راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تێكه‌ڵبوونی‌ سه‌ماو وه‌رزش
سه‌مایه‌كی نوێ گه‌نجان راده‌كێشێت

سار ا قاهیره‌
پانزه‌ گه‌نج له‌چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراقه‌وه‌، هۆڵێكی سه‌ماكردن له‌به‌غدا كۆیكردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا راهێنان له‌سه‌ر سه‌ما خۆرئاواییه‌كان ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ریتمێكی نامۆ به‌سه‌مای عێراقی.
13.04.2017  |  به‌غدا
ژمارەیەک گەنجی سەماکار
ژمارەیەک گەنجی سەماکار

ئه‌م گه‌نجانه‌ جوڵه‌ی قورس ئه‌نجام ده‌ده‌ن كه‌ تێیدا جه‌سته‌یان زۆر ده‌چه‌مێته‌وه‌ بۆ دواوه‌‌و هه‌ردوو ته‌نیشت‌و یاریزانه‌كان له‌سه‌ر سه‌ریان ده‌وه‌ستن‌و قاچیان بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌‌و به‌خێرایی ئه‌م جوڵه‌یه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

جوڵه‌كانی تیپی گه‌نجانی (B-BOY) تێكه‌ڵه‌یه‌كن له‌سه‌ما‌و وه‌رزش‌و به‌لێهاتووییه‌كی زۆر‌و توانایه‌كی جه‌سته‌یی به‌رزه‌وه‌ سه‌مای (برێك دانس) ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و سه‌ماكاران پێویستیان به‌راهێنانی جه‌سته‌یی قورس هه‌یه‌ تا توانای جه‌سته‌یی پێویست به‌ده‌ستبهێنن بۆ ئه‌نجامدانی سه‌مای خێرا‌و جوڵه‌ی به‌هله‌وانی له‌گه‌ڵ موزیكی راپدا.

 

ئه‌م سه‌مایانه‌ رێسای گشتیان نییه‌، هه‌روه‌ك مامۆستای پسپۆری هونه‌ری سه‌ماش نییه‌ بۆ راهێنانی ئه‌و گه‌نجانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و سه‌مایانه‌، به‌ڵكو سه‌ماكاران هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌میانی راهێنانه‌كاندا سوود له‌شاره‌زایی یه‌كتر وه‌ربگرن.

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌مایانه‌ به‌زۆری له‌ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا‌و ئه‌مریكا ناسراون، به‌ڵام له‌عێراقدا ناسراو نین‌و كاردانه‌وه‌ی بینه‌ران به‌رامبه‌ریان له‌نێوان لایه‌نگر‌و به‌رهه‌ڵستكاردا دابه‌شبووه‌.

 

تیپی (B-BOY) چه‌ند گه‌نج‌و هه‌رزه‌كارێكی كه‌م له‌ره‌گه‌زی نێر له‌خۆده‌گرێت‌و تائێستا هیچ كچێك په‌یوه‌ندی پێوه‌ نه‌كردوون، ئه‌مانه‌ له‌به‌غدای پایته‌خت‌و شاره‌كانی به‌سره‌‌و كه‌ركوكه‌وه‌ دێن بۆ سه‌ماكردن له‌باخچه‌كانی ئه‌بو نه‌واس‌و ده‌ریاچه‌ی جاردیه‌‌و جه‌ماوه‌رێكی خۆڕسكیش بۆ بینینی نمایشه‌كه‌یان له‌ده‌وریان كۆده‌بنه‌وه‌.

 

ئه‌مین تارق كه‌ گه‌نجێكی پارێزگای كه‌ركوكه‌‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ساڵی 2010وه‌ ئه‌م جۆره‌ سه‌مایه‌ ده‌كات‌و ئه‌و كاته‌ له‌قۆناغی ناوه‌ندی خوێندندا بووه‌، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت له‌گه‌ڵ براكه‌یدا راهێنانیان له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ سه‌مایه‌ كردووه‌‌و پێیان خۆش بووه‌‌و به‌دڵیان بووه‌.

 

ئه‌مین دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ توانیویه‌تی ئاشنای ئه‌و تیپه‌ی به‌غدا ببێت‌و پاشان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پته‌وكردوون‌و ناوه‌ ناوه‌ له‌كه‌ركوكه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ به‌غدا‌و وه‌كو هاوكاره‌كانی تری له‌شاره‌كانی تره‌وه‌ راهێنانی له‌گه‌ڵ كردوون.

 

ئه‌و ده‌ڵێت "له‌راهێناندا جددیم‌و حه‌ز ده‌كه‌م له‌بواری سه‌مادا خۆم پێش بخه‌م، هه‌ر یه‌كێكیش له‌ئێمه‌ خۆی راهێنان ده‌كات‌و سوود له‌شاره‌زایی هاوكارانی وه‌رده‌گرێت، هاوكات هۆڵی راهێنانه‌كه‌ ساده‌ترین ئامرازی راهێنانی نییه‌".

 

هه‌ردوو ساڵ جارێك رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌تمه‌ند به‌سه‌ما‌و میوزیك بۆ پشتیوانی تیپه‌كانی (B-BOY) سه‌ردانی شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن، ئه‌و رێكخراوانه‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌شقپێكردنی ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌كه‌ن بۆ ماوه‌ی ده‌ رۆژ‌و دوای ئه‌وه‌ی دركیان به‌لێهاتوویی ژماره‌یه‌ك یاریزانی تیپی عێراق كردووه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان بردوویانن بۆ ئه‌مریكا.

 

سه‌ماكاره‌ گه‌نجه‌كان له‌كه‌شی ده‌ره‌وه‌دا نمایشی خۆڕایی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاهه‌نگیان له‌هۆڵدا بۆ رێكبخرێت، به‌ڵام ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و جۆره‌ سه‌مایه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌زهه‌ر تارق كه‌ ئه‌ندامێكی تیپه‌كه‌ی به‌غدایه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ساڵی 2012وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌‌و ساڵی 2015 سه‌مای كردووه‌ته‌ پیشه‌و ده‌شڵێت "ئێمه‌ نامه‌ بۆ دامه‌زراوه‌كان ده‌نێرین به‌مه‌به‌ستی رێكخستنی پاڵه‌وانێتی‌و پێشبڕكێ، به‌ڵام بارودۆخی ئه‌منی له‌عێراق رێگه‌ به‌وه‌ نادات‌و تائێستاش ئه‌و نمایشانه‌ی پێشكه‌شمان كردوون گه‌یشتوونه‌ته‌ 400 نمایش".

 

سه‌باره‌ت به‌رووكردنه‌ ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ش، ئه‌زهه‌ر ده‌ڵێت "ئێمه‌ چه‌ند گه‌نجێكین هه‌وڵ ده‌ده‌ین شتێكی جیاواز پێشكه‌ش بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌ش له‌عێراقدا زۆر نه‌ناسراوه‌ بۆیه‌ فێری بووین تا پێی جیابكرێنه‌وه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌جوانی سه‌ماكه‌".

 

 

ئه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر قسه‌كانی‌و ده‌ڵێت "په‌رۆشین بۆ راهێنان‌و سه‌ماش زۆر ده‌كه‌ین بۆ رزگاربوون له‌خه‌می دونیا‌و ئه‌و كێشانه‌ی به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنین، له‌دوای كۆتاییهاتنی راهێنانیش هه‌ست به‌وزه‌‌و خۆشحاڵی ده‌كه‌ین، چونكه‌ ده‌رچه‌یه‌كه‌ بۆ رزگاربوون له‌و وزه‌ نه‌رێنیه‌ی زۆرجار گه‌مارۆمان ده‌دات".

 

كازم تاڵبیش كه‌ ئه‌ندامێكی تیپه‌كه‌یه‌ ده‌ڵێت "یاری (B-BOY) له‌ساڵی 2009وه‌ له‌به‌غدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ دوای ئه‌ویش له‌ساڵی 2012دا له‌ پارێزگاكاندا بڵاوبووه‌وه‌‌و له‌پارێزگاكانی به‌سره‌‌و به‌غدا‌و نه‌جه‌ف‌و كه‌ركوك ناسرا".

 

وتیشی "ژماره‌ی ئه‌ندامانی تیپه‌كه‌ زۆربوو، داواكاری بۆ بوونه‌ ئه‌ندام له‌تیپه‌كه‌دا زیاتر ده‌بوو، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ ژماره‌كه‌ كه‌مبووه‌وه‌ به‌هۆی سه‌فه‌ركردنی زۆرێك له‌ئه‌ندامانی تیپه‌كه‌‌و كه‌می پشتیوانی".

 

تاڵب سكاڵا له‌ره‌خنه‌گرتنی خه‌ڵك له‌م هونه‌ره‌ ده‌كات، چونكه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م پشت به‌سه‌ما ده‌به‌ستێت‌و ده‌شڵێت "به‌ده‌ست ره‌خنه‌‌و قسه‌ی برینداركه‌ره‌وه‌ ده‌ناڵێنین، چونكه‌ پێشتر په‌یوه‌ندیكردن‌و داواكاری له‌سه‌ر تیپه‌كه‌ زۆر بوو، به‌ڵام ئێستا به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی یاریه‌كه‌ داهاتی نییه‌‌و كرێ نادرێته‌ تیپه‌كه‌".

 

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ عادل لعێبی به‌ڕێوه‌به‌ری تیپی سه‌مای میللی له‌به‌غدا وتی "یاری (B-BOY) سه‌ر به‌برێك دانسه‌‌و سه‌مایه‌كی نوێ‌و هاوچه‌رخه‌‌و له‌ئه‌مریكا پێی ده‌وترێت سه‌مای سه‌ر شه‌قام‌و له‌هه‌ندێك ده‌وڵه‌تیشدا فێستیڤاڵ بۆ ئه‌م جۆره‌ سه‌مایه‌ رێكده‌خرێت".

 

وتیشی "له‌عێراق فێستیڤاڵی ئه‌م جۆره‌ سه‌مایه‌ نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌و نمایشانه‌ هه‌ن كه‌ گه‌نجان به‌توانای خۆیان ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن، به‌هۆی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ش كه‌ ئێستا له‌ئارادایه‌، ته‌نیا چه‌ند پێشبڕكێیه‌كی شه‌رمنانه‌ بوونیان هه‌یه‌".

 

لعێبی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌و جوڵه‌ توندوتیژ‌و بازدانانه‌ی سه‌ماكاران ئه‌نجامی ده‌ده‌ن به‌هاوارێكی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر واقیع داده‌نرێت‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی قووڵی پابه‌ندبوونی گه‌نجانه‌ به‌ ژیانه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌