راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جوانی‌ قه‌ده‌غه‌یه‌!
پێناچێت عێراق له‌پاش داعش بحه‌وێته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
كوژرانی كه‌ڕار نوشی بووه‌ بابه‌تی‌ رایگشتی، چونكه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ی به‌رۆیشتنی له‌سه‌ر مۆده‌‌و ره‌نگكردنی قژه‌ درێژه‌كه‌ی‌و ناوبانگی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ناسرابوو، كوشتنه‌كه‌شی ترسی خستووه‌ته‌ نێو دانیشتووانی پایته‌خت.
5.07.2017  |  به‌غدا
كرار نوشي ( :وێنه الفيسبوك)
كرار نوشي ( :وێنه الفيسبوك)

یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو ته‌رمی ئه‌كته‌ری لاو كه‌ڕار نوشی له‌یه‌كێك له‌زبڵدانه‌كانی ناوچه‌ی شه‌قامی  فه‌له‌ستین دۆزرایه‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ خۆشه‌كانی به‌غدا، كه‌سوكاریشی ده‌ڵێن كه‌ڕار ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌‌و له‌سێداره‌ دراوه‌ به‌رله‌وه‌ی فیشه‌كێك به‌سه‌ریه‌وه‌ بنرێت، هاوكات وه‌زاره‌تی ناوخۆ ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی وتووه‌ كه‌ لێكۆڵنه‌وه‌ی له‌رووداوه‌كه‌ ده‌ستپێكردووه‌ له‌نێو نیگه‌رانی خه‌ڵكی به‌غدا كه‌ به‌درێژایی چه‌ند رۆژی رابردوو سه‌رقاڵی ئه‌و رووداوه‌ بوون.

 

كه‌ڕار به‌ر له‌كوژرانی یه‌كێك بوو له‌ناودارانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك كه‌ لای عێراقییه‌كان باشترینه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر رۆیشتنی له‌سه‌ر مۆده‌ له‌جلوبه‌رگ‌و جوانكاری‌و قزه‌ درێژه‌كه‌ی كه‌ به‌زه‌رده‌ ره‌نگ كرابوو، مانگێك له‌مه‌وبه‌ریش خۆی بۆ شاجوانی كوڕانی عێراق پاڵاوت.

 

كه‌سوكاری كه‌ڕار‌و هاوڕێیانی له‌چاوپێكه‌وتنیان له‌چه‌ند كه‌ناڵێكی عێراقی ناوخۆییدا باسی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ پێشتر كه‌ڕار هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه‌ له‌سه‌ر شێوازی ژیانی، هه‌روه‌ها ناو به‌ناو گرته‌ی ڤیدیۆیی نواندنی سه‌باره‌ت به‌هاوڕێیه‌تی‌و خۆشه‌ویستی‌و خۆشویستنی نیشتمان‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی توندڕه‌وان بڵاوده‌كرده‌وه‌، هه‌روه‌ك به‌شداریش بوو له‌یه‌كێك له‌شانۆگه‌رییه‌ ناوخۆییه‌كان له‌به‌غدا.

 

رووداوه‌كه‌ مه‌ودای فراوانتری وه‌رگرت‌و چه‌ند مانگی دوای شه‌ڕی مه‌زهه‌بی به‌بیری به‌غداییه‌كان هێناوه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان ساڵانی 2006‌و 2007دا وڵاتی گرته‌وه‌ ئه‌ویش پاش راوه‌ستانی شه‌ڕ له‌نێوان میلیشیا‌و گرووپه‌ چه‌كداره‌كان كه‌ گۆڕا بۆ هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی حوكمی تونده‌ڕه‌وانه‌ی ئایینی له‌ڕێی راوه‌دوونانی هاوره‌گه‌زبازو كوشتنیان‌و سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی دزی‌و رفاندن، ئه‌وه‌ش كتومت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتایی جه‌نگ له‌دژی داعش رووده‌دات.

 

خزر ته‌میمی نه‌قیب له‌ده‌زگای پۆلیسی خۆجێیی به‌غدا بۆ "نیقاش"ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ "تۆماره‌كانی وه‌زاره‌ت كه‌ له‌بنكه‌ خۆجێییه‌كانی پۆلیس به‌غداوه‌ هاتوون، به‌رزبوونه‌وه‌ی كاری دزی‌و رفاندنیان به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌زۆریش ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان دووچاری ئه‌و رووداوانه‌ ده‌بن له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی پایته‌خت".

 

سه‌باره‌ت به‌و ره‌خنانه‌ش كه‌ ئاڕاسته‌ی هێزه‌كانی پۆلیس ده‌كرێن له‌باره‌ی شكستهێنانیان له‌چه‌سپاندنی ئاسایشدا، ته‌میمی ده‌ڵێت "چه‌سپاندنی ئاسایش پرۆسه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، زۆرجاریش چه‌كداره‌كان ناوی ئه‌وتۆ به‌كار ده‌هێنن كه‌ سه‌ر به‌حزبه‌ سیاسیه‌كان‌و گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیه‌ كه‌ دواتر ده‌رده‌كه‌وێت درۆ ده‌كه‌ن".

 

نێوه‌نده‌ سیاسی‌و جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌و رۆڵه‌ ده‌ترسن كه‌ گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕه‌كان له‌دژی داعش ده‌یگێڕن، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌ندامانی ئه‌و گروپانه‌ پێشتر بێكار بوون‌و له‌شه‌ڕ له‌دژی توندڕه‌واندا ده‌رفه‌تێكی كاریان بینیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كۆتاییهاتنی شه‌ڕ‌و ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی حكومه‌ت به‌ده‌ستیه‌وه‌ گیرۆده‌یه‌، ره‌نگه‌ مووچه‌كانیان ببڕێت‌و ده‌ستبه‌رداریان ببن، مه‌ترسیه‌كه‌ش لێره‌دایه‌.

 

چالاكوانی مه‌ده‌نی ئه‌حمه‌د عه‌بدولحسێن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌رێبه‌رانی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا له‌لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ فه‌یسبووك سه‌باره‌ت به‌كوژرانی كه‌ڕار له‌پۆستێكدا نووسیویه‌تی "ئه‌وه‌ی بتوانێت پیاوێك بڕفێنێت‌و خوێنساردانه‌ بیكوژێت‌و ته‌رمه‌كه‌ی له‌زبڵدانێكی شه‌قامی فه‌له‌ستینی ناوه‌ڕاستی به‌غدا فڕێبدات به‌بێ ئه‌وه‌ی ترسی له‌پۆلیس یان هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌‌و ده‌وڵه‌تێكه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تدا، بگره‌ له‌ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تیش به‌هێزتره‌". ئه‌ویش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ گرووپه‌ شیعه‌كان كه‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا له‌نێو به‌غدا‌و پارێزگاكانی دیكه‌دا به‌هێزتر بوون له‌سه‌ر حسابی هێزه‌كانی پۆلیسی خۆجێیی.

 

به‌ڵام ترسه‌ گه‌وره‌كه‌ی وڵات له‌قۆناغی دوای داعش به‌نده‌ به‌پاشه‌كشه‌ی ئازادییه‌ گشتییه‌كان‌و چالاكوانانی مه‌ده‌نی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوی "داعشه‌كانی سیاسه‌ت"یان لێناوه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و حوكم‌و یاسایانه‌ی ئازادییه‌ گشتییه‌كان كۆت ده‌كه‌ن‌و په‌رله‌مانتاران هه‌وڵی په‌سه‌ندكردنیان ده‌ده‌ن له‌ئاینده‌دا.

 

یه‌كێك له‌دیارترین ئه‌و یاسایانه‌ پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای باری كه‌سێتی ژماره‌ 188ی ساڵی 1959ی جێمشتومڕه‌، كه‌ دوای چوار ساڵ له‌ره‌تكردنه‌وه‌ی له‌ناو په‌رله‌مان، سَیشه‌ممه‌ی رابردوو په‌رله‌مان بڕیاریدا سه‌رله‌نوێ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكات. دیارترین ناڕه‌زاییه‌كانیش به‌رامبه‌ر ئه‌و یاسایه‌ سه‌باره‌ت به‌ مافی ژنه‌ له‌ هاوسه‌رگیریدا.

 

مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی یاساكه‌ رێكخستنی كاروباری هاوسه‌رگیری‌و جیابوونه‌‌و میرات‌و سه‌رپه‌رشتیكردنی منداڵانی نه‌به‌كامه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌تایفه‌ی شیعه‌ له‌عێراق، ئه‌گه‌رچی عێراق یاسایه‌كی باری كه‌سێتی كامڵی هه‌یه‌ له‌رووی پێكهاته‌ی یاساییه‌وه‌‌و هیچ ناڕه‌زاییه‌كی له‌سه‌ر نییه‌.

 

رێزان دلێر ئه‌ندامی لیژنه‌ی ژنان‌و خێزان‌و منداڵ له‌ په‌رله‌مان به‌ "نیقاش"ی وت: "چه‌ند كوتله‌یه‌كی سیاسی هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌رله‌نوێ یاسای باری كه‌سێتی جه‌عه‌فه‌ری بخه‌نه‌وه‌ به‌رباس به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی پێشوو كه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ره‌خنه‌ی زۆر لێگرا، یاساكه‌ هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز له‌ هاوسه‌رگیردا ده‌دات".

 

هه‌روه‌ها وتیشی "ئه‌م جۆره‌ یاسایانه‌ له‌دژی مافی ژنانن له‌كۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاریدا به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌‌و حاڵه‌ته‌كانی هه‌ره‌سهێنانی خێزان‌و زیادبوونی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌دادگاكاندا به‌پێی راپۆرته‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای داده‌وه‌ری".

 

به‌به‌راوردێكی ساده‌ ئه‌م یاسا به‌ركاره‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم یه‌كه‌م سه‌رۆكی رژێمی كۆماری له‌وڵاتدا په‌سه‌ند كراوه‌، رێگری له‌فره‌ژنی‌و هاوسه‌رگیری كچانی منداڵ ده‌كات به‌پێی چه‌ند مه‌رجێكی دیاریكراو نه‌بێت، مافی له‌خۆگرتنی منداڵانیش ده‌دات به‌دایك، مافی ئه‌وه‌ش ده‌دات به‌ژن كه‌ میراتی مێرده‌كه‌ی وه‌ربگرێت كاتێك كۆچی دوایی ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك رای فیقهی ئایینی وه‌ك مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ری كه‌ میراتی زه‌وی‌و خانووبه‌ره‌ ناداته‌ ژن‌و مه‌یلیشی به‌لای ئه‌وه‌دایه‌ مافی له‌خۆگرتنی منداڵ بداته‌ باوك.

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ چالاكوانی مه‌ده‌نی عومران نسه‌یف به‌ "نیقاش"ی وت "به‌دڵنیاییه‌وه‌ ترس له‌پاشه‌كشه‌ی ئازادییه‌ گشتییه‌كان له‌وڵاتدا هه‌یه‌ به‌هۆی گه‌شه‌كردنی هه‌ژموونی چه‌كداران‌و لاوازی ده‌زگای پۆلیس‌و به‌كارهێنانی شه‌ڕی دژ به‌داعش وه‌ك پاساوێك بۆ سنوورداركردنی ئازادی راده‌ربڕین، له‌ڕێی یاسا‌و كاری سته‌مكارانه‌وه‌، سوپا له‌دژی داعش شه‌ڕی كرد به‌هۆی بیری توندڕه‌وانه‌ی، ئایا لۆجیكییه‌ هه‌مان ئه‌و حوكمانه‌ سه‌رله‌نوێ له‌ڕێی لایه‌نه‌ ره‌سمیه‌كانه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێن؟".

 

دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند كوتله‌یه‌كی سیاسی هه‌وڵیاندا گفتوگۆ له‌باره‌ی یاسای ئازادی راده‌ربڕین‌و خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ بكه‌ن، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ عومران ده‌ڵێت ئه‌و یاسایه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و زنجیره‌ یاسایه‌دایه‌ كه‌ سیاسییه‌كان به‌م دواییانه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌په‌سه‌ندكردنیان‌و له‌وه‌شدا سه‌رقاڵی هه‌موو له‌یه‌كیان به‌شه‌ڕی دژ به‌داعش قۆستۆته‌وه‌، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ هه‌فتانه‌كان توانیان گوشار له‌سه‌ر په‌رله‌مان دروست بكه‌ن بۆ راگرتنیان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌