راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌زانی‌؟
كه‌بادی‌.. یاریه‌كی نوێ عێراق ده‌ته‌نێته‌وه‌

مه‌نار ئه‌لزوبه‌یدی‌
له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ داخراوی‌ وه‌ك دیوانییه‌ ژماره‌یه‌ك له‌كچان له‌رووی‌ كۆت‌و به‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ستاون‌و په‌ره‌یان به‌یاری‌ (كه‌بادی‌) داوه‌.
15.12.2016  |  دیوانیه‌
کچە یاریزانەکانی کەبادی لەدیوانیە ( :وێنه Manar al-Zubaidi)
کچە یاریزانەکانی کەبادی لەدیوانیە ( :وێنه Manar al-Zubaidi)

كچانی یاری (كه‌بادی) له‌یانه‌ی دیوانیه‌ به‌لانی كه‌می پێداویستییه‌كانی به‌رده‌وامبوونیان درێژه‌ به‌راهێنانه‌كانیان ده‌ده‌ن له‌نێو ژینگه‌یه‌كی موحافزكارو ره‌خنه‌گرتنێكی تونددا كه‌ زۆرێك له‌هاوڕێ كچه‌كانیانی ناچاركردووه‌ واز له‌یاریه‌كه‌ بهێنن.

 

ئیلهام عه‌بدولحسێن كاپتنی هه‌ڵبژاره‌ی كه‌بادی عێراق (20 ساڵ) كه‌ خوێندكاری پۆلی پێنجی ئاماده‌ییه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌ستكردنی به‌نائومێدی به‌هۆی وازهێنانی هاوڕێ كچه‌كانی له‌راهێنان، به‌ڵام به‌رده‌وامه‌.

 

ئه‌و كچه‌ یاریزانه‌ گه‌نجه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "یاری به‌كۆمه‌ڵ‌و گیانی تیم په‌لكێشی كردم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م یاریه‌ بكه‌م‌و واز له‌تۆپی پێ بهێنم كه‌ پێشتر ده‌مكرد، چونكه‌ به‌شداری چالاكییه‌ وه‌رزشیه‌كانی خوێندنگه‌كانم ده‌كرد كاتێك هه‌ڵیانبژاردم بۆ ئه‌وه‌ی بچمه‌ تیپی یانه‌ی دیوانیه‌، كه‌سوكاریشم رازیبوون‌و هانیاندام، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار باوكم بۆ پشتیوانیكردم ئاماده‌ی راهێنانه‌كان ده‌بوو".

 

وتیشی‌ "زۆرێك له‌هاوڕێ كچه‌كانم رێگه‌ی یاریكردنیان پێنه‌دراوه‌ له‌به‌ر رازینه‌بوونی كه‌سوكاریان‌و تێڕوانینی به‌رته‌سكی كۆمه‌ڵگه‌. چونكه‌ هه‌ندێكجار جه‌ماوه‌ر رای خراپی له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر من نه‌بووه‌و ئاماده‌بووم بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، ته‌نانه‌ت باڵاپۆشیش نیم، كاته‌كانیشم له‌نێوان وه‌رزش‌و خوێندندا رێكخستووه‌، چونكه‌ خواستم ئه‌وه‌یه‌ ببمه‌ پارێزه‌رو به‌رده‌وامیش بم له‌وه‌رزش تا ده‌ستكه‌وتێكی وه‌رزشی به‌ده‌ستبهێنم".

 

حه‌نین قاسمی هاوكاری قسه‌كه‌ی وه‌رگرته‌وه‌و وتی "ئێمه‌ رووبه‌ڕووی هه‌لومه‌رجێكی سه‌خت ده‌بینه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌خێزانێكی وه‌رزشیم یارمه‌تیاندام بۆئه‌وه‌ی چالاكی وه‌رزشی ئه‌نجام بده‌م، چونكه‌ باوكم‌و براكانم یاری تۆپی پێیان ده‌كرد هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ وه‌رزشم خۆشویستووه‌و به‌بێ دوودڵی چوومه‌ ریزی تیپی كه‌بادی".

 

حه‌نین له‌شانزه‌یه‌مین به‌هاری ته‌مه‌نیدایه‌و به‌شداری له‌یاریه‌كانی هێزو گۆڕه‌پان‌و مه‌یدان كردووه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ به‌رله‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی سالێك واز له‌وه‌رزش بهێنێت پاشان یاری كه‌بادی سه‌رنجی راكێشا.

 

ئه‌و پاساوه‌كه‌ی به‌وه‌ هێنایه‌وه‌و به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌وه‌ی سه‌رنجی به‌لای یاری كه‌بادیدا راكێشام ئه‌وه‌یه‌ یاریه‌كی نوێیه‌و سروشتێكی هاوكاریانه‌ی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك هێزو شیاوی جه‌سته‌و له‌شسووكیشمان پێ ده‌به‌خشێت، بۆیه‌ ده‌بینیت ئه‌م یاریه‌ خۆشه‌یسته‌ له‌لای كچان".

 

حه‌نین باسی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كرد كه‌ هاتوونه‌ته‌ رێی كچه‌ هاوكاره‌كانی به‌تایبه‌تی باڵاپۆشه‌كان‌و وتی "زۆرجار رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌و هه‌راسانكردن ده‌بنه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌جه‌ماوه‌ره‌وه‌، زۆرجاریش ئه‌و كاره‌ خراپانه‌ دوای كۆتاییهاتنی یاریه‌كه‌ رووده‌ده‌ن له‌كاتی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌هۆڵه‌كه‌، ئه‌وه‌ش له‌ڕووی ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و كچانه‌ دروستكردووه‌ كه‌ ده‌یانویست بێنه‌ ناو تیپه‌كه‌وه‌و كه‌سوكاریان له‌ترسی ئه‌وه‌ رێگه‌یان پێنه‌داون، بۆیه‌ تائێستا 20 خوێندكار له‌خوێندنگه‌كه‌م له‌ئه‌نجامدانی یاری كه‌بادی بێبه‌ش بوون".

 

یاری كه‌بادی (Kabaddi) جه‌ماوه‌رێكی زۆری له‌هیندستان شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی‌و هه‌روه‌ها له‌ده‌وڵه‌تانی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا هه‌یه‌، یه‌كه‌م یه‌كێتیی ئه‌م یاریه‌ له‌ساڵانی په‌نجاكان دامه‌زراوه‌و چه‌ندین پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رێكخراوه‌، هاوكات ژماره‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئه‌م یاریه‌ ده‌كه‌ن زیاتر له‌ 58 ده‌وڵه‌ته‌، تیپی كه‌بادیش له‌ 12 یاریزان پێكدێت (حه‌وتیان له‌گۆڕه‌پان‌و پێنجیشیان یه‌ده‌گ) ماوه‌ی هه‌ر گێمێكیش 20 ده‌قیقه‌یه‌ بۆ هه‌ر تیپێك.

 

كه‌بادی یاریه‌كی شه‌ڕئامێزه‌ وه‌كو زۆرانبازی‌و تێیدا دوو تیپ به‌سه‌ره‌ به‌رگری‌و هێرش ده‌كه‌ن بۆ تۆماركردنی زۆرترین خاڵ به‌ده‌ستلێدان، ئه‌ویش به‌وه‌ی یه‌كێك له‌یاریزانانی تیپی هێرشبه‌ر ده‌چێته‌ گۆڕه‌پانی تیپی به‌رگریكارو هه‌وڵ ده‌دات ده‌ست له‌جوسنوه‌ یاریزانانی‌ تیمی‌ به‌رامبه‌ر بدات، هاوكات تیپی به‌رگریكاریش رێی لێده‌گرن یاخود ده‌یگرن‌و رێگه‌ناده‌ن بگه‌ڕێته‌وه‌ گۆڕه‌پانی تیپه‌كه‌ی، له‌میانی یاریه‌كه‌شدا یاریزانی هێرشبه‌ر "كه‌بادی، كه‌بادی" ده‌ڵێته‌وه‌.

 

عێراق به‌یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی داده‌نرێت یاری كه‌بادی له‌هۆڵدا ئه‌نجام بدات، چونكه‌ یاریه‌كه‌ دوو ساڵه‌ هاتووه‌ته‌ وڵاته‌كه‌و به‌خێرایی بڵاوبۆته‌وه‌، له‌ساڵی 2016یشدا زیاتر له‌42 یانه‌ی پیاوان‌و 8 یانه‌ی ژنان په‌یدابوون كه‌ له‌ڕِێی كۆمه‌كبه‌خشینه‌وه‌ خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

 

حه‌مید حه‌مدانی زۆرانبازی پێشوو دامه‌زرێنه‌ری كه‌بادی له‌عێراق‌و ئه‌مینداری لیژنه‌ی كه‌بادی ده‌ڵێت له‌ساڵی 2014دا بیرۆكه‌ی هێنانی یاریه‌كه‌ی بۆ ناو عێراق بۆ هات‌و له‌ساڵی 2015 ده‌ستی به‌پلان بۆدانان‌و جێبه‌جێكردنی كرد به‌هاندانی هاوڕێیانی له‌گه‌وره‌ یاریزانان‌و راهێنه‌ران‌و چاوی به‌كه‌سانێك كه‌وت كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ندێَك پارێزگایان ده‌كردو چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان كرد تا پێكهاته‌یه‌كی ساده‌یان ئاماده‌كرد بۆ ئاشناكردنی خه‌ڵك به‌یاری كه‌بادی‌و پاشان پاڵه‌وانێتیه‌ك بۆ پیاوان رێكخراو پاڵه‌وانێتییه‌كی ساڵانه‌ی به‌دواداهات.

 

هه‌روه‌ها به‌ "نیقاش"ی وت "له‌لیژنه‌ی ئۆلۆمپی عێراق ده‌نگدان بۆ ناساندنی كه‌بادی به‌ڕێوه‌چوو، بۆیه‌ چالاكییه‌كانی یاریه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ خرانه‌ ژێر چاودێریه‌وه‌ بۆ دڵنیابوون له‌سه‌ركه‌وتنی له‌ڕووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌، ئێستاش چاوه‌ڕوانی ده‌نگدانی ده‌سته‌ی گشتی ئۆڵۆمپی ده‌كه‌ین له‌م مانگه‌دا".

 

وتیشی "زیاتر له‌80 كچه‌ یاریزان هاتوونه‌ته‌ ریزی تیپه‌كانی ژنانمانه‌وه‌و ژماره‌كه‌ش له‌زیادبووندایه‌، له‌ساڵی 2015یشدا توانیمان 32 چالاكی له‌سه‌ر بودجه‌ی تایبه‌تی خۆمان ئه‌نجام بده‌ین كه‌ پاڵه‌وانێتی‌و خولی راهێنان‌و دادوه‌ری‌و كامپیان له‌خۆگرتبوو، هه‌روه‌ك 7 ژنی دادوه‌ریشمان هه‌یه‌. داوای هاوكاریشمان له‌یه‌كێتی ئێرانی كرد كه‌ راهێنه‌ری پیاوو ژنی بۆ دابینكردین، ئه‌مساڵیش 6 پاڵه‌وانێتی ژنانمان بردۆته‌وه‌و هه‌ڵبژارده‌ی ژنان میدالی برۆنزی ئاسیای 2015ی به‌ده‌ستهێنا كه‌ له‌تاران رێكخرابوو، هه‌ڵبژارده‌ی پیاوانیش 10 پاڵه‌وانێتی له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ده‌ستهێناوه‌".

 

بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای یاریه‌كه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ میللیه‌كان‌و خوێندنگه‌ وه‌رزشیه‌كان‌و زانكۆكاندا وایكرد یاریه‌كانی پۆلیس بیخاته‌ نێو چالاكیه‌ وه‌رزشیه‌كانی له‌ڕێی لیژنه‌ی كه‌بادی له‌دیوانیه‌، هه‌روه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ی یاریه‌كه‌ سه‌نته‌ری شاره‌كه‌ی تێپه‌ڕاند بۆ قه‌زاو ناحیه‌كانیشی.

 

پارێزگاكه‌ هه‌ر چوار یانه‌ی دیوانیه‌و نه‌یپورو عه‌فه‌ك‌و یه‌قه‌زه‌ له‌خۆده‌گرێت، له‌كاتێكدا یانه‌ی دیكه‌ی ژنان له‌به‌غداو كازمیه‌و ئه‌عزه‌میه‌و كه‌ركوك‌و حلله‌‌و دیاله‌ دامه‌زراون‌و پارێزگاكانی به‌سره‌و ناسریه‌و كوتیش ده‌ستیان به‌دامه‌زراندنی تیپی كه‌بادی كردووه‌.

 

عه‌لا حسێن راهێنه‌ری یانه‌ی كه‌بادی دیوانه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر له‌به‌رچاوگرتنی مه‌رجی دیاریكراو له‌و كچانه‌دا  كه‌ په‌یوه‌ندی به‌یاریه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌وانه‌ش كێش‌و بونیادی جه‌سته‌یی وه‌ك درێژی قۆڵ‌و قاچ‌و خێرایی‌و به‌هێزی.

 

ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "كه‌بادی وه‌رزشێكی توندوتیژ نییه‌، ئێمه‌ش هیچ كچه‌ پێشكه‌شكارێكمان ره‌تنه‌كردۆته‌وه‌ له‌به‌ر په‌رۆشیمان بۆ ده‌ستبه‌ركردنی بنكه‌یه‌كی ژنانه‌ كه‌ یانه‌كان‌و هه‌ڵبژارده‌ی نیشتمانیش به‌یاریزان ته‌یار بكات، بۆ زانیاریش راهێنانی كچانی یاریزان سه‌ختتره‌ له‌راهێنانی كوڕانی یاریزان له‌ڕووی رێكخستنی كاتی راهێنان‌و ژماره‌یانه‌وه‌".

 

وتیشی "هه‌ندێكجار ناچار ده‌بم داوا له‌كچه‌ یاریزانه‌كان بكه‌م باڵاپۆش بن له‌كاتی یاریه‌كاندا به‌بێ زۆرلێكردنیان، ئه‌ویش بۆ پاراستنیان له‌هه‌ر كارێكی خراپ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ك ئیداره‌ی یانه‌كه‌و ژنانی سه‌رپه‌رشتیار چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ كه‌ رووبه‌ڕووی كچه‌ یاریزانه‌كان ده‌بنه‌وه‌ چ له‌خێزانه‌كاندا بێت یاخو له‌خوێندنگه‌".

 

به‌ڵام كه‌می پشتیوانی دارایی‌و لۆجستی له‌گرنگترین ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ن كه‌ رووبه‌ڕووی وه‌رزشوانانی كه‌بادی ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی هۆڵه‌كان پێداویستیان تێدا نییه‌ وه‌كو ئه‌و راخه‌ره‌ی یاریزانه‌كان له‌پێكان ده‌پارێزێت‌و نه‌بوونی هۆكاری گواستنه‌وه‌و هانده‌ری دیكه‌.

 

ته‌ماره‌ یاسین (18 ساڵ) له‌یه‌كه‌مین ئه‌و كچانه‌یه‌ كه‌ له‌ساڵی 2015دا له‌دیوانیه‌ یاری كه‌بادیان كردووه‌و نازناوی باشترین كچه‌یاریزانی عێراقی له‌پاڵه‌وانێتی عێراقی خۆشه‌ویستی‌و ئاشتی به‌ده‌ستهێنا. به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌م یاریه‌ به‌ره‌نگاری‌و ئازایه‌تی زۆری تێدایه‌، بۆیه‌ بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ به‌كاریبهێنم تا په‌یامێك بۆ هه‌مووان بنێرم‌و بڵێم ژنانی عێراق له‌ئازایه‌تی‌و به‌هێزیدا هیچیان له‌پیاوان كه‌متر نییه‌و ده‌توانن چالاكیه‌ سه‌خته‌كانیش ئه‌نجام بده‌ن".

 

له‌چاوه‌ڕوانی ناساندنی یاری كه‌بادیشدا له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ئۆلۆمپی‌و گۆڕینی بۆ یه‌كێتیه‌ك كه‌ پێداویستییه‌كانی به‌رده‌وامبوونی هه‌بێت، كچانی یاری كه‌بادی له‌دیوانیه‌ به‌رده‌وامن له‌چنینه‌وه‌ی نازناوو پاڵه‌وانێتی ناوخۆیی‌و ئاسیایی.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌