راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هونه‌رێكی‌ نوێ‌
ته‌خته‌ سووتاندن بۆ وێنه‌كێشان‌و تابلۆی هونه‌ری

سار ا قاهیره‌
هه‌ندێك له‌وێنه‌كێشه‌ گه‌نجه‌كانی عێراق خوازیارن شێوه‌ باوه‌كان بشكێنن‌و رێگای نوێ بۆ وێنه‌كێشان دابهێنن یاخود رێگا كۆنه‌كان بژێننه‌وه‌ ئه‌ویش له‌هه‌وڵێكدا بۆ گوزارشتكردن له‌واقیع به‌به‌كارهێنانی ته‌كنیكی ئه‌لیكترۆنی.
26.07.2017  |  به‌غدا

چه‌ند ساڵێكه‌ هه‌ندێك له‌ وێنه‌كێشه‌ گه‌نجه‌كان شێوازی وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی سووتاو به‌كارده‌هێنن، ئه‌م شێوازه‌ش له‌ عێراقدا به‌ شێوازێكی نوێ داده‌نرێت هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ له‌ جیهاندا سه‌ری هه‌ڵداوه‌.

 

به‌زۆری ئامیرێكی كاره‌بایی تێدا به‌كارده‌هێنرێت كه‌ به‌ "ئامێری سووتاندنی سه‌ر ته‌خته‌" ناسراوه‌‌و جووڵه‌یه‌كی خێرای هه‌یه‌، سووتاندنیش له‌سه‌ر ته‌خته‌ سه‌ره‌تا به‌ كێشانی وێنه‌یه‌ك به‌ قه‌ڵه‌می ره‌ساس ده‌ستپێده‌كات‌و كاتێك ئامێری سووتاندنه‌كه‌ گه‌رم ده‌بێت هونه‌رمه‌نده‌كه‌ ده‌ست به‌ هه‌ڵكۆڵین له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ ده‌كات بۆ دروستكردنی تابلۆیه‌ك كه‌ به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت گوزارشتی لێ بكات.

 

له‌و بواره‌شدا كۆمه‌ڵێك وێنه‌كێش له‌چه‌ند شارێكی جیاوه‌ ده‌ركه‌وتوون‌و تابلۆیان به‌و شێوازه‌ دروست كردووه‌‌و له‌ پێشانگا‌و كۆبوونه‌وه‌ رۆشنبیری‌و هونه‌رییه‌كاندا به‌شداریان پێكردوون‌و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا تابلۆكانیان پیشان داوه‌.

 

یه‌كێك له‌و وێنه‌كێشه‌ گه‌نجانه‌ش ئه‌زهه‌ر نه‌جم زوبه‌یدیه‌ كه‌ مامۆستای په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشییه‌ له‌ پارێزگای زیقار‌و ئاره‌زووی سووتاندنی سه‌ر ته‌خته‌یه‌‌و به‌و شێوازه‌ش چه‌ند تابلۆیه‌كی دروست كردووه‌.

 

زه‌یدی له‌میانی قسه‌كانیدا بۆ "نیقاش" باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ قۆناغی ناوه‌ندیدا فێری وێنه‌كێشان بووه‌، به‌ڵام پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سووتاندنی سه‌ر ته‌خته‌ی به‌كارهێناوه‌، هه‌روه‌ها وتی "حه‌زم ده‌كرد كار‌و شێوازی نامۆ تاقی بكه‌مه‌وه‌، بۆیه‌ سووتاندنی سه‌ر ئاوێنه‌م تاقیكرده‌وه‌، له‌ میانی گه‌ڕانیشم له‌ سایتی یوتیوب سووتاندنی سه‌ر ته‌خته‌ سه‌رنجی راكێشام، بۆیه‌ بیرۆكه‌كه‌م به‌دڵبوو، به‌و شێوازه‌ چه‌ند تابلۆیه‌كم دروست كرد".

 

له‌ ساڵی 2012وه‌ ئه‌زهه‌ر زیاتر له‌ 40 تابلۆی به‌ شێوازی ته‌خته‌ی سووتاو دروستكردووه‌‌و سه‌رسام بووه‌ به‌ وێنه‌كێشی فه‌له‌ستینی محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د شه‌ریف، وه‌ك خۆیشی ده‌ڵێت یوتیوب رۆڵێكی گرنگی گێڕاوه‌ له‌ گه‌شه‌پێدانی به‌هره‌كه‌ی له‌ بواری وێنه‌كێشاندا كه‌ به‌ باشترین ئاره‌زووی داده‌نێت.

 

ئه‌م وێنه‌كێشه‌ گه‌نجه‌ خواستی ئه‌وه‌یه‌ گه‌شه‌ به‌ شێوازه‌كه‌ی له‌ وێنه‌كێشاندا بدات‌و پێشانگایه‌كی تایبه‌ت بكاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ دابینكردنی كه‌شێكی گونجاو بۆ كاركردن.

 

سووتاندنی سه‌ر ته‌خته‌ به‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌خته‌كان داده‌نرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ ئازادی بواری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵه‌ی تێدا نییه‌ وه‌كو جۆره‌كانی دیكه‌ی وێنه‌كێشان، هه‌روه‌ك ئه‌م هونه‌ره‌ وێنه‌كێشان‌و خۆشنووسی پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌، ده‌شكرێت په‌یكه‌رتاشی له‌گه‌ڵدا به‌كاربهێنرێت بۆ ده‌رخستنی هه‌ندێك لایه‌ن‌و دروستكردنی ئیفێكتی هونه‌ری.

 

عه‌لی حسێن په‌یكه‌رتاشی‌و سووتاندنی سه‌ر ته‌خته‌ی كردووه‌ته‌ پیشه‌ی خۆی، ئه‌و له‌ ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی ناوه‌ندنی به‌غدا نیشته‌جێیه‌‌و خوێندنی زانكۆی ته‌واو نه‌كردووه‌، چونكه‌ خێزانه‌كه‌ی توانای ئه‌وه‌ی نه‌بوو پاره‌ی ته‌واوی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بۆ دابین بكات.

 

عه‌لی به‌هره‌یه‌كی خۆرسكی هه‌یه‌ له‌ داتاشین له‌ ته‌خته‌‌و هه‌ڵكۆڵین له‌سه‌ر شووشه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئامێرێكی سووتاندنی سه‌ر ته‌خته‌م به‌دیاری ده‌ستكه‌وت‌و بۆ ئیمزاكردن له‌سه‌ر داتاشراوه‌ ته‌خته‌ییه‌كان به‌كارمده‌هێنا، له‌ ساڵی 2014دا هه‌ندێك ڤیدیۆی په‌یوه‌ندیدارم به‌ سووتاندنی سه‌ر ته‌خته‌ بینی، به‌ڵام ئامێره‌كه‌م زۆر خاو بوو، بۆیه‌ هه‌وڵمدا ئامێره‌كه‌ی بكڕم، به‌ڵام نرخی گران بوو، دوای چه‌ند هه‌وڵێكیش توانیم خۆم دروستی بكه‌م‌و ده‌ستم به‌ وێنه‌كێشان كرد".

 

ئه‌و زیاتر وتیشی "ئه‌و هونه‌ره‌م له‌گه‌ڵ په‌یكه‌رتاشی تێكه‌ڵاو كرد‌و وێنه‌ی هونه‌رمه‌ندی میسری ئه‌حمه‌د حیلمی‌و هونه‌رمه‌ندی ئه‌مریكی جۆنی دیب‌و هونه‌رمه‌ند مارلین مۆنرۆ-م كێشا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ وێنه‌ی باڵنده‌‌و دیمه‌نی سروشتی، ئێستاش كۆمه‌ڵێكی زۆر به‌رهه‌مم هه‌یه‌".

 

هه‌روه‌ها وتی "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویستم به‌پاره‌یه‌ بۆ كڕینی كه‌لوپه‌لی پێویست بۆ كاركردن، بۆیه‌ تابلۆكانم فرۆشت تا پاره‌ی پێویستیان پێ دابین بكه‌م، هه‌موو رۆژانێكی هه‌ینی ده‌چوومه‌ شه‌قامی موته‌نه‌بی – شه‌قامێكه‌ ئه‌دیب‌و هونه‌رمه‌ند‌و خاوه‌ن به‌هره‌كان تێیدا كۆده‌بنه‌وه‌ – بۆ فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانم‌و بینینی هونه‌رمه‌ندان بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئه‌م هونه‌ره‌‌و گه‌شه‌پێدانی".

 

زیاد كامیل عه‌یاش كاری پزیشكییه‌، به‌ڵام حه‌زی له‌ وێنه‌كێشانه‌، ئه‌و له‌دایكبووی قه‌زای شه‌رگاتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌، له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییدا فێری وێنه‌كێشان بووه‌‌و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت به‌هره‌یه‌كی باشی هه‌بووه‌، به‌ڵام خواستی بۆ به‌ده‌ستهێنانی تێكڕای نمره‌ی به‌رز بۆ وه‌رگرتنی له‌ كۆلێجی پزیشكی له‌ ئه‌نجامدانی ئاره‌زووه‌كه‌ی دووری خسته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا بۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

 

عه‌یاش له‌و وێنه‌كێشانه‌یه‌ كه‌ له‌ بواری وێنه‌كێشان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی سووتاو لێزانه‌، ئه‌و قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و باسی له‌وه‌ كرد كه‌ حه‌زی له‌ دارتاشی‌و ته‌خته‌یه‌‌و چه‌ند ساڵێكیش كاری له‌و پیشه‌یه‌دا كردووه‌ به‌ڵام له‌ ماوه‌ی جیا جیادا، پاشان له‌ قۆناغی چواره‌می خوێندنه‌كه‌ی له‌ كۆلێژی پزیشكی هه‌ڵكۆڵینی سه‌ر ته‌خته‌ی به‌ شێوازی سووتاندن تاقیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و شێوازه‌.

 

عه‌یاش ده‌ڵێت "ئوتوی كاره‌بایی وه‌ك ئامرازێك بۆ سووتاندنی ته‌خته‌ به‌كارده‌هێنم، پاشان ده‌ستده‌كه‌م به‌ بڕینی پلێته‌ ته‌خته‌كه‌‌و به‌ به‌كارهێنانی ئوتوی سووتاندن تابلۆكه‌م به‌سه‌ر پارچه‌ ته‌خته‌كه‌دا دابه‌ش ده‌كه‌م، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌یه‌كی روون له‌مێشكمدا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌مه‌وێت چی له‌و تابلۆیه‌ دروست بكه‌م".

 

په‌یڕه‌وكه‌رانی ئه‌م هونه‌ره‌ ئوتوی له‌حیمكردنی ته‌نه‌كه‌ به‌كارده‌هێنن كه‌ له‌ كردنه‌وه‌‌و پێكه‌وه‌لكاندنی پارچه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێت‌و سه‌ری جۆراوجۆری لێده‌به‌سترێت وه‌كو شه‌ش پاڵو‌و تیژ‌و چه‌ماوه‌، وێنه‌كێشه‌كه‌ ئامێری سووتاندنه‌ كاره‌باییه‌كه‌ به‌سه‌ر هێڵه‌كانی وێنه‌كه‌دا ده‌هێنێت بۆئه‌وه‌ی شوێنه‌وارێك جێبهێڵێت، دوا لێبوونه‌وه‌ش له‌ سووتاندنی هه‌موو هێڵه‌كانی وێنه‌كه‌، رووكاری هه‌موو تابلۆكه‌ به‌ وارنیش بۆیه‌ ده‌كرێت كه‌ ره‌نگێكی ته‌نكی زه‌ردباوی كراوه‌ی هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ته‌خته‌كه‌ به‌شێوه‌ی دره‌وشاوه‌ ده‌ربكه‌وێت.

 

وادیاره‌ ئه‌زموونی وێنه‌كێشه‌ عێراقیه‌كان به‌شێوازی ته‌خته‌ی سووتاو تائێستا تاكه‌كه‌سیه‌، ئه‌ویش هه‌وڵێكه‌ بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و نمایشانه‌ی ئینته‌رنێت له‌و بواره‌دا پیشانیان ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموونانه‌ له‌ فرۆشتنی تابلۆكاندا بره‌ویان نییه‌‌و خاوه‌نه‌كانیان پشتگیری پێویست نه‌كراون.