راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌هره‌مه‌ندێكی‌ كه‌م وێنه‌
كچه‌ وێنه‌كێشێكی نابیست خه‌ونه‌كانی ده‌خاته‌ سه‌ر كاغه‌ز‌و شوشه‌

محه‌ممه‌د زه‌یدی
شوهب موحسین (17 ساڵ) كچێكی نابیسته‌‌و ناشتوانێت قسه‌ بكات، به‌ڵام به‌ خێرایی به‌ره‌پێش هه‌نگاو ده‌نێت‌و له‌ تواناكانی داهێنه‌ره‌كانی دڵنیایه‌.
31.08.2017  |  واست
شوهب موحسین
شوهب موحسین

شوهب رۆژانه‌ له‌ماڵی خۆیانه‌وه‌ 100 مه‌تر ده‌بڕێت تا ده‌گاته‌ شوێنی وێنه‌كێشانه‌كه‌ی كه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجانی گه‌ڕه‌ك له‌ باشووری پارێزگای واستدایه‌ تا ئاره‌زووی خۆی له‌ وێنه‌كێشان له‌سه‌ر كاغه‌ز‌و شوشه‌ به‌جێ بگه‌یه‌نێت، چونكه‌ ئه‌م كچه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسكانه‌ چووه‌ته‌ نێو جیهانی هونه‌ری شێوه‌كاریه‌وه‌، توانیویه‌تی كارێكی وا بكات كاتێك وێنه‌ی خه‌ون‌و ئاواته‌ بێ سنووره‌كانی له‌سه‌ر كاغه‌ز‌و شووشه‌ ده‌كێشێت، فڵچه‌‌و تابلۆكانی له‌بری خۆی قسه‌ بكه‌ن.

 

شوهب له‌ كاروانی هونه‌ری خۆیدا داهێنانی كردووه‌ به‌ كێشانی زیاتر له‌ 150 تابلۆ كه‌ هه‌ر وێنه‌یه‌كیان ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعه‌‌و سه‌لماندوویه‌تی كه‌ كه‌مئه‌ندامی رێگر نه‌بووه‌ له‌ به‌خشش.

 

حه‌ورا خوشكی بچووكی شوهب ده‌ڵێت "خه‌ریكه‌ هه‌ست به‌ هیچ شتێكی نائاسایی ناكه‌م تێیدا، چونكه‌ وه‌كو كه‌سانی دیكه‌ ده‌ژی، حه‌ز ده‌كات به‌دیمه‌نێكی شیاو‌و جلوبه‌رگێكه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت كه‌ ره‌نگه‌كانی گونجاوبن، هه‌روه‌ها تۆڕێك په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌گه‌ڵ كچه‌ هاوڕێكانیدا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات".

 

حه‌ورای ته‌مه‌ن 15 ساڵ هه‌روه‌ها به‌ "نیقاش"ی وت: "خوشكه‌كه‌م به‌هره‌یه‌كی زگماكی هه‌یه‌ كه‌ قه‌ره‌بووی كه‌مئه‌ندامییه‌كه‌ی بۆ كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و زیره‌كییه‌كی نایابیشی هه‌یه‌‌و ده‌توانێت وێنه‌ی هه‌ر دیمه‌نێك بكێشێت كه‌ ده‌یبینیت ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا فێری هونه‌ره‌كانی وێنه‌كێشان بوو".

 

له‌كاتێكدا حه‌ورا سه‌رقاڵی قسه‌كردن بوو له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌ی له‌ڕێی ئاماژه‌وه‌، درێژه‌ی به‌ قسه‌كانی دا‌و وتی: "هه‌رچه‌نده‌ شوهب بچووكه‌، به‌ڵام توانی له‌ڕێی ئه‌و دیاریه‌ نه‌ختینانه‌ی خزمان‌و دۆستان پێیده‌به‌خشن زۆرێك له‌ پێداویستیه‌كانی وێنه‌كێشان بكڕێت".

 

حه‌ورا ده‌شڵێت: "دایكم یه‌كه‌م كه‌س بوو كه‌ تواناكانی خوشكه‌ نابیسته‌كه‌م‌و لێهاتوویی له‌ كێشانی وێنه‌ی شته‌ جیاجیاكاندا ئاشكرا كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ په‌رۆشی ئه‌وه‌بووه‌ ئه‌و به‌هره‌یه‌ی په‌ره‌پێبدات‌و چاودێری بكات".

 

رۆڵی چاودێری خێزانی ته‌نیا له‌ ئه‌ستۆی دایكی شوهبدا قه‌تیس نه‌بووه‌، چونكه‌ له‌ به‌ختی ئه‌م كچه‌ به‌هره‌مه‌نده‌ كه‌ به‌شداری ده‌یان پێشانگای ناوخۆیی كردووه‌، خێزانێك له‌ پشت داهێنانه‌كه‌یه‌وه‌یه‌ هه‌موویان به‌به‌رده‌وامی یارمه‌تیده‌رن له‌ هاندانی بۆ به‌خشش، بۆیه‌ باوكی رۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی‌و هاندانی بۆ شاره‌زابوون له‌ هونه‌ره‌كانی وێنه‌كێشان، هاوكات برا گه‌وره‌كه‌شی په‌رۆشی ئه‌وه‌یه‌ رۆژانه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ شوێنی وێنه‌كێشانه‌كه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجانی گه‌ڕه‌ك.

 

"هیوادارم خه‌ونه‌كه‌م به‌دی بێت‌و كچه‌كه‌م بگاته‌ ئاستی جیهانی" باوكی ئه‌م كچه‌ به‌هره‌مه‌نده‌ نابیسته‌ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی وت له‌ كاتێكدا سه‌یری چاوه‌كانی كچه‌كه‌ی ده‌كرد، وتیشی:"به‌ هاوكاری هاوڕێیه‌كم له‌ مامۆستایانی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ر ده‌مه‌وێت تواناكانی كچه‌كه‌م گه‌شه‌پێبده‌م دوای دابینكردنی ئامراز‌و ره‌نگی پێویست".

 

له‌باره‌ی سروشتی ئه‌و تابلۆ هونه‌ریانه‌ش كه‌ كچه‌كه‌ی ده‌یانكێشێت، موحسین عه‌لی به‌ "نیقاش"ی وت: "سه‌ره‌تا وێنه‌ی ئه‌و شار‌و دیمه‌نه‌ سروشتیانه‌م پێده‌دا كه‌ له‌ بازاڕدا ده‌فرۆشرێن، ئه‌ویش ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌بژارد كه‌ گونجاو بوون بۆی‌و سه‌رله‌نوێ وێنه‌ی ده‌كێشانه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رزوو خه‌یاڵێكی به‌پیتی بۆ دروستبوو ئیتر خۆی تابلۆ‌و ره‌نگه‌كانی هه‌ڵده‌بژارد‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستمان له‌و بابه‌ته‌ وه‌رنه‌ده‌دا".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌و به‌ به‌رده‌وامی حه‌زی به‌ كێشانی وێنه‌ی دیمه‌نی سروشتی‌و وێنه‌ی كه‌سی‌و ته‌نانه‌ت چیرۆكی تراجیدی هه‌یه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز‌و شوشه‌‌و هه‌میشه‌ ئارامه‌‌و به‌ به‌رده‌وامی خه‌نده‌ی له‌سه‌ر لێوانه‌‌و كه‌مئه‌ندامییه‌كه‌شی هیچ نائومێدییه‌كی ئه‌وتۆی له‌لا دروست نه‌كردووه‌".

 

له‌ كاتێكدا باوكی شوهب پێشبینی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بۆ كچه‌كه‌ی ده‌كات وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی به‌هره‌مه‌ند، به‌تایبه‌تی كه‌ به‌شداری چه‌ندین پێشانگای هونه‌ری وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، روونیشیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی به‌زۆری كچه‌كه‌ی بێزار ده‌كات ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌های كاره‌كانی نازانن‌و زه‌وقی هونه‌ری‌و هه‌ستكردن به‌ به‌های تابلۆیان نییه‌ كه‌ ئه‌وه‌شی له‌ روخساریاندا به‌دی كردووه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ شوهب پێویستی به‌ كاركردن نییه‌، به‌ڵام به‌هره‌ ده‌گمه‌نه‌كه‌ی هۆكارێك بوو بۆئه‌وه‌ی به‌ فه‌رمانێكی حكومی له‌سه‌ر میلاكی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌نجانی گه‌ڕه‌ك دابمه‌زرێت كه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونیشیه‌تی، بۆیه‌ ویستی خۆی كرده‌ رێگایه‌ك بۆ داهێنان‌و گه‌شبینی واقیعیانه‌ له‌ ژیاندا.

 

ره‌شید عیقابی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری گه‌نجانی گه‌ڕه‌ك پێیوایه‌ چاودێریكردنی ئه‌م به‌هرانه‌‌و پارێزگاری لێكردنیان به‌رپرسیارێتی فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ یه‌رۆشه‌ بۆ به‌شداریپێكردنی له‌ چالاكی‌و فێستیڤاڵه‌كاندا بۆئه‌وه‌ی زیاتر متمانه‌ی به‌خۆی په‌یدا بكات بۆ خستنه‌ڕووی به‌هره‌كانی‌و قبوڵكردنی رای كه‌سانی ده‌وروبه‌ری.

 

عیقابی له‌ میانی قسه‌كانیدا بۆ "نیقاش" ته‌ئكیدی له‌سه‌ر گرنگی دانانی پلانێكی ته‌واو كرده‌وه‌ بۆ چاودێریكردنی ئه‌و توێژه‌ تایبه‌ته‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌رنامه‌ی فێركاری گونجاو بۆ زیادكردنی هۆشیاری‌و رۆشنبیری له‌ خانه‌واده‌ی به‌هره‌مه‌نده‌ كه‌مئه‌ندامه‌كان‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌م به‌هرانه‌ پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ یه‌كێك چاودێریان بكات تا به‌ڕێگای راستیاندا بڕۆن به‌وپێیه‌ی سامانێكی مرۆیین كه‌ ده‌كرێت له‌ زۆر بواری ژیاندا سوودیان لێوه‌ربگیرێت.