌ بخه‌ینه‌ ناو به‌رنامه‌ی‌ خوێندن، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك كێشه‌مان هه‌یه‌و ئێستاش سه‌رقاڵی‌ كێشه‌كانین".

 

خوێندن له‌خانه‌قای‌ بیاره‌ كراوه‌ به‌دوو قۆناغ، ئه‌وان قۆناغه‌كانی‌ "سوخته‌و موسته‌عیده‌"، كه‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان له‌سێ‌ ئاست پێكهاتووه‌و ئه‌وه‌ی‌ دووه‌میش پێگه‌یشتنی‌ فه‌قێیه‌ بۆ قۆناغی‌ وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌ت كه‌ به‌نزیكه‌یی‌ ئه‌و دوو قۆناغه‌ له‌ 5 ساڵ بۆ 7 ساڵ ته‌واوده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ ئاستی‌ خوێندنی‌ به‌كالۆریۆسی‌ هه‌بێت‌و بۆ ئاسته‌كانی‌ تری‌ خوێندن‌و گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا دێت.

 

خانه‌قاكه‌ خاوه‌نی‌ پێنج مامۆستای‌ سه‌ره‌كییه‌و ئه‌و مامۆستایانه‌ ته‌نیا وانه‌ به‌كۆمه‌ڵێك فه‌قێیه‌ك له‌قۆناغی‌ "موسته‌عید" ده‌ڵێنه‌وه‌و له‌دوای‌ ئه‌وانیش "موسته‌عید"ه‌كان به‌پێی‌ ئاستی‌ زیره‌كی‌‌و فێربوونی‌ زانسته‌كان وانه‌ به‌ "سوخته‌كان" ده‌ڵێنه‌وه‌.

 

به‌هرام ئه‌حمه‌د یه‌كێكی‌ تر بوو له‌و فه‌قێیانه‌ی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌و خانه‌قایه‌ وانه‌ ده‌خوێنێت، بۆ نیقاش وتی‌: "له‌شاری‌ قه‌ڵادزێوه‌ - ١٣٤ كم خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌ -  هاتووم بۆ خوێندن‌و ده‌مه‌وێت فێری‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كان بم".

 

ئه‌و فه‌قێیه‌ هه‌رچه‌نده‌ رازیی‌ بوونی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌و زانستانه‌ نیشاندا له‌ناو خانه‌قای‌ بیاره‌ ده‌یخوێنن، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه‌، كۆمه‌ڵێك زانستی‌ تر هه‌یه‌ پێویسته‌ بیخوێنن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌داهاتوو بڕوانامه‌كه‌یان په‌سه‌ندبكرێت.

 

وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ته‌نانه‌ت ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی‌ عێراقیش، په‌سه‌ندی‌ "ئیجازه‌ی‌ مه‌لایی" ناكه‌ن‌و وه‌ك بڕوانامه‌یه‌كی‌ باوه‌ڕپێكراو مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، وه‌ك فاخر شه‌قڵاوه‌یی‌ ده‌ڵێت تائێستا هیچ بیانوویه‌كیان پێنه‌داونكه‌ بۆ په‌سه‌ندی‌ ناكه‌ن.

 

وتیشی‌ "له‌سه‌رده‌می‌ رژێمی‌ پێشووی‌ عێراق‌و به‌تایبه‌تی‌ له‌هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو بڕوانامه‌و مۆڵه‌تی‌ خوێندنه‌كه‌مان له‌زانكۆی‌ ئه‌زهه‌ری‌ میسری‌ دانی‌ پێدانراوه‌".

 

لایه‌نێكی‌ تری‌ سه‌رنجڕاكێشی‌ خانه‌قای‌ بیاره‌ بوونی‌ سه‌رجه‌م گۆڕی‌ شێخه‌كانی‌ ته‌ریقه‌ته‌ له‌ناو مزگه‌وته‌كه‌ جگه‌ له‌گۆڕی‌ شێخ عوسمان سراجه‌دینه‌ - گۆڕه‌كه‌ی‌ له‌شاری‌ ئه‌سته‌نبوڵه‌ له‌توركیایه‌ - كه‌ رۆژانه‌ ده‌یان كه‌س سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن‌و به‌شێكیان ته‌نیا وه‌ك بۆ سه‌یكردن‌و به‌شێكی‌ تریشیان وه‌ك زیاره‌تی‌ شوێنێكی‌ ئاینی‌ پیرۆز سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن.

 

ئه‌و مه‌زارگایانه‌ ئێستا بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ داهاتی‌ باش بۆ خانه‌قاكه‌، به‌و پێیه‌ی‌ رۆژانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن وه‌ك نه‌ریتێكی‌ ئاینی‌ پڕێك پاره‌ داده‌نێن.

 

له‌خانه‌قاكه‌دا شوێنی‌ مانه‌وه‌و خه‌وتن‌و ته‌نانه‌ت خواردنیش بۆ ته‌واوی‌ فه‌قێكان دابینكراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ رۆژانه‌ سه‌دان كه‌س سه‌ردانی‌ خانه‌قاكه‌ ده‌كه‌ن‌و له‌گه‌ڵ فه‌قێكان له‌و خواردنه‌ ده‌خۆن سێ‌ ژه‌ممه‌ ئاماده‌ده‌كرێت.

 

مه‌لا یاسین یه‌كێكی‌ تر بوو له‌سه‌رپه‌رشتیارانی‌ خانه‌قای‌ بیاره‌و بۆ "نیقاش" وتی‌ "به‌و داهاته‌ی‌ مانگانه‌ ده‌ستمان ده‌كه‌وێت رۆژانه‌ خواردن‌و خه‌رجی‌ فه‌قێكان‌و خواردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌بینده‌یكه‌ن، كه‌ سه‌ردان ده‌كه‌ن‌و بۆ پشوودان‌و نانخواردن ده‌مێننه‌وه‌".

 

مه‌لا یاسین كه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ ورده‌كاری‌ ئه‌و داهاته‌ ئاشكرابكات، مانگانه‌ ده‌ست خانه‌قا ده‌كه‌وێت‌و وتی "ئێمه‌ چه‌ندێك باوه‌ڕمان به‌و داهاته‌ هه‌یه‌ ده‌ستمان ده‌كه‌وێت، سه‌د هێنده‌ باوه‌ڕمان وایه‌، كه‌ خودا به‌ره‌كه‌تی‌ تێده‌كات‌و زیاد ده‌بێت‌و به‌شی‌ هه‌موولایه‌ك به‌زیادیشه‌وه‌ ده‌كات".

 

له‌سه‌رده‌می‌ گروپی‌ توندڕه‌وی‌ "ئه‌نساروئیسلام" ساڵی‌ 2001 بۆ 2003 خانه‌قای‌ بیاره‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و گروپه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ هه‌ورامان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو داخرا، ته‌نانه‌ت گۆڕی‌ شێخه‌كانیش ده‌رهێنراو گوازرانه‌وه‌ بۆ شوێنێكی‌ تر، دوای‌ نه‌مانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ "ئه‌نسارولئیسلام"، گۆڕه‌كان له‌ناوچه‌یه‌كی‌ نزیك بیاره‌ دۆزرانه‌وه‌و جارێكی‌ تر له‌شوێنی‌ خۆیان نێژرانه‌وه‌.

 

فاخر شه‌قڵاوه‌یی‌ ئه‌و رووداوه‌ به‌رووداوێكی‌ "ناخۆش‌و ساڵانێكی‌ تاریك‌و ره‌ش" ناوبردو وتی‌ "به‌درێژایی مێژووی‌ خانه‌قاكه‌، ئه‌و دوو ساڵه‌ نه‌بێت، هه‌رگیز ده‌رگای‌ خانه‌قای‌ بیاره‌ به‌ڕووی‌ كه‌سدا دانه‌خراوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌و دوو ساڵه‌ به‌ساڵی‌ ره‌ش ده‌زانین".

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان په‌یڕه‌وی‌ ته‌ریقه‌تی‌ "نه‌قشبه‌ندی‌" ده‌كه‌ن‌و چ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ نه‌قشبه‌ندییه‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی‌ عێراق وه‌ك گروپێكی‌ چه‌كدار چالاكه‌، فاخر شه‌قڵاوه‌یی‌ وتی‌ "ئه‌وانه‌ ته‌نیا ناویان نه‌قشبه‌ندییه‌و دوورو نزیك په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ئێمه‌وه‌ نییه‌و كاره‌كانیان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌