راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گۆڕه‌ بێ ناسنامه‌كان
چاره‌نووسی‌ ته‌رمه‌كانی‌ داعش له‌لای‌ پێشمه‌رگه‌ چییان به‌سه‌ردێت؟

هه‌ستیار قادر
تائێستا كه‌مترین قسه‌ له‌سه‌ر چاره‌نووسی‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ی‌ داعش كراوه‌ كه‌ له‌به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌، "نیقاش" به‌دوای‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌دا گه‌ڕا.
26.01.2017  |  هه‌ولێر
به‌سه‌دان چه‌كداری‌ داعش لەئەنبار گۆڕه‌پانی‌ خوێندنگاو شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ دیكه‌ نێژراون
به‌سه‌دان چه‌كداری‌ داعش لەئەنبار گۆڕه‌پانی‌ خوێندنگاو شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ دیكه‌ نێژراون

ئاڵۆزی‌ شه‌ڕی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ كوژراوانی‌ داعشی زیادكردووه‌، له‌گه‌ڵ كۆتایی‌ ژیانیان، چیرۆكی‌ چاره‌نوسی‌ ته‌رمه‌كانیان ده‌ستپێده‌كات كه‌ ئاخۆ چییان به‌سه‌ردێت؟

                         

سه‌ید هه‌ژار به‌ده‌ستی‌ خۆی‌ سێ چه‌كداری‌ كوژراوی‌ داعشی‌ له‌تونێلێكی‌ میحوه‌ری‌ وه‌رده‌كی‌ باكوری‌ موسڵ ده‌رهێناوه‌و ناشتونی‌، ئه‌و رۆژانه‌ ئاگاداری‌ ورده‌كاریی‌ چاره‌نوسی‌ ته‌رمی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ داعش بووه‌ كه‌ له‌به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕی‌ پیشمه‌رگه‌دا له‌و سنوره‌ ده‌كوژران له‌ساتی‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردوودا.

 

سه‌ید هه‌ژار پله‌ی‌ سه‌ربازی‌ لیوایه‌و جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ زێره‌ڤانیه‌ له‌میحوه‌ری‌ خازری‌ موسڵ، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌شێك له‌چه‌كداره‌كانی‌ داعش یه‌ك یه‌ك خراونه‌ته‌وه‌ گۆره‌وه‌و به‌شێكی‌ ترشیان له‌به‌ر سه‌رقاڵبونی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شه‌ڕه‌وه‌ ناچار بوون به‌كۆمه‌ڵ بیان نێژن‌و به‌شۆڤڵ گڵ بكه‌ن به‌سه‌ریاندا.

 

سه‌ید هه‌ژار به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی‌ كردومانه‌ له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌كانی‌ داعش مرۆڤانه‌ بووه‌، كورد وته‌نی‌ شه‌یتانیش ده‌ستی‌ لێهه‌ڵگرتوون".

 

پێناچێت دوای‌ ته‌واوبوونی‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ هیچ رێیه‌ك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ناسنامه‌ی‌ كوژراوه‌كانی‌ داعش بناسرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ چه‌ند پارچه‌ زه‌وییه‌كن كه‌ ته‌رمه‌كانی‌ داعشیان له‌ژێردا خڕكراوه‌ته‌وه‌و وه‌ك نیمچه‌ گۆڕستانێكیان لێهاتووه‌، ئه‌م جێیانه‌ لای‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ستنیشانكراون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ له‌ژێریدان نازانرێت كێن.

 

سه‌ید هه‌ژار له‌درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا ده‌ڵێت "زۆربه‌ی‌ ته‌رمه‌كان ناسنامه‌یان پێ نییه‌و ئه‌گه‌ر پێشیان بێت ناسنامه‌كه‌یان سه‌خته‌یه‌و نازانین خه‌ڵكی‌ كوێن، ته‌نیا ئێمه‌ش شوێنی‌ ناشتنیان ده‌زانین".

 

چاره‌نوسی‌ ته‌رمی‌ چه‌كداره‌ كوژراوه‌كانی‌ داعش له‌به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕدا، ئه‌و به‌شه‌ی‌ جه‌نگه‌ كه‌ كه‌متر گرنگی‌ پێدراوه‌و زانیاری‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ كه‌مه‌، بۆیه‌ "نیقاش" به‌دواداچوونی‌ وردی‌ بۆیان كرد، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ ده‌كوژرێن به‌شێكیان هاوڵاتی‌ عێراقی‌و به‌شێكیشیان له‌وڵاتانی‌ تره‌وه‌ خۆیان گه‌یاندۆته‌ ناو ئه‌و گروپه‌و ناسنامه‌یان نه‌زانراوه‌.

 

جه‌مال ئیمینكی‌ سوپاسالاری‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "له‌به‌ر كاریگه‌ریی‌ ته‌ندروستی‌ مانه‌وه‌ی‌ ته‌رمه‌كان‌و بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ ته‌رمی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ ده‌نێژرێن، له‌به‌ر شه‌ڕیش مه‌جال نییه‌ بیانگوێزینه‌وه‌".

 

له‌ماوه‌ی‌ دوو ساڵ‌و نیوی‌ رابردووی‌ شه‌ڕی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ داعش به‌درێژایی سه‌دان كیلۆمه‌تر، چۆنێتی‌ مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی‌ ناشتنی‌ كوژراوانی‌ داعش له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا پرسیاری‌ له‌سه‌ر كراوه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتی‌ زانایانی‌ ئاینی‌ ئیسلامی‌ كوردستان نوێنه‌ریان نییه‌ له‌پرۆسه‌ی‌ ناشتنی‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ی‌ له‌وه‌ی‌ به‌پێی‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامی‌ ده‌نێژرێن، به‌ڵام عه‌بدوڵا سه‌عید سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیه‌كه‌ ده‌ڵێت "مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ مرۆڤانه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌".

 

ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "به‌دواداچونمان بۆ شێوازی‌ ناشتنیان نه‌كردووه‌، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ترسی‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌نێژرێن".

 

چاره‌نوسی ته‌رمی‌ كوژراوانی‌ داعش وایكرد له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2016دا  وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقافی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تاوتوێی‌ پرۆه‌ژه‌یه‌ك بكات بۆ سود وه‌رگرتن لێیان له‌رێگه‌ی‌ ناشتنیان له‌گۆڕستانێكدا كه‌ وه‌ك سومبولی‌ ئه‌وشه‌ڕه‌ بمنێنێته‌وه‌و له‌پاڵیشدا بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ ته‌رمه‌كانیان به‌خێزانه‌كانیان بڕێك پاره‌ وه‌ربگیرێت.

 

مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پێكه‌وه‌ژیان له‌وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف‌و كاروباری‌ ئاینی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ خاوه‌نی‌ پرۆژه‌كه‌ بوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف پرۆژه‌كه‌می‌ په‌سه‌ند نه‌كرد، به‌پێی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ جێی‌ گۆڕی‌ داعشه‌كان جیا ده‌كرایه‌وه‌ له‌و گۆڕانه‌ی‌ كه‌ ناسنامه‌یان دیارنییه‌و هه‌ندێك كه‌س به‌تێپه‌ڕبوونی‌ كات وه‌ك مه‌زاری‌ پیاو چاكی‌ ئاینی‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات".

 

دوور له‌به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش چه‌ند جارێك له‌كوردستان پرۆسه‌ی‌ ناشتنی‌ ته‌رمی‌ چه‌كدارانی‌ داعش به‌كۆمه‌ڵ به‌شێوازێكی‌ جیاواز تر به‌ڕێوه‌چووه‌، ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م مانگه‌ لیژنه‌یه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ شاره‌وانی‌‌و ته‌ندروستی‌‌و ئه‌وقافی‌ كه‌ركوك ته‌رمی‌ زیاتر له‌ (80) چه‌كداری‌ داعشیان له‌گۆِرستانی‌ بێ ناسنامه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ په‌نجه‌ عه‌لی‌ ناشت كه‌ زۆربه‌یان له‌ پێكدادانی‌ هێرشه‌كانی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ سه‌ر شاری‌ كه‌ركوك كوژرابوون.

 

سه‌ردار عه‌لی به‌رێوه‌به‌ری‌ شاره‌وانی‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی وت "وه‌ك ته‌رمی‌ بێناسنامه‌ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون، به‌ڵام پشكنینی‌ (DNA)یان بۆكراوه‌ تا هه‌ركات كه‌سوكاریان بۆ دروست بوو بیاندرێته‌وه‌".

 

وتیشی‌ "به‌پێی‌ یاسا بۆماوه‌یه‌ك ئه‌و ته‌رمانه‌ ده‌هێڵدرێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر كه‌سوكاریان بۆ په‌یدا نه‌بوو له‌لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه‌ ده‌نێژرێن‌و كۆدیان بۆ داده‌نرێت‌و به‌شێك له‌ته‌رمه‌كانیش له‌رێگه‌ی‌ پشكنینه‌كانه‌وه‌ كه‌سوكاریان بۆ په‌یدابووه‌و ده‌رهێنراونه‌ته‌وه‌".

 

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ند ده‌زگایه‌ك تائێستا خه‌می‌ چاره‌نووسی‌ ته‌رمه‌كانی‌ داعشیان خواردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی‌ راسته‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕه‌و هێزی‌ به‌رامبه‌ر دوژمنه‌، به‌ڵام له‌رووی‌ مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ نابێت سووكایه‌تی‌ به‌ته‌رمه‌كان بكرێت.

 

ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ  ته‌می‌ داعشه‌ كوژراوه‌كاندا له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوودا نوسراوی‌ ره‌سمیان بۆ وه‌زارتی‌ پێشمه‌رگه‌ ناردووه‌و داوایانكردووه‌ رێگری‌ له‌مامه‌ڵه‌ی‌ "نامرۆڤانه‌" بگیرێت له‌گه‌ڵ ته‌رمی‌ چه‌كدارانی‌ داعشداو نوسراوێكی‌ هاوشێوه‌یشیان بۆ وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كردووه‌ كه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌و كه‌ناڵانه‌ی‌ راگه‌یاندن بكات كه‌ ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵانه‌ ده‌گوێزنه‌وه‌.

 

زیا بوتروس سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌پێی‌ ستانداردی‌ جیهانی‌ ده‌بێت ته‌رمی‌ ئه‌و چه‌كداره‌ كوژراوانه‌ی‌ داعش له‌شوێنێكی‌ دیاریكراودا بنێژرێن‌و ئه‌وانه‌شی‌ ناسنامه‌یان هه‌یه‌ ناسنامه‌كانیان له‌گه‌ڵ بوتڵێكی‌ شوشه‌دا بخرێته‌ گۆڕه‌كانیانه‌وه‌ تا دواتر كه‌سوكاریان بیان ناسنه‌وه‌و له‌رێگه‌ی‌ رێكخراوی‌ خاچی‌ سوری‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ راده‌ستیان بكرێته‌وه‌". وتیشی‌ "مامه‌ڵه‌ی‌ نه‌شیاو له‌گه‌ڵ ته‌رمدا پێشێلی‌ مافی‌ مرۆڤه‌".

 

به‌ڵام ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ مافی‌ مرۆڤ باسی ده‌كات هێشتا له‌به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕدا نه‌كراوه‌ له‌گه‌ڵ ته‌رمی‌ چه‌كدارانی‌ داعش، پاساوی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش گه‌رمی‌‌و سه‌ختی‌ شه‌ڕه‌كه‌یه‌ كه‌ بواری‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ ئه‌و رێوشوێنه‌.

 

بوتروس ده‌ڵێت "كاری‌ ئێمه‌ نییه‌ به‌دواداچون بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین، به‌ڵام باره‌كه‌ ناسه‌قامگیره‌و له‌شه‌ڕدایه‌".

 

تائێستا دیار نییه‌ چاره‌نوسی گۆڕی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌پاش كۆتایی‌ جه‌نگ چی لێدێت كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وكات چیرۆكی‌ گه‌ڕانی‌ كه‌سوكاریان ده‌ستپێكات به‌دوایاندا، ئه‌وه‌ش روونه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی زۆربه‌یان.

 

سه‌ید هه‌ژار له‌سه‌ر شاخی‌ زه‌رده‌كی‌ میحوه‌ری‌ خازر بووه‌ ئه‌وكاته‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌ له‌یه‌كێك له‌دانیشتوانی‌ موسڵه‌و بۆدێت تا چاره‌سنوری‌ كوڕه‌كه‌ی‌ لێبپرسێت كه‌ چه‌كداری‌ داعش بووه‌،  هه‌ژار وتی‌ "ته‌رمی‌ كوره‌كه‌ی‌ كه‌وتبووه‌ به‌رده‌ستمان، به‌ڵام له‌به‌ر دڵی‌  باوكی‌ وتمان برینداره‌". له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیچ فه‌رمانێك له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رنه‌چووه‌ كه‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ بدرێته‌وه‌ به‌كه‌سوكاره‌كه‌یان، بۆسه‌ سه‌ید هه‌ژار ئه‌و ته‌رمه‌ش وه‌كو هه‌موو ته‌رمه‌كانی‌ تر ده‌خاته‌ ژێر خاكه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌