راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بنكه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بووه‌
فڕۆكه‌خانه‌ی ناسریه‌ ده‌بێته‌ بابه‌تێكی گاڵته‌جاڕی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان

حه‌سه‌ن شنون
له‌وه‌ته‌ی‌ باسی‌ كردنه‌وه‌ی‌ فرۆكه‌خانه‌ی‌ زیقار كراوه‌، بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ گاڵته‌جاڕی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و هه‌ر رۆژه‌و نوكته‌یه‌كی‌ تازه‌ی‌ له‌سه‌ر بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
27.04.2017
فرۆکەخانەی ناسرییە
فرۆکەخانەی ناسرییە

بوونه‌وه‌ری بۆشایی ئاسمان‌و كه‌شتی ئاسمانی كه‌ پێنج هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ناسریه‌ نیشتوونه‌ته‌وه‌، لێدوانی سه‌رنجڕاكێشی كازم فنجان وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق بوو كاتێك سه‌ردانی فڕۆكه‌خانه‌ی زیقاری له‌باشووری وڵات كرد‌و شه‌پۆلێكی گاڵته‌جاڕی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروستكرد.

 

كۆمێنتی ئه‌لیكترۆنی عێراقیه‌كان جۆراوجۆربوون له‌نێوان گاڵته‌پێكردنی ئاشكرای كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی ناسریه‌ كه‌ ناگاته‌ هاوشانی پرۆژه‌ی هاوشێوه‌ی له‌وڵاتانی تردا، له‌گه‌ڵ كه‌می ئه‌و برٍه‌ پاره‌یه‌ی بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ ته‌رخان ده‌كرێت.

 

حه‌یده‌ر فازڵی بلۆگه‌ر له‌په‌یجی خۆی له‌فه‌یسبووك ده‌ڵێت "ده‌روازه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناسریه‌ له‌ده‌روازه‌ی عه‌لوه‌ی سه‌وزه‌ ده‌چێت كه‌ پێش ده‌رگاكانیدا قاڵبی كۆنكرێتی تێكچوو دانراوه‌، نازانم وه‌زیر چۆن سه‌یری روخساری وه‌زیره‌ هاوتاكانی له‌ده‌وڵه‌تانی جیهان ده‌كات‌و چۆن باسی ئه‌و ته‌كنۆلۆجیا پێشكه‌وتووه‌یان بۆ ده‌كات كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناسریه‌ كاری پێده‌كات".

 

فازڵ ڤیدیۆیه‌كی گاڵته‌ئامێزی هاوپێچی كۆمێنته‌كه‌ی كردووه‌ تێیدا فیلێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ئاسمانه‌وه‌ دێت‌و له‌فڕۆكه‌خانه‌ی ناسریه‌ ده‌نیشێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌ك بێت‌و له‌یه‌كه‌م فڕۆكه‌خانه‌ له‌مێژوودا بنیشێته‌وه‌ كه‌ سۆمه‌ریه‌كان حه‌وت هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ناسریه‌ دروستیان كردووه‌ وه‌ك وه‌زیر له‌ لێدوانه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌.

 

هه‌ڵوێستی عێراقیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ (365 كم باشووری به‌غدای پایته‌خت) له‌ مانگی ئازاری رابردوودا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراقه‌وه‌، هه‌ر به‌ گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو به‌حاڵه‌تێك له‌ سه‌رسوڕمانی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ پێشوازی لێكرا به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌و وێنه‌‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ی بلۆگه‌ره‌كان بڵاویان كردنه‌وه‌‌و دیمه‌نی رێگای خۆڵ‌و قیرتاونه‌كراوی فڕۆكه‌خانه‌كه‌‌و پارچه‌ كۆنكرێتیه‌كانی به‌رده‌م ده‌روازه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌یان له‌خۆگرتبوو كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی به‌خێرهێنانی گه‌شتیارانیان له‌سه‌ر نووسراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خێمه‌‌و شوێنی مۆڵگه‌ سه‌ربازیه‌كانی نزیك له‌ هۆڵی چاوه‌ڕوانی گه‌شتیاران كه‌ له‌ بنچینه‌دا ژووری مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی فیرقه‌ی نۆی سوپای عێراق بووه‌.

 

شه‌پۆلی گاڵته‌پێكردنه‌كه‌ ته‌نیا له‌سنووری پارێزگای زیقاردا نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو په‌لیكێشاوه‌ بۆ به‌غدای پایته‌ختیش، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ مسته‌فا عه‌لای بلۆگه‌ر له‌ په‌یجی خۆی له‌ فه‌یسبووك ده‌ڵێت: "دیمه‌نه‌كانی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناسریه‌، ترسی له‌ نێو فڕۆكه‌خانه‌ی شارل دیگۆل‌و دوبه‌ی‌و جۆن كه‌نه‌دی‌و سه‌نگافوره‌‌و شه‌نگهایدا دروست كردووه‌".

 

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و ره‌خنه‌ توندانه‌ش، سه‌رله‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 10ی ئازاری 2017 یه‌كه‌م فڕۆكه‌ی سه‌ر به‌ هێڵی ئاسمانی عێراقی له‌ یه‌كێك له‌ مه‌دره‌جه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناسریه‌ نیشته‌وه‌‌و فڕۆكه‌خانه‌ نوێیه‌كه‌ به‌كرداری چووه‌ بواری كاركردنی ئاسمانیه‌وه‌.

 

فڕۆكه‌خانه‌كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بنكه‌یه‌ی ئاسمانی بووه‌ به‌ناوی بنكه‌ی ئیمام عه‌لی‌و دوو مه‌دره‌جی سه‌ره‌كی به‌ درێژی (12000 و 9700) پێ‌و تاوه‌رێكی چاودێری له‌خۆده‌گرێت كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 11 نهۆم‌و ته‌یاركراوه‌ به‌ نوێترین ته‌كنۆلۆجیای سه‌لامه‌تی‌و لێهاتوویی بۆ یارمه‌تیدان له‌ چاودێریكردنی فڕۆكه‌كاندا، چونكه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌27ی ئازاری ساڵی 2010دا به‌تێچووی 61.740 ملیۆن دۆلار كردیانه‌وه‌‌و به‌یه‌كێك له‌ گرنگترین بنكه‌كانی ئه‌مریكا له‌ باشووری عێراق داده‌نرا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئۆپراسیۆنه‌كان له‌ پارێزگاكانی به‌سره‌‌و موسه‌نا‌و میسان‌و زیقاریش به‌رله‌وه‌ی له‌ ساڵی 2011دا عێراق جێبهێڵن.

 

ئه‌شواق زوهێری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای زیقار ده‌ڵێت "ئه‌نجومه‌نی پارێزگای زیقار له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی گواستنه‌وه‌‌و به‌رگری رێككه‌وتووه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی مه‌ده‌نی له‌ به‌شی باشووری بنكه‌ی ئاسمانی ئیمام عه‌لی‌و هێشتنه‌وه‌ی به‌شی باكووری وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی سه‌ربازی‌و بنكه‌یه‌ك بۆ مه‌شقپێكردنی سه‌ربازانی عێراق".

 

وتیشی "هه‌ر كه‌ ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ ره‌زامه‌ندیان ده‌ربڕی، پارێزگا به‌هه‌وڵی خۆی ده‌ستیكرد به‌كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناسریه‌، به‌مه‌به‌ستی پاككردنه‌وه‌ی نیو ملیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌ له‌ شوێنی فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نی ناسریه‌ له‌ پاشماوه‌ سه‌ربازی‌و جه‌نگیه‌كانی، هه‌روه‌ك فه‌رمانگه‌ی شاره‌وانی شاره‌كه‌ به‌ڵێنی داوه‌ ئه‌و رێگایانه‌ قیرتاو بكات كه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كه‌".

 

به‌پێی قسه‌ی ئه‌شواق زوهێری، حكومه‌تی خۆجێیی زیقار په‌نای بۆ پرۆسه‌ی دانانی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی دانیشتووی زیقار بردووه‌ كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی به‌غدا‌و به‌سره‌‌و نه‌جه‌ف كارده‌كه‌ن تا له‌ ئێستادا فڕۆكه‌خانه‌ی ناسریه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی پله‌ی وه‌زیفیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت.

 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی یه‌حیا ناسری پارێزگاری زیقار، له‌ ئێستادا فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناسریه‌ هه‌فتانه‌ پێشوازی له‌ دوو گه‌شتی ناوخۆیی ده‌كات له‌ به‌غدای پایته‌ختی عێراق‌و شاری هه‌ولێری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی بڕیاربوو پێش كۆتایی مانگی نیسان بۆ ئێران‌و سوریا‌و لوبنان رێكبخرێن.

 

حكومه‌تی عێراق ناو به‌ناو كار بۆئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و بنكه‌ ئاسمانیانه‌ی له‌ هه‌ندێك پارێزگای وڵاتدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ بگۆڕێت بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌ده‌نی‌و گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌یس روبه‌یعی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ "وه‌زاره‌ت بڕه‌ پاره‌ ته‌رخان ده‌كات بۆ ته‌واوكردنی دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی كوت‌و سه‌رپه‌رشتیكردنی دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی دیوانیه‌ كه‌ به‌ گرێبه‌ستێكی وه‌به‌رهێنان دراوه‌ته‌ كۆمپانیای ناسریه‌ی كوێت".

 

كۆمێنتی بلۆگه‌ره‌كان‌و ناڕه‌زاییه‌كانیان به‌هۆی كه‌می بڕه‌ پاره‌ی ته‌رخان كراوه‌ بۆ دروستكردنی ئه‌و جۆره‌ فڕۆكه‌خانانه‌ وه‌ك وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی به‌ "نیقاش"ی وت كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی "هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی ناسریه‌ ته‌رخان نه‌كردووه‌ به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی وڵاتی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام چه‌ند كۆمپانیایه‌كی جیهانی وه‌ك كۆمپانیای كوپه‌ر جیسی به‌ریتانیا‌و كۆمپانیای ئێكستره‌كسی ئۆكرانیا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و كۆمپانیا ئیسپانی‌و ئیتاڵیانه‌ی خوازیاری وه‌به‌رهێنانن له‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا".

 

له‌ڕووی ئابووریه‌وه‌ ره‌زاق زوهێری شاره‌زای ئابووری‌و سه‌رۆكی ژووری بازرگانی ناسریه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ "نیقاش"ی وت: "كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناسریه‌ سوودێكی ئابووری گه‌وره‌ی بۆ پارێزگاكه‌ ده‌بێت له‌ڕووی هاندانی كۆمپانیاكانی نه‌وت بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ كێڵگه‌كانی پارێزگاكه‌دا كه‌ رۆژانه‌ 150 هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌م ده‌هێنن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ جموجوڵی گه‌شتیاری له‌ پارێزگاكه‌ چالاك ده‌كات پاش ئه‌وه‌ی رێكخراوی یونسكۆ له‌ ته‌مموزی 2016دا زۆنگاوه‌كان‌و شوێنه‌واره‌كانی پارێزگاكه‌ی خسته‌ لیستی كه‌لتوری جیهانیه‌وه‌".

 

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌