راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌ر ده‌رگای‌ سلێمانی
به‌كارهێنه‌رانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆ دوو ئه‌وه‌نده‌ زیادیان كردووه‌

دیاری خالید
رۆژ به‌رۆژ مقۆمقۆی‌ ناو خه‌ڵكی‌ سه‌باره‌ت به‌زۆربوونی‌ ژماره‌ی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان زیاد ده‌كات، ئێستا ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانیش هه‌ڵكشانی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ پشت راست ده‌كه‌نه‌وه‌.
9.03.2017  |  سلێمانی‌
کێڵگەیەکی حەشیش ( :وێنه الموسوعة الحرة)
کێڵگەیەکی حەشیش ( :وێنه الموسوعة الحرة)

تا ئه‌و كاته‌ی‌ ئاسایشی‌ سلێمانی‌ ژماره‌ی‌ ده‌ستگیركراوانی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی‌ ئاشكرا نه‌كردبوو، قسه‌كردن له‌سه‌ر زیادبوونی‌ به‌كارهێنه‌رانیان بێ‌ به‌ڵگه‌ بوو، به‌ڵام به‌ڵگه‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئاسایش خرایه‌ روو.

 

سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ رابردوو عه‌مید جه‌لال ئه‌مین به‌گ، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌هێشتنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی  ئاسایشی سلێمانی، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا  راگه‌یاند، به‌كارهێنانی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان له‌شاره‌كه‌ له‌ 100% زیادی كردوه‌، به‌وپێیه‌ی له‌ 2016 دا  310 كه‌س به‌تۆمه‌تی به‌كارهێنان‌و بازرگانیكردن به‌ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگیركراون،‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ساڵی 2015 ‌نزیكه‌ی 150 كه‌س به‌تۆمه‌تی به‌كارهێنانی ئه‌و مادانه‌ ده‌ستگیركرابوون. له‌دوو مانگی‌ رابردووشدا جموجۆڵه‌كانی‌ ئاسایش هه‌ڵكشانی‌ زیاتری‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ پشت راست ده‌كاته‌وه‌.

 

به‌وته‌ی عه‌مید جه‌لال له‌و رێژه‌ی  كه‌ له‌ ساڵی 2016 ده‌ستگیركراون،  تاكاتی به‌ستنی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ی  61 كه‌سیان حوكمی ته‌واوه‌تیان وه‌رگرتوه‌، له‌باره‌ی سزای سزادراون، هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ 1 بۆ 15 ساڵ سزای زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌و له‌و ده‌ستگیركراوانه‌ش 38 كه‌سیان ره‌وانه‌ی دادگا كراون بۆ مه‌به‌ستی سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ریاندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 33 له‌و كه‌سانه‌، تاوانه‌كانیان به‌سه‌ردا ساغ نه‌بوه‌ته‌وه‌و ئازادكراون.

 

جه‌لال ئه‌مین به‌گ، جگه‌ له‌زیادكردنی رێژه‌ی به‌كارهێنان‌و بازرگانی به‌مادده‌هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌، مه‌ترسی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو،  له‌ ساڵی 2016  جیاواز له‌ساڵانی دیكه‌ ژنانیش خزاونه‌ته‌ ناو كاره‌كه‌وه‌و ئاشكرای ده‌كات له‌و ژماره‌یه‌ی ده‌ستگیركراون، 10 كه‌سیان ژنن.

 

عه‌مید جه‌لال وێڕای ئه‌وه‌ی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌كارهێنانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان نه‌بوه‌ته‌ دیارده‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێژه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ له‌زیادبوندا بێت ئه‌وا به‌كارهێنانه‌كه‌ له‌ له‌حاڵه‌ته‌وه‌‌ ده‌بێته‌ دیارده‌.

 

له‌باره‌ی هۆی زۆربونی به‌كارهێنه‌رانی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان‌و فراوانبونی بازرگانیكردن پێوه‌ی جه‌لال ئه‌مین به‌گ  زیادبونی رێژه‌كه‌ی‌ بۆ ئاڵۆزبونی بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری ناوچه‌كه‌ و كوردستان گه‌ڕانده‌وه‌.

 

ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ به‌رپرسه‌كه‌ی‌ ئاسایشی‌ ئاماژه‌ی‌ پێكرد به‌لای‌ شاره‌زایانی‌ بواره‌كه‌وه‌ سه‌لمێنراون‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن خراپی‌ دۆخی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و بێكاری‌، له‌و هۆكارانه‌ن كه‌ گه‌نجان به‌ره‌و خه‌مۆكی‌ ده‌به‌ن‌و به‌شێكیان تووشی‌ تێوه‌گلان ده‌بن له‌به‌كارهێنان یان بازرگانیكردنی‌ به‌ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

 

یادگار حاجی توێژه‌ری ده‌روونی  له‌زیندانی چاكسازیی  گه‌ورانی سلێمانی، ئه‌و زیندانیه‌ی‌ سزادراوانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان‌و تاوانبارانی‌ تری‌ تیا ده‌ستگیر ده‌كرێن،  ئاشكرای ده‌كات، نزیكی سنوره‌كانی ئێران‌و گواستنه‌وه‌یان بۆ ناوخاكی هه‌رێم هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ كه‌ به‌رده‌وام ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و مادانه‌ زیاد ده‌كات.

 

له‌ئێران ژماره‌ی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌زیاتر له‌دوو ملیۆن كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش بره‌وی‌ به‌بازرگانی‌ ئه‌و بواره‌ داوه‌، به‌و پێیه‌ش كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سنورێكی‌ به‌رفراوان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌، بۆیه‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ئاسانی‌ له‌رێگا قاچاخه‌كانه‌وه‌ ده‌گوێزرێنه‌وه‌.

 

له‌باره‌ی داتاو زانیاریه‌كانی ئاسایشی سلێمانی‌و خسته‌ڕووی ژماره‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان،  د. خاڵس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "له‌و رێژه‌و داتایانه‌ ئاگادارنین كه‌ ئاسایشی سلێمانی له‌باره‌ی به‌كارهێنان‌و بازرگانی ماده‌هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ خستویه‌تیه‌ڕوو، به‌ڵام به‌هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین نه‌خشه‌رێگایه‌ك دابنێین‌و به‌ هه‌مولایه‌ك ده‌توانن به‌ری لێبگرین".

 

ئه‌و رێژه‌و داتایانه‌ی كه‌ ئاسایشی سلێمانی ئاشكرای كردوه‌ ته‌نیا به‌كارهێنان‌و بازرگانی كردنی ناوه‌ندی شاری سلێمانیه‌و هه‌ر له‌و پارێزگایه‌ ئیداره‌كانی گه‌رمیان‌و رانیه‌و شوێنه‌كانی دیكه‌ داتاو زانیاری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌پاڵ پارێزگاكانی‌ هه‌ولێرو دهۆك‌و هه‌ڵه‌بجه‌شدا كه‌ باس له‌هه‌ڵكشانی‌ ژماره‌ی‌ به‌كارهێنه‌ره‌كان ده‌كرێت بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ئاماری‌ فه‌رمی‌ پشت راست بكرێنه‌وه‌.

 

به‌رپرسه‌كه‌ی ئاسایشی سلێمانی  باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌پارێزگاكانی‌ تری‌ كوردستانیش ئه‌م حاڵه‌تانه‌ به‌ربڵاون‌و وتی‌ "له‌سنووری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر كێڵگه‌یه‌كی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان‌و دوو كه‌سی‌ به‌ڕه‌گه‌ز توركیان ده‌ستگیر كردووه‌، كه‌ئه‌و كێڵگه‌یان به‌رهه‌م هێناوه‌".

 

‌له‌باره‌ی جۆرو شێوازی به‌كارهێنانی ماده‌كانه‌وه‌ جه‌لال ئه‌مین به‌گ  به‌"نیقاش"ی وت "زۆرترین به‌كارهێنان‌و بازرگانیكردن به‌ماده‌ی  حه‌شیشه‌وه‌ ده‌كرێت، چونكه‌ ماده‌یه‌كی هه‌رزانه‌و زوو ده‌ست ده‌كه‌وێت‌و به‌كارهێنانی به‌شێوازێكی ئاسانه‌، له‌هه‌مانكات له‌هه‌مووی مه‌ترسیدارتره‌، چونكه‌ كه‌سی به‌كارهێنه‌ر ده‌وروپشته‌كه‌ی وه‌ڕسده‌كات‌و ناهێڵێت خێزانه‌كانیان پشوبده‌ن".

 

به‌رپرسانی‌ ده‌زگا ئه‌منی‌‌و ته‌ندروستییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حاڵه‌ته‌كان به‌ئه‌ندازه‌یه‌كه‌ ده‌توانرێ‌ كۆنترۆڵبكرێن، به‌ڵام مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ جۆری‌ به‌كارهێنانه‌كان بگۆڕێن بۆ جۆره‌ سه‌خت‌و قورسه‌كان.

 

سه‌لمان ساڵح پزیشكی ده‌رمانساز له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێگاكانی به‌كارهێنانیان  جیاوازه‌،   كه‌سی به‌كارهێنه‌ر   سه‌ره‌تا به‌حه‌ب ده‌ست پێده‌كات، دواتر به‌ شێوازی هه‌ڵمژین، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ حه‌شیش ناوده‌برێت، كه‌ ئه‌مه‌یان زۆر مه‌ترسیداره‌و مادده‌كه‌ یان دووكه‌ڵه‌كه‌ی هه‌ڵده‌مژێت، دوا قۆناغیش كه‌ مه‌ترسییه‌كه‌ی‌ زۆر زیاتره‌ ئه‌وه‌یه‌ ماده‌كه‌ له‌رێگای ده‌رزی لێدانه‌وه‌یه‌ له‌ده‌ماره‌كان به‌كارده‌هێنرێت".

 

دوو مانگی‌ رابردووی‌ ئه‌مساڵیش، واته‌ له‌دوای‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نوسییه‌كه‌ی‌ ئاسایشه‌وه‌، چه‌ند جارێك هه‌واڵی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌رو به‌كارهێنانیان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، گه‌وره‌ترنیان ده‌ستگرتن بوو به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی‌ به‌رهه‌ڵگردا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌ له‌شارۆچكه‌ی عه‌ربه‌ت ( 25 كلم له‌خۆرهه‌ڵاتی سلێمانی) كه‌ نزیكه‌ی یه‌ك میلۆن ده‌نكه‌ حه‌بی ترامادۆڵی تێدا بووه‌.

 

ئێستا خه‌می‌ شاره‌زایان‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌وه‌یه‌، چۆن وابكه‌ن ئه‌مساڵ رێژه‌كه‌ زیاتر نه‌كات جا یا به‌ری‌ پێبگرن یاخود كه‌متر بێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی‌ زیندانی گه‌ورانی سلێمانی باس له‌وه‌ ده‌كات به‌كارهێنه‌رو بازرگانی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان، به‌رده‌وام  روو له‌ زیادبون ده‌كات.

 

یادگار حاجی به‌"نیقاش"ی وت "به‌داخه‌وه‌ ده‌بوو ئه‌و كه‌سانه‌ وه‌ك نه‌خۆش مامه‌ڵیان له‌گه‌ڵ بكرێت‌و دوای چاره‌سه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌و ببنه‌ نمونه‌ بۆ كه‌سانی دیكه‌، به‌ڵام وه‌ك زیندانی مامه‌ڵیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ئه‌مه‌ش كارێكی هه‌ڵه‌یه‌و به‌رده‌وام به‌كارهێنه‌رانیان روو له‌زیادبوون ده‌كه‌ن بۆیه‌ ناتوانرێت به‌ربه‌ستیان بۆ دابنرێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌