راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بیانیه‌كان روو له‌عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌
گروپه‌ گه‌شتیارییه‌كان بێده‌نگی زۆنگاوه‌كانی میسان ده‌شكێنن

حه‌یده‌ر حسێنی‌
سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی 25 ساڵ به‌سه‌ر دوا سه‌ردانیدا بۆ هۆری حوێزه‌، به‌ڵام ساڵان نه‌یانگۆڕیوه‌‌و وه‌ك چۆن دواجار ئیما نیكڵسۆن بارونی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراوه‌ی عه‌مماری خێرخوازی به‌جێیهێشت، هه‌رواش بینیه‌وه‌.
30.03.2017  |  میسان

نیكڵسۆن ده‌ڵێت "زۆر تامه‌زرۆ بووم بۆ سه‌ردانی هۆری حوێزه‌‌و خواردنی ماسی‌و نانی خۆماڵی ناوچه‌كه‌‌و گه‌ڕان به‌ به‌له‌م له‌نێو گۆمه‌كانیدا، ئه‌مڕۆش هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ ته‌نیا جموجوڵی هه‌ندێك به‌له‌م نه‌بێت كه‌ هێمنیه‌ دوور‌ودرێژه‌كه‌یان شكاندووه‌‌و ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ پێیدا ده‌ڕۆین وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ گه‌ڕابنه‌وه‌".

 

هۆری حوێزه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرهه‌ڵاتی شاری عه‌ماری هاوسنوور له‌گه‌ڵ ئێران له‌لای خۆرهه‌ڵاته‌وه‌، به‌ گه‌وره‌ترین زۆرنگاوه‌كانی عێراق داده‌نرێت‌و گۆماوی "ئوم نه‌عاج" كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی (18 كم چوارگۆشه‌)یه‌ به‌ گه‌وره‌ترین گۆماو داده‌نرێت‌و له‌ وه‌رزی زستانیشدا دوای ئه‌وه‌ی پڕ ده‌بێت له‌ئاو، رووبه‌ره‌كه‌ی ده‌بێته‌ دوو هێنده‌.

 

زۆنگاوه‌كان به‌سروشته‌ جوانه‌كه‌یان له‌وه‌رزی زستاندا به‌ناوبانگن، چونكه‌ باڵنده‌ كۆچه‌رییه‌كان كه‌ له‌باكووری ئه‌وروپا‌و خۆرهه‌ڵاتی كیشوه‌ری ئاسیا‌و روسیاوه‌ دێن، تێیدا زاوزێ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ندیشن به‌ماسی خۆماڵی كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بژێوی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ پێكده‌هێنێت، چونكه‌ رۆژانه‌ ده‌یخۆن‌و له‌بازاڕیشدا ده‌یفرۆشن.

 

له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا 10 گروپی گه‌شتیاری هاتوونه‌ته‌ میسان بۆ بینینی زۆنگاوه‌كانی باشوور‌و خۆرهه‌ڵات پاش ئه‌وه‌ی له‌حوزه‌یرانی ساڵی 2016دا خرانه‌ ژێر پارێزگاری نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، زۆربه‌ی گروپه‌كانیش له‌خێزانه‌ عێراقیه‌كانی ناوه‌ڕاست‌و باكوور‌و هه‌ندێك نیشته‌جێی تاراوگه‌ پێكهاتبوون، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك گه‌شتیاری بیانیشیان تێدابوو كه‌ له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی  باسی سه‌ردانه‌كه‌یان ناكرێت تا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

 

نه‌سره‌ت كامیل (70 ساڵ) وتی "ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر میسانم به‌جێهێشت ئه‌و كاته‌ی لیوا بووم له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی پارێزگاكه‌، ئه‌مڕۆش زۆر په‌رۆشم بۆ سه‌ردانی زۆنگاوه‌كانی كه‌ زۆرم له‌باره‌یه‌وه‌ بیستووه‌‌و ده‌ڵێن ناوچه‌یه‌كی زۆر جوانه‌، یه‌كه‌م كاریشم خواردنی ماسی بچووك‌و نانی خۆماڵی ده‌بێت".

 

رووبه‌ره‌ ئاویه‌ به‌رفراوانه‌كان‌و هه‌مه‌جۆری زینده‌وه‌رانی زۆنگاوه‌كان، هه‌روه‌ها شێوازی سه‌ره‌تایی ژیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، وای كردووه‌ جێگای سه‌رنجی هه‌موو سه‌ردانیكه‌ران‌و میوانانی بێت له‌هه‌موو پارێزگاكانی عێراقه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌مه‌جۆریه‌كی دیكه‌شی هه‌یه‌ ئه‌ویش دیمه‌نه‌ جوانه‌كانیه‌تی كه‌ دیارترینیان ئاوی مه‌نگ‌و باڵنده‌ كێویه‌ كۆچه‌ریه‌كانه‌.

 

نه‌جوا ئیبراهیم (40 ساڵ) كه‌ ژنێكی عێراقیه‌ له‌ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو نیشته‌جێیه‌، ده‌ڵێت "په‌رۆشیم هانی دام سه‌ردانی زۆنگاوه‌كان بكه‌م، ئه‌ویش له‌به‌ر ناوبانگی باشی ناوچه‌كه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كی سروشتیه‌‌و مرۆڤ ده‌ستی له‌پێكهاتنی وه‌رنه‌داوه‌ یاخود ده‌ستكاری سروشته‌كه‌ی نه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاشنابوون به‌خه‌ڵكه‌كه‌ی، چۆن نان ده‌خۆن‌و چۆن ده‌ژین‌و جۆری جلوبه‌رگیان یاخود خواردنیان چیه‌، هه‌موو ئه‌و ورده‌كاریانه‌ رایانكێشام بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی زۆنگاوی ئوم نه‌عاج بكه‌م".

 

هه‌روه‌ها وتی "كه‌سانێك هه‌ن حه‌زیان به‌ سه‌ردانی چیاكان یاخود شاره‌ هاوچه‌رخه‌كانه‌، به‌ڵام زۆنگاوه‌كان سیحری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌وێ به‌دیمكرد جوان بوو، ته‌نیا كه‌می خزمه‌تگوزاری نه‌بێت، نه‌بوونی رێگای قیرتاوكراو‌و یاخود به‌له‌می گه‌شتیاری نه‌ك به‌له‌می راوه‌ماسی، هه‌روه‌ها نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی ته‌واوی گه‌شتیاری وه‌ك هۆتێل‌و چێشتخانه‌‌و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ رووگه‌ی گه‌شتیاران، بۆیه‌ ئومێد ده‌كه‌م له‌سه‌ردانی داهاتوودا به‌باشترین شێوه‌ بیبینیم".

 

مه‌هدی لامی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای میسان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كۆمپانیایانه‌ی گه‌شت بۆ زۆنگاوه‌كان رێكده‌خات، ده‌ڵێت "پێموایه‌ كۆمپانیاكه‌مان یه‌كه‌م كۆمپانیایه‌ هاتووه‌ته‌ قووڵایی زۆنگاوه‌كان له‌گه‌ڵ چه‌ند گروپێك له‌خێزانه‌ عێراقییه‌كان‌و هه‌ندێك له‌نیشته‌جێیانی تاراوگه‌، تا ئێستاش 10 گروپمان هه‌بووه‌ كه‌ ژماره‌ی هه‌ر گروپێك له‌نێوان 50 بۆ 150 گه‌شتیاردا بووه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "چه‌ند ئاسته‌نگێك رووبه‌رووی كاری گه‌شتیاری له‌زۆنگاوه‌كان ده‌بنه‌وه‌، دیارترینیان ره‌وشی ئه‌منیه‌، چونكه‌ هۆری حوێزه‌ به‌سنووری ئێرانه‌وه‌یه‌‌و ئه‌وه‌ش وای له‌ده‌سه‌ڵاتداران كردووه‌ هه‌ندێك ده‌روازه‌ دابخه‌ن تا رێ له‌گه‌شتیاران بگرن زۆر نه‌چنه‌ قووڵایی زۆنگاوه‌كان‌و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا بمێننه‌وه‌".

 

هه‌مان ئه‌و ره‌وشه‌ ئه‌منیه‌ هۆكاری رانه‌گه‌یاندنی سه‌ردانی كۆمه‌ڵێك گه‌شتیاری بیانی بوو له‌فه‌ره‌نسا‌و به‌ریتانیا‌و به‌لجیكا‌و هۆڵه‌نداوه‌، چونكه‌ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ پێیانوایه‌ رێگری ئه‌منی هه‌یه‌ بۆ سه‌ردانی زۆنگاوه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كانیان هۆشداری پێداون له‌گه‌شتكردن‌و چوونیان بۆ ئه‌و ناوچه‌ دووره‌ده‌ستانه‌.

 

عه‌لی كه‌ره‌م سه‌رۆكی لیژنه‌ی گه‌شتوگوزار له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای میسان ده‌ڵێت "ئێستا حكومه‌تی خۆجێیی به‌ته‌واوی له‌خواستی هاووڵاتیان بۆ بینینی زۆنگاوه‌كان تێده‌گات، به‌ڵام ئاسته‌نگێك هه‌یه‌ بریتیه‌ له‌هاوسنووری زۆنگاوه‌كانی خۆرهه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌وه‌ش وای له‌ فه‌رمانده‌یی پاسه‌وانی سنوور كردووه‌ وردبینی له‌ناوی ئه‌و كه‌سانه‌دا بكات كه‌ خوازیارن گه‌شت بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بكه‌ن".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له‌ ئێستادا پارێزگاری ته‌واو بۆ ئه‌و وه‌فده‌ بیانی‌و ناوخۆییانه‌ دابین ده‌كه‌ین كه‌ خوازیارن سه‌ردانی زۆنگاوه‌كان بكه‌ن، حكومه‌تیش ئاسانكاری گونجاو پێشكه‌ش به‌كۆمپانیا گه‌شتیاریه‌كان ده‌كات".

 

ئه‌و هۆكارانه‌ی وا له‌گه‌شتیاران ده‌كه‌ن سه‌ردانی ناوچه‌ی زۆنگاوه‌كان بكه‌ن جیاوازن، به‌ڵام خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌یان ئاره‌زووی ئاشنابوون به‌شوێنه‌كه‌‌و بینینی باڵنده‌ كێویه‌كان‌و هێمنی ئاو‌و ژیانی سه‌ره‌تایی‌و ساده‌‌و خواردنی ماسی برژاو‌و نانی خۆماڵیه‌.

 

ئه‌حمه‌د ساڵح چالاكوانی بواری ژینگه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆنگاوه‌كانی میسان ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌هه‌موو شتێك‌و ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ ده‌گمه‌نیش بن به‌سروشته‌كه‌یان، به‌ڵام كه‌موكوڕیان له‌بایه‌خپێدانی حكومه‌ت‌و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری گونجاو بۆ گه‌شتیاراندا هه‌یه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت "پێویسته‌ ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ گه‌شتوگوزار دابین بكرێت كه‌ دیارترین خاڵیش راهێنانی كۆمه‌ڵێك گه‌نجه‌ وه‌ك چاوساغی گه‌شتیاری له‌و ناوچه‌یه‌‌و دروستكردنی هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی گه‌شتیاری وه‌كو وێستگه‌ی چاوه‌ڕوانی یاخود پشوودان‌و دابینكردنی به‌له‌می گه‌شتیاری تایبه‌ت به‌و ناوچانه‌ بۆ یارمه‌تیدانی گه‌شتیاران له‌بینینی ناوچه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باشتر".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌