راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كوبه‌ی بڕوێش‌و عروق ئه‌لفڕن‌و سماقیه‌
خواردنه‌ موسڵاویه‌كان سفره‌ی واستیه‌كان ده‌ڕازێننه‌وه‌

محەمەد زەیدی
به‌هۆی‌ ئاواره‌ییه‌وه‌ هونه‌ری‌ چێشلێنان‌و ده‌ست ره‌نگینی‌ به‌خێرایی‌ له‌نێو ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عێراق ئاڵوگۆڕی‌ كرد، خواردنی‌ موسڵ له‌پارێزگای‌ واسیتی‌ باشوور یه‌كێكه‌ له‌نموونه‌ زیندووه‌كان.
5.01.2017  |  واست
چەند جۆرێک خواردنی موسڵاوی ( :وێنه ويكوبيديا عمر اكران )
چەند جۆرێک خواردنی موسڵاوی ( :وێنه ويكوبيديا عمر اكران )

هه‌ر كه‌ ده‌گه‌یته‌ ماڵی ئه‌بو یاسینی راگوێزراوی موسڵ له‌كوت، بۆنی ئه‌و خواردنه‌ موسڵاویانه‌ ده‌كه‌یت كه‌ سوچ‌و گۆشه‌كانی ماڵه‌كه‌یان له‌ده‌ره‌وه‌ پڕكردووه‌ وه‌ك كوبه‌ی قه‌یسی، سماقیه‌، خوبز ره‌قاق (نانی تیری) كه‌ ناوو وه‌سفی چه‌ندین خواردنی جۆراوجۆرن.

 

خانه‌واده‌كه‌ی ئه‌بو یاسین په‌رۆشی ئه‌وه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام خواردنه‌ موسڵاویه‌كان ئاماده‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چه‌ندین جۆری دیكه‌ی خواردنی موسڵاوی دێرینی وه‌ك خواردنی كه‌شك‌و ترشیاتی موسڵاوی به‌ناوبانگ. خواردنی جیاجیاو هه‌مه‌جۆری له‌هه‌موو شتێكدا.

 

وادیاره‌ ئه‌و خواردنانه‌ی شاری موسڵ ناوبانگی پێ ده‌ركردوون، بوونه‌ته‌ جێگای خواست‌و ره‌زامه‌ندی واستیه‌كانیش، هه‌روه‌ك مه‌ریه‌می كچه‌ واستی ده‌ڵێت هه‌مه‌جۆری چێشتخانه‌ی موسڵاوی حاڵه‌تێك له‌ئاره‌زووی زۆری له‌نێو ژنانی واستدا دروست كردووه‌ بۆ به‌پیره‌وه‌چوونی فێربوونی هونه‌ری ئاماده‌كردنی ئه‌و خواردنانه‌و پێشكه‌شكردنیان به‌ئه‌ندامانی خێزان.

 

مه‌ریه‌م كه‌ له‌هه‌وڵی فێربوونی دروستكردنی كوبه‌دایه‌ له‌سه‌ر شێوازی موسڵاوی، ده‌ڵێت "زه‌حمه‌ته‌ بۆ خاوه‌ن ماڵه‌كان ئه‌و جۆره‌ خواردنه‌ به‌تامانه‌ فه‌رامۆش بكه‌ن"، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاره‌زووه‌ زۆره‌شدا كه‌ وا له‌ مه‌ریه‌م ده‌كات فێری هونه‌ری ئاماده‌كردن‌و لێنانی خواردنه‌ موسڵاویه‌كان ببێت، ئیلین كه‌ كچێكی شه‌به‌كی راگوێزراوی ته‌له‌عفه‌ره‌ له‌باشووری موسڵ هیچ كاتێكی باشتر نابینێته‌وه‌ له‌و كاتانه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌ریه‌می دراوسێی نوێی به‌سه‌ریان ده‌بات.

 

ئیلین چه‌ندین سه‌عاتی دوورودرێژ له‌ته‌نیشت كچه‌ دراوسێكه‌یه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌بات بۆئه‌وه‌ی فێری هونه‌ره‌كانی خواردنی موسڵاوی‌و شێوازه‌كانی ئاماده‌كردنی هه‌ندێك له‌و خواردنانه‌ ببێت كه‌ ته‌نیا دانیشتووانی موسڵیان پێ جیاده‌كرێته‌وه‌، هاوكات مه‌ریه‌م هه‌وڵ ده‌دات كچه‌ شه‌به‌كه‌كه‌ فێری هه‌ندێك له‌و وشانه‌ بكات كه‌ له‌نێو ژنانی باشووردا به‌كارده‌هێنرێن.

 

"شه‌كو ماكو، عه‌لێمه‌ن، به‌عد روحی" چه‌ند وشه‌یه‌كی میللین كه‌ كچه‌ شه‌به‌كه‌ ته‌مه‌ن (28) ساڵانه‌كه‌ به‌زۆری دووباره‌یان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌و سه‌دان راگوێزراوه‌ی گه‌یشتوونه‌ته‌ پارێزگای واست.

 

ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت "ئێمه‌ ناچارین له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بژین كه‌ تێی كه‌وتووین، ئه‌گه‌ر شتێكی ئه‌رێنیش له‌مه‌سه‌له‌ی راگواستندا هه‌بێت ئه‌وا ئاشنابوونه‌ به‌كه‌لتوری خه‌ڵكی پارێزگا جیاجیاكانی باشوور".

 

ئه‌و كچه‌ عێراقیه‌ راگوێزراوه‌ پێی وایه‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌زارو چێشتخانه‌و جۆره‌كانی خواردنی جیاده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كانی باشوور پێیان ئاشنا نین، روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كتربینینی ئه‌م خێزانانه‌ ده‌رفه‌تێكی له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌كتریه‌وه‌ شت فێر ببن.

 

سه‌باره‌ت به‌ئاره‌زووی ژنانی شاره‌كه‌ش بۆ فێربوونی ئاماده‌كردنی هه‌ندێك خواردنی موسڵاوی، ئیلین ده‌ڵێت "به‌كرداری هه‌ستم به‌ئاره‌زووی ئاماده‌كردنی ئه‌و خواردنانه‌ كردووه‌ له‌لای زۆربه‌ی دراوسێكانمان له‌و گه‌ڕه‌كه‌ی تێیدا نیشته‌جێین، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ژنانی ماڵه‌وه‌ رووبه‌ڕووی قورسی ده‌بنه‌وه‌ له‌ئاماده‌كردنی هه‌ندێكیاندا، هه‌شیانه‌ به‌كرداری فێری ئاماده‌كردنیان بووه‌و به‌به‌رده‌وامی پێشكه‌شی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ده‌كات".

 

له‌دوای باڵاده‌ستبوونی داعش له‌ساڵی 2014 زیاتر له‌هه‌زار خێزان له‌قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری پارێزگای نه‌ینه‌واوه‌ گه‌یشتنه‌ پارێزگای واست وه‌ك حكومه‌تی خۆجێیی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌كاتی خۆیدا رایگه‌یاند، روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ داتابه‌یسێكی بۆ ئه‌و خێزانانه‌ رێكخستووه‌و كاری بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ هاوكاری مرۆییان بۆ دابین بكات.

 

سه‌ره‌ڕای نه‌هامه‌تی راگوێزراوان له‌ناوچه‌كانیان به‌ده‌ست خراپی بارودۆخی ده‌روونی‌و گرانی پرۆسه‌ی تێكه‌ڵبوون‌و كارو خوێندن به‌هۆكاری جیاجیا، به‌ڵام دایكی ئیلین له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا هاوڕایه‌ كه‌ ده‌ڵێن ژنان زیاتر له‌هه‌ر كه‌سێك "كاردانه‌وه‌یان هه‌یه‌ بۆ هۆكاره‌كانی تێكه‌ڵبوون كه‌ ره‌نگه‌ فره‌یی چێشتخانه‌و هه‌مه‌جۆری خواردنه‌كان یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ بێت".

 

له‌باره‌ی به‌ناوبانگترین خواردنیش كه‌ دروستكردنی له‌نێو ژنانی باشووردا به‌كرداری ده‌ستی پێكردووه‌، ده‌ڵێت "له‌ به‌ناوبانگترین ئه‌و خواردنه‌ موسڵاویانه‌ی له‌نێو شاره‌كانی باشووردا ئاماده‌ده‌كرێن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ "عروق ئه‌لفڕن" ناسراوه‌و یه‌كێكه‌ له‌و خواردنه‌ به‌ناوبانگانه‌ی خواستی خه‌ڵكی باشووری له‌سه‌ره‌ له‌به‌ر به‌تام‌و چێژه‌كه‌ی‌و ئاسانی ئاماده‌كردنی.

 

ئه‌و ژنه‌ راگوێزراوه‌ به‌ده‌م سه‌رقاڵی به‌له‌تكردنی په‌تاته‌و پیازه‌وه‌، وتی "له‌رێی تێكه‌ڵكردنی ساوه‌ری هاڕاووبڕوێش‌و كه‌په‌ك له‌گه‌ڵ نیو په‌رداخ ئاوو كه‌مێك خوێ‌و كاری‌و بیبه‌رو كه‌ره‌وزو به‌هارات‌و ته‌ماته‌و ماجی سه‌وزه‌و دۆشاوی ته‌ماته‌و گۆشت ئاماده‌ ده‌كرێت، ئه‌و ماددانه‌ تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌كرێن‌و بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی سه‌عاتێك به‌جێده‌هێڵرێن‌و پاشان خواردنه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌بێت".

 

ئه‌م خێزانه‌ ته‌نیا خێزانی راگوێزراو نیه‌ كه‌ دوای نزیكه‌ی دووساڵ له‌راگواستن هێشتا په‌رۆشه‌ بۆ ئاماده‌كردنی خواردنه‌ موسڵاویه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، چونكه‌ ئوم عومه‌ر نموونه‌ی ژنێكی دیكه‌یه‌ كه‌ دروستكردن‌و ئاماده‌كردنی ئه‌م جۆره‌ خواردنانه‌و فرۆشتنیان به‌ناوچه‌كانی كوت-ی كردۆته‌ پیشه‌یه‌ك‌و بژێوی خۆی پێ په‌یدا ده‌كات.

 

هه‌موو به‌یانیه‌ك ئوم عومه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی داده‌نیشێت‌و ده‌فرێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌ كوبه‌ی موسڵی تێدا ده‌پێچێته‌وه‌و خواردن بۆ خێزانێكی ئاواره‌ی زۆر هه‌ژار ئاماده‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه‌ بارودۆخی هه‌ژارانی شاره‌كه‌و بارودۆخی ئاواره‌كان له‌مساڵدا  له‌یه‌ك ده‌چێت به‌هۆی ئه‌و باری ده‌ستگرتنه‌وه‌ داراییه‌ی خێزانه‌ عێراقییه‌كانی تێیدا ده‌ژی.

 

ئوم عومه‌ر به‌"نیقاش"ی وت "له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ له‌موسڵ بووین من وه‌ك چێشتلێنه‌ر كارده‌كه‌م‌و كاره‌كه‌شمان پێویستی به‌ئاماده‌كردنی جۆره‌ها خواردن هه‌بوو به‌پێی داواكاری خێزانه‌كانی ئه‌وێ، به‌ڵام دوای راگواستن هه‌موو شتێك گۆڕا، بارودۆخه‌كه‌ له‌ریشه‌وه‌ جیاوازه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "دوای هاتنم بۆ كوت هیچ چاره‌یه‌كم نه‌بوو جگه‌ له‌گه‌ڕان به‌دوای كارێكی گونجاودا بۆ دابینكردنی كرێی ئه‌و شوقه‌یه‌ی خێزانه‌كه‌می تێدا ده‌ژی كه‌ پێكهاتوون له‌هاوسه‌ره‌كه‌م‌و دوو منداڵ".

 

به‌پێی گێڕانه‌وه‌كه‌ی ئوم عومه‌ر ئه‌وا چیرۆكه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خواردن دروستكردن‌و خواردنه‌ موسڵاویه‌كان دوای ئه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ له‌سایتی فه‌یسبوك هه‌ندێك ژنی دانیشتووی شاره‌كه‌ی ناسی‌و به‌شداریكردن له‌بازاڕێكدا بۆ خستنه‌ڕووی به‌رهه‌می دروستكراوی ماڵان".

 

له‌هه‌وڵێكیشدا بۆ بانگه‌شه‌كرن بۆ خواردنه‌ موسڵاویه‌كانی، ئوم عومه‌ر له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبوك ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ بۆ دابینكردنی سه‌رجه‌م خواردنه‌كان به‌تازه‌یی بۆ ئه‌وانه‌ی ئاره‌زوویان لێیه‌تی له‌شاره‌ جیاجیاكانی پارێزگای واست.

 

عه‌لی عابدی موختاری ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی ئوم عومه‌ری تێدا نیشته‌جێیه‌ به‌ "نیقاش"ی وت "ژنان تواناو خواستێكی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ بۆ دابینكردنی ئه‌و خواردانانه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاره‌زووی ده‌كه‌ن، ئه‌م كاره‌ش خۆی له‌خۆیدا ده‌رفه‌تێكی گونجاوه‌ بۆ ئه‌و ژنه‌ تا بارگرانی ژیان له‌سه‌رشانی لاببات‌و تۆڕێك په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی دابمه‌زرێنێت".

 

عابدی وتیشی "واستیه‌كان زۆرجار سه‌رسوڕمان‌و ئاره‌زووی خۆیان ده‌رده‌بڕن بۆ خواردنه‌ موسڵاویه‌كان‌و فێربوونی هونه‌ره‌كانی دروستكردنیان ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی خۆیان تێدا بینیه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌