راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

توانای‌ كه‌م‌و داهێنانی‌ گه‌وره‌
گه‌نجێك له‌كوت فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان دروست ده‌كات

محەمەد زەیدی
گه‌نجێكی‌ دانیشتووی‌ كوت به‌چه‌ند پارچه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ ساده‌ فرۆكه‌یه‌كی‌ بێفرۆكه‌وانی‌ دروستكردووه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ بووه‌ته‌ جێگه‌ی‌ باس‌و خواسی‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كه‌و ناوبانگێكی‌ زۆری‌ په‌یداكردووه‌.
26.01.2017  |  واست
حه‌یده‌ر تائی
حه‌یده‌ر تائی

له‌وه‌رشه‌یه‌كی بچووكدا له‌لایه‌كی خانووه‌ كۆنه‌كه‌یداو به‌ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌دوو مانگ تێناپه‌ڕێت، حه‌یده‌ر تائی ته‌مه‌ن 24 ساڵ له‌گه‌ڕه‌كی شه‌رقیه‌ی ناوه‌ڕاستی كوت توانی به‌ ئامرازی ساده‌ و توانای سنوورداره‌وه‌، فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی دروست بكات و به‌به‌رزی به‌ ئاسمانی شاره‌كه‌دا بفڕێت، ئه‌گه‌ر ئامراز و توانایشی له‌به‌ر ده‌ستدابووایه‌، ئه‌وا به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌وه‌ باشتر ده‌بوو، وه‌ك خۆی به‌ متمانه‌وه‌ ده‌ڵێت.

 

له‌كاتێكدا ئه‌و گه‌نجه‌ سه‌رقاڵی به‌ستنی به‌شه‌كانی سیستمی سووتاندنی ناوه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌كه‌ بوو وه‌ك ئاماده‌كاریه‌ك بۆ فڕینی، به‌"نیقاش"ی وت "له‌منداڵیه‌وه‌ عاشقی ئه‌م ئاره‌زووه‌ بووم و حه‌زم ده‌كرد گه‌شه‌ی پێ بده‌م، به‌كرده‌وه‌ش ئه‌وه‌ به‌ پشتیوانی خواو هاندانی خۆشه‌ویستان هاته‌دی كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه‌ نه‌ده‌گه‌یشتمه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا تێیدام".

 

سه‌باره‌ت به‌و ماددانه‌ی له‌ دروستكردنی بۆدی ده‌ره‌وی فڕۆكه‌كه‌ به‌كارهاتوون، حه‌یده‌ر ده‌ڵێت "ئه‌و ماددانه‌ به‌پێی نموونه‌ دروستكراوه‌كه‌ جیاوازن، چونكه‌ بۆدی ده‌ره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ له‌ ته‌خته‌ دروست ده‌كرێت له‌ كاتێكدا باڵه‌كانی له‌ته‌به‌دۆرو ماده‌ی دیكه‌ی زۆر پته‌و و نه‌رم دروست ده‌كرێن، له‌م حاڵه‌ته‌شدا به‌شێوازێكی زانستی ده‌به‌سترێنه‌وه‌ كه‌ رێ له‌ تێكشكانی باڵه‌كان یاخود كه‌وتنه‌خواره‌وه‌یان ده‌گرێت".

 

سه‌باره‌ت به‌ورده‌كاری دروستكردنی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌شی ده‌ڵێت "بزوێنه‌ری فڕۆكه‌كه‌و هه‌ندێك له‌ ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ر حسابی خۆم له‌ده‌ره‌وه‌ی عیراقه‌وه‌ هاورده‌ كراون، هه‌روه‌ها ته‌خته‌ی به‌لسا كه‌ له‌ دروستكردنی باڵه‌كاندا به‌كاردێت و ئامێری سمیله‌ته‌ر  كه‌ له‌ فێربوونی لێخوڕینی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌دا به‌كاردێت، هاورده‌كراون".

 

له‌ رۆژانی یه‌كه‌می ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی دروستكردنی فڕۆكه‌كه‌دا گه‌نجه‌كه‌ ترسی خۆی له‌ ئه‌گه‌ری شكستهێنان و نه‌هاتنه‌دی خه‌ونه‌كه‌ی نه‌شارده‌وه‌، به‌ڵام توانی به‌باوه‌ڕبوونێكی زۆر به‌خۆی به‌ره‌نگاری ئه‌و ترسه‌ی ببێته‌وه‌و دروستكردنی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ته‌واو بكات و به‌به‌رزی له‌ ئاسماندا بفڕێت له‌نێو چه‌پڵه‌ڕێزان و سه‌رسوڕمانی خه‌ڵكه‌كه‌دا.

 

هه‌وڵه‌كانی داهێنه‌ره‌ واستیه‌كه‌ یه‌كه‌م هه‌وڵی له‌و جۆره‌ نین، چونكه‌ پێشتر هه‌وڵی هاوشێوه‌ له‌ چه‌ندین پارێزگا عێراقدا هه‌بوون، له‌وانه‌ هه‌وڵه‌كانی هاووڵاتیه‌كی پارێزگای به‌سره‌ له‌ ساڵی 2011دا كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی په‌روانه‌داری دروستكرد به‌ پشتبه‌ستن به‌و دیزاینانه‌ی له‌ تۆڕی ئنته‌رنێت وه‌ری گرتبوون و بزوێنه‌ری ئۆتۆمبیلێكی جۆری كۆنی خستبووه‌ سه‌ر هه‌روه‌ها تانكیه‌كی به‌نزینی قه‌باره‌ (24 لیتر)ی بۆ دانابوو كه‌ له‌ موه‌لیده‌یه‌كی ماڵانی كردبووه‌وه‌.

 

دوای ئه‌ویش گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵ له‌ مانگی ئایاری 2014دا له‌ نه‌ینه‌وا توانی فڕۆكه‌یه‌ك به‌ بزوێنه‌رێكی فیشكه‌دار دروست بكات كه‌ له‌توانیدا بوو دوو سه‌رنشین هه‌ڵبگرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند هه‌وڵێكی تر كه‌ هه‌ندێكیان سه‌ركه‌وتوو بوون، به‌ڵام وه‌ك حه‌یده‌ر ده‌ڵێت "هه‌موو ئه‌و به‌هرانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ له‌ ئامێز نه‌گیراون و چاودێری نه‌كراون".

 

حه‌یده‌ر له‌ دروستكردنی په‌یكه‌ری فڕۆكه‌كه‌دا تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ پارچه‌ی كانزایی له‌ ئاسن و ئه‌له‌منیۆمی له‌ ناوچه‌ پیشه‌سازیه‌كانی به‌سره‌ و چه‌ند پارێزگایه‌كی تری عێراق به‌كارهێناوه‌، سه‌باره‌ت به‌و ماوه‌یه‌ش كه‌ دروستكردنی فڕۆكه‌كه‌ خایاندوویه‌تی، حه‌یده‌ر تائی وتی "دروستكردنی فڕۆكه‌كه‌ ماوه‌یه‌كی پێویسته‌ كه‌ مانگێك بۆ دوو مانگ ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام هه‌ندێك جار كاتێكی زیاترمان پێویست ده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی كێشه‌ی ده‌ستنه‌كه‌وتنی مادده‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی دروستكردنی فڕۆكه‌كه‌ ده‌بینه‌وه‌ بۆیه‌ ناچار ده‌بین كه‌لوپه‌لی جێگره‌وه‌ی بۆ دروست بكه‌ین".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "درێژی‌و كێشی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كان له‌ نموونه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ یه‌كێكی تر جیاوازه‌ و درێژی و كێشی جیاجیان هه‌یه‌، هه‌رچی ماوه‌ی فڕینیشیانه‌ به‌ ئاسماندا ئه‌وا بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێك به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌شتوانرێت ماوه‌ی فڕینه‌كه‌ درێژتر بكرێت، خێرایی فڕۆكه‌كه‌ش نزیكه‌ی 40 كیلۆمه‌تره‌ له‌ سه‌عاتێكدا و كاركردنیشی به‌ كاره‌با یان به‌ به‌نزینی موحه‌سه‌ن ده‌بێت".

 

وتیشی "كاركردنی فڕۆكه‌كه‌ و كۆنترۆڵكردنی جموجوڵه‌كانی له‌ ئاسماندا له‌ڕێی ئامێرێكی تایبه‌تی كۆنترۆڵه‌وه‌ ده‌بێت و ده‌توانرێت به‌رزبوونه‌وه‌ و نزمبوونه‌وه‌ی كۆنترۆڵ بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت سوودی لێ وه‌ربگیرێت بۆ مه‌به‌ستی توێژینه‌وه‌ی زانستی و پرۆسه‌ی چاودێری ئاسمانی دوای ته‌یاركردنی به‌ كامێرای تایبه‌ت".

 

داهێنه‌ره‌ گه‌نجه‌كه‌ گله‌یی له‌ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژانه‌ چاودێری بكرێن و ده‌وڵه‌تی عێراق بایه‌خیان پێ بدات، ئه‌وا گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و گه‌وره‌ ده‌بن و ده‌بنه‌ پرۆژه‌ی مه‌زن له‌بواری داهێنانی زانستیدا".

 

له‌كاتێكیشدا حه‌یده‌ر تائی به‌رده‌وامبوو له‌سه‌ر قسه‌كانی، هاوكارێكی داوایكرد "حكومه‌تی عێراق ئه‌و توانایانه‌ له‌ ئامێز بگرێت و چاودێریان بكات، به‌تایبه‌تی كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیان رۆژ له‌دوای رۆژ گه‌وره‌ ده‌بن" وه‌ك خۆی ده‌ڵێت.

 

ئه‌ندازیار عه‌لی خه‌لًه‌ف به‌ "نیقاش"ی وت "له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جیهاندا ئه‌م جۆره‌ به‌هره‌مه‌ندانه‌ هه‌ن و له‌ ئامێز ده‌گیرێن و چاودێری ده‌كرێن و هه‌موو ئامرازه‌كانی سه‌رخستنی داهێنانه‌كانیان بۆ دابین ده‌كرێت، ته‌نیا له‌ عێراق نه‌بێت كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌واو جیاوازه‌".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ موهه‌ند عه‌زیز ده‌لفی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌هره‌مه‌ندان له‌كوت ده‌ڵێت "به‌هره‌مه‌ندان پشت به‌توانای تایبه‌تی خۆیان ده‌به‌ستن و تیمی تایبه‌ت له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك پێكده‌هێنن، ناوبه‌ناویش پێشبڕكێ بۆ خستنه‌ڕووی داهێنانه‌ زانستیه‌ جیاوازه‌كان له‌ چه‌ندین پارێزگای وڵاتدا ده‌بینین".

 

ده‌لفی له‌ڕێی "نیقاش"وه‌ ده‌پرسێت "بۆچی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵناده‌ن ئه‌م توانایانه‌ له‌ئامێز بگرن و بیانخه‌نه‌ خولی گه‌شه‌پێدانی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌ له‌ شێوه‌كان یارمه‌تیده‌ر بێت له‌ به‌ره‌وپێشبردنی واقیعی ماندووی وڵاته‌كه‌دا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌