راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ره‌نگه‌كانی ئاشتی
گه‌نجانی‌ فه‌لوجه‌ دروشمه‌ تایفییه‌كان له‌سه‌ر دیواره‌كانی‌ شاره‌كه‌ ده‌سڕنه‌وه‌

که‌مال عه‌یاش
دیمه‌نی ئه‌و وێرانكاری فه‌لوجه‌ ته‌نیا دیمه‌ن نییه‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ بێزار بكات، چونكه‌ دیمه‌نی ده‌سته‌واژه‌ تایفییه‌كان‌و دروشمی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان دیمه‌نێكی‌ دیكه‌ی‌ ره‌شن له‌و شاره‌دا.
22.06.2017  |  فه‌لوجه‌

هه‌ر كه‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵكرده‌وه‌‌و ژیان به‌ره‌و سه‌قامگیری رۆیشت، هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند‌و خۆبه‌خشانه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كیان پێكهێنا كه‌ هه‌وڵی لابردنی هه‌موو ئه‌و دروشم‌و ده‌سته‌واژه‌ تایفییانه‌ ده‌دات كه‌ داعش له‌دوای خۆی به‌جێی هێشتوون‌و له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ش كه‌ مه‌یلی تایفیان هه‌بووه‌ له‌نێو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و پێكهاته‌ پشتیوانه‌كانی یارمه‌تیده‌ر له‌ ئازادكردنی شاری فه‌لوجه‌ (60 كم له‌خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت).

 

هه‌یسه‌م جومه‌یلی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌مان نازناوی "خه‌تات"ی له‌خۆی ناوه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌‌و وه‌ك مامۆستا له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان كارده‌كات‌و خاوه‌نی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌یه‌ كه‌ ناوی "هه‌ڵمه‌تی به‌هه‌وڵه‌كانمان پێشده‌كه‌وین"ی لێناوه‌. بڕیاری داوه‌ ره‌نگ‌و كه‌لوپه‌ل‌و تواناكانی خۆی به‌كاربهێنێت بۆ گۆڕینی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ ره‌شانه‌ بۆ تابلۆ‌و دروشمی هۆشیاركردنه‌وه‌ به‌ره‌نگی ئاڵ‌وواڵاوه‌.

 

ئه‌و له‌ نیسانی 2017وه‌ له‌گه‌ڵ چوار گه‌نج له‌ خوێندكاره‌كانی به‌ گه‌ڕه‌ك‌و كۆڵانه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن‌و روو له‌ دیواری ئه‌و خوێندنگایانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دروشم‌و ده‌سته‌واژه‌ی ئه‌وتۆیان پێوه‌یه‌ ناكرێت نموونه‌ی قۆناغێكی نوێ له‌ قۆناغه‌كانی سه‌قامگیری‌و ئاشتی بن.

 

هه‌یسه‌م كاتێك له‌ سه‌عاته‌كانی دوای به‌ربانگدا سه‌رقاڵی كاركردن بوو له‌ بۆیاخكردنی پاشماوه‌ی پردی یه‌كتربڕی ئوردن له‌ ناوه‌ڕاستی فه‌لوجه‌، قسه‌ی بۆ "نیقاش" كرد‌و وتی: "ئاواتم بوو تابلۆ بكێشم‌و دروشم له‌سه‌ر بینایه‌كی شاره‌كه‌ بنووسم، وادیاره‌ دواجار ئاواته‌كه‌م هاته‌دی، به‌ڵام نه‌مده‌زانی كاركردن ئه‌وه‌نده‌ تێچوونی زۆره‌ به‌تایبه‌تی كه‌ ئێمه‌ به‌بێ پشتیوانی یان كۆمه‌كی هیچ لایه‌نێك كارده‌كه‌ین".

 

هه‌روه‌ها وتی: "ماوه‌ی دوو مانگه‌ ئێمه‌ به‌شه‌و‌و رۆژ كارده‌كه‌ین‌و هێشتا دروشمه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌سه‌ر خوێندنگه‌كانه‌وه‌ن‌و ژماره‌یان زیاتر له‌ 500 خوێندنگه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پرد‌و شوێنه‌ گشتییه‌كانی ناو شاره‌كه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌رزانه‌ش كه‌ له‌سه‌رم كه‌ڵه‌كه‌بوون، زیاتر له‌ پێنج ملیۆن دینارم خه‌رج كرد، دواتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی فه‌لوجه‌ ته‌نیا دابینكردنی بۆیه‌كانی گرته‌ ئه‌ستۆ‌و هه‌رچی توانا‌و كه‌لوپه‌له‌كانیشه‌ هێشتا له‌سه‌ر خه‌رجی تایبه‌تی خۆمه‌".

 

جومه‌یلی ده‌شڵێت:"پرۆسه‌ی لابردنی ئه‌و دروشمانه‌ به‌لانی كه‌مه‌وه‌ پێویستی به‌ زیاتر له‌ 25 ملیۆن دینار هه‌یه‌ ته‌نیا بۆ دابینكردنی بۆیه‌، هه‌رچی توانای جه‌ستی‌و كه‌لوپه‌ل‌و پێداویستیه‌كانیشه‌ ئه‌وا ئێمه‌ گرتوومانه‌ته‌ ئه‌ستۆ، نكوڵیش له‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ پێویستمان به‌ پشتیوانی داراییه‌ بۆئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ربێت له‌ ته‌واوكردنی ئه‌و په‌یامه‌ی هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌هه‌موو جیهاندا ده‌ده‌ین به‌وپێیه‌ی شاری فه‌لوجه‌ جێگای بایه‌خی هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه‌ی ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌".

 

محه‌مه‌د عه‌لی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌شداربووانی "هه‌ڵمه‌تی به‌هه‌وڵه‌كانمان پێشده‌كه‌وین" خوێندكارێكی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانه‌‌و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ هاوكارانی به‌شداری كاری خۆبه‌خشی كردووه‌‌و به‌ ده‌رفه‌تێك وه‌سفی ده‌كات كه‌ قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌ تا به‌هره‌كه‌ی له‌ هونه‌ری وێنه‌كێشان‌و خۆشنووسیدا به‌رزده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كارێكه‌ له‌نێو هاوكار‌و هاوه‌ڵانیدا شانازی پێوه‌ ده‌كات.

 

ئه‌و له‌باره‌ی چالاكییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "نه‌مده‌زانی كاری خۆبه‌خشی به‌م خێراییه‌ په‌یوه‌ندی باش‌و رێزلێگیراوم له‌ناو شاره‌كه‌دا بۆ په‌یدا ده‌كات، له‌وه‌ته‌ی كارمان ده‌ستپێكردووه‌ هه‌ست ده‌كه‌م مرۆڤێكی باشم كه‌ له‌پێناو شاره‌كه‌یدا كارده‌كات به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوی له‌ ده‌ستكه‌وتی ماددی بێت، بۆیه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ی ستایشكردنانه‌ی ئاڕاسته‌مان ده‌كرێن پاداشتێكه‌ كه‌ چاوم لێی نه‌بووه‌‌و خه‌ونیشم پێوه‌ نه‌بینیوه‌".

 

جومه‌یلی كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یه‌ وتیشی: "ئاواتم بوو جێده‌ستێكی جوانم له‌ناو شاره‌كه‌مدا هه‌بێت‌و نه‌مده‌زانی شاره‌كه‌م به‌م خۆشه‌ویستی‌و پێزانینه‌ پاداشتم ده‌داته‌وه‌، من ئه‌مڕۆ وه‌ك پێشتر نیم، ناتوانم له‌ناو شاردا بگه‌ڕێم به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌وادارێكدا بووه‌ستم كه‌ داوای گرتنی وێنه‌ی سێڵفیم لێده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێك بم له‌ ناوداره‌كان یاخود پاڵه‌وانه‌كانی تۆپی پێی جیهان".

 

دانیشتووانی نلوچه‌كه‌ پێیانوایه‌ ئه‌و ره‌نگانه‌ هه‌موو په‌یامه‌كانی تیرۆر‌و تایفه‌گه‌ری ده‌سڕنه‌وه‌‌و هانی هه‌مووان ده‌ده‌ن رۆڵێكی ئه‌رێنی بگێڕن‌و شوێن ئامانجی ئه‌و دروشمانه‌ نه‌كه‌ون كه‌ هه‌وڵی یه‌كڕیزی رۆڵه‌كانی یه‌ك وڵات ناده‌ن.

 

جومعه‌ حه‌لبوسی یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌‌و له‌ گه‌ڕه‌كی نیزالی ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ نیشته‌جێه‌، ئه‌و له‌ڕێی كاره‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ شۆفێری تاكسیه‌ زۆر ده‌گه‌رٍێت‌و ئه‌و دروشمانه‌ به‌ ئیستیفزازی وه‌سف ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ قۆناغێك به‌بیر دێننه‌وه‌  كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنییان له‌سه‌ر شاره‌كه‌‌و دانیشتووانه‌كه‌ی هه‌بووه‌.

 

حه‌لبوسی به‌ "نیقاش"ی وت: "كاتێك ئه‌م گه‌نجانه‌ ده‌بینم تابلۆی جوان‌و ره‌نگاوڕه‌نگ ده‌كێشن‌و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌‌و دروشمانه‌ ده‌سڕنه‌وه‌، زۆر دڵخۆش ده‌بم به‌تایبه‌تی كه‌ ژماره‌یه‌ك گه‌نجی تازه‌پێگه‌یشتوو ده‌بینم وێنه‌ی یادگاری له‌گه‌ڵ ئه‌و تابلۆیانه‌ ده‌گرن كه‌ بوونه‌ته‌ دیمه‌نی جوان‌و خه‌ڵك بۆ كاركردن‌و هاووڵاتیبوون هان ده‌ده‌ن له‌ڕێی وێنه‌ی گوزارشتكه‌ر‌و دروشمی نیشتمانپه‌روه‌ریه‌وه‌".

 

حه‌لبوسی ده‌ڵێت: "ئێمه‌ی قه‌رزدارباری ئه‌م گه‌نجانه‌ین كه‌ ئه‌ركی لابردنی نووسراوی شه‌ڕه‌نگێزه‌كانیان گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ‌و وێنه‌یه‌كی نوێیان بۆ به‌رهه‌مهێناوین كه‌ رێگاكانمان بۆ رووناك ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ چیتر به‌رگه‌ی هیچ تێكده‌رێك ناگرین، بۆیه‌ ئه‌و ژیانه‌ی تێیدا ده‌ژین جێگای ره‌نگه‌ ره‌شه‌كانی تێدا نابێته‌وه‌، جه‌نگ‌و ئاكامه‌كانی ماندووی كردووین‌و ته‌نیا ده‌مانه‌وێت له‌ ژینگه‌یه‌كی سه‌قامگیردا به‌ئاشتی بژین كه‌ دروشمی ئاشتی‌و دڵنیایی بڵاوبكاته‌وه‌".

 

به‌قسه‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌ تێچووه‌كه‌ی ته‌نیا هه‌وڵی جه‌سته‌یی‌و بڕێك پاره‌ بووه‌ كه‌ ناگاته‌ 15 ملیۆن دینار، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌ڕوونی دیارن له‌ڕێی كارلێكی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌شداربووانی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌دا، بگره‌ هه‌ندێكیشیان ئه‌و وێنه‌ نوێیانه‌ ده‌كه‌نه‌ وێنه‌ی تایبه‌تی په‌یجه‌كانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.

 

محه‌مه‌د دلێمی مامۆستای ده‌روونناسی له‌ زانكۆی ئه‌نبار ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "ئه‌م هه‌وڵانه‌ ئه‌گه‌رچی ساده‌ش بن، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كی كارا له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا دروست ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خێزانانه‌دا ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌وه‌نده‌ نابێت له‌ گه‌شتی ئاواره‌یی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌‌و جگه‌ له‌ وێرانكاری‌و كاولكاری هیچی دیكه‌یان له‌ شاره‌كه‌یاندا نه‌بینیوه‌، ئه‌م په‌یامانه‌ش له‌ كاتێكی نموونه‌ییدان‌و یارمه‌تیده‌ر ده‌بن له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ئاسه‌واره‌ ده‌روونییه‌ی به‌ر زیانلێكه‌وتووان گه‌یشتووه‌ له‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌، به‌دیاریكراویش توێژی خوێندكاران كه‌ خوێندنگه‌كانیان بوونه‌ته‌ دیوارێكی ئازادی حه‌ڵاڵكراو له‌لایه‌ن تیرۆریستان‌و تایفه‌گه‌رانه‌وه‌".

 

هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ ببنه‌ باڵیۆزی ئاشتی‌و پرۆژه‌ی هاوشێوه‌ له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ش جێبه‌جێ بكه‌ن به‌تایبه‌تی كه‌ چه‌ند داواكارییه‌كیان له‌ خه‌ڵكی پارێزگاكانی باشووره‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌ له‌وانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ هه‌بووه‌‌و زۆر ستایشی ئه‌و هه‌وڵانه‌یان كردووه‌‌و به‌و وێنه‌ راسته‌قینه‌یه‌ی خه‌ڵكی شاری فه‌لوجه‌ی ده‌زانن كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی دا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌