راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خوێن قه‌رزداره‌
عه‌شیره‌ته‌كانی‌ به‌سره‌ شوێنی‌ دادگاو پۆلیس ده‌گرنه‌وه‌

سه‌لیم وه‌ززان
دیارده‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی عه‌شایری له‌پارێزگای به‌سره‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌‌و له‌ڕێی نووسین له‌سه‌ر ده‌رگا‌و دیواری ماڵ‌و دوكانه‌كان هۆشداری تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌كی توند ده‌درێته‌ خاوه‌نه‌كانیان.
22.03.2017  |  به‌سره‌
نوسراوی سەر دیوارێک لەبەسرە
نوسراوی سەر دیوارێک لەبەسرە

نازم شممه‌ری به‌یانی له‌خه‌و هه‌ستا‌و وه‌ك هه‌موو رۆژێك به‌ره‌و كاره‌كه‌ی به‌ڕێكه‌وت، به‌ڵام بینی ده‌سته‌واژه‌ی (خوێن قه‌رزداره‌) به‌بۆیه‌یه‌ك له‌سه‌ر دوكانه‌كه‌ی نووسراوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ یه‌كێك له‌بازاڕه‌كانی قه‌زای زوبێر، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه‌ داواكراوه‌ بۆ كۆشتن، ئه‌وه‌ش خستیه‌ حاڵه‌تێك له‌ترس‌و شڵه‌ژانه‌وه‌‌و وایلێكرد له‌ماڵه‌وه‌ نه‌یه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

شممه‌ری ده‌ڵێت "به‌ر له‌وه‌ی به‌ره‌و بنكه‌ی پۆلیس به‌ڕێ بكه‌وم، به‌په‌له‌ په‌یوه‌ندیم به‌ئامۆزا‌و خزمانمه‌وه‌ كرد‌و مه‌سه‌له‌كه‌م پێ راگه‌یاندن، ئه‌وانیش داوایان لێكردم له‌شوێنی خۆم بمێنمه‌وه‌‌و سكاڵا پێشكه‌ش نه‌كه‌م، پاشان له‌ڕێی شێخی عه‌شیره‌ته‌كه‌وه‌ زانیم كه‌ كێشه‌یه‌كی عه‌شایری له‌نێوان ئامۆزاكانم له‌عه‌شیره‌ته‌كه‌مان‌و چه‌ند كه‌سێك له‌یه‌كێك له‌عه‌شیره‌ته‌كانی تر دروست بووه‌".

 

شممه‌ری له‌ته‌مه‌نی چل ساڵیدایه‌‌و فه‌رمانبه‌ره‌ له‌یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌كانی شارۆچكه‌كه‌، هاوكات له‌كاتی ده‌ستبه‌تاڵیدا دوكانێكی بچووكی وشه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات كه‌ یارمه‌تی ده‌دات بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانه‌كه‌ی، بۆیه‌ ناچار بوو دوكانه‌كه‌ی دابخات‌و داوای مۆڵه‌تی مانگێك له‌فه‌رمانگه‌كه‌ی بكات‌و خێزانه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌ بۆ شوێنێكی سه‌لامه‌ت تا ئه‌و كاته‌ی كێشه‌ عه‌شایریه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش خه‌رجیه‌كی زۆر له‌سه‌ری كه‌وت‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستی خۆی‌و بارودۆخی خێزانه‌كه‌شی هه‌بوو.

 

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كه‌ی بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌‌و وتی "دواتر تێگه‌یشتم كه‌ هۆكاری ئه‌و كێشه‌ چه‌كداریه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك له‌عه‌شیره‌ته‌كه‌مان هه‌ندێك قه‌رزی له‌ئه‌ستۆدا بووه‌‌و نه‌یداوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام من ئه‌و كه‌سه‌ ناناسم‌و نه‌مبینیوه‌، به‌و پێیه‌ش خۆم به‌ تێوه‌گلاو له‌كێشه‌یه‌كدا بینیه‌وه‌ كه‌ لایه‌ن نیم تێیدا".

 

بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی سووك‌و مامناوه‌ند‌و هه‌ندێك جاریش قورس له‌ده‌ستی كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك له‌عه‌شایره‌كان‌و خه‌ڵكی لادێكان‌و ناو شاریش وایكردووه‌ ناكۆكییه‌ تایبه‌ته‌كانیان به‌بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی‌و یاسایی حكومه‌ت چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

 

عه‌لی مه‌زحه‌جی هه‌ڵسوڕاوی بواری مافی مرۆڤ ئه‌وه‌ به‌ "بێسه‌روبه‌ره‌ییه‌ك كه‌ چه‌ند كه‌س‌و هێزێكی ده‌ستڕۆیشتوو پشتیوانی ده‌كه‌ن" وه‌سف ده‌كات‌و ده‌ڵێت زۆربه‌ی به‌رپرسان له‌وه‌زیر‌و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پێیان وایه‌ هێز‌و پشتیوانیان له‌عه‌شیره‌ته‌كانیان وه‌رده‌گرن كه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی پاره‌‌و چه‌ك‌و خه‌ریكن له‌بری یاسا‌و لایه‌نه‌ حكومیه‌كان رۆڵی گه‌وره‌ له‌كۆنترۆڵی كاروباره‌كان ده‌گێڕن.

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر به‌رپرسێكی عێراقی له‌ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان یاخود جێبه‌جێكردن ئه‌مه‌ بكات كه‌واته‌ چۆن داوا له‌ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین جڵه‌وی عه‌شایره‌كان بكات‌و رێگه‌یان نه‌دات ده‌ستدرێژی بكه‌نه‌ سه‌ر هاووڵاتیان‌و فه‌رمانگه‌‌و موڵك‌و ماڵه‌كان".

 

هه‌ڕه‌شه‌ عه‌شایریه‌كان جیاوازی له‌نێوان كه‌سێك‌و كه‌سێكی تردا ناكه‌ن، چونكه‌ ده‌سته‌بژێری ئه‌كادیمی‌و پزیشكان‌و كارمه‌ندانی په‌روه‌رده‌شیان گرتۆته‌وه‌‌و ته‌نانه‌ت په‌رستگاكانیشیان لێ به‌ده‌ر نه‌كردووه‌.

 

بۆ نموونه‌ رۆژێك گرووپێكی چه‌كدار هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌ست به‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كانی ده‌وروبه‌ری مزگه‌وتی موزه‌فه‌ردا بگرن له‌ناوچه‌ی جوبه‌یله‌ به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی له‌ڕووی بازرگانیه‌وه‌ به‌وپێیه‌ی ناوچه‌یه‌كی نایابه‌‌و نزیكه‌ له‌بازاڕه‌وه‌.

 

ئه‌بو فه‌لاح مجێوری مزگه‌وته‌كه‌ ده‌ڵێت "رێگه‌م نه‌دا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌ی سه‌ر به‌مزگه‌وته‌كه‌دا بگرن‌و كێشه‌كه‌ په‌ره‌ی سه‌ند بۆ ده‌مه‌قاڵێ‌و بۆ رۆژی دواتر بینیم ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز له‌سه‌ر دیواری مزگه‌وته‌كه‌ نووسراوه‌، سڵیشیان له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ كه‌ شوێنه‌كه‌ جێگای خوا په‌رستیه‌‌و ره‌نگه‌ هه‌ندێكیان پێشتر هاتبن نوێژیشی تێدا بكه‌ن".

 

ئه‌و وتیشی "روومكرده‌ پارێزگا‌و لایه‌نه‌ حكومی‌و ئه‌منیه‌كان بۆ سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌‌و دابینكردنی پارێزگاری بۆ شوێنه‌كه‌، به‌ڵام بێ سوود بوو، ئه‌وه‌ش ناچاری كردم په‌نا بۆ سه‌رایا سه‌لامی سه‌ر به‌ره‌وتی سه‌در ببه‌م‌و داوای پارێزگاریان لێ بكه‌م".

 

په‌نابردنی خه‌ڵك بۆ حزبه‌كان‌و باڵه‌ چه‌كداره‌كانیان بۆ داوای پارێزگاری، ئه‌و پاشه‌كشه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌رده‌خات كه‌ له‌رۆڵی ده‌زگا راسپێردراوه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا هه‌یه‌ ئه‌و یاسایه‌ی چه‌ندین مادده‌ی رێگری تێدایه‌، به‌ڵام به‌كه‌می جێبه‌جێ ده‌كرێن.

 

به‌پێی قسه‌ی پارێزه‌ر سه‌ڵاح كازم مه‌توری یاسادانه‌رانی عێراقیش له‌وباره‌یه‌وه‌ی ده‌قی سزایی توندیان داناوه‌، به‌پێی مادده‌ی (432) له‌ یاسای سزادان سزا بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی زاره‌كی دانراوه‌‌و ماوه‌ی زیندانیكردن تێیدا ده‌گاته‌ ساڵێك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كه‌ به‌پاڵنه‌ری كوشتن بوو، ئه‌وا یاسا به‌پێی مادده‌ی (430) سزای بۆ داناوه‌ به‌وپێیه‌ی تاوانێكه‌‌و هه‌وڵدانه‌ بۆ كوشتن، سزاكه‌شی ده‌گاته‌ حه‌وت ساڵ زیندانیكردن.

 

مه‌توری به‌ "نیقاش"ی وت "یاسا مافی ئه‌وه‌ ده‌داته‌ قوربانیه‌كه‌ كه‌ له‌ڕێی دادگا مه‌ده‌نیه‌كانه‌وه‌ داوای قه‌ره‌بوویه‌كی ماددی بكات ئه‌گه‌ر له‌ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌دا زیانی به‌ر بكه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌ به‌رامبه‌ر ئۆتۆمبیله‌كه‌ی یاخود دوكانه‌كه‌ی كرابێت، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌ڵك خۆیان له‌دامه‌زراوه‌ دادوه‌ریه‌كان به‌دوور ده‌گرن له‌ترسی تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌تر".

 

هاوكات هه‌ندێك له‌وانه‌ی په‌نا بۆ نه‌ریتی عه‌شایری‌و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌به‌ن پاساوی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌یان به‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ حكومی‌و ئه‌منیه‌كان توانای گێڕانه‌وه‌ی مافه‌كانیان نییه‌.

 

چه‌ند كه‌سێك له‌عه‌شیره‌تی به‌نی ته‌میم ده‌ڵێن ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌كه‌ سه‌یرانگای خۆره‌یان بۆ چه‌ند رۆژێك داخستووه‌ كه‌ مۆڵێكی بازرگانی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ی دروستده‌كرێت‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت گه‌وره‌ترین مۆڵی ناوچه‌كه‌ بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنێك شایسته‌ داراییه‌كانی پێ نه‌دابوون.

 

یه‌كێك له‌و داواكارانه‌ كه‌ حه‌زی نه‌كرد ناوی بهێنرێت وتی "ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌و كاره‌مان نه‌گونجاوه‌، به‌ڵام ماوه‌ی حه‌وت ساڵه‌ یه‌ك فلسمان له‌ئیداره‌ی سه‌یرانگاكه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ شوێنه‌كه‌ی لێ به‌كرێ گرتووین، به‌م رێگایه‌ نه‌بێت ناتوانین مافه‌كانمان به‌ده‌ستبهێنن، به‌تایبه‌تی له‌به‌ڵێنده‌ران".

 

سه‌لام شه‌ریفی توێژه‌ری كاروباری عه‌شایری پێی وایه‌ كشاندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش بووه‌ته‌ مایه‌ی نه‌مانی هێزێكی ته‌واو بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ كه‌ فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت‌و كارمه‌ندانی بپارێزێت.

 

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "ئێستا پزیشك هه‌یه‌ دوودڵه‌ له‌ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كه‌سێك له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا شكست بهێنێت‌و پاشان دووچاری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی عه‌شایری ببێته‌وه‌، چونكه‌ ئۆتۆمبیلی ژماره‌یه‌ك پزیشك سوتێندراون‌و ناچار كراوان بڕی 50 ملیۆن دینار بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بده‌ن، زۆرجاریش پزیشكان بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن له‌ترسی ناوبانگی پیشه‌ییان، هه‌روه‌ك مامۆستاش ناتوانێت خوێندكاری ته‌مبه‌ڵ له‌قوتابخانه‌ ده‌رنه‌چێنێت تا خۆی له‌توڕه‌یی كه‌سوكاره‌كه‌ی به‌دوور بگرێت كه‌ ره‌نگه‌ به‌تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی عه‌شایری كۆتایی بێت".

 

له‌م رووه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌قوتابخانه‌یه‌ك له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا داخراون وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ناوه‌ندی "ئیبن روشد" له‌ناوچه‌ی كۆماری له‌به‌سره‌ روویدا كاتێك باوكی یه‌كێك له‌خوێندكاره‌كان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی له‌قوتابخانه‌كه‌ راگه‌یاند له‌ڕێی نووسین له‌سه‌ر دیواره‌كانی‌و لێدانی به‌ڕێوه‌به‌ركه‌ی‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌كارمه‌ندانی قوتابخانه‌كه‌ به‌هۆی كه‌وتنی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌.

 

جه‌واد مه‌ریوش نه‌قیبی مامۆستایانی به‌سره‌ ده‌ڵێت "چه‌ند قوتابخانه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌‌و داخستن بوونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌  باخچه‌ی‌ ساوایانیش".

 

مه‌ریوش وتیشی "زۆرجار هۆكاره‌كه‌ كه‌وتنی خوێندكاره‌كان یاخود دواكه‌وتنی ئیداره‌ی قوتابخانه‌كانه‌ له‌پێدانی كرێی ئه‌و بینایانه‌ی وه‌ك قوتابخانه‌ به‌كاریان ده‌هێنن، كێشه‌كه‌ش ته‌نیا به‌ره‌زامه‌ندی هه‌ردوولا كۆتایی دێت به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌ت یاخود به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ بۆ پاراستنی كارمه‌نده‌كانی".

 

هه‌ندێك له‌شێخانی عه‌شیره‌ته‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان‌و عه‌شیره‌ته‌كانیان به‌دوور بگرن له‌دروستبوونی ئه‌و كێشه‌یه‌، بۆ نموونه‌ شێخ عه‌بدوڵڵا خه‌فاجی ئه‌وه‌ی روو ده‌دات به‌"تیرۆری عورفی" وه‌سف ده‌كات بۆ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنی كۆمه‌ڵگه‌‌و تۆقاندنی كه‌سانی بێ چه‌ك‌و راگواستنیان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت "هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وتی تاوانكاری هه‌ن نه‌ریتی عه‌شایری ره‌تیان ده‌كاته‌وه‌‌و له‌ دوای ساڵی 2003شه‌وه‌ به‌هۆی لاوازی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ زیاتر بوون، هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵێنی زۆر له‌لایه‌ن عه‌شایره‌كانه‌وه‌ ده‌درێت سه‌باره‌ت به‌دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پێوه‌ی پابه‌ند بن".

 

حكومه‌تی خۆجێیی به‌سره‌ له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ دیارده‌كه‌ كه‌ خودی عه‌شایره‌كان له‌سه‌ری رێكبكه‌ون، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ شێخ عه‌باس فه‌زڵی راوێژكاری عه‌شایری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ ته‌ئكیدی له‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سه‌رپێچیكاران كرده‌وه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌سره‌.

 

ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌ بۆ سه‌رژمێریكردنی كێشه‌كان‌و زۆربه‌ی عه‌شایره‌كان له‌باكووری به‌سره‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان‌و له‌چه‌ند رۆژی داهاتووشدا ئه‌نجامی گه‌وره‌ی ده‌بێت، چونكه‌ پێكهاتن باشترینی حوكمه‌كانه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌