راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بۆنه‌ خۆش‌و ناخۆشه‌كانیشی گرتووه‌ته‌وه‌
عه‌شیره‌ته‌كان ده‌یانه‌وێ‌ ئیتر گوێیان له‌ده‌نگی‌ ته‌قه‌ نه‌بێت

ئیبراهیم ساڵح
له‌و شارانه‌ی‌ مرۆكی‌ عه‌شایه‌ری‌ به‌سه‌ردا زاڵه‌ هیچ بۆنه‌یه‌كی‌ خۆش‌و ناخۆش به‌بێ‌ ته‌قه‌كردن تێپه‌ڕ نابێت، ئه‌م دیارده‌یه‌ش چه‌ند كاره‌سات‌و رووداوی‌ ناخۆشی‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.
4.05.2017  |  به‌غدا
ئەو سەرۆک عەشیرەتەی بریاری راگرتنی تەقەی دەرکرد
ئەو سەرۆک عەشیرەتەی بریاری راگرتنی تەقەی دەرکرد

نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ر كه‌ ناوبژیوانی یاری كلاسیكۆی جیهان فیكه‌ی لێدا‌و كۆتاییهاتنی یاریه‌كه‌ی راگه‌یاند به‌بردنه‌وه‌ی تیپی به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ریاڵ مه‌دریدی ركابه‌ری دێرینی له‌ناوجه‌رگه‌ی پایته‌ختی ئیسپانیادا، لێره‌ له‌به‌غدای پایته‌خت ده‌نگی ته‌قه‌كردن به‌ئاسماندا به‌رزبووه‌ وه‌ك ئاهه‌نگگێڕانێك به‌بۆنه‌ی ئه‌و بردنه‌وه‌یه‌وه‌.

 

قوسه‌ی كامیل (23 ساڵ) كه‌ یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی بۆ ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی تیپه‌ دڵخوازه‌كه‌یانه‌وه‌ ته‌قه‌یان كرد، نه‌ ئه‌و‌و نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی تریش گوێیان به‌وه‌ نه‌دا كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ فیشه‌كه‌ هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كانیان ببنه‌ مایه‌ی كوژران یاخود برینداربوونی كه‌سانێك وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ له‌بۆنه‌ی هاوشێوه‌دا رووده‌دات كه‌ دوایه‌مینیان یاری كلاسیكۆ بوو له‌ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی مه‌ده‌نی له‌چه‌ند پارێزگایه‌كی جیاجیای عێراق برینداربوون.

 

برینداربوون به‌هۆی ته‌قه‌كردنی هه‌ڕه‌مه‌كی، كارێكه‌ ساڵانێكی دوورودرێژه‌ له‌عێراق به‌به‌رده‌وامی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ته‌قه‌كردن به‌ئاسماندا جۆرێكه‌ له‌ ئاهه‌نگگێڕان كه‌ زۆرێك له‌و عێراقییانه‌ی چه‌كیان هه‌یه‌ پێی راهاتوون تا ئه‌و راده‌یه‌ی بووه‌ته‌ به‌شێك له‌كه‌لتوری كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی له‌بۆنه‌ خۆش‌و ناخۆشه‌كانیشدا.

 

به‌خاكسپاردنی مردووان‌و ئاهه‌نگه‌كانی ژنهێنان‌و ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی عێراق له‌یه‌كێك له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان‌و ته‌نانه‌ت كلاسیكۆی ئیسپانیاش، هه‌موویان چه‌ند بۆنه‌یه‌كن كه‌ به‌بێ ته‌قه‌كردن به‌ئاسماندا ته‌واو نابن، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ندێكجار له‌وه‌ش تێده‌په‌ڕێت بۆ ته‌قه‌كردن له‌بۆنه‌ی كه‌م بایه‌ختر وه‌ك ده‌رچوونی خوێندكارێك له‌تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ساڵ یاخود گه‌ڕانه‌وه‌ی ژنێك بۆ ماڵی مێرده‌كه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی دیمه‌نێكی كۆمیدی یه‌كێك له‌دراما عێراقییه‌كان بابه‌ته‌كه‌ پوخت ده‌كاته‌وه‌ له‌ڕێی ته‌قه‌كردنی خزم‌و دروسێكان به‌ خۆشی گه‌ڕانه‌وه‌ی (له‌یلا) بۆ ماڵی مێرده‌كه‌ی.

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی درك به‌مه‌ترسی ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌‌و زیانه‌ مرۆیی‌و ماددیه‌كانی ده‌كات، به‌ڵام ساڵانێكه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌، له‌و رووه‌شه‌وه‌ عێراقییه‌كان ئه‌وه‌یان له‌بیره‌ كه‌ چۆن به‌ هه‌زاران كه‌سیان له‌خۆشی كۆتاییهاتنی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێی خۆرهه‌ڵاتیان له‌ هه‌شتی ئابی ساڵی 1988دا ته‌قه‌یان به‌ ئاسماندا كرد، له‌و كاته‌شه‌وه‌ هه‌موو ساڵێك دیمه‌نه‌كه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

 

له‌ پارێزگای بابلی باشووری به‌غدای پایته‌خت فاهم مانع عه‌لاوی شێخی ته‌واوی عه‌شیره‌تی سه‌ڵخه‌ی شممه‌ری بڕیاریداوه‌ ده‌ستپێخه‌رییه‌ك ده‌ستپێبكات بۆ كاركردن له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به‌ كه‌لتوری ته‌قه‌كردن به‌ ئاسماندا له‌ بۆنه‌كاندا، ئه‌ویش له‌ هه‌وڵێكدا بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵسوكه‌وتێك كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیانی گیانی‌و ماددی، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتی عه‌شایری خۆی به‌كارهێناوه‌ به‌وپێیه‌ی شێخی ته‌واوی عه‌شیره‌تێكه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراق تا كه‌نداو‌و ئه‌هواز درێژ بووه‌ته‌وه‌.

 

شێخ عه‌لاوی بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌ كه‌ به‌ره‌نگاری ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ بووه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌تا له‌ڕێی گه‌ڕان به‌سه‌ر ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی‌و پاشان كه‌سانی نزیك له‌عه‌شیره‌ت به‌و هیوایه‌ی عه‌شیره‌ته‌كانی تریش هه‌مان هه‌نگاوی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی بنێن به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا.

 

شێخ عه‌لاوی ده‌ڵێت "ته‌قه‌كردنی بێ پاساو كارێكی نایاسایی‌و نا ئه‌خلاقیه‌‌و پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای ئایینیه‌، به‌هۆی زیانه‌كانیه‌وه‌".

 

سه‌ید عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای ئایینی وه‌ڵامی سێ داوای فه‌توادانی شه‌رعی دایه‌وه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ته‌قه‌كردن پێشكه‌شی كرابوون‌و فه‌توای دا به‌وه‌ی ته‌قه‌كردن به‌ ئاسماندا شیاو نییه‌ به‌ چاوپۆشین له‌ بۆنه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌هۆی زیان‌و ئازار‌و تۆقاندنی خه‌ڵك‌و به‌رپرسیارێتی شه‌رعی ئه‌نجامه‌كانیشی خسته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێته‌ هۆكاری.

 

هه‌روه‌ك یاسای عێراقیش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ بۆنه‌ گشتییه‌كان یاخود تایبه‌ته‌كاندا ته‌قه‌ بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ مۆڵه‌تی پێدرابێت، سزا ده‌درێت به‌ زیندانیكردن بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ ساڵێك كه‌متر نه‌بێت‌و له‌ سێ ساڵیش زیاتر نه‌بێت به‌پێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش كه‌ له‌ 27ی نیسانی 1982دا كراوه‌ته‌ یاسا‌و تا ئێستاش به‌ركاره‌ له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی رێنمایی حكومی له‌و باره‌یه‌وه‌ كه‌ داوای قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌قه‌كردن ده‌كات.

 

شێخ عه‌لاوی پێی وایه‌ یاسای عێراقی روونه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ جێبه‌جێ ناكرێت‌و به‌ركار ناخرێت كه‌ ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی به‌رده‌وامبوونی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ به‌تایبه‌تی كه‌ بڕێكی زۆر چه‌ك له‌ شاره‌كانی عێراقدا له‌ده‌ستی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نیدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

 

شێخ عه‌لاوی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر شێخی تیره‌كانی عه‌شیره‌ته‌كه‌یدا سه‌پاندووه‌ كه‌ گرتنه‌ئه‌ستۆی خوێنبایی له‌حاڵه‌ته‌كانی ته‌قه‌كردنی هه‌ڕه‌مه‌كیدا رابگرن (ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ عه‌شیره‌ته‌كه‌ ده‌یدات به‌ كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ده‌ستی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ده‌كوژرێت) واتا له‌مڕۆ به‌دواوه‌ عه‌شیره‌ت كه‌فیلی كه‌سێك ناكات بووبێته‌ هۆی كوژران یاخود برینداربوونی كه‌سێك ئه‌گه‌ر له‌ رووداوی ته‌قه‌كردنی هه‌ڕه‌مه‌كی بێ پاساودا بووبێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ بۆنه‌كاندا بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی بووه‌ته‌ هۆكاری رووداوه‌كه‌ دوو هێنده‌ خوێنبایی ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌مان عه‌شیره‌ت بێت.

 

شێخ عه‌لاوی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ستپێخه‌ریه‌كه‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنێكی به‌رفراوانی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌كه‌یه‌وه‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌ ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ ده‌ستی پێكراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پاراستنی خوێنی ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌كه‌‌و دراوسێكانیش.

 

شێخ عه‌لاوی ده‌یگێڕێته‌وه‌ كه‌ كه‌سوكاری بووكێك رازی نه‌بوون كچه‌كه‌یان بچێته‌ كه‌ژاوه‌ی شووكردنه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سوكاری زاوا ته‌قه‌كردن رانه‌گرن كه‌ دواجار هه‌ر ئه‌وه‌ش روویدا.

 

شێخ عه‌لاوی پێشبینیش ده‌كات به‌ره‌ به‌ره‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌ تا كۆتایی به‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ ده‌هێنرێت، به‌ڵام ترسیشی له‌كاریگه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ك‌و نه‌بوونی رێگرێكی یاساییش هه‌یه‌ كه‌ ببێته‌ هۆی راگرتنی به‌تایبه‌تی كه‌ پێی وایه‌ ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان خۆیشیان یارمه‌تیده‌رن بۆ به‌رده‌وامبوونی كه‌لتوری ته‌قه‌كردن، چونكه‌ چه‌كی مۆڵه‌تدراویان پێیه‌‌و رێگری له‌ سه‌رپێچێكارانی فه‌رمان‌و رێنماییه‌كانیش ناكه‌ن.

 

دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیش له‌عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ پێویستی پابه‌ندبوونی كارمه‌ندانی به‌وه‌ی ته‌قه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی نه‌كه‌ن ته‌نیا له‌و حاڵه‌تانه‌دا نه‌بێت كه‌ پێویست ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا كارمه‌ندانیش پابه‌ندبوونێكی به‌رفراوان پیشان ناده‌ن ئه‌گه‌رچی زۆرێكیان ده‌ستیانكردووه‌ به‌ وازهێنان له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی پێشوویان كه‌ موجامه‌له‌ی كه‌ژاوه‌كانی به‌خاكسپاردن یاخود ژنهێنان و بۆنه‌كانی دیكه‌یان پێده‌كردن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌