راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شانۆی گه‌ڕۆك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا
هونه‌رمه‌ندێك ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ده‌كاته‌ ته‌ختی شانۆ بۆ منداڵان

ئەفراح شەوقی
پاش ئه‌و دابڕانه‌ گه‌وره‌یه‌ی شانۆی منداڵان له‌عێراق به‌خۆوه‌ی بینی، هونه‌رمه‌ندێكی‌ عێراقی به‌ئۆتۆمبێله‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ خۆی‌ ئه‌و ره‌وته‌ی‌ زیندوو كردووه‌ته‌وه‌و نمایشه‌ نوێیه‌كانیان پێشكه‌شی‌ منداڵان ده‌كات.
15.12.2016  |  به‌غدا
شانۆی گەڕۆکی منالان
شانۆی گەڕۆکی منالان

گۆڕینی ئۆتۆمبیلێكی بارهه‌ڵگر له‌جۆری (پیك ئاپ) بۆ شانۆیه‌كی گه‌ڕۆك به‌ته‌واوی ورده‌كاری‌و دیكۆره‌وه‌، كارێكی ئاسان نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌كرده‌وه‌ روویداوه‌و شانۆ گه‌ڕۆكه‌كه‌ سه‌ردانی منداڵان ده‌كات له‌خوێندنگه‌كانیان‌و نمایشی شانۆیی وایان پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ جیهان‌و بیركردنه‌وه‌و خه‌ونه‌كانیاندا، له‌كاتێكدا ساڵانێكه‌ شانۆی منداڵان له‌عێراق دابڕاوه‌و هه‌مووان لێی دووركه‌وتوونه‌وه‌.

 

هونه‌رمه‌ند حسێن عه‌لی ساڵح كه‌ ماوه‌ی بیست ساڵه‌ له‌بواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا كارده‌كات، تائێستا سێ كاری شانۆیی پێشكه‌ش كردووه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌(باڵنده‌ راگوێزراوه‌كان) كه‌ له‌ده‌روازه‌ی شانۆی نیشتمانی له‌به‌غدا له‌چوارچێوه‌ی نمایشه‌كانی فێستیڤاڵی عێراق دژی تیرۆر نمایش كرا.

 

هه‌مان نمایش له‌سه‌یرانگای زه‌ورا له‌چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگێكی رێكخراوی یونسێف به‌هاوكاری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و ئه‌میندارێتی به‌غدا پێشكه‌ش كرا، هه‌روه‌ها نمایشی شانۆی (نهێنی هێشوه‌كه‌) كه‌ له‌خانه‌یه‌كی بێ سه‌رپه‌رشتان پێشكه‌ش كرا. ئه‌م كارانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌لای منداڵان كه‌ بۆ ساڵانێكی دوورودرێژ له‌كاری هونه‌ری‌و شانۆگه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیان دابڕابوون‌و ته‌نانه‌ت له‌لای گه‌وره‌كانیش.

 

حسێن سه‌باره‌ت به‌بیرۆكه‌كه‌ی به‌"نیقاش"ی‌ وت "نزیكه‌ی ساڵێكه‌ ده‌ستم به‌جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌م كردووه‌، سه‌ره‌تاكه‌شی له‌هۆڵه‌كانی یه‌كێك له‌خوێندنگه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا بوو، به‌ڵام تووشی شۆك بووم كه‌ زۆربه‌ی خوێندنگه‌كان ره‌تیانكرده‌وه‌ خوێندكاران بهێنن بۆ بینینی شانۆییه‌كه‌ به‌بیانووی سه‌ختی گواستنه‌وه‌ی خوێندكاران‌و ئاسته‌نگه‌ ئه‌منییه‌كان‌و گرنگی وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی ره‌سمی له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و كه‌سوكاری خوێندكاره‌كان، ئه‌مه‌ش هانی دام شانۆیه‌كی گه‌ڕۆك دابمه‌زرێنم كه‌ هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانی تێدابێت".

 

ئامێره‌كانی ده‌نگ‌و دیكۆرو پێداویستییه‌كانی نمایشی شانۆیی له‌شێوه‌ی گالیسكه‌كه‌ی سه‌ندرێلادا له‌ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری (پیك ئاپ) دانراون‌و حسابیش بۆ پێوانه‌كانی كراوه‌ به‌جۆرێك كاتێك گالیسكه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌و ده‌بێته‌ شانۆ، قوڵاییه‌كه‌ی سێ مه‌ترو پانیه‌كه‌ی پێنج مه‌تر ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شانۆ جێگیره‌كان ده‌چێت.

 

حسێن ده‌شڵێت "من باوه‌ڕم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هونه‌ر په‌یامێكی گرنگه‌ له‌پێناو گه‌شه‌كردنی منداڵ‌و ته‌یاركردنی به‌زانین‌و په‌ندو ئامۆژگاری به‌جۆرێك كه‌ وه‌ریانبگرێت‌و رقی لێیان نه‌بێته‌وه‌، یه‌كێك له‌گرنگترین ئامڕازه‌كانیش شانۆیه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌منداڵیماندا زۆر شتی لێوه‌ فێربووین‌و ئێستاش لێی فێرده‌بین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ منداڵانی عێراق بێبه‌شن له‌ساده‌ترین مافیان".

 

ئه‌و ده‌شڵێت: "پلانی ئاینده‌یی ئه‌وه‌یه‌ بچینه‌ كامپی ئاواره‌كان‌و خانه‌كانی بێسه‌رپه‌رشتان‌و ناوچه‌ دووره‌ده‌سته‌كان، هه‌روه‌ها نیازیش هه‌یه‌ چه‌ند نمایشێك پێشكه‌شی منداڵانی زۆنگاوه‌كان بكرێت".

 

سه‌باره‌ت به‌و به‌سه‌رهاته‌ خۆشانه‌ش كه‌ له‌كاتی نمایشدا هاتوونه‌ته‌ رێی، حسێن وتی "داوای منداڵان بۆ ئه‌وه‌ی یاوه‌ری تیپه‌كه‌ بكه‌ن له‌گه‌شته‌كانیدا یاخود له‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانیداو گریانیان له‌كاتی كۆتاییهاتنی نمایشدا، هه‌شیان بوو حه‌زی ده‌كرد ئۆتۆمبێلی شانۆكه‌ (گالیسكه‌كه‌) له‌لای ماڵیان بوه‌ستێت یاخود بێت تێیدا بژی".

 

حسێنی هونه‌رمه‌ند هیوا ده‌خوازێت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هاوكاری بكات بۆ ئه‌وه‌ی نمایشی شانۆیی له‌ناو خوێندنگه‌كاندا پێشكه‌ش بكات، چونكه‌ زۆربه‌ی خوێندكاران له‌بنه‌ڕه‌تدا نازانن شانۆ چیه‌، شانۆی خوێندنگه‌كانیش به‌ته‌واوی له‌ گرنگیپێدانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌بواری په‌روه‌رده‌ له‌وڵاتدا، سڕاوه‌ته‌وه‌.

 

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ د. فاتن جه‌ڕاح مامۆستای ده‌رهێنانی شانۆی منداڵان به‌"نیقاش"ی‌ وت "شانۆی منداڵان ساڵانێكه‌ ونه‌، هیچ هه‌وڵێكیش نییه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌رچی باشترین رێگایه‌ بۆ په‌روه‌رده‌و فێركردن‌و كاتبه‌سه‌ربردنیش، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ریش هه‌وڵماندا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌خانه‌ی رۆشنبیری منداڵان به‌هاوكاری رێكخراوێكی مه‌ده‌نی  بجووڵێنین‌و توانیمان بابه‌ته‌كه‌ له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 25 خوێندنگه‌ باس بكه‌ین‌و به‌كرده‌وه‌ش له‌كاتی خوێندندا سه‌ردانمان كردن‌و كاره‌ شانۆییه‌كانمان له‌ناو پۆله‌كان یاخود له‌گۆڕه‌پانی خوێندنگه‌كاندا پێشكه‌ش كرد".

 

وتیشی "كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌عێراقدا نزیكه‌ی 9600 خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تایی‌و 1200 خوێندنگه‌ی ئه‌هلی هه‌ن‌و ئه‌م ژماره‌یه‌ش شانۆی گه‌ڕۆك نایانگرێته‌وه‌، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بایه‌خ به‌شانۆی منداڵان نادات، چونكه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی چالاكی خوێندنگه‌كانی هه‌یه‌و ئه‌و دامه‌زراندنی تیپه‌كان‌و فێستیڤاڵه‌كان‌و كاره‌ هونه‌رییه‌كان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

 

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌مه‌رقه‌ند جابری شاعیرو چیرۆكنووس كه‌ چه‌ندین به‌شداری له‌شانۆی منداڵاندا هه‌یه‌، به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند بیرۆكه‌ی شانۆی گه‌ڕۆكی به‌دڵه‌و بیرۆكه‌ی سه‌نته‌ری موته‌نه‌بی بچووك كه‌ تازه‌ له‌شه‌قامی موته‌نه‌بی دامه‌زرێندراوه‌، تیپێكی شانۆی منداڵان له‌ خۆده‌گرێت كه‌ هه‌وڵ ده‌دات هه‌ندێك نمایش پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی شانوێ منداڵان فه‌رامۆش كراوه‌و پێ به‌پێی گه‌شه‌ی عه‌قڵی منداڵان ناڕوات كه‌ ته‌ماشای فیلمه‌ ئه‌نیمه‌یشنه‌كان‌و یاری ئامێره‌ زیره‌كه‌كان‌و یاری ئه‌كشن ده‌كه‌ن.

 

وتیشی:" شانۆی بووكه‌ڵه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر منداڵان هه‌بوو، چونكه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا شانۆی بووكه‌ڵه‌ زۆر چالاك بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌رنامه‌ی شانۆیی تایبه‌ت به‌ منداڵان له‌لایه‌ن كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كانه‌وه‌ په‌خش ناكرێن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌