راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بیست سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر
شانۆی‌ رۆمانی‌ یه‌كێك له‌پرۆژه‌ ناوازه‌كانی‌ سلێمانی‌

هونەر حەمەرەشید
سلێمانی‌ به‌ده‌ستوری‌ بیست سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر پرۆژه‌ی‌ "شانۆی‌ رۆمانی‌" ده‌خاته‌ سه‌رپێ كه‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ هونه‌ری‌‌و كه‌لتورییه‌كانی‌ عێراق.
5.01.2017  |  سلێمانی
شانۆی‌ رۆمانی‌ له‌سلێمانی‌ ( :وێنه هونر حمه رشيد)
شانۆی‌ رۆمانی‌ له‌سلێمانی‌ ( :وێنه هونر حمه رشيد)

ده‌بێت كه‌متر له‌سێ‌ مانگی‌ تر كاره‌كانی‌ پرۆژه‌ی‌ "شانۆی‌ رۆمانی‌" له‌سلێمانی‌ ته‌واو ببێت، به‌رپرسانی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت جارێكی‌ تر ژیانی‌ پڕ له‌چالاكی‌‌و جموجۆڵی‌ رۆمای‌ كۆن له‌پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زیندوو بكه‌نه‌وه‌.

 

پرۆژه‌كه‌ هه‌ر به‌ناوه‌كه‌یدا دیاره‌ كۆپییه‌كی‌ شانۆی‌ كۆلۆسیۆم (Colosseum)ی‌ رۆمایه‌، به‌ڵام ئه‌ویان له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ یه‌كه‌م‌و له‌سه‌رده‌می‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ رۆمانییه‌كان له‌رۆمای‌ پایته‌ختی‌ ئیتاڵیا شكڵ‌و شێوه‌ی‌ وه‌رگرتووه‌، هه‌رچی‌ ئه‌وه‌ی‌ سلێمانییه‌ ره‌نگه‌ بۆ به‌هاری‌ 2017 به‌یه‌كجاری‌ ته‌واو ببێت.

 

ئه‌و بینایه‌، به‌یه‌كێك له‌نموونه‌ زیندووه‌كانی ده‌سه‌ڵات داده‌نرێت له‌مێژوودا، كه‌ به‌شێك له‌دادگایی‌و لێپرسینه‌وه‌كانی‌ رۆمانه‌كان له‌وێوه‌ ئه‌نجامدراوه‌و دواتر له‌سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كانی‌ تر بۆ چه‌ند بوارێك به‌كارهێنراوه‌ له‌وانه‌ زۆرانبازی‌‌و شانۆیی، به‌گه‌وره‌ترین شوێنی‌ نمایشی‌ كراوه‌ داده‌نرێت له‌جیهان‌و ئێستاش یه‌كێكه‌ له‌حه‌وت سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ی‌ دنیا.

 

پرۆژه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ له‌ناو پاركی‌ "هه‌واری‌ شار" بنیادنراوه‌ له‌سه‌ر رووبه‌ری‌ 14 دۆنم زه‌وی‌‌و تائێستا 60% كاره‌كانی‌ ته‌واو بووه‌.

 

به‌رهه‌م ساڵح كه‌سایه‌تی‌ سیاسی‌ دیارو سه‌رۆكی‌ پێشوتری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ئێستا سه‌رۆكی‌ بۆردی‌ پرۆژه‌ی‌ "هه‌واری‌ شار"ه‌، شانۆ رۆمانیه‌كه‌ دڵخوازترین به‌شی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌ رۆژانه‌ سه‌ردانی‌ ده‌كات‌و چاودێری‌ كاره‌كانی‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌داهاتوو "ده‌بێته‌ سیمایه‌كی‌ جیاوازی‌ پاركه‌كه‌و شاری‌ سلێمانی‌‌و هه‌رێمی‌ كوردستانیش".

 

به‌رهه‌م ساڵح له‌باره‌ی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "سلێمانی‌ پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ژێرخانێكی‌ به‌هێزی‌ رۆشنبیری‌ له‌ڕووی‌ بیناوه‌ هه‌بێت، كه‌ ئه‌وه‌ هۆكارێك ده‌بێت بۆ به‌هێزبوونی‌ ژێرخانی‌ مه‌عنه‌وی‌ رۆشنبیری‌ شاره‌كه‌‌و به‌درێژایی مێژووی‌ دروستبوونی‌ به‌رده‌وامبووه‌".

 

وتیشی‌ "له‌كاره‌كانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌رده‌وامین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌زوویی ته‌واو بببێت‌و كاریش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ساڵانه‌ بۆ ناساندنی‌ كه‌لتوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و شاری‌ سلێمانی‌ فیستیڤاڵێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌و بینایه‌وه‌ سازبكه‌ین".

 

Kurdish Colloseum

Kurdish Colloseum

شانۆیی رۆمانی‌ له‌سلێمانی‌ خاوه‌نی‌ كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندییه‌و نزیكه‌ی‌ 5000 پێنج هه‌زار كه‌س ده‌گرێت، له‌گه‌ڵ بوونی‌ پشتێنه‌یه‌كی‌ سه‌وزایی له‌ده‌وری‌ بیناكه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندازیاری‌ شاره‌وانی‌ سلێمانی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ دروستكردنی‌ ده‌كه‌ن.

 

رێبین جه‌میل محه‌مه‌د ئه‌ندازیاری‌ سه‌رپه‌رشتیار له‌پرۆژه‌ی‌ "هه‌واری‌ شار"، له‌و باره‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆ دروستكردنی‌ بینای‌ شانۆیی رۆمانی‌ سوود له‌دیزاین‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ بینا مێژووییه‌كه‌ وه‌رگیراوه‌، چ له‌ڕووی‌ لێكچوونی‌ دیزاین‌و چ له‌ڕووی‌ هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ شوێنه‌كه‌ی‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ شاخاوییه‌".

 

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ باسی‌ له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ كردو وتیشی‌ "ئه‌وه‌ یه‌كه‌م هۆڵی‌ كراوه‌ی‌ شانۆییه‌ له‌عێراقدا ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌بینه‌ر بگرێت، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌ك دیزاینكراوه‌ كه‌ پێویستی‌ به‌سیسته‌می‌ ده‌نگی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ نه‌بێت‌و كه‌سێك له‌سه‌ر سته‌یجی‌ شانۆییه‌كه‌ قسه‌ بكات، له‌كۆتا ریزه‌كانی‌ شوێنی‌ بینه‌رانه‌وه‌ به‌ئاسانی‌ گوێبیستی‌ ده‌بن".

 

 به‌رهه‌م ساڵح: كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ساڵانه‌ بۆ ناساندنی‌ كه‌لتوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و شاری‌ سلێمانی‌ فیستیڤاڵێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌و بینایه‌وه‌ سازبكه‌ین

 

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌هه‌نگاوێكی‌ گرنگ داده‌نرێت بۆ بواری‌ شانۆیی‌و نمایش له‌شاری‌ سلێمانی‌، كه‌ به‌قسه‌ی‌ ئامانج ئیبراهیم محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ شانۆ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ رۆشنبیری‌ سلێمانی‌ "ئه‌و بینا ناوازه‌یه‌ به‌ردێكی‌ تر ده‌بێت له‌سه‌ر بینای‌ رۆشنبیری‌‌و شانۆیی سلێمانی‌ داده‌نرێت".

 

ئامانج ئیبراهیم محه‌مه‌د بۆ "نیقاش" وتی‌ "سلێمانی‌ خاوه‌نی‌ جموجۆڵێكی‌ زۆری‌ نمایشی‌ هونه‌ری‌‌و شانۆییه‌، به‌شێوه‌ك له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م دوو ساڵه‌ كه‌ قه‌یرانێكی‌ قورس رووی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌، كاری‌ شانۆیی نه‌وه‌ستاوه‌، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش واده‌كات له‌داهاتوودا كاری‌ شانۆیی له‌پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ زیاتر بكات".

 

ئه‌م شانۆیه‌ به‌شێكه‌ له‌پرۆژه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تر به‌ناوی‌ "هه‌واری‌ شار" كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی له‌سه‌ر رووبه‌ری 4400 دۆنم زه‌وی دروستكراوه‌، سه‌رپه‌رشتیارانی‌ ده‌ڵێن به‌یه‌كه‌م گه‌وره‌ترین پارك له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست داده‌نرێت‌و به‌بیست‌و سێیه‌مینیش له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان كه‌ له‌ئێستادا زیاتر له‌ 3000 جۆر نه‌مام‌و گوڵی تێدا چێنراوه‌.

 

پرۆژه‌كه‌ له‌ساڵی 2004 ده‌ست به‌كاركردن تێدا كرا كه‌ ئه‌وكات به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (كابینه‌ی سلێمانی) بوو، له‌دوای 12 ساڵ كاركردن تێدا رۆژی 22ی‌ ئایاری‌ رابردوو ده‌رگای پاركه‌كه‌ به‌ڕووی دانیشتوانی‌ سلێمانی‌‌و ده‌وروبه‌ری‌ كرایه‌وه‌.

 

به‌و پێیه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ "هه‌واری‌ شار" هێشتا یه‌ك له‌سه‌ر چواری‌ به‌شی‌ گه‌شتیاری‌‌و ژینگه‌ییه‌كه‌ی‌ ته‌واوكراوه‌، كاركردن له‌چه‌ند بوارێكی‌ تری‌ پرۆژه‌كه‌ له‌وانه‌ هۆتێلی 5 ئه‌ستێره‌و میوانخانه‌و سینه‌ماو ریستۆرانت به‌رده‌وامه‌.

به‌رهه‌م ساڵح، خاوه‌نی‌ بیرۆكه‌ی‌ دروستكردنی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌ڵێت "خه‌ونێكی‌ له‌مێژینه‌م هه‌بووه‌و ئێستا كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر پێ‌و كاركردن تێیدا به‌رده‌وامه‌، له‌هه‌وڵی‌ به‌رده‌وامیشدام بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌ بگه‌یه‌نمه‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ خۆم مه‌به‌ستمه‌".

 

به‌رهه‌م ساڵح، وتیشی‌ "پرۆژه‌ی‌ هه‌واری‌ شار ته‌نیا پرۆژه‌یه‌كی‌ گه‌شتیاری‌ نییه‌، به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی‌ ژینگه‌یی‌و وه‌به‌رهێنانی‌‌و كه‌لتوری‌‌و رۆشنبیری‌‌و چه‌ند بوارێكی‌ تره‌".

 

پرۆژه‌كه‌ له‌ناوچه‌یه‌ك له‌سلێمانی‌ بونیادنراوه‌ كه‌ پێشتر پێی‌ ده‌وترا "دوڵه‌ رووت" وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ دارو دره‌ختی‌ تیا نییه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ناوچه‌یه‌ یه‌ك پارچه‌ بووه‌ به‌سه‌وزایی‌و به‌قسه‌ی‌ رێبین جه‌میل محه‌مه‌د ئه‌ندازیاری‌ سه‌رپه‌رشتیار له‌پرۆژه‌ی‌ "هه‌واری‌ شار" به‌رێژه‌ی‌ 5% سه‌وزایی بۆ شاری‌ سلێمانی‌ زیادكردووه‌.

 

به‌پێی‌ ئه‌و داتایانه‌ی‌ "نیقاش" له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ باخچه‌كانی‌ سلێمانی‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، رێژه‌ی‌ سه‌وزایی له‌ناو شاری‌ سلێمانی‌ له‌ئێستادا 14% به‌بێ‌ سه‌وزاییه‌كانی‌ پاركی‌ "هه‌واری‌ شار"، كه‌ به‌و رێژه‌یه‌وه‌ ده‌كاته‌ 19%.

 

رێبین جه‌میل ئاشكراشیكرد به‌نیازن وه‌به‌رهێنان له‌پرۆژه‌كه‌دا له‌چه‌ند بوارێك بكه‌ن، بۆ نموونه‌ ئێستا رووبه‌رێكی‌ 400 دۆنمی‌ له‌ناو پرۆژه‌كه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ باخچه‌ی‌ ئاژه‌ڵان كه‌ جگه‌ له‌باخچه‌كه‌، گۆڕه‌پانی‌ ئه‌سپسواری‌‌و چه‌ند گۆڕه‌پانێكی‌ تری‌ وه‌رزشیشی‌ تێدا دروستده‌كرێت.

 

ئێستا له‌رۆژه‌كانی‌ پشوودا رۆژانه‌ نزیكه‌ی‌ 10 هه‌زار كه‌س سه‌ردانی‌ پاركه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و سه‌رپه‌رشتیارانی‌ وا مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونیدا بۆ چه‌ند هێنده‌ به‌رز ببێته‌وه‌.

 

راسته‌ سه‌رپه‌رشتیارانی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌ستیان به‌هه‌موو به‌شه‌كانی‌ پاركه‌كه‌وه‌یه‌، به‌ڵام هیچ شتێك وه‌ك شانۆ رۆمانییه‌كه‌ دڵخۆشی‌ نه‌كردوون‌و ده‌یهێننه‌ به‌رچاوی‌ خۆیان كه‌ چه‌ند مانگێكی‌ تر ئه‌وێ‌ جمه‌ی‌ دێ‌ له‌و خه‌ڵكه‌ی‌ بۆ بینینی‌ شانۆگه‌ری‌‌و فیلمی‌ سینه‌مایی‌‌و چالاكی‌ جۆراوجۆر بۆی‌ ده‌چن، به‌وه‌ش گوڕێكی‌ گه‌وره‌ ده‌ده‌نه‌ ره‌وتی‌ هونه‌ری‌‌و رۆشنبیری‌ سلێمانی‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌