راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

لایك پێنج‌و كۆمێنت ده‌ ملیۆن دیناره‌
فه‌یسبووك له‌باشووری عێراق ناكۆكییه‌ عه‌شایرییه‌كان ده‌وروژێنێت

محەمەد زەیدی
پێده‌چێت فه‌یسبووك به‌و جه‌ماوه‌ره‌ی له‌عێراقدا هه‌یه‌تی بووبێته‌ هۆكارێكی گرنگ بۆ دروستكردنی كێشه‌ی عه‌شایری نێوان عێراقییه‌كان له‌باشووری وڵات‌و یه‌كێكیش بێت له‌هۆكاره‌كانی زیادبوونی خوێنبایی.
13.07.2017  |  واست
کۆبوونەوەی کەسایەتییە عەشیرییەکان لەخوارووی عێراق
کۆبوونەوەی کەسایەتییە عەشیرییەکان لەخوارووی عێراق

عه‌لی ناجی فه‌رمانبه‌ر رۆژی 15ی حوزه‌یرانی به‌قورسی لێ رۆیشت، چونكه‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه‌ ناچاربوو "حه‌شه‌م"ی عه‌شایری بدات (جۆرێكی خوێنابیه‌) كه‌ بڕه‌كه‌ی 10 ملیۆن دینار بوو، ئه‌ویش به‌هۆی كۆمێنتێكه‌وه‌ كه‌ سه‌جادی كوڕه‌ هه‌رزه‌كاره‌كه‌ی له‌په‌یجێكی فه‌یسبووك نووسیبووی‌و ئه‌و كاته‌ به‌خراپه‌كاری‌و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ناوبانگی یه‌كێك له‌و خێزانه‌ دانرا كه‌ له‌نزیك ماڵه‌كه‌یان نیشته‌جێن.

 

ره‌نگه‌ ئه‌م كاره‌ جێگای سه‌رسوڕمان بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كه‌م رووداو نییه‌ كه‌ عه‌شیره‌ته‌كانی باشوور ناچار ده‌بن سزای ئه‌نجامده‌رانی بده‌ن، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی نموونه‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌ بوونه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ ناكۆكی عه‌شایری هه‌مه‌جۆر له‌و پارێزگایانه‌دا‌و هه‌ندێكیشیان سه‌ریان كێشاوه‌ بۆ ململانێی چه‌كداری كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدا كه‌سانی بێتاوان.

 

"خوا ره‌حم به‌روژانی كۆلێژ‌و رووداوه‌كانی رۆژانی رابردوو بكات" ئه‌مه‌ ده‌قی ئه‌و كۆمێنته‌یه‌ كه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ هه‌رزه‌كاره‌ له‌سه‌ر بابه‌تێك نووسیویه‌تی كه‌ یه‌كێك له‌هاوڕێكانی له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌‌و ئه‌وه‌ی تێدا هاتووه‌ كه‌ به‌نیازه‌ یه‌كێك له‌كچانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ بخوازێت كه‌ تێیدا نیشته‌جێیه‌، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ هه‌ر زوو له‌لایه‌ن گه‌نجه‌ خوازبێنیكه‌ره‌كه‌وه‌ گه‌یشته‌وه‌ به‌كه‌سوكاری كچه‌‌و ئه‌وه‌ش به‌س بوو بۆئه‌وه‌ی كوڕه‌ هه‌رزه‌كاره‌كه‌ی خاوه‌ن كۆمێنت‌و باوكی تۆمه‌تبار بكرێن.

 

داننانی باوكی هه‌رزه‌كاره‌كه‌ به‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی كوڕه‌كه‌ی كردوویه‌تی، نه‌یتوانی بڕی پاره‌ی حه‌شه‌می عه‌شایرییه‌كه‌ی كه‌مبكاته‌وه‌‌و ناچاربوو ئۆتۆمبیله‌ تایبه‌ته‌كه‌ی بفرۆشێت بۆ دانی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی عه‌شیره‌ته‌ ركابه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پاند.

 

به‌های ئه‌و حه‌شه‌مه‌ عه‌شایرییه‌ی به‌سه‌ر خێزانی گه‌نجه‌ هه‌رزه‌كاره‌كه‌دا سه‌پێندرا، به‌شێكه‌ له‌رێككه‌وتنێك كه‌ عه‌شیره‌ته‌كانی نیشته‌جێی باشووری عێراق ئیمزایان كردووه‌‌و تێیدا هاتووه‌ ده‌بێت هه‌ركه‌س تێوه‌گلانی له‌نووسینی كۆمێنتێكی "قبوڵنه‌كراو له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌" ساغ ببێته‌وه‌ پابه‌ند بكرێت به‌پێدانی بڕی 10 ملیۆن دینار، هه‌روه‌ها رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌شی تێدا هاتووه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ر بابه‌تێك لایك بكات ئامانجی جوێندان بێت به‌كه‌سانێك به‌ناوی خۆیانه‌وه‌ 5 ملیۆن دینار غه‌رامه‌ ده‌كرێت.

 

عه‌لی فه‌رمانبه‌ر ده‌ڵێت "هۆكاره‌كانی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ عه‌شایریه‌ هه‌مه‌جۆرن، له‌وانه‌ تۆمه‌تی ته‌شقه‌ڵه‌پێكردن‌و هه‌وڵی هاككردنی په‌یجی تایبه‌تی یاخود پێشێلكردنی تایبه‌تمه‌ندی تاكه‌كان".

 

چیرۆكی ئه‌م پیاوه‌‌و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه‌ ته‌نیا یه‌كێكه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ زۆرانه‌ی ناو به‌ناو له‌پارێزگاكانی عێراق رووده‌ده‌ن به‌هۆی خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ هه‌ڵكشانی زۆری ناكۆكییه‌ عه‌شایرییه‌كان له‌پارێزگاكانی باشووری عێراق.

 

لایك كردنی كۆمێنتێك كه‌ یه‌كێك له‌هاوڕێیانی عه‌لی یاسر سه‌باره‌ت به‌بابه‌تێك له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی دارایی به‌رپرسێكی حكومی خۆجێیی له‌پارێزگا بڵاوی كردۆته‌وه‌، بووه‌ هۆی غه‌رامه‌كردنی عه‌لی به‌بڕێك پاره‌.

 

عه‌لی به‌ "نیقاش"ی وت "یه‌كێك له‌بلۆگه‌ره‌كان له‌فه‌یسبووك بابه‌تێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تۆمه‌تی سه‌باره‌ت به‌گه‌نده‌ڵی دارایی به‌رپرسێكی حكومی تێدابوو، بۆیه‌ بابه‌ته‌كه‌ بووه‌ جێی ره‌زامه‌ندیم‌و لایكم كرد".

 

ئه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت‌و ده‌ڵێت "ته‌نیا دوای یه‌ك رۆژ له‌پڕ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ نایانناسم له‌ده‌رگا درا‌و پێیان راگه‌یاندم كه‌ به‌عه‌شایری داواكراوم له‌لایه‌ن عه‌شیره‌تی ئه‌و به‌رپرسه‌ حكومییه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی پۆسته‌كه‌ به‌گه‌نده‌ڵی دارایی تۆمه‌تباری كردبوو، داوایان لێكردم دابنیشم‌و گفتوگۆ بكه‌ین‌و رێكبكه‌وین".

 

وتیشی "له‌گه‌ڵ كه‌سوكار‌و پیاوماقوڵانمان رۆیشتم بۆ میوانخانه‌ی عه‌شیره‌تی به‌رپرسه‌كه‌، دوای بگره‌و به‌رده‌ تۆمه‌تباریان كردم به‌پێدانی فه‌سڵی عه‌شایری كه‌ بڕه‌كه‌ی پێنج ملیۆن دیناره‌ ئه‌ویش به‌هۆی لایككردنی ئه‌و بابه‌ته‌ی باسی گه‌نده‌ڵی تێدابوو".

 

عه‌لی یاسری ته‌مه‌ن 45 ساڵ به‌ده‌م گۆڕینی شێوازی دانیشتنه‌كه‌یه‌وه‌، ئاشكرایكرد كه‌ دووچاری پاره‌لێكێشانه‌وه‌یه‌كی به‌به‌رنامه‌ بووه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك شێخی عه‌شیره‌ته‌وه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆچوونه‌كان له‌كێشه‌ عه‌شایرییه‌كانی نێوان خه‌ڵكدا لێك نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

فه‌سڵ‌و حه‌شه‌می عه‌شایری غه‌رامه‌یه‌كی داراییه‌ عه‌شیره‌تێك ده‌یداته‌ عه‌شیره‌تێكی تر به‌هۆی ئه‌نجامدانی تاوانێك یاخود پێشێلكردنی نه‌ریته‌ عه‌شایرییه‌كان، ئه‌ویش وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ هێوركردنه‌وه‌ی كێشه‌كان‌و رێگرتن له‌تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی خوێناوی.

 

هه‌ندێك پارێزگای عێراق ناو به‌ناو ناكۆكی عه‌شایری به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن كه‌ هه‌ندێكجار په‌ره‌ده‌سێنن بۆ ململانێی چه‌كداری، دوای رووداوی له‌و جۆره‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌غدای پایته‌خت به‌خۆوه‌ی بینی‌و گه‌نجێكی تێدا كوژرا‌و دووانی دیكه‌ش برینداربوون، ئه‌ویش دوای سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكییه‌ك له‌نێوانیاندا له‌سه‌ر پۆستێكی قه‌یسبووك، هاوكات رووداوێكی هاوشێوه‌ له‌دانیشتنێكی عه‌شایریدا له‌پارێزگای به‌سره‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو گه‌نجێك پابه‌ند كرا به‌پێدانی بڕی 20 ملیۆن دینار به‌هۆی تۆمه‌تباركردنی به‌هه‌راسانكردنی كچێك له‌هه‌مان سایتدا.

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌و ره‌خنانه‌ش كه‌ له‌هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وتی عه‌شایری ده‌گیرێن، به‌ڵام هه‌ندێك له‌رووناكبیران پشتیوانی له‌ده‌ستوه‌ردانی عه‌شیره‌ته‌كان ده‌كه‌ن‌و سوورن له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یان كه‌ عه‌شیره‌ته‌كان توانیویانه‌ زۆر ناكۆكی‌و كێشه‌ دابمركێننه‌وه‌ كه‌ رێی تێده‌چێت له‌هه‌ر ساتێكدا په‌ره‌یان بستێنایه‌ بۆ ململانێی چه‌كداری.

 

حه‌سه‌نێن سه‌عدون چالاكوانی مه‌ده‌نی پێیوایه‌ دیارده‌ی ده‌ستوه‌ردانی زۆری عه‌شیره‌ت له‌كۆمه‌ڵگا‌و بینینی رۆڵی دادوه‌ر له‌نێوه‌ده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیدا دوای ئه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ "هۆشیاری تاك له‌به‌كارهێنانی ئامرازه‌ نوێیه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن پاشه‌كشه‌ی كرد" پێشیوایه‌ كه‌ "سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و جۆره‌ دیاردانه‌ له‌نێو خه‌ڵكدا نائاماده‌گی ئاشكرای یاسایه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر خه‌ڵك دڵنیابكرانایه‌وه‌ له‌هێنانه‌دی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌رێی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه‌، ئه‌و رۆڵه‌ میحوه‌رییه‌ی عه‌شیره‌ت له‌سه‌ر حسابی یاسا سه‌ری هه‌ڵنه‌ده‌دا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌