راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌بری‌ چه‌ك به‌قه‌ڵه‌م
پێشمه‌رگه‌یه‌ك دوو كاری‌ نا ته‌با پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌

سامان عومەر
هه‌ر كه‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ دێت یه‌كسه‌ر وێنه‌ی‌ كه‌سێكی‌ چه‌ك به‌ده‌ست دێته‌ پێش چاوان، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ جیاواز له‌بری‌ چه‌ك به‌قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی‌ خه‌ڵات ده‌چنێته‌وه‌.
26.07.2017  |  سلێمانی‌
سەرکەوت محەمەد
سەرکەوت محەمەد

سه‌ركه‌وت محه‌مه‌د (28 ساڵ) چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ناو ریزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كارده‌كات، به‌ڵام ئه‌و بواره‌ كه‌ گرێدراوه‌ به‌شه‌ڕو به‌رگرییه‌وه‌ رێی‌ لێنه‌گرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌ره‌ به‌توانای‌ خۆشنووسی‌ بدات.

 

ئه‌وه‌ی‌ مایه‌ی‌ تێڕامانه‌ ئه‌م گه‌نجه‌ سێ‌ بواری‌ ناچوونیه‌كی‌ پێكه‌وه‌ گرێداوه‌ته‌وه‌، خۆی‌ كۆلێژی‌ كارگێڕی‌‌و ئابووری‌ ته‌واوكردووه‌، كه‌چی‌ دواتر بۆته‌ پێشمه‌رگه‌و ئێستاش له‌پاڵ پێشمه‌رگایه‌تیدا كاری‌ خۆشنووسی‌ ده‌كات‌و چه‌ند خه‌ڵاتێكی‌ ناوخۆی‌‌و نێوده‌وڵه‌تی‌ بردووه‌ته‌وه‌.

 

مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو سه‌ركه‌وت له‌پارێزگای‌ نه‌جه‌ف به‌شداری‌ پێشبڕكێیه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ جواننوسی‌ كردووه‌و له‌نێو هه‌موو به‌شداربووه‌كاندا پله‌ی‌ دووه‌می‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌نوسینی‌ خه‌تی‌ (سولسی‌ جه‌لی‌)دا.

 

سه‌ركه‌وت دانیشتوی‌ ناحیه‌ی‌ حاجیئاوایه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌‌و هه‌مووی‌ سێ‌ ساڵ ده‌بێت خووی‌ به‌خۆشنوسییه‌وه‌ گرتووه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ كه‌سێكی‌ شاره‌زا له‌و بواره‌دا وانه‌ی‌ وه‌رگرتووه‌.

 

سه‌ركه‌وت به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌بوو ئه‌ركه‌كه‌م وه‌ك پێشمه‌رگه‌ رابپه‌ڕێنم، به‌ڵام هه‌كات ده‌گه‌یشتمه‌ پشووه‌كان، سه‌ردانی‌ مامۆستاكه‌م ده‌كردو وانه‌ی‌ خۆشنوسیم ده‌خوێندو پراكتیكم ده‌كرد".

 

پێشبڕكێكه‌ی‌ نه‌جه‌ف یه‌كه‌مین ئه‌زموونی‌ سه‌ركه‌وت نه‌بووه‌ له‌و رووه‌وه‌، به‌ڵكو له‌كاتی‌ شه‌ڕه‌كانیان له‌گه‌ڵ داعش كاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بووه‌ چاودێری‌ كێبڕكێ‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكات‌و ساڵی‌ 2015 یه‌كه‌مین تابلۆی‌ خۆی‌ بۆ پێشبڕكێی‌ (ئه‌لبورده‌)ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌وڵاتی‌ ئیمارات ناردووه‌و ساڵێك دواتریش به‌شداری‌ پێشبڕكێیه‌كی‌ دیكه‌ی‌ له‌توركیا كردووه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ بۆ سه‌ركه‌وت ئاسان نییه‌ كاری‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌‌و خۆشنوسی‌ پێكه‌وه‌ گرێ‌ بداته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان چه‌ك‌و توندوتۆڵی‌‌و ئه‌وه‌ی‌ دووه‌میان قه‌ڵه‌م‌و نه‌رم‌و نیانی‌ ده‌وێت، به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت هه‌وڵی‌ داوه‌ دانه‌بڕێت‌و هه‌ر به‌رده‌وام بێت.

 

له‌باره‌ی‌ تابلۆكانیه‌وه‌ ده‌ڵێت "تابلۆی‌ وه‌ها هه‌یه‌ سێ‌ مانگ پێوه‌ی‌ خه‌ریك بووم، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و تابلۆیانه‌ی‌ بۆ پێشبڕكێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماده‌یان ده‌كه‌م".

 

جگه‌ له‌و سه‌ركه‌وتانه‌ی‌ له‌شه‌ڕه‌كانی‌ داعش به‌ده‌ستیان هێناوه‌، خۆشترین ده‌ستكه‌وت به‌لای‌ سه‌ركه‌وته‌وه‌ خه‌ڵاته‌كه‌ی‌ پێشبڕكێی‌ نه‌جه‌ف بووه‌، چونكه‌ وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌نێو 82 خۆشنوسی‌ جیهانیدا له‌سه‌ر ئاستی‌ نۆ وڵات توانیوێتی‌ پله‌ی‌ دووه‌م به‌ده‌ست بهێنێت.

 

ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ سه‌ركه‌وت ته‌نیا مایه‌ی‌ دڵخۆشی‌ نه‌بوون بۆ خۆی‌، به‌ڵكو مامۆستاو هاوڕێ‌و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ ته‌واو ئاسووده‌ كردووه‌، به‌و پێیه‌ی‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بوون كه‌سێك بتوانێ‌ دوو كاری‌ ئێجگار دژ به‌یه‌ك كۆبكاته‌وه‌و تیایدا سه‌ركه‌وتوو بێت.

 

عه‌لی‌ حه‌سه‌ن زه‌مان كه‌ سێ‌ ساڵ مامۆستای‌ سه‌ركه‌وت بووه‌و خۆشنوسی‌ فێركردووه‌، سه‌رسامه‌ به‌ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ خوێندكاره‌كه‌ی‌‌و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ كه‌سێكی‌ دیكه‌ به‌بیست ساڵ فێری‌ ده‌بێت‌و به‌ده‌ستی‌ ده‌هێنێت، سه‌ركه‌وت له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵدا كردی‌".

 

عه‌لی‌ به‌شانازییه‌وه‌ قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" كردو وتی‌ "له‌بواری‌ خۆشنوسیدا ئاینده‌یه‌كی‌ ئێجگار پرشنگ چاوه‌ڕێی‌ سه‌ركه‌وت ده‌كات".

 

هه‌رچه‌نده‌ مامۆستاكه‌ی‌ سه‌ركه‌وت هانی‌ ده‌دات به‌رده‌وام بێت له‌پێشمه‌رگایه‌تی‌، به‌ڵام پێناچێت خۆی‌ هیچ هیوایه‌كی‌ به‌كوردستان مابێت، بۆیه‌ ئێستا كوردستانی‌ جێهێشتووه‌و له‌توركیا نیشته‌جێیه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ نه‌ حكومه‌ت‌و نه‌ هیچ لایه‌نێكی‌ په‌یوه‌ندیدار قه‌دری‌ كاره‌كانیان نه‌گرتووه‌، بۆیه‌ ئێستا ده‌یه‌وێت له‌توركیا تابلۆكانی‌ ساغ بكاته‌وه‌.

 

سه‌ركه‌وتیش ره‌نگ بێت به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی‌ مامۆستاكه‌ی‌ نیگه‌ران بێت له‌وه‌ی‌ كه‌ له‌كوردستان گرنگیان پێنادرێت به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌پاش وه‌رگرتنی‌ خه‌ڵاته‌كه‌وه‌ هانی‌ نه‌داوه‌و پشتگیرییان نه‌كردووه‌، ئه‌ویش ئێستا به‌شێك له‌تابلۆكانی‌ بۆ توركیا ده‌نێرێت‌و له‌گه‌له‌ری‌‌و مۆزه‌خانه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ بازاڕیان بۆ په‌یدا ده‌كات، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ نه‌پوكێته‌وه‌و هه‌م بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ له‌پاڵ پێشمه‌رگایه‌تیدا ببێت به‌به‌شێك له‌سه‌رچاوه‌ی‌ بژێوی‌ ژیانی‌.

 

سه‌ركه‌وت به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ كۆتایی‌ به‌گفتوگۆكه‌ی‌ له‌گه‌ڵ "نیقاش" هێناو وتی‌ "ئه‌م كاره‌ی‌ من تێچوونی‌ زۆره‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ پێداویستی‌‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ ده‌وێت، ئه‌م كه‌م ده‌رامه‌تییه‌ی‌ منیش یارمه‌تیده‌ر نییه‌، كار وا بڕوات ره‌نگه‌ ناچاربم له‌جێیه‌كدا هونه‌ركه‌م راگرم‌و ته‌نیا وه‌ك پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام بم".