راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژیان له‌قوڕگی‌ شێردا
سێ موسڵاوی چیرۆكی تیراژیدی دوای ئازادبوون له‌داعش ده‌گێڕنه‌وه‌

تایبه‌ت
به‌درێژایی‌ دوو ساڵ‌و نیوی‌ رابردوو ده‌ربازبوون له‌ده‌ست داعش یه‌كێك بووه‌ له‌سه‌ختترین هه‌نگاوه‌كان، ئه‌وانه‌ی‌ ژیانی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش‌و هه‌ڵاتنیان بینیوه‌، چیرۆكی‌ سه‌یریان لایه‌.
19.01.2017  |  موسڵ
چەند هاوڵاتییەکی موسڵ لەدەست داعش هەڵدێن ( :وێنه توماس كوكس (جيتي))
چەند هاوڵاتییەکی موسڵ لەدەست داعش هەڵدێن ( :وێنه توماس كوكس (جيتي))

ئه‌و ئاسنه‌ قایمانه‌ی داعش له‌مانگی حوزه‌یرانی 2014وه‌ به‌ده‌وری موسڵدا لێی داون، خه‌ریكه‌ تێكده‌شكێن‌و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی گه‌مارۆدراو به‌جانتای بچووك‌و چیرۆكی تراژیدی ترسناكه‌وه‌ هه‌ڵدێن، "نیقاش" سێ چیرۆكی هه‌ڵبژاردووه‌و له‌زاری ژنێكی ماڵه‌وه‌و فه‌رمانبه‌رێك‌و گه‌نجێكی موزیكژه‌نه‌وه‌ ده‌یانگوازێته‌وه‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ ئازاد بوون.

 

هه‌ر كه‌ موسڵاویه‌كان هه‌وای ئازادی هه‌ڵده‌مژن سروشتیان ده‌كرێته‌وه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌ كاره‌ستباره‌كانیان كه‌ به‌درێژایی دوو ساڵ‌و نیو له‌ژێر حوكمی توندڕه‌وترین‌و توندوتیژترین رێكخراودا تێیدا ژیان، له‌گه‌ڵ چوار مانگ له‌شه‌ڕی سه‌خت له‌گه‌ڕه‌كه‌ نیشته‌جێكان كه‌ تێیدا هێزه‌ عێراقیه‌كان توانیان به‌ری چه‌پی شاره‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌ واته‌ 60%ی رووبه‌ره‌كه‌ی.

 

چیرۆكێكی ئه‌كشن

ئه‌حمه‌د حاجی (55 ساڵ) فه‌رمانبه‌ره‌ له‌كارگه‌ی رستن‌و چنین‌و له‌گه‌ڕه‌كی زهور نیشته‌جێبوو كه‌ سێ هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر شه‌ڕی خوێناوی به‌خۆوه‌ بینی، دواجار حاڵی خۆی‌و خێزانه‌ حه‌وت كه‌سیه‌كه‌ی گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی بچنه‌ چادرێكی‌ بچووكه‌وه‌.

 

ئه‌و له‌وه‌ته‌ی گه‌یشتۆته‌ كامپی خازر له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ وا راهاتووه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ نوێیه‌كانیدا دابنیشێت‌و پێكه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن، به‌م جۆره‌ گێڕانه‌وه‌كه‌ی ده‌ستپێكرد: چیرۆكه‌كانتان كاره‌ساتبارن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من سه‌رنجڕاكێشتره‌و هیچی له‌وه‌ جیاواز نییه‌ كه‌ له‌فیلمه‌ ئه‌كشنه‌كاندا ده‌یبینین، بڕگه‌یه‌كی كورتی چیرۆكه‌كه‌متان بۆ هه‌ڵده‌بژێرم:

 

شه‌وێكیان پێكدادانی قورس روویداو ئێمه‌ش په‌نامان برد بۆ یه‌كێك له‌ژووره‌كان، چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌می خایاندو شه‌ڕ گه‌یشته‌ كۆڵانه‌كه‌مان، ته‌قه‌یه‌كی زۆر هه‌بوو به‌هه‌موو جۆره‌كانی چه‌كی مامناوه‌ندو قورسه‌وه‌، له‌ترساندا بووبووین به‌ته‌خته‌و هه‌وڵمان ده‌دا گریانی منداڵه‌كان كپ بكه‌ین، كاتێك پێكدادانه‌كان هێوربووه‌وه‌ چوومه‌ده‌ره‌وه‌ تا بزانم چی رووی داوه‌، بینیم دوو جه‌نگاوه‌ری ده‌زگای دژه‌تیرۆر رووی چه‌كه‌كانیان تێكردووم‌و هاوار ده‌كه‌ن: پاڵكه‌وه‌... ده‌ستبه‌جێ فه‌رمانه‌كه‌یانم جێبه‌جێكردو هاوارم ده‌كرد: تكاتان لێده‌كه‌م ته‌قه‌ نه‌كه‌ن، من مه‌ده‌نیم‌و خێزانه‌كه‌م لێره‌یه‌.

 

نه‌فه‌سێكی قووڵی له‌جگه‌ره‌كه‌یداو دووكه‌ڵه‌كه‌ی له‌سیه‌كانیه‌وه‌ ده‌رهێنایه‌وه‌و ده‌ستپێكرده‌وه‌: هاوسه‌ركه‌م‌و ئه‌ندامانی تری خێزانه‌كه‌م هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ بۆلایان‌و ئیتر لێمان دڵنیابوون، له‌كاتێكیشدا كه‌ ئارامیان ده‌كردینه‌وه‌ ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مانه‌وه‌ هات، شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌كان شكان‌و پارچه‌كانیان بڵاوبوونه‌وه‌و هاوار به‌رزبووه‌وه‌، نارنجۆكێكی ده‌ستی بوو یه‌كێك له‌چه‌كدارانی داعش له‌ماڵی دراوسێكه‌مانه‌وه‌ هاویشتبووی، له‌و كاته‌دا شه‌ڕێك به‌نارنجۆكی ده‌ستی‌و چه‌كی سووك ده‌ستپێكرد تا به‌ره‌به‌یان.

 

یه‌كێك له‌خۆكوژه‌كان له‌سه‌ربانه‌وه‌ خۆی هه‌ڵدایه‌ سه‌ر ئۆتۆمبیلێكی دژه‌تیرۆرو دوو ده‌به‌ی بۆمبڕێژكراوی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، دوو سه‌ربازی كوشت، به‌ڵام سه‌ربازه‌كانی دیكه‌ له‌شوێنی خۆیان نه‌له‌رزین‌و به‌ توندی درێژه‌یان به‌شه‌ڕداو هه‌ر یه‌كه‌یان رامبۆیه‌ك بوو، كاتێك پێكدادانه‌كان هێورده‌بوونه‌وه‌، شه‌ڕه‌قسه‌ ده‌ستی پێده‌كرد، چه‌كداره‌كانی داعش هاواریان ده‌كرد ئه‌ڵڵاهو ئه‌كبه‌ر، به‌ڵام جه‌نگاوه‌رانی دژه‌تیرۆر سه‌رپشكیان ده‌كردن له‌نێوان خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان‌و مردندا،  هه‌موو ئه‌وانه‌ روویداو ئێمه‌ش له‌ژێر قادرمه‌ كۆنكرێتیه‌كه‌ی ماڵه‌كه‌ماندا خۆمان حه‌شار دابوو.

 

پاش چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌كی كه‌م وامان ده‌زانی شته‌كه‌ ته‌واو بووه‌، ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ هات‌و خانووه‌كه‌ به‌سه‌رماندا رووخا، ئێمه‌ خه‌ریك بوو بمرین، كاتێك سه‌ربازه‌كان هاتنه‌ ژووره‌، باوه‌ڕه‌یان نه‌ده‌كرد كه‌ ئازارمان پێنه‌گه‌یشتووه‌، قادرمه‌ كۆنكرێتیه‌كه‌ رزگاری كردین، ئه‌و كاته‌ی له‌گه‌ڕه‌كه‌كه‌ گواستیانینه‌وه‌و هه‌ستاین‌و جه‌سته‌ی خۆمان ده‌پشكنی باوه‌ڕمان نه‌ده‌كرد كه‌ زیندووین.

 

پێمان له‌ته‌رم هه‌ڵده‌كه‌وت

هێشتا به‌ری لای راستی موسڵ دووره‌ له‌شه‌ڕی نێو شه‌قام، به‌ڵام ئه‌و دانیشتووانه‌ی هه‌ڵاتوون چیرۆكی غه‌مناك ده‌گێڕنه‌وه‌. كاتێك ئیقبال حسێن ( 30 ساڵ) له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌به‌ری لای راسته‌وه‌ گه‌یشته‌ ناوچه‌یه‌كی ئازادكراو په‌چه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی سه‌ری لابردو وتی: دواجار له‌سكی حوته‌كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌تا ئێمه‌ زیندووین.

 

له‌زیندانێكی نه‌فره‌تیدا بووین له‌هه‌موو كه‌سێك ده‌ترساین، چونكه‌ داعش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان خه‌ڵكی به‌تۆمه‌تی هه‌ڵگرتنی مۆبایل ده‌كوشت، یه‌كێك له‌شته‌ سه‌یره‌كان ئه‌وه‌بوو كچه‌ چوار ساڵانه‌كه‌م تێبینی ئه‌وه‌ی كردبوو كه‌ زۆر به‌وریایی مۆبایله‌كه‌م ده‌شارمه‌وه‌، بۆیه‌ جارێكیان بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌م لێبكێشێته‌وه‌ وتی: ئه‌گه‌ر هه‌رچیه‌كم ده‌وێت بۆم نه‌كڕیت، ئه‌وا به‌داعش ده‌ڵێم له‌ ماڵه‌وه‌ ته‌له‌فۆنمان هه‌یه‌. سه‌ره‌تا پێكه‌نیم، به‌ڵام كاتێك مامم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مۆبایلی هه‌بوو كوژرا، هه‌ڕه‌شه‌ی منداڵه‌كه‌م به‌جددی وه‌رگرت، به‌راستی ده‌ترسام دڵپاكیه‌كه‌ی وای لێ بكات خه‌به‌رم لێ بدات‌و بمكوژن.

 

ترسه‌كه‌م گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانم له‌بینینی فیلمی كارتۆن بێبه‌ش بكه‌م تا كه‌س گوێی لێیان نه‌بێت كه‌ گۆرانی منداڵان ده‌ڵێنه‌وه‌و بزانن ته‌له‌فزیۆنمان هه‌یه‌، دواجار ژیانمان زۆر ناخۆش بوو، بۆیه‌ بڕیارماندا به‌ر له‌وه‌ی جه‌نگ بگاته‌ لامان هه‌ڵبێین، جانتایه‌كی بچووكمان هه‌ڵگرت‌و به‌ره‌و كه‌ناری رووباری دیجله‌ كه‌وتینه‌ڕێ تا به‌ به‌له‌م بپه‌ڕینه‌وه‌، چونكه‌ پرده‌كان له‌بۆردومانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا رووخابوون، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ داعش رێگه‌ به‌په‌ڕینه‌وه‌ی مه‌ده‌نییه‌كان نادات بۆ به‌ری لای چه‌پ تابیانكاته‌ قه‌ڵغانی مرۆیی‌و رێ له‌پێشڕه‌وی هێزه‌كانی عێراق بگرێت، درۆمان له‌گه‌ڵ كردن‌و وتمان ده‌چین سه‌ردانی خزمه‌كانمان ده‌كه‌ین، پێناسه‌كانیان لێوه‌رگرتین تا گه‌ڕانه‌وه‌مان مسۆگه‌ر بكه‌ن، ئاماده‌بووین هه‌موو شتێك بكه‌ینه‌ قوربانی له‌به‌رامبه‌ر ئازادیداو كردیشمان.

 

به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ رۆیشتین كه‌ شه‌ڕی سه‌ختی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چوو، له‌خانوویه‌كدا چاوه‌ڕێمان كرد، كاتی خۆرئاوابوون من‌و هاوسه‌ركه‌م‌و چوار منداڵه‌كه‌م كه‌وتینه‌ ڕێ، له‌ڕێگاشدا كۆمه‌ڵێك خێزانی دیكه‌ هاتنه‌ پاڵمان، به‌سه‌ر دانه‌واندنه‌وه‌ به‌ته‌نیشتن دیواره‌كاندا رۆیشتین‌و موشه‌ك‌و گوله‌ به‌سه‌رماندا ده‌ڕۆیشتن، له‌گه‌ڕه‌كێكدا كه‌ وێرانكاریه‌كی زۆری تێدا بوو، پێمان له‌ته‌رمی توندڕه‌وه‌كان‌و ئه‌و مه‌ده‌نیانه‌ هه‌ڵده‌كه‌وت كه‌ هه‌وڵی هه‌ڵاتنیان دابوو، ببووینه‌ ئامانجی قه‌ناس به‌ده‌سته‌كانی داعش‌و ئه‌و گوله‌ هاوه‌نانه‌ی به‌هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌یانهاویشت.

 

ئه‌و گه‌شته‌مان كه‌ پێنج سه‌عاتی خایاند زۆر به‌خاوی ده‌ڕۆیشت، چه‌كدارانی داعش سێجار رایانگرتین‌و به‌پاڕانه‌وه‌و فێڵكردن لێیان ده‌رباز بووین، یه‌كێكیان ناچاری كردین پاره‌ی بده‌ینێ‌و یه‌كێكی دیكه‌شیان داوای كلیكی ئۆتۆمبێله‌كانی لێكردین تا بۆمبڕێژیان بكه‌ن، كوڕێكی چوراده‌ ساڵان كه‌ له‌ترساندا هه‌ڵده‌له‌رزی چووه‌ پێشه‌وه‌: ئه‌مه‌ كلیلی ماتۆڕه‌كه‌مه‌ كه‌ له‌ژێر پرده‌كه‌دا به‌ستوومه‌ته‌وه‌. ئه‌ویش لێ وه‌رگرت!

 

دواجار رزگارمان بوو له‌پاش سه‌ركێشیه‌كی پڕ له‌مه‌رگ كه‌ نرخی ئازادی بوو، ئه‌وه‌مان به‌سه‌ كه‌ چیتر له‌ژێر قادرمه‌ كۆنكرێتیه‌كه‌دا راناوه‌ستم كه‌ گوێم له‌ده‌نگی فڕۆكه‌یه‌ك بێت‌و نه‌یه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌ تا باره‌ دۆزه‌خه‌كه‌ی به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا فڕێده‌داته‌ خواره‌وه‌.

 

ئه‌و موزیكژه‌نه‌ی له‌ژێر حوكمی داعش ژیاوه‌

رۆژێكیان "نیقاش" چیرۆكی چه‌ند گه‌نجێكی موزیكژه‌نی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیپێكی بچووكیان له‌زانكۆی موسڵ پێكهێناوه‌و پاڵنه‌ریشیان خواستێكی گه‌وره‌ی سه‌ركه‌وتن بوو، یه‌كێكیان ئه‌مین میقداد (27 ساڵ) بوو كه‌ پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكه‌یه‌و دوای پێنج ساڵ بووه‌ته‌ گیتارژه‌ن‌و موزیك داده‌نێت‌و شیعریش ده‌نووسێت.

 

كاتێك داعش موسڵی داگیركرد ئه‌و بڕیاریدا سه‌ركێشی بكات‌و له‌شاره‌كه‌ بمێنێته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی په‌نایان بۆ به‌غدا برد، شێتی راسته‌قینه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رده‌وامبوو له‌موزیكژه‌نین‌و به‌رهه‌مه‌ موزیكیه‌كانی به‌وێنه‌گیراوی له‌یوتیوب بڵاوكرده‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ هونه‌رو موزیكی به‌ته‌واوی حه‌رام كردووه‌و هه‌ركه‌سێك مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ بكات سزاكه‌ی ده‌گاته‌ كوشتن.

 

ئه‌مین كه‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا ده‌ڵێت "سووربووم له‌سه‌ر مانه‌وه‌ له‌به‌ر خۆشه‌ویستی شاره‌كه‌م‌و به‌رهه‌ڵستیكردنی بوونی توندڕه‌وی".

 

درێژه‌ به‌گێڕانه‌وه‌كه‌ی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت: من‌و یه‌كێك له‌هاوڕێ نزیكه‌كانم به‌رده‌وام موزیكمان ده‌ژه‌نی‌و شیعرمان ده‌نووسی له‌ماڵه‌كه‌ی خۆمدا كه‌ له‌ناوه‌ڕاستیدا كردبوومه‌ ستۆدیۆیه‌كی بچووك‌و رێوشوێنی پێویستم بۆ رێگرتن له‌چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌نگی موزیك بۆ شه‌قامه‌كه‌ گرته‌بووه‌به‌ر، تا ئه‌و كاته‌ی شه‌وێكی ته‌مموزی ساڵی 2015 ئه‌ندامانی داعش هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌رم، بۆ ماوه‌ی سێ سه‌عات لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كردم، دواجار ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو ئامێرو نۆته‌ موزیكیه‌كان‌و سێدیه‌كاندا گرت‌و هه‌ڕه‌شه‌ی سزای جه‌ڵد یاخود به‌ندكردنیان لێكردم، كاتێك رۆیشتن سوپاسی خودام كرد كه‌ ده‌ستگیریان نه‌كردم، چونكه‌ ژیانم ده‌كه‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

 

ئه‌و كاته‌ ده‌ستبه‌جێ چووم بۆ ماڵی مامم كه‌ له‌گه‌ڕه‌كێكی تری شاره‌كه‌ بوو، به‌ڵام كۆڵم نه‌داو ئامێری موزیكی مامم وه‌رده‌گرت‌و ده‌مژه‌نین تا گوێم له‌ده‌نگی بۆردومان‌و ته‌قینه‌وه‌كان پاك بكه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی نائاسایی بوو یه‌كێك له‌هاوڕێكانم بایه‌خی به‌موزیك نه‌ده‌داو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام سه‌ردانی ده‌كردم‌و چه‌ند سه‌عاتێك بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كات له‌گه‌ڵم داده‌نیشت، چونكه‌ نه‌خوێندن هه‌بوو نه‌ كار، فێری گیتارژه‌نین بوو، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ده‌ستكه‌وته‌كانم له‌و ماوه‌ تاریكه‌دا.

 

 به‌ده‌م ژه‌نینی گیتاره‌وه‌ وتی "ئه‌و ئازاره‌م له‌بیر ناچێته‌وه‌ كه‌ تووشیان كردم كاتێك ده‌ستیان به‌سه‌ر ئامێره‌كانمدا گرت. ئه‌و كاته‌ بڕیارمدا به‌شێوازی خۆم تۆڵه‌یان لێ بكه‌مه‌وه‌، 25 پارچه‌ موزیكم داناوه‌ كه‌ دوایه‌منیان ناو (یوسر)م لێناوه‌و هه‌ر كه‌ ئازادیم به‌ده‌ستهێنا له‌یوتیوب‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوم كردنه‌وه‌، زۆر شتی دیكه‌شم له‌هه‌گبه‌دا ماوه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌