راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

وه‌رزش له‌كوردستان ده‌بوژێته‌وه‌
له‌میسی‌‌و كریستیانۆوه‌ بۆ یاریگاكانی‌ ناوخۆ

دیاری خالید
چه‌ند مانگێك ده‌بێت ره‌وتی‌ وه‌رزشی‌ له‌كوردستان جموجۆڵێكی‌ سه‌یری‌ به‌خوه‌ بینیوه‌‌و ئێستا نه‌ك هه‌ر یانه‌ گه‌وره‌كان، به‌ڵكو یانه‌ بچووكه‌كانیش جه‌ماوه‌رێكی‌ له‌راده‌به‌ده‌ریان په‌یداكردووه‌.
1.06.2017  |  سلێمانی
 ( :وێنه اتحاد كرة القدم الكردستاني )
( :وێنه اتحاد كرة القدم الكردستاني )

ئه‌م ماوه‌یه‌ هانده‌رانی یانه‌ ناوخۆی‌و جیهانیه‌كان له‌كوردستان تادێت ژماره‌یان له‌زیادبوندایه‌، به‌جۆرێكه‌ هه‌ستناكرێت له‌وڵاتێكدان كه‌ رووبه‌رووی چه‌ندین قه‌یران بوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو گه‌نجان شێوازو ستایلی نوێی هاندانی یانه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن.

 

جاران له‌كوردستان ته‌نیا یانه‌ گه‌وره‌كانی‌ وه‌ك هه‌ولێرو سلێمانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا یانه‌ "بچووكه‌كان" ئه‌و هاوكێشه‌یه‌یان پێچه‌وانه‌ كردووه‌ته‌وه‌و به‌ زۆری‌ ته‌ماشاكار بوونه‌ته‌ یانه‌ی‌ گه‌وره‌.

 

كۆتایی‌ ساڵی‌ رابردوو، له‌كۆتایی‌ خولی‌ تۆپی‌ پێی‌ یانه‌ پله‌ دووه‌كانی‌ كوردستان، هه‌ردوو یانه‌ی‌ كفری‌‌و سه‌یدسادق رووبه‌رووی‌ یه‌ك بوونه‌وه‌ له‌سه‌ر گۆڕپانی‌ یانه‌ی‌ سه‌یدسادق له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌، راسته‌ ئه‌م دوو یانه‌یه‌ له‌ناو شاره‌كانی‌ خۆیان ناوبانگێكی‌ زۆریان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌مینجاره‌ یاری‌ نێوان ئه‌و دوو یانه‌یه‌ ببێته‌ باس‌و خواستی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌موو ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ كوردستان.

 

ئه‌و دوو یانه‌یه‌ له‌خولی‌ پله‌ دوو یارییان ده‌كرد، به‌ڵام له‌راستیدا جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو جه‌ماوه‌ری‌ پله‌ نایاب بن، چونكی‌ وا مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا له‌و یاریگا بچووكه‌دا زیاتر له‌پانزه‌ هه‌زار بینه‌ر ئاماده‌بن.

 

له‌و یارییه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كورسی‌ به‌شی‌ پێویستی‌ ئاماده‌بوون نه‌بوو، بۆیه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ له‌سه‌ر سه‌ربا‌و له‌ناو شۆفڵ‌و حه‌فاره‌و له‌سه‌ر پشتی‌ ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگر ته‌ماشای‌ یارییه‌كه‌یان ده‌كرد.

 

بوونی‌ جموجۆڵێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ گوڕوتینێكی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌خشییه‌ جموجۆڵی‌ وه‌رزشی‌‌و ئێستا ئه‌و یارییانه‌ی‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ دۆستانه‌ن، بینه‌رێكی‌ زۆریان هه‌یه‌.

 

سالار مه‌حمود یاریزانی پێشوی یانه‌ی سه‌یدسادق، ئێستا هانده‌رێكی هه‌میشه‌یی  یانه‌كه‌یه‌تی‌، ئه‌و جۆره‌ پشتیوانیكردنه‌، به‌رووداوێكی ده‌گمه‌ن ناوده‌بات، هه‌رچه‌نده‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو بۆ بینینی‌ یاری‌ یانه‌كه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ دوكان‌و بازاڕه‌كان داخراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ سه‌یره‌ بوژانه‌وه‌ی‌ له‌پڕی‌ ژماره‌ی‌ بینه‌ری‌ یارییه‌كانه‌ له‌دوو ساڵی‌ رابردوودا.

 

له‌زۆربه‌ی‌ شاره‌كانی‌ كوردستان ساڵانه‌ خولی‌ تیپه‌ میلییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و تیایدا چه‌ند یاریزانێكی‌ گه‌نجی‌ به‌توانا ده‌رده‌كه‌ون‌و خه‌ڵكێكی‌ زۆر ته‌ماشایان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ‌ هاتنی‌ وه‌رزشی‌ گه‌رماش زۆربه‌ی‌ یاریگا بچووكه‌كان پڕده‌بن له‌و تیپانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ خۆیان دروستیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ته‌ماشاكردنی‌ یارییه‌كان ببێته‌ بابه‌تێكی‌ گه‌رم‌و گوڕ.

 

سالار مه‌حمود ده‌شڵێت "بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری یاریگای بچووك له‌ناوچه‌كاندا وایكردووه‌ ئێستا هه‌موو توێژه‌كان تیپی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان دروست بكه‌ن، ئه‌مه‌ش مه‌یلی‌ وه‌رزشكردنی‌ زیادكردووه‌و كاری‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر زۆربوونی‌ جه‌ماوه‌ری‌ یارییه‌كان".

 

له‌وه‌ ده‌چێت سه‌رمایه‌داره‌كانی‌ كوردستانیش به‌روونی‌ هه‌ستیان به‌م جموجۆڵه‌ كردبێت، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌وانیش به‌شدارییه‌كیان له‌گه‌شه‌پێدانی‌ یانه‌و یاریگاكاندا هه‌بێت.

 

دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید كه‌ بازرگانێكی‌ دیاره‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ فه‌خری‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ سلێمانی‌ ده‌ستنیشانكرا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌ناوبانگترین یانه‌كانی‌ كوردستان، سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ بڕی‌ سێ‌ ملیۆن دۆلاری‌ ته‌رخانكرد بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ یاریگای‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌و یانه‌یه‌.

 

ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ رایگه‌یاندووه‌ یاریگاکە بەشێوەیک نۆژەندەکرێتەوە تەواوی ئەو مەرجانەی تێدا جێبەجێ دەکرێت کە یەکێتی تۆپی پێی ئاسیاو عێراق داوایان کردوە، تاوەکو یاریگاکە وەک یاریگایەکی نێودەوڵەتی بناسێنرێت، چونکە پێشتر دووجار لیژنەی پشکنینی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا(AFC) سەردانی یاریگای سلێمانیانکردووە، بەڵام بەهۆی کەم وکورتیەکانەوە ڕەتیانکردۆتەوە.

 

گۆڕانکارییەکان لە یاریگای سلێمانیدا بەشێوەیەک دەبێت کە ژمارەی کورسیەکانی لە ١٠ هەزارەوە زیاد دەکرێت بۆ ١٥ هەزار و شوێنی گۆڕەپان و مەیدان لە یاریگاکەدا لادەبرێت و شاشەی ئەلیکترۆنی لە چواردەوری یاریگاکەدا دادەنرێت، ئەمە جگە لە دروستکردنی پارکینی ئۆتۆمبێل و شوێنی تایبەت بە ڕۆژنامەنوسان و دروستکردنی چەتر بۆ هاندەران و بەهێزکردنی سیستمی ڕووناکی یاریگاکە.

 

هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌م بازرگانه‌و ئه‌وانی‌ دیكه‌ش به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ هانده‌ری‌ یانه‌كان‌و بینه‌رانه‌، بۆیه‌ ورده‌ ورده‌ خه‌ریكه‌ پاره‌ی‌ زیاتر له‌بواری‌ وه‌رزشیداو به‌تایبه‌تی‌ بۆ تۆپی‌ پێ‌ خه‌رج ده‌كرێت.

 

له‌كوردستان بینه‌رێكی‌ بێشوماری‌ یاریی‌ تۆپی‌ پێ‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ململانێی‌ هانده‌ران له‌سه‌ر خوله‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ ئه‌وروپایه‌، وه‌ك خوله‌كانی‌ ئیسپانی‌‌و ئینگلیزی‌‌و ئیتاڵی‌‌و فه‌ره‌نسی‌‌و ئه‌ڵمانی‌، له‌نێو ئه‌مانه‌شدا یانه‌كانی‌ به‌رشه‌لۆنه‌و ریال مه‌درید پشكی‌ شێریان به‌ركه‌وتووه‌و میسی‌‌و رۆناڵدۆش پاڵه‌وانی‌ دڵخوازی‌ خه‌ڵكیین.

 

هه‌ركاتێك ریال مه‌درید‌و به‌رشه‌لۆنه‌ یارییان هه‌بێت، باس‌و خواسی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌مووی‌ ئه‌چێته‌ سه‌ره‌ ئه‌و دوو یانه‌یه‌، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه‌ باسی‌ یانه‌كانی‌ كوردستانیش ده‌بێته‌ به‌شێك له‌و گفتوگۆیانه‌.

 

تاهیر ساڵح توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی پێی‌ وایه‌ زۆربوونی‌ جه‌ماوه‌ری‌ وه‌رزشی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌بێزاربوونی‌ خه‌ڵكی‌ له‌بابه‌ته‌ سیاسییه‌كان‌و قه‌یرانی‌ ئابوری‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ده‌رچه‌یه‌ك بۆ خۆیان بدۆزنه‌وه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "خه‌ڵكی  به‌ دوای ئارامی‌و ئاشتی‌و هۆكاره‌كانی پشودانی ده‌روونیدا ده‌گه‌رێت، به‌تایبه‌ت دوای ئالۆزبوونی ژیان".

 

ده‌شڵێت "كاتێك یاریزانه‌كانی یانه‌یه‌ك به‌باشی یاری ده‌كه‌ن، خه‌ڵكیش خۆی پێ كۆنتڕۆڵناكرێت‌و پشتیوانیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ كاتێك هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكی ده‌بنه‌ هانده‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی خه‌ڵكی دیكه‌ش شوێنیان ده‌كه‌ون".

 

ئه‌م بۆچوونه‌ له‌لایه‌ن ده‌ریا عه‌بدولواحید به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزش‌و لاوانی پارێزگای سلێمانی پشتیوانی‌ ده‌كرێت‌و له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هیچ شتێكی دیكه‌ نییه‌ گه‌نجان توانا‌و وزه‌ی خۆیانی تێدا به‌كاربهێنن. بۆیه‌ به‌حه‌ماسه‌وه‌ هانی یانه‌كانیان ده‌ده‌ن".

 

هه‌رچه‌نده‌ قه‌یرانی‌ ئابوری‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌یاندووه‌ به‌توانای‌ یانه‌ وه‌رزشییه‌كان‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ جموجۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كان، به‌ڵام پێده‌چێت جه‌ماوه‌ر به‌هاندان‌و پشتیوانی‌ قه‌ره‌بووی‌ یانه‌كان بكه‌نه‌وه‌، هه‌ر ئه‌م پشتیوانه‌ به‌هێزه‌شه‌ وایكردووه‌ یاری‌ نێوان یانه‌كان بابه‌تێكی‌ گه‌رموگڕی‌ جه‌ماوه‌ری‌‌و میدیایی‌ بێت.

 

دانا میرزا رۆژنامه‌نوسی وه‌رزشییه‌و رووماڵی‌ زۆربه‌ی‌ یارییه‌كانی‌ تۆپی‌ پێی‌ ناوخۆ ده‌كات، پێی‌ وانییه‌ زۆربوونی‌ جه‌ماوه‌ری‌ وه‌رزشی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ یانه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت‌و ده‌ڵێت "زۆربوونی بینه‌ری‌ یارییه‌كان بۆ بوونی ئه‌و بێكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ گه‌نجانی تێكه‌وتوون، چونكه‌ نابینیت كه‌سێك بۆ بینینی یارییه‌ك كاره‌كه‌ی به‌جێبهێڵێت، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاست یانه‌و پاڵه‌وانێتییه‌كان به‌هێزبن".

 

ده‌شڵێت "راسته‌ جه‌ماوه‌ری‌ یانه‌كان زۆربوون، به‌ڵام زیاتر بینه‌ره‌كان ناوچه‌یین‌و نابینیت جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆر شوێن یانه‌كه‌ی‌ بكه‌وێت كاتێ‌ له‌شارێكی‌ تر یاری‌ ده‌كات، كه‌واته‌ رۆیشتن بۆ یاریگا ته‌نیا له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی بۆ یانه‌كه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو بۆ گونجاویی كات‌و شوێنیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ بیینی‌ یارییه‌كان به‌خۆڕایین".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌