راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سیروان له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌
به‌نداوه‌كه‌ی‌ ئێران به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كوردستان‌و عێراق تینوو ده‌كات

سەلام هانەدنی
به‌هۆی‌ به‌نداوێكی‌ ئێرانه‌وه‌ ئاوی‌ رووباری‌ سیروان به‌ته‌واوی‌ مه‌ترسی‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رو كار وا بڕوات ئه‌و رووباره‌ بۆ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌بێته‌ به‌شێك له‌رابردوو.
8.12.2016  |  هه‌ڵه‌بجه
روباری سیروان ( :وێنه سلام هاندني)
روباری سیروان ( :وێنه سلام هاندني)

رووباری‌ سیروان جگه‌ له‌وه‌ی‌ شاده‌مارێكی‌ گرنگی‌ ئاوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، هاوكات بووه‌ به‌به‌شێكی‌ گرنگ له‌كه‌لتوری‌ ناوچه‌كه‌و سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هه‌زاران دایك‌و باوك منداڵه‌كانیان به‌ناوی‌ ئه‌و رووباره‌وه‌ ناوناوه‌، له‌زۆرێك له‌هۆنراوه‌و گۆرانی‌‌و په‌نده‌ كوردییه‌كانیشدا ناوی‌ سیروان له‌ناو ناواندایه‌.

 

چه‌ند ساڵێكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌وه‌ ده‌ترسن پرۆژه‌ی‌ "به‌نداوی‌ داریان" له‌پارێزگای‌ كرماشانی‌ ئێران كۆتایی‌ بێت، چونكه‌ راسته‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ (28كم) له‌خاكی‌ عێراقه‌وه‌ دووره‌، به‌ڵام كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ هه‌یه‌و ئه‌هۆی‌ ئه‌و به‌نداوه‌وه‌ به‌شێكی‌ گرنگی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تینو ده‌بێت، به‌نداوه‌كه‌ له‌ساڵی‌ (2009) ده‌ست به‌دروستكردنی‌ كراوه‌و بڕیار وایه‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ (2018) كۆتایی‌ پێبێت.

 

ماوه‌ی‌ رابردوو سه‌ره‌تاكانی‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌ به‌روونی‌ ده‌ركه‌وت كاتێك ئێران به‌نداوه‌كه‌ی‌ تاقیكرده‌وه‌، به‌وه‌ش بڕێكی‌ ئێجگار زۆر له‌ئاوی‌ رووباری‌ سیروان كه‌می‌ كرد.

 

رووباری‌ سیروان له‌چیای‌ زاگرۆس له‌دیوی‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت‌و درێژییه‌كه‌ی‌ (445كم) ده‌بێت، له‌پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ دێته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و دواتر بۆ سلێمانی‌‌و ئینجا ده‌گاته‌ دیاله‌و له‌خوارووی‌ به‌غداوه‌ تێكه‌ڵی‌ رووباری‌ دیجله‌ ده‌بێت، له‌و نێوه‌نده‌شدا دوو به‌نداوی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر دروستكراوه‌، یه‌كه‌میان به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و دووهه‌میشیان به‌نداوی‌ حه‌مرینه‌ له‌پارێزگای‌ دیاله‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ دابینكردنی‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌و كاره‌بایه‌، هاوكات شاده‌ماری‌ پرۆژه‌كانی‌ ئاودێر‌و راوه‌ ماسیشه‌.

 

پرۆژه‌كه‌ی‌ ئێران له‌دوو به‌ش پێكهاتووه‌، یه‌كه‌میان "به‌نداوی‌ داریان"ه‌ بۆ گلدانه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ رووباره‌كه‌، دووهه‌میشیان تونێلی‌ ئاویی "نه‌وسوود"ه‌ كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ هه‌ورامانی‌ كوردستانی‌ ئێران دروستی‌ كردووه‌و رێره‌وی‌ ئاوه‌كه‌ ده‌گۆڕێت‌و بۆ پرۆژه‌ی‌ ئاودێری‌‌و به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با سوودی‌ لێده‌بینێت كه‌ له‌توانایدا ده‌بێت (230) مێگا وات كاره‌با به‌رهه‌م بهێنێت.

 

راسته‌ ئه‌م پرۆژه‌ بۆ ئێران نیعمه‌تێكی‌ گه‌وره‌ ده‌بێت، به‌ڵام بۆ پارێزگاكانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانی‌‌و دیاله‌ی‌ عێراق ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ ده‌رده‌سه‌ری‌‌و قه‌رانێكی‌ گه‌وره‌.

 

به‌پێی‌ راپۆرتێك كه‌ له‌لایه‌ن "هه‌ڵمه‌تی‌ رزگاركردنی‌ دیجله‌و هۆڕه‌كانی‌ عێراق" له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ "به‌هۆی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ پارێزگاكانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانی‌ تووشی‌ قه‌یرانی‌ گه‌وره‌ی‌ ئاو ده‌بن‌و 3200 هێكتار زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ له‌هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌یدسادق‌و ده‌ربه‌ندیخان له‌ده‌ست ده‌چن".

 

هه‌روه‌ها له‌راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ پرۆژه‌ی‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رده‌كه‌وێت‌و به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان توانای‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌بای‌ نامێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ 75% سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ له‌رووباری‌ سیروانه‌وه‌ دێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌بێته‌ زیانی‌ گه‌وره‌ بۆ كه‌رتی‌ كشتوكاڵی‌‌و به‌رهه‌می‌ ماسی‌‌و ئاوی‌ ژێر زه‌وی‌‌و تێكچوونی‌ ژینگه‌ "كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆشی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئاشته‌وایی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نێوان خه‌ڵكی‌ ئێران‌و كوردستان".

 

ره‌نگبێ‌ له‌ناو هه‌موو ئه‌مانه‌دا گه‌وره‌ترین كێشه‌ی‌ به‌نداوه‌كه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان قه‌یرانی‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ بێت، چونكه‌ ته‌واوبوونی‌ به‌نداوه‌كه‌ مانای‌ شكستی‌ گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا.

 

مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ئه‌مساڵ پرۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌یدسادق كۆتایی‌ هات كه‌ 24 كاتژمێر ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام بۆ ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ پڕ له‌دانیشتوان له‌و سنوره‌ دابین ده‌كات‌و به‌پێی‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 25 ساڵی‌ داهاتوو كێشه‌ی‌ كه‌م ئاوی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا نه‌ده‌هێشت، به‌ڵام پرۆژه‌كه‌ی‌ ئێران هه‌موو ئه‌و خه‌ونه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

 

ئه‌و پرۆژه‌یه‌ رۆژانه‌ پێویستی‌ به‌په‌نجا هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها به‌رووباری‌ سیروان دابین ده‌كرێت.

 

كاوه‌ عه‌لی‌ جێگری‌ پارێزگاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی‌ یابانییه‌وه‌ به‌بڕی‌ 175 ملیۆن دروستكراوه‌، به‌لاَم ئێستا مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ره‌و پێده‌چێت په‌كی‌ بكه‌وێت‌و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش به‌هه‌ده‌ر بڕوات‌و هاوڵاتیانی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌یدسادقیش بێ‌ ئاو ده‌بن".

 

وتیشی‌ "سه‌ره‌ڕای‌ دروستكردنی‌ به‌نداوه‌كه‌، ئێران له‌ودیو به‌نداوه‌كه‌شه‌وه‌ تونێلێكی‌ لێداوه‌ بۆ گۆڕینی‌ رێڕه‌وی‌ ئاوه‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچی‌ نه‌یه‌ته‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌".

 

جێگری‌ پارێزگار وتیشی‌ "ئه‌مه‌ مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر پرۆژه‌ی‌ ئاوی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان‌و هه‌زاران جوتیاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانیش، چونكه‌ ئه‌وه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ شاخاویه‌ هه‌روه‌ها به‌ملیۆنه‌ها ماسی‌ له‌ناوده‌چن، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێممان له‌م كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها وتیشی‌ "مانگی‌ رابردوو كاتێك ئێران به‌نداوه‌كه‌ی‌ خسته‌ كار ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ رۆژدا چوار مه‌تر ئاوی‌ رووباره‌كه‌ له‌گوندی‌ سازان دابه‌زی، كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین گونده‌ ئاوی‌ رووباره‌كه‌ی‌ لێوه‌ دێته‌ كوردستان، ئه‌وه‌ی‌ روویدا ته‌نیا بۆ تاقیكردنه‌وه‌ بوو، ئه‌گه‌رنا كه‌ به‌نداوو تونێله‌كه‌ كه‌وتنه‌ كار رووباری‌ سیروان به‌ته‌واوی‌ وشك ده‌كات".

 

ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ به‌رپرسانی‌ ناوچه‌كه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌ند جارێك كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كونسوڵ‌و به‌رپرسانی‌ تری‌ ئێران كردووه‌، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكی روونیان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌و ئه‌وه‌ی‌ به‌ر گوێیان كه‌وتووه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دروستكردنی‌ ئه‌و به‌نداوه‌ كاروبارێكی‌ ناوخۆی‌ ئێرانییه‌.

 

ئه‌نوه‌ر عومه‌ر وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد له‌سه‌ردانێكی‌ بۆ ئێران وه‌زیری‌ كشتوكاڵ چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئێران كردووه‌ كه‌ به‌شێكیان په‌یوه‌ست بوون به‌كێشه‌ی‌ رووباری‌ سیروانه‌وه‌.

 

عومه‌ر ئه‌نوه‌ر به‌"نیقاش"ی‌ وت "وه‌زیری‌ كشتوكاڵ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ ئێران كردوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌و گله‌یی‌‌و مه‌ترسیه‌كانی‌ وشكبونی‌ ئاوی‌ روباری‌ سیروان پێگه‌یاندوه‌‌و ئه‌گه‌ر بێت‌و پرۆژه‌ی‌ به‌نداوی‌ داریان‌و تونێله‌كانیان له‌ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان ته‌واوبكرێت، مه‌ترسی‌ هه‌یه‌ بۆ سه‌ر پرۆژه‌ی‌ ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان‌و كشتوكاڵ له‌هه‌رێم".

 

وتیشی‌ "به‌داخه‌وه‌ تاكو ئێستا هیچ وه‌لاَمێكمان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ ئێرانه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌‌و كاره‌كانیشیان به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر وشبكونی‌ ئاوی‌ ئه‌و روباره‌".

 

تاكه‌ قازانجی‌ كاتیی كارپێكردنی‌ به‌نداوه‌كه‌ بۆ دانیشتوانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ری‌ ئه‌و چه‌ند ماسیه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ بێ هیچ سه‌رئێشه‌یه‌ك له‌رووباره‌كه‌ راوی‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ئاوه‌كه‌و قوڕاویبوونی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ماسی‌ سه‌رئاو كه‌وتوون‌و به‌شێكی‌ تریشی‌ به‌ئاسانی‌ ده‌بینرێن، بۆیه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر ده‌چنه‌ رووباره‌كه‌و راویان ده‌كه‌ن.

 

خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ باش ده‌زانن ئه‌م خۆشیه‌یان كاتییه‌و له‌ناخه‌وه‌ خه‌مێكی‌ گه‌وره‌یان له‌دڵدایه‌، چونكه‌ وشكبوونی‌ سیروان بۆ ئه‌وان مایه‌ی‌ له‌ده‌ستدانی‌ گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی‌ داهات‌و ژیانیانه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌