راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پرۆژه‌یه‌كی ده‌گمه‌ن
بۆ یه‌كه‌مجار گازینۆیه‌ك له‌ناسریه‌ رێگه‌ به‌سه‌ردانی ژنان ده‌دات

ئه‌حمه‌د سامر
سابرین به‌هاوبه‌شی ئه‌حمه‌د خه‌تیبی هاوكاری توانی یه‌كه‌م گازینۆی خێزانی له‌شاری ناسریه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای زیقار بكاته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا گازینۆیه‌ له‌شاره‌كه‌دا رێگه‌ به‌ژنان ده‌دات سه‌ردانی بكه‌ن.
30.03.2017  |  زیقار
دیواری خۆزگەکان
دیواری خۆزگەکان

هۆڵێكی خۆش‌و فراوان له‌نهۆمی سه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر رووباری فوراتدا ده‌ڕوانێت ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ شوێنێكی نموونه‌یی بۆ سه‌ردانیكه‌رانی گازینۆی "مه‌زاج" كه‌ به‌راخه‌ره‌ جوان‌و داهێنانه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی‌و گۆشه‌ رێكخراوه‌كانی له‌وانه‌ گۆشه‌ی كتێب‌و سه‌كۆی ماره‌بڕین‌و هۆڵی بۆنه‌ خێزانیه‌كان، كه‌شێكی كۆمه‌ڵایه‌تی رۆشنبیری وای دروستكردووه‌ كه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ میوانانی زیاد ده‌كه‌ن.

 

هه‌ر كه‌ ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌ بۆ هۆڵی ئه‌و گازینۆ خێزانیه‌ی پێشوازی له‌ژن‌و مێرد‌و زگوردیه‌كان له‌هه‌ردوو ره‌گه‌ز ده‌كات، هه‌ست به‌كه‌شخه‌ییه‌كی دیار‌و ئارامیه‌ك ده‌كه‌یت هه‌موو شوێنه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ موزیكێكی ئارام جۆرێك له‌گه‌رموگوڕی به‌هه‌موو لایه‌كدا په‌خش ده‌كات له‌گه‌ڵ كوپی قاوه‌‌و چای عێراقی‌و نێرگه‌له‌ بۆنداره‌كان، گفتوگۆی میوانه‌كان زیاتر له‌چپه‌ ده‌چێت‌و هه‌نگاوی كچه‌ كارمه‌نده‌كانی گازینۆكه‌ش ده‌نگه‌ده‌نگ دروست ناكات.

 

سابرین عه‌لوان (25 ساڵ) كه‌ فه‌رمانبه‌ری ته‌ندروستی زیقاره‌ ده‌ڵێت "باوه‌ڕم به‌وه‌ نه‌هێنا كه‌ جیهانی كاركردن ته‌نیا قۆرغ بێت بۆ پیاوان‌و گازینۆكان كه‌ شوێنی پشوودان‌و ئارامین له‌ژنان قه‌ده‌غه‌ بن، ئه‌وه‌ش وای لێكردم بپرسم، ئه‌گه‌ر بمه‌وێت خزمه‌تێكی به‌رچاو پێشكه‌شی ژنانی شاره‌كه‌م بكه‌م، چۆن بتوانم پرۆژه‌یه‌ك كه‌ پێویستیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رۆشنبیری دابین بكات‌و له‌هه‌مان كاتیشدا تاڕاده‌یه‌كی ماقوڵ قازانج بكات، پێكه‌وه‌ كۆبكمه‌وه‌، لێره‌وه‌ بیرۆكه‌ی پرۆژه‌ی گازینۆی مه‌زاج له‌دایكبوو".

 

ئه‌و له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت "سه‌ره‌تا به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ناهانده‌ری شاره‌كه‌وه‌ دوودڵ بووم، به‌ڵام هه‌ر زوو تێگه‌یشتن‌و پشتیوانیه‌كم له‌خێزانه‌كه‌مه‌وه‌ به‌دیكرد، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن باوكمه‌وه‌ كه‌ زۆر هانی دام به‌پێچه‌وانه‌ی دایكمه‌وه‌ كه‌ هه‌ر تێبینی هه‌بوو، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌پشتیوانی هاوڕێیانم، من ته‌واو له‌سڵكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌س له‌پرۆژه‌كه‌ تێده‌گه‌م، چونكه‌ شاره‌كه‌ به‌درێژایی مێژووی هه‌نگاوێكی هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ی به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌".

 

سابرین كه‌ پشتیوانی‌و پاڵپشتی پێویستی له‌ئه‌حمه‌د خه‌تیب هاوبه‌شی پڕ ئومێدیه‌وه‌ به‌دیكردووه‌، ئه‌مڕۆ به‌جددی بیر له‌په‌ره‌پێدانی پرۆژه‌ی گازینۆكه‌ ده‌كاته‌وه‌ تا زیاتر بیكاته‌ یانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌ندامێتی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دابین بكات كه‌ ده‌خوازن سوود له‌خزمه‌تگوزاریه‌كانی دیكه‌ی وه‌ربگرن، بۆیه‌ ئێستا له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌ دایه‌ هۆڵێكی نمایشی سینه‌مایی بكاته‌وه‌ بخرێته‌ سه‌ر گازینۆ سه‌ره‌كیه‌كه‌‌و فیلمی جیهانی گونجاو له‌گه‌ڵ حه‌زی خێزاندا پیشان بدات‌و مانگانه‌ دوو نمایشی هه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر كرێیه‌كی ره‌مزیدا، هه‌روه‌ك هۆڵی گازینۆكه‌ش بۆ به‌ستی ئه‌و كۆڕ‌و وۆركشۆپانه‌ به‌كارده‌هێنێت كه‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی رێكیان ده‌خه‌ن.

 

گازینۆكه‌ كتێبخانه‌یه‌كی تێدایه‌ كۆمه‌ڵێك كتێبی ئه‌ده‌بی‌و فیكری له‌خۆده‌گرێت‌و به‌خۆڕایی خراونه‌ته‌ به‌رده‌ستی میوانان‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی رۆشنبیریشی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ ناوی "یانه‌ی خوێندنه‌وه‌"ی لێ نراوه‌‌و تێیدا یه‌كێك له‌میوانه‌كان كتێبێكی دیاریكراو هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ خوێندنه‌وه‌‌و پاشان گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ناوه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له‌میوانه‌كان له‌دوای تێپه‌ڕبوونی دوو هه‌فته‌.

 

ئه‌حمه‌د خه‌تیب ده‌ڵێت "ئه‌و بیرۆكه‌یه‌م به‌دڵبوو كه‌ میوانانی گازینۆكه‌ كاتێكی خۆش‌و له‌هه‌مان كاتیشدا به‌سوود به‌سه‌ر به‌رن، بۆیه‌ كتێبخانه‌ تایبه‌تیه‌كه‌م به‌خشیه‌ گازینۆكه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌به‌خشینی كۆمه‌ڵێك كتێب له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌هاوڕێیانه‌وه‌".

 

ئه‌ندامانی یانه‌ی كتێب له‌یه‌كه‌م گه‌شتیاندا رۆمانی "عه‌زازیل"ی یوسف زێدانی نووسه‌ریان هه‌ڵبژارد‌و گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا، پاشان دوای ئه‌و "داستانی گلگامێش" هه‌ڵبژێردرا، هه‌روه‌ها چه‌ند پێشنیارێكی حوێندنه‌وه‌ی دیكه‌ش هه‌ن له‌وانه‌ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ندێك له‌ئه‌دیبانی زیقار.

 

گازینۆكه‌ ناونووسینی پێشوه‌ختی بۆ میوانانی دابین كردووه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ژنانن بۆ بۆنه‌كانی هاوسه‌رگیری‌و ماره‌كردن‌و جه‌ژنی له‌دایكبوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵ‌و رۆژی خۆشه‌ویستیه‌وه‌. له‌م رووه‌شه‌وه‌ گازینۆكه‌ له‌مانگی شوباتی رابردوودا ئاهه‌نگێكی تایبه‌تی رێكخست كه‌ ده‌یان خێزان ئاماده‌ی بوون تا ئه‌و راده‌یه‌ی ئیداره‌ی گازینۆكه‌ داوای لێبوردنی كرد كه‌ ناتوانێت پێشوازی له‌میوانی دیكه‌ بكات.

 

سابرینی خاوه‌نی گازینۆكه‌ش كه‌ چه‌ند كارێكی شانۆیی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ تیپی شانۆی "مه‌قهورین" به‌شداری له‌نواندنێكی شانۆییدا كرد به‌ناوی "ڤالانتاین" كه‌ به‌بۆنه‌ی رۆژی خۆشه‌ویستیه‌وه‌ له‌گازینۆكه‌دا نمایش كرا.

 

سابرین دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی له‌سه‌دا 80ی ئه‌و ژنانه‌ی سه‌ردانی گازینۆكه‌ ده‌كه‌ن به‌كێشانی نێرگه‌له‌‌و چاخواردنه‌وه‌ كاتێكی خۆش به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌كاتێكدا پیاوان خواردنه‌وه‌ی قاوه‌ به‌هه‌موو جۆره‌كانی‌و كێشانی جگه‌ره‌یان پێ خۆشتره‌، هه‌روه‌ها گازینۆكه‌ دیواری خۆزگه‌كانیشی تێدایه‌ كه‌ بیرۆكه‌كه‌ی له‌كاتی ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا‌و میوان خۆزگه‌یه‌كی تایبه‌تی ده‌نووسێت‌و به‌دیواره‌كه‌وه‌ هه‌ڵیده‌واسێت‌و پاش به‌دیهێنانی هه‌ڵده‌گیرێت.

 

به‌پێی قسه‌ی هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ئیداره‌ی گازینۆكه‌ زۆرینه‌ی میوانه‌كان به‌گشتی له‌فه‌رمانبه‌رانن‌و له‌ته‌مه‌نی جیاوازن، هه‌روه‌ها گه‌نجانیش له‌هه‌ردوو ره‌گه‌ز به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو سه‌ردانی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن كه‌ ده‌چن بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی ئارام دوور له‌كه‌شی ماڵ‌و رۆتینی ژیانی رۆژانه‌.

 

حه‌یده‌ر عه‌بودی فه‌رمانبه‌رێكه‌ له‌ده‌یه‌ی چواره‌می ته‌مه‌نیدایه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌ فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی هه‌موو كۆتایی هه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌وه‌ی له‌وه‌ دڵنیا ده‌بێته‌وه‌ كه‌ منداڵه‌كانی له‌لای كه‌سوكاری ماونه‌ته‌وه‌، ده‌چێته‌ گازینۆكه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "له‌كۆتایی هه‌موو هه‌فته‌یه‌كدا به‌نزیكه‌یی وا راهاتووین بچینه‌ شوێنێكی كات به‌سه‌ربردن، به‌ڵام خۆمان له‌گازینۆی مه‌زاجدا بینیوه‌ته‌وه‌، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌ر ده‌گمه‌نی شوێنی هاوشێوه‌ی، به‌ڵكو به‌هۆی ئارامی شوێنه‌كه‌‌و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی میوانه‌كانی هه‌یانه‌‌و به‌ته‌واوی دووره‌ له‌هه‌راسان كردن".

 

عه‌بودی رێگری له‌وه‌ش ناكات كه‌ كاتێك خۆی سه‌رقاڵ ده‌بێت، هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌میانی سه‌ردانی گازینۆكه‌دا كاتێكی هێمن له‌گه‌ڵ ژنه‌ هاوكاره‌كانیدا به‌سه‌ر ببات، هاوكات هاوسه‌ری عه‌بودی ده‌ڵێت "خۆشحاڵم شوێنی تایبه‌ت به‌خێزان له‌ناسریه‌ هه‌یه‌ كه‌ شارێكه‌ ناوه‌نده‌ی كاتبه‌سه‌ربردنی گونجاوی كه‌مه‌".

 

عه‌لی یاسری كه‌ یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌وانه‌ی سه‌ردانی گازینۆی مه‌زاج ده‌كه‌ن، ده‌ڵێت "هاوسه‌ره‌كه‌م باسی ئه‌م شوێنه‌ی بۆ كردم كه‌ له‌ڕێی په‌یجه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ فه‌یسبووك ئاشنای بووه‌‌و ئیتر راهاتین بۆ چه‌ندینجار سه‌ردانی بكه‌ین، چونكه‌ تێیدا هه‌ست به‌ جۆرێك له‌ئازادی‌و دڵنیایی ده‌كه‌ین".

 

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ هه‌ندێك توندڕه‌و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌‌و نایانه‌وێت ژنان له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی گشتیدا ئاماده‌ییان هه‌بێت یاخود رۆڵیان یه‌كسان بێت به‌رۆڵی پیاوان.

 

هه‌رچه‌نده‌ گازینۆكه‌ ره‌چاوی تایبه‌تمه‌ندی میوانه‌كانی ده‌كات، به‌ڵام هه‌وڵیش ده‌دات خۆی له‌هه‌ر زیاده‌ڕه‌ویه‌ك لابدات كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ رووبدات، چ له‌ رێی دیزاینی هۆڵه‌ كراوه‌كه‌یه‌وه‌ بێت یاخود به‌دانانی سیستمی كامێرای چاودێری‌و تائێستاش له‌گازینۆكه‌دا كه‌ به‌رپرسیارێتی پاراستنی له‌ ئه‌ستۆی هێزه‌كانی ئاسایشی گه‌شتوگوزاردایه‌، هیچ رووداوێك رووی نه‌داوه‌.

 

سابرین دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ شاری ناسریه‌ بووته‌ قوربانی هه‌لومه‌رجێكی نه‌خوازراو كه‌ شێوازێكی توندڕه‌وانه‌ی سه‌پاندووه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بوونی نه‌بووه‌ كاتێك ژنان به‌یاوه‌ری خێزانه‌كانیان ده‌چوونه‌ هۆڵه‌كانی سینه‌ما‌و شانۆ.

 

عه‌لیا عه‌بد كازم ژنه‌ چالاكوان‌و به‌رپرسی سه‌نته‌ری "ته‌مكین" بۆ به‌شداری‌و یه‌كسانی ده‌ڵێت "هه‌نگاوی ئه‌م گازینۆیه‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنیه‌‌و گیانی باوه‌ڕبه‌خۆبوون له‌لای ژنان به‌هێز ده‌كات‌و ئاسۆیه‌كیش بۆ به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان تاكه‌كاندا ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان پشتیوانی ئه‌م پرۆژه‌ بچووكانه‌ بكه‌ن هه‌روه‌ك پێویسته‌ لایه‌نه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی پارێزگاكه‌ش له‌لایه‌نی ئه‌رێنی ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌ تێبگه‌ن كه‌ هه‌وڵ ده‌دات ژیان بۆ واقیعی عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه‌".

 

به‌ڵام عه‌بدولڕه‌زاق عه‌لی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی پێیوایه‌ واقیعی په‌راوێزخستن‌و بێبه‌شكردن‌و جیاكاری به‌رامبه‌ر ژنان كه‌ پشكی گه‌وره‌یان له‌م ده‌رهاویشتانه‌دا هه‌یه‌، ده‌كرێت به‌م به‌ربه‌ستانه‌ به‌ری پێبگیرێت كه‌ ده‌ستپێشخه‌ری تاكه‌كه‌سین‌و ده‌كرێت په‌ره‌یان پێ بدرێت‌و ببنه‌ دیارده‌یه‌كی شارستانی فراوانتر.

 

ئه‌و ده‌ڵێت "له‌عێراقێكی پڕ له‌به‌ربه‌ستدا كه‌ دروشمی مافی مرۆڤ‌و دیموكراسی‌و ئازادیه‌كانی به‌رزكردۆته‌وه‌، ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ به‌رهه‌می گرنگیان ده‌بێت له‌ئێستا‌و ئاینده‌شدا ئه‌گه‌ر هه‌ڵسوڕێنه‌رانیان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بڕۆن بیكه‌نه‌ زیاتر له‌گازینۆیه‌ك، بۆیه‌ ده‌كرێت ببنه‌ ناوه‌ندێكی رۆشنبیری چالاكی رۆشنبیری‌و هونه‌ری رێكبخه‌ن كه‌ سوودی ده‌بێت بۆ پشتیوانیكردنی ژیانی شارستانی له‌یه‌كێك له‌ دێرینترین شاره‌كانی عێراق له‌بواری به‌رهه‌مهێنانی ده‌سته‌بژێر‌و كه‌سایه‌تیه‌ رۆشنبیری‌و فیكریه‌كاندا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌