راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كان
له‌به‌غدا چه‌ندین كه‌س له‌ناو ماڵدا شێر به‌خێو ده‌كه‌ن

سار ا قاهیره‌
دیارده‌ی‌ به‌خێوكردنی‌ ئاژه‌ڵ له‌عێراق ته‌نیا به‌ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو وایلێهاتووه‌ ئێستا چه‌ندین كه‌س له‌ماڵه‌كانیاندا شێرو ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كانیان راگرتووه‌.
11.05.2017  |  به‌غدا

جاران شێرو ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كان له‌عێراق ته‌نیا له‌ناو به‌خچه‌ی‌ ئاژه‌ڵاندا ده‌بینران، كه‌چی‌ ئێستا چه‌ندین ماڵ هه‌ن له‌به‌غدا ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ به‌خێو ده‌كه‌ن، هه‌ندێك بۆ خۆشی‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن‌و هه‌ندێكی‌ دیكه‌ش ده‌یانه‌وێت قازانجی‌ لێ‌ بكه‌ن.

 

ئه‌میر چه‌له‌بی‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ئاژه‌ڵی‌ ده‌گمه‌ن‌و دڕنده‌ ده‌هێنێت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌م دواییه‌ خواست له‌سه‌ر كڕینی‌ شێر زۆربووه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و شێرانه‌ی‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 4 بۆ 60 رۆژدایه‌، چونكه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا به‌خێوكردنیان ئاسانه‌و مایه‌ی‌ مه‌ترسی‌ نین، زۆرتریش خواست له‌سه‌ر شێری‌ ئه‌فه‌ریقی‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای‌ كوردستاندا ده‌گونجێت.

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ عه‌بدوڵا سه‌لمان كه‌ به‌خێوكه‌ری‌ ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كانه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌خێوكردنی‌ ئاژه‌ڵ زۆر جیاوازه‌ له‌به‌خێوكردنی‌ سه‌گ‌و پشیله‌، چونكه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌بێت ئارامی‌ هه‌بێت‌و كه‌سێكی‌ به‌هێز بێت تا شێره‌كه‌ ده‌سته‌مۆ بكات، هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌موو پێداویستییه‌كانی‌ له‌خواردن‌و خواردنه‌وه‌و شوێنی‌ گونجاو ده‌سته‌به‌ر بكات".

 

باس له‌وه‌ش ده‌كات له‌وه‌رزی‌ زاوزێدا ده‌بێت شوێنێكی‌ گه‌وره‌ بۆ شێره‌كه‌ دابین بكرێت‌و ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت كه‌ پاش زاوزێ‌ شێر دڕنده‌ ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێ‌ سه‌رله‌نوێ‌ رابهێنرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ بۆ مێینه‌كان كه‌ دڕنده‌ترن له‌نێرینه‌كان، هه‌ندێجاریش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسییه‌كان له‌رێی‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ دانی‌ شێره‌كه‌ هه‌ڵده‌كێشن.

 

له‌باره‌ی‌ نرخی‌ شێره‌كانه‌وه‌ سه‌لمان ده‌ڵێت "به‌چكه‌ نرخی‌ 400 دۆلاره‌وه‌و شێری‌ گه‌وره‌ش نرخه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ ده‌ هه‌زار دۆلار".

 

جاران شێرو ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كانی‌ تر له‌سوریاوه‌ ده‌هێنران، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی‌ خراپی‌ رێگاو بانه‌وه‌ بازرگانه‌كان مامه‌ڵه‌ به‌و شێرانه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ناوخۆدا له‌دایك ده‌بن.

 

ته‌یسیر عه‌زاوی‌ كه‌ هاوڵاتییه‌كه‌و له‌ماڵه‌وه‌ شێر به‌خێو ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌منداڵییه‌وه‌ حه‌زی‌ به‌ به‌خێوكردنی‌ ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كان بووه‌، كاتێكیش گه‌وره‌ بووه‌و به‌رنامه‌ دیكۆمێنتارییه‌كانی‌ بینیوه‌ سه‌رسام بووه‌ به‌شێر، بۆیه‌ بڕیاریداوه‌ شێرێك له‌ماڵه‌وه‌ رابگرێت.

 

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شێره‌كه‌ی‌ گه‌وره‌ بووه‌، نرخێكی‌ زۆریان پێداوه‌، ئه‌ویش بڕیاریداوه‌ بیفرۆشێت‌و له‌و كاته‌وه‌ كڕین‌و فرۆش به‌شێره‌وه‌ ده‌كات.

 

ده‌شڵێت "به‌شی‌ زۆری‌ بازرگانه‌كانی‌ ئه‌م بواره‌ خه‌ڵكی‌ ئیمارات‌و ئه‌رده‌نن، له‌عێراقیش ئه‌وانه‌ ده‌یكڕن كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندن‌و باخێكی‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌ تا بتوانن قه‌فه‌س بۆ شێره‌كه‌ دروست بكه‌ن".

 

هه‌ندێكه‌س له‌به‌غدا بۆ خۆ نواندن شێره‌كانیان ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش زۆر كه‌سی‌ ترساندووه‌و نائارامی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌میندارێتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاریداوه‌ لیژنه‌یه‌ك پێك بهێنێت بۆ رێگرتن له‌هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی‌ ئاژه‌ڵی‌ دڕنده‌.

 

ئه‌میر حه‌سون به‌ڕێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ ژینگه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "لیژنه‌كه‌ كاری‌ ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند كۆت‌و به‌ندێك بۆ هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی‌ ئاژه‌ڵی‌ دڕنده‌ دابنێ‌‌و ئه‌وانه‌شی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نا شه‌رعی‌ هێنراونه‌ته‌ ناوه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت‌و ته‌نیا به‌پێی‌ چه‌ند رێوشوێنێك هه‌ندێ‌ جۆری‌ دیاریكراوی‌ ئاژه‌ڵ رێی‌ هێنانه‌ ژووره‌وه‌یان پێ‌ ده‌درێت".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ سه‌عد مه‌تڵه‌بی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌غداو وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆدا هه‌یه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ ئاژه‌ڵی‌ دڕنده‌ به‌خێو ده‌كه‌ن".

 

باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ كڕین‌و فرۆشی‌ ئه‌م ئاژه‌ڵانه‌ به‌نهێنی‌ ده‌بێت دوور له‌چاودێری‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، بۆیه‌ داوای‌ له‌هاوڵاتیان كرد له‌و رووه‌وه‌ هاوكاریان بكه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌