راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پیاوه‌تی خۆیان پیشان ده‌ده‌ن
سمێڵدرێژه‌كان له‌واست تیپی تیمساحه‌كان داده‌مه‌زرێنن

محەمەد زەیدی
له‌ناو گازینۆیه‌كی میللی ناوه‌ڕاستی كوت ده‌نگی ئه‌بو سه‌گر سه‌ركرده‌ی تیمساحه‌ میللیه‌كان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ كه‌ داوا له‌كارمه‌ندی گازینۆكه‌ ده‌كات چه‌ند پارچه‌ خه‌ڵوزێكی تازه‌ بخاته‌ سه‌ر نێرگه‌له‌كه‌ی.
6.04.2017  |  واست

ئه‌و پیاوه‌ ته‌مه‌ن 45 ساڵه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ مۆبایله‌كه‌ی له‌گیرفانی خواره‌وه‌ی ده‌رده‌هێنێت‌و ده‌ست ده‌كات به‌په‌یوه‌ندیكردن به‌تیپی تیمساحه‌كانه‌وه‌، هه‌ر چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌كه‌‌و ده‌یان كه‌سی سمێڵ درێژ ده‌گه‌نه‌ شوێنه‌كه‌‌و له‌نێو سه‌رسوڕمانی ئاماده‌بوواندا هه‌موو سوچه‌كانی گازینۆكه‌ پڕده‌كه‌ن، له‌دیارده‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشیشدا به‌لای میوانانی ناو گازینۆكه‌وه‌، هه‌موو تیمساحه‌كان ده‌ستده‌كه‌ن به‌ده‌رهێنانی شانه‌یه‌كی بچووك‌و سمێڵیانی پێ داده‌هێنن كه‌ وه‌كو وێنه‌ی ژماره‌ هه‌شت ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش به‌به‌رچاوی رێبواران‌و میوانانی گازینۆكه‌وه‌ كه‌ خه‌ریكه‌ ورده‌ ورده‌ بیرۆكه‌ی تیمساحه‌كانیان له‌لا په‌سه‌ند ده‌بێت.

 

"هه‌مووان هه‌ست به‌حاڵه‌تێك له‌ ناڕه‌زایی ده‌كه‌ن كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار چه‌ند گه‌نجێك ده‌بینن قژیان به‌شێوه‌ی سه‌یر تاشیوه‌‌و جلوبه‌رگی نه‌شیاویان له‌به‌ر كردووه‌" ئه‌بو سه‌گر به‌م جۆره‌ قسه‌كانی ده‌ستپێكرد سه‌باره‌ت به‌ئه‌زموونی خۆی له‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌‌و هۆكار‌و پاساوه‌كانی.

 

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ كه‌ دیاره‌ بایه‌خ به‌بۆیاخكردنی سمێڵی ده‌دات، پێی وایه‌ هێشتنه‌وه‌ی سمێڵ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش نیشانه‌ی پیاوه‌تیه‌‌و هیچ شتێكی تر هاوتای نیه‌، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت هێشتنه‌وه‌ی سمێڵی درێژ "كارێكی ئاسان نییه‌، چونكه‌ پیاوه‌تی‌و به‌رپرسیارێتی‌و هه‌ڵوێسته‌".

 

ئه‌و هۆكارانه‌ی پاڵ به‌م جۆره‌ كه‌سانه‌وه‌ ده‌نێن بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌، زۆرن، به‌ڵام ره‌نگه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌ بێت كه‌ پێیان وایه‌ پاشه‌كشێی به‌هاكانی پیاوه‌تیه‌ له‌لای هه‌ندێك له‌گه‌نجان.

 

سه‌باره‌ت به‌ بیرۆكه‌ی تیپی تیمساحه‌كانی واست ئه‌بو سه‌گر به‌ "نیقاش"ی وت "بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی تیمساحه‌كانی واست وه‌ڵامێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ناوی بنێین دیارده‌ی موونه‌رمی‌و هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ده‌ره‌وه‌ هاتوو كه‌ به‌ راده‌یه‌كی زۆر له‌نێو گه‌نجاندا زیادی كردووه‌‌و كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر جلوبه‌رگ پۆشینیان‌و رووخساریان".

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شاری كوت له‌خوارووی‌ عێراق سروشتێكی عه‌شایری هه‌یه‌ تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و نه‌ریتانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ واقیعدا ناگونجێن، به‌ڵام كاره‌كه‌ی ئه‌بو سه‌گر له‌دامه‌زراندنی تیپی تیمساحه‌كاندا له‌نێوه‌نده‌ میللییه‌ جیاجیاكاندا په‌سه‌ند كرا‌و بره‌وی په‌یداكرد، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی دامه‌زرێنه‌رانی له‌ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بانگه‌شه‌یان بۆ كرد.

 

ئه‌و به‌ده‌م هه‌ڵمژینی دووكه‌ڵی نێرگه‌له‌كه‌ی به‌رده‌میه‌وه‌ له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌ی به‌ "نیقاش"ی وت "شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ده‌ستمكرد به‌جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌م له‌ڕێی داواكاری‌و بانگه‌وازی ئه‌لیكترۆنیه‌وه‌ كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بڵاوم كردنه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و داواكاری‌و بانگه‌وازانه‌ش هه‌وڵێك بوون بۆ سنووردانان بۆ كاریگه‌ربوونی گه‌نجان به‌بیرۆكه‌ی مۆده‌ی له‌ده‌ره‌وه‌هاتوو، تا گه‌یشتینه‌ ئه‌و رایه‌ی تیپێك له‌سمێڵدرێژه‌كان دابمه‌زرێنین كه‌ ئامانجی بانگهێشتكردنی گه‌نجانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز بۆئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌به‌هاكانی پیاوه‌تی بكه‌ن".

 

تیمساحێكی بچووك كه‌ له‌ته‌نیشت ئه‌بو سه‌گره‌وه‌ دانیشتبوو به‌ "نیقاش"ی وت "سه‌ره‌تا به‌ته‌نیا بووین تا كۆمه‌ڵێك هاوڕێی سمێڵدرێژمان ناسی‌و ئیتر له‌گه‌ڵمان ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ بازاڕ‌و شوێنه‌ گشتیه‌كان".

 

وتیشی "نمایشمان له‌به‌رده‌م ئه‌و شوێنانه‌دا رێكخست كه‌ گه‌نجی زۆریان لێیه‌ وه‌كو زانكۆكان‌و كۆفی نێته‌كان، ئیتر به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌ستمانكرد به‌قسه‌كردن له‌گه‌ڵیان‌و كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌مان هه‌بوو پێی كاریگه‌ربوون".

 

له‌كاتێكدا تیسماحه‌كانی واست گفتوگۆ له‌باره‌ی كاره‌كانی قۆناغی داهاتوویان ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ تیمساح ئه‌سیر هاشمی به‌یاوه‌ری چه‌ند ئه‌ندامێكی دیكه‌ی تیپه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌شه‌قامی (ئه‌لف عافیه‌)ی ناوه‌ڕاستی كوت پیاسه‌ ده‌كه‌ن‌و شانه‌یه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌و سمێڵیان داده‌هێنن‌و له‌گه‌ڵیشیدا چه‌ند جووڵه‌یه‌كی جه‌سته‌یی جیاواز ده‌كه‌ن.

 

له‌گه‌ڵ سه‌رقاڵبوونی ئه‌و تیمساحه‌ ته‌مه‌ن 30 ساڵیه‌ به‌رێنماییكردنی هاوكارانیه‌وه‌، به‌حه‌ماسه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت "له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی تیپه‌كه‌دا خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌یان به‌لاوه‌ سه‌یر بوو، له‌سه‌ره‌تادا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆر بووینه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانمانه‌وه‌".

 

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و ره‌خنانه‌ش هاشمی پێی وایه‌ "ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو بۆ په‌یداكردنی ناوبانگ‌و به‌دیهێنانی هیچ نه‌بێت به‌شێكی كه‌م له‌وه‌ی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن".  

 

سه‌باره‌ت به‌مه‌رجه‌كانی بوونه‌ ئه‌ندامیش له‌تیپه‌كه‌دا ده‌ڵیت "ریزبه‌ندی پیاوان له‌تیمساحه‌كانی واستدا به‌پێی درێژی سمێڵ‌و پڕیه‌كه‌یه‌تی، چه‌نده‌ پێشكه‌شكار سمێڵێكی درێژی هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ ده‌چێته‌ پێگه‌ی سه‌ركردایه‌تی له‌تیپه‌كه‌دا".

 

وتیشی: "ده‌ركه‌وتنمان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا به‌ئامانجی ئه‌وه‌بوو زیاتر له‌گه‌نجان نزیك بینه‌وه‌ بۆ ئامۆژگاریكردن‌و رێنوێنیكردنیان، نیشانه‌ی تیمساحیش له‌و توانا جه‌سته‌یی‌و پته‌ویه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ هه‌یه‌تی".

 

ئه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت‌و ده‌ڵێت "به‌رده‌وام ئه‌ندامانی تیپه‌كه‌ له‌سمێڵدرێژه‌كان زیاد ده‌كه‌ن، پشتیش به‌و به‌خشینانه‌ ده‌به‌ستین كه‌ له‌ئه‌ندامانی تیپه‌كه‌ی كۆده‌كه‌ینه‌وه‌".

 

یه‌كێك له‌گه‌نجه‌كانیش باسی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كرد‌و دووپاتی كرده‌وه‌ "هاوڕێكانی وازیان له‌هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ده‌ره‌وه‌ هاتوو هێناوه‌ له‌نموونه‌ی جلوبه‌رگ‌و شتی دیكه‌، ئه‌ویش له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ جێی گاڵه‌پێكردنی تیپی تیمساحه‌كان".

 

ئه‌و دواتر به‌ "نیقاش"ی وت "هه‌ندێكیان ناچاربوون چه‌ند جلوبه‌رگیان بگۆڕن كه‌ نه‌خشی نامۆیان تێدابوو، سه‌رتاشینیشیان گۆڕا بۆ شێوازێكی عه‌قڵانی تر".

 

دكتۆر جه‌میل عه‌بودی مامۆستای زانستی كۆمه‌ڵناسی له‌زانكۆی واست سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی تیپی تیمساحه‌كان ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن شتێكی جیاواز پێشكه‌ش بكه‌ن له‌وه‌ی كه‌سانی دیكه‌ پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دیارده‌ له‌ده‌ره‌وه‌هاتووه‌كان بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی له‌ڕێی جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر سمێڵ كه‌ نیشانه‌یه‌ بۆ مرۆڤی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی".

 

ئه‌و به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ وتی "ئه‌وانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌رنجی خه‌ڵك‌و چین‌و توێژه‌ به‌ئامانج گیراوه‌كان رابكێشن له‌ڕێی پیشاندانی هێشتنه‌وه‌ی سمیڵه‌وه‌، به‌ڵام بێگومان په‌یوه‌ندی نییه‌ له‌نێوان پیاوه‌تی‌و سمێڵی پیاو، چونكه‌ سمێڵ هه‌رگیز خاسیه‌تێك له‌خاسیه‌ته‌كانی پیاوه‌تی نه‌بووه‌ له‌لای عه‌ره‌ب".

 

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م دیالۆگ‌و گفتوگۆیانه‌شدا كه‌ رۆژانه‌ له‌گازینۆی (عیتاب) له‌نێوان ئه‌بو سه‌گر‌و ئه‌ندامانی تیپه‌كه‌یدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كارمه‌ندی گازینۆكه‌ دڵخۆشه‌ به‌و پاره‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌ی له‌به‌رامبه‌ر خزمه‌ته‌ته‌كانیدا وه‌ریده‌گرێت.

 

ئه‌و كه‌ نیشانه‌ی رازیبوون‌و باوه‌ربوون به‌و خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامانه‌ی پێشكه‌ش به‌تیمساحه‌كانی ده‌كات، به‌روخساریه‌وه‌ دیاربوو، وتی "هه‌موو رۆژێك هه‌ر كه‌ سه‌ركرده‌ی تیمساحه‌كان ده‌گاته‌ گازینۆكه‌، خێرا ده‌ستده‌كه‌م به‌ئاماده‌كردنی ئه‌وشتانه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت به‌باشترین شێوه‌، چونكه‌ به‌رده‌وامی كاره‌كه‌م به‌نده‌ به‌بوونی ئه‌و میوانانه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌