راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆژوو به‌تامی ئازادی
ره‌مه‌زانی موسڵ له‌دوای داعش.. كردنه‌وه‌ی چێشتخانه‌كان‌و رۆژوونه‌گرتنی ئاشكرا

تایبه‌ت
ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ له‌سێ ساڵی پێش خۆی جیاوازتره‌، چونكه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ موسڵییه‌كان به‌مه‌ودایه‌ك له‌ئازادی بێ پێشینه‌وه‌ پێشوازی لێده‌كه‌ن له‌دوای رزگاربوونی نزیكه‌ی 90%ی شاره‌كه‌یان له‌دێوه‌زمه‌ی تۆقێنه‌ری داعش.
8.06.2017  |  موسڵ
بەروونی جیاوازی رەمەزانی ئەمساڵ دەردەکەوێ
بەروونی جیاوازی رەمەزانی ئەمساڵ دەردەکەوێ

په‌یڕه‌كردنی رێوڕه‌سمه‌ ئایینیه‌كان به‌بێ فه‌رمان‌و رێنماییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌ توندڕه‌وه‌كه‌ی داعش خه‌ریكه‌ رێچكه‌یه‌كی تر له‌شاری موسڵدا ده‌گرێت ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی به‌شی زۆری شاره‌كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و رێكخراوه‌ رزگاری بوو كه‌ بۆماوه‌ی سێ ساڵ به‌زه‌بری شمشێر حوكمی كرد، ته‌نانه‌ت له‌دوا ساته‌كانیشیدایه‌ له‌و چه‌ند گه‌ڕه‌كه‌ كه‌مه‌ی هێشتا له‌ژێر كۆنترۆڵیدا ماون.

 

رۆژوونه‌گرتنی ئاشكرا‌و بێتوانایی‌و شۆڕش

به‌شێوه‌یه‌كی بێ پێشینه‌ له‌و شاره‌ موحافزكاره‌دا كه‌ هه‌میشه‌ مه‌یلی به‌لای ئایینداریدا چووه‌، په‌یامنێری "نیقاش" تێبینی رێژه‌یه‌كی زۆری رۆژوونه‌گرتنی كردووه‌ له‌مانگی رۆژوودا، ئاشكرایشه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌مسوڵمانان بوێرییه‌كی زۆریان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌بێ ترس رۆژوونه‌گرتنیان ئاشكرا بكه‌ن.

 

چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ ئه‌وه‌ رووی نه‌داوه‌، چونكه‌ پۆلیس له‌سه‌رده‌می سه‌دام حسێندا لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكدا ده‌كرد كه‌ به‌ئاشكرا رۆژوو نه‌گرێت ئه‌ویش به‌به‌ندكردنێكی ئاسایی‌و غه‌رامه‌كردن، پاشان كاتێك رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك رێكخراوی قاعیده‌‌و داعشی میراتگری باڵاده‌ست بوون، سزاكه‌ په‌ره‌ی سه‌ند بۆ ئاستی كوشتن.

 

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ به‌رامبه‌ر ئایینداری كه‌ به‌ئاشكرا به‌رامبه‌ر گرنگترین فه‌رزه‌ ئایینیه‌كان له‌لای مسوڵمانان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ رۆژووگرتنه‌، به‌ چه‌ند هۆكارێك لێكده‌درێته‌وه‌، گرووپێك له‌وانه‌ی رۆژووناگرن پاساویان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توانای رۆژووگرتنیان نییه‌ له‌وانه‌ش حاجی خزر حسێن (72 ساڵ).

 

ئه‌م پیاوه‌ ده‌ڵێت له‌ 18 ساڵیه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا رۆژووی گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان رۆژووی نه‌گرتووه‌‌و ده‌شڵێت: "ئه‌و هه‌لومه‌رجی جه‌نگ‌و گه‌مارۆیه‌ی كه‌ به‌درێژایی سێ ساڵی رابردوو تێیدا ژیاوین كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر پێكهاته‌ی جه‌سته‌یی‌و ده‌روونیم هه‌بووه‌، به‌ڕاده‌یه‌ك كاتێك هاوڕێكانم 20 رۆژ له‌مه‌به‌ر دوای ئازادبوونمان بینیانم، نه‌یانناسیمه‌وه‌".

 

حاجی كه‌ به‌ روخساره‌ ماته‌كه‌یه‌وه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی كرد‌و ئاماژه‌ بۆ زه‌رفێك ده‌رمان كرد‌و وتی: "هه‌وڵم دا رۆژوو بگرم، به‌ڵام كه‌ بۆماوه‌ی كه‌متر له‌ پێنج سه‌عات نانم نه‌خوارد له‌هۆش خۆم چووم، ئیتر ناچار بووم له‌و هه‌وڵه‌م په‌شیمان ببمه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌رمانانه‌یه‌ كه‌ پزیشك بۆی نووسیم‌و بریتین له‌ ده‌رمانی به‌هێزكه‌ر‌و ته‌واوكه‌ری خۆراكی".

 

نموونه‌ی حاجی خزر زۆرن به‌تایبه‌تی له‌نێو رزگاربووانی نوێی به‌ری راستی موسڵ كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی هه‌شت مانگی رابردوویان له‌سایه‌ی گه‌مارۆیه‌كی تونددا به‌سه‌ربردووه‌ به‌هۆی ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌، زۆریشیان ناچاربوون له‌ رۆژێكدا ته‌نیا یه‌ك ژه‌م نان بخۆن.

 

گرووپه‌كه‌ی دیكه‌ش گه‌نجان رێژه‌یه‌كی زۆریان پێكده‌هێنن، ئه‌مانه‌ به‌ئاشكرا رۆژوو ناگرن به‌بێ بوونی پاسا‌و یاخود هیچ ترسێك، پێده‌چێت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان به‌شێك بێت له‌ كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی توندڕه‌وانه‌ی داعش كه‌ پێیوابوو ده‌وڵه‌تێكی به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام دامه‌زراندووه‌، به‌ڵام كوشتن‌و زه‌وتكردنی ئازادییه‌كانی بڵاوده‌كرده‌وه‌.

 

یونس عه‌بدوڵڵا (33 ساڵ) دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌ مه‌رگی راسته‌قینه‌ رزگاری بوو كاتێك چه‌كدارانی داعش ته‌قه‌یان له‌ خۆی‌و خێزانه‌كه‌ی كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵاتبوون بۆ لای هێزه‌ عێراقییه‌كان، ئه‌و بۆ یه‌كه‌مینجاره‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا نانی نیوه‌ڕۆ له‌ چێشتخانه‌یه‌كدا ده‌خوات.

 

سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵوێسته‌شی ده‌ڵێت: "به‌ راشكاوی پێشتر پابه‌ندی رۆژووگرتن ده‌بووم، به‌ڵام ئه‌مڕۆ په‌رۆشیم بۆ ئه‌و كاره‌ نییه‌، به‌ڵكو بوێرتریشم له‌ ئاشكراكردنی پابه‌ندنه‌بوونم به‌ فه‌رزه‌ ئایینیه‌كانه‌وه‌‌و ناشبینم كۆمه‌ڵگه‌ سه‌رزه‌نشتم بكات له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و كارانه‌ی توندڕه‌وان به‌ناوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ به‌رامبه‌ریان كردین، هه‌روه‌ها به‌هۆی هه‌ڵوێستی ته‌ماشاكاری پیاوانی ئایینی میانڕه‌و سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی روویان ده‌دا".

 

ئه‌و دوای ساتێك له‌ بێده‌نگی، پاروویه‌كی گه‌وره‌ی خسته‌ ده‌میه‌وه‌‌و وتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌م له‌ ره‌مه‌زاندا بكردایه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا سه‌ریان ده‌بڕیم".

 

هه‌ڵوێستی پۆلیس له‌ رۆژوونه‌گرتنی ئاشكرا

چێشتخانه‌ی نجوم له‌ اوچه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی رۆشنبیری له‌ باكووری موسڵ كه‌ یونس نانی لێده‌خوارد جیاواز له‌ جاران، ئاشكرابوو، چونكه‌ به‌ر له‌ حوزه‌یرانی ساڵی 2014 كاتێك موسڵ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقدا بوو ته‌نیا رێگه‌ به‌ سێ چوار چێشتخانه‌ له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌ ده‌درا له‌ ره‌مه‌زاندا پێشوازی له‌ خه‌ڵك بكه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی په‌رده‌یه‌ك بۆ داپۆشینی رووكاری چێشتخانه‌كه‌ دابنێن تا رۆژووانان ناوه‌وه‌ی نه‌بینن ئه‌ویش وه‌ك رێزگرتن له‌ هه‌ست‌و سۆزیان.

 

له‌سه‌رده‌می داعشیشدا كه‌س نه‌یده‌وێرا چێشتخانه‌كه‌ی له‌ كاتی رۆژووگرتندا بكاته‌وه‌ ئه‌گینا ته‌رمه‌كه‌یان به‌ یه‌كێك له‌عه‌موده‌كانی كاره‌باوه‌ هه‌ڵده‌واسی.

 

ئێستاش پۆلیس ده‌ستوه‌رناداته‌ سه‌پاندنی رۆژووگرتن به‌سه‌ر دانیشتووانی ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵكو رێنمایی تایبه‌تی به‌م مانگه‌ی ده‌ركردووه‌ وه‌ك رێوشوێنێكی خۆپارێزی بۆ رێگه‌گرتن له‌ هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كاندا، به‌تایبه‌تی كه‌ شاره‌كه‌ له‌ بارێكی نائاساییدا ده‌ژی، چونكه‌ ئێستا شه‌ڕی سه‌خت له‌ به‌شێكی بچووكی به‌ری راستدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ هێشتا ئازاد نه‌كراوه‌.

 

قه‌ده‌غه‌كردنی پۆشینی حیجاب له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا دیارترین ئه‌و خاڵانه‌یه‌ كه‌ له‌و فه‌رمانه‌ نوێیانه‌ی پۆلیسدا هاتووه‌، ئه‌ویش له‌ترسی خۆشاردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی داعش له‌و جلوبه‌رگه‌دا بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی خۆكوژی له‌دژی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی یان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ ئازادكراوه‌كاندا.

 

هه‌روه‌ك پۆلیس هانی خاوه‌نی ئه‌و چێشتخانانه‌ی داوه‌ كه‌ له‌ ره‌مه‌زاندا ده‌كرێنه‌وه‌، چاودێری هه‌ر كه‌سێك بكه‌ن كه‌ ده‌چێته‌ ئه‌و شوێنانه‌‌و بیانپشكنن له‌ترسی ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆریستی تێیاندا وه‌ك ئه‌و هێرشانه‌ی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌ر له‌حوزه‌یرانی 2014 له‌م مانگه‌دا له‌ دژی چێشتخانه‌كان له‌ موسڵ ئه‌نجامیان ده‌دا.

 

بێگومان ئه‌مڕۆ مه‌ودای ئازادی له‌ هه‌ر كاتێكی تر زیاتره‌، به‌ڵام بارودۆخه‌كه‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ نابێت، ره‌نگه‌ ئه‌و مه‌ودایه‌ به‌رته‌سك ببێته‌وه‌ یاخود زیاتر ببێت، مه‌سه‌له‌كه‌ به‌زۆری به‌نده‌ به‌ ره‌وشی ئه‌منیه‌وه‌، ئایا سه‌قامگیری ئه‌منی درێژه‌ ده‌كێشێت یاخود مانگی هه‌نگوینیه‌‌و به‌ ئاڵۆزبوونێكی مه‌ترسیداری دیكه‌ كۆتایی دێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دوای گۆڕانكاریه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ 2003 روویدا.

 

ئاكامه‌كه‌ هه‌رچییه‌ك بێت‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازادییه‌ی ئه‌مڕۆ موسڵییه‌كان پێی شاد بوون، هێشتا نزیكه‌ی 150 هه‌زار كه‌س له‌دانیشتووانی موسڵ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌ناڵێنن كه‌ تائێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی رێكخراوی داعشدان، ئه‌مانه‌ نه‌ ره‌مه‌زان‌و نه‌ هه‌ر شتێكی تریان به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌‌و ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌ر رێگایه‌ك بێت له‌ مردن رزگاریان بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌