راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

روخساری هه‌ڵدڕاوو جه‌سته‌ی‌ شێوێندراو
كچه‌ كه‌ركوكییه‌كه‌ به‌ماكیاژ دیمه‌نه‌ ترسناكه‌كان نمایش ده‌كات

سار ا قاهیره‌
روخساری هه‌ڵدڕاوو په‌نجه‌ی درزبردوو جه‌سته‌ی شێوێندراو نموونه‌ی كاره‌كانی كچه‌ هونه‌رمه‌ندێكی عێراقیه‌ كه‌ به‌وێنه‌و تابلۆ ترسناك‌و خوێناویه‌كانی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر واقیع ده‌رده‌بڕێت.
1.12.2016  |  به‌غدا

ساره‌ به‌یاتی كچێكی گه‌نجی شاری كه‌ركوكه‌و ته‌مه‌نی 21 ساڵه‌، له‌رێی‌ ماكیاژه‌وه‌ چه‌ندین شێوه‌ی‌ ترسناكی‌ دروستكردووه‌ كه‌ بووونه‌ته‌ بابه‌تێكی سه‌رنجڕاكێش بۆ به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م كچه‌ له‌فه‌یسبووك‌و ئینستاگرام‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌ پڕن له‌وێنه‌ی كاری واقیعی ترسناك له‌وانه‌ش په‌نجه‌ی ده‌ستی له‌توپه‌تبوو روخساری درزبردوو  مێشكی ده‌ركه‌وتوو.

 

ساره‌ كه‌ له‌زانكۆی كه‌ركوك یاسا ده‌خوێنێت، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات تواناو بایه‌خپێدانه‌كانی له‌بواری ئیفێكتدا په‌ره‌پێبدات، له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ ساڵی رابردوو به‌كاری ئیفێكتی تایبه‌ت به‌شانۆ ده‌ستی پێكردو بڕیاریدا په‌نا بۆ ئینته‌رنێت ببات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی كاره‌كانی، ئه‌و ده‌ڵێت ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێكه‌ كار له‌و بواره‌دا ده‌كات‌و پشتیوانی نه‌ده‌كرا له‌به‌ر نامۆیی كاره‌كانی كه‌ دیمه‌نی خوێناوی به‌سه‌ریاندا زاڵ بوو، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام بوو له‌به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و كارانه‌.

 

سه‌ره‌تاكانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوو، كاتێك له‌به‌رنامه‌ی (face off) كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی بیانیه‌ له‌شاشه‌ی (mbc4) په‌خش ده‌كرا، نمایشی كێبڕكێكاران‌و هونه‌رمه‌ندانی به‌هره‌مه‌ندی له‌ماكیاژی تایبه‌ت یاخود سنه‌ماییدا بینی‌و كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌ڵقه‌كانی به‌رنامه‌كه‌و ئه‌مه‌ش وای لێكرد  تاقی بكاته‌وه‌.

 

ساره‌ له‌ئینته‌رنێت سه‌یری ئه‌م هونه‌ری كردووه‌و ئاشنای ئامرازه‌كانی وێنه‌كێشان بووه‌، به‌ڵام ئه‌و ئامرازی ساده‌ی به‌كارهێناوه‌ به‌پێی توانای دارایی خۆی‌و له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌.

 

ساره‌ له‌یه‌كه‌م هه‌وڵی وێنه‌كێشانیدا شكستی هێنا، به‌ڵام خۆڕاگربوو توانی سه‌ربكه‌وێت‌و وێنه‌كانی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نمایش بكات‌و لایكی زۆری به‌رامبه‌ر كاره‌كانی كۆكرده‌وه‌ كه‌ هانده‌ری بوون بۆ به‌رده‌وامبوون.

 

له‌به‌رئه‌وه‌ی خوێنی به‌كارده‌هێناو وێنه‌ی بڕین‌و روخساری ترسناكی دروست ده‌كرد كه‌ خوێنیان لێده‌چۆڕا، بۆیه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاریه‌وه‌ هیچ پشتیوانی‌و هاندانێكیانی به‌دی نه‌كردو به‌هره‌كه‌ی ره‌تكرایه‌وه‌.

 

ساره‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت كچێكی ئاساییه‌و ژیانی له‌قۆناغی منداڵی‌و خوێندندا هیچ شتێكی جیاوازی تێدا نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵكی شاری كه‌ركوكی فره‌ پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌و پێشێلكاری زۆر به‌خۆوه‌ ده‌بینێت‌و ئه‌مه‌ش له‌هزریدا چه‌سپاوه‌و هه‌وڵی داوه‌ له‌ڕێی توانای وێنه‌كێشان به‌ماكیاژ، چه‌ند شێوه‌یه‌ك به‌رهه‌م بهێنێت‌و له‌ڕێیانه‌وه‌ واقیعه‌ قێزه‌ونه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ بكات‌و گاڵته‌ی پێ بكات.

 

ئه‌م كچه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ڕێی كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌و بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌ستی به‌توانای خۆی له‌به‌رهه‌مهێنانی وێنه‌ی خاوه‌ن به‌های هونه‌ری كردووه‌و ورده‌ ورده‌ خه‌ڵك رووی له‌كاره‌كانی كردووه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و ژماره‌ی بینه‌رانی له‌و تۆڕانه‌ زیادی كردووه‌.

 

ساره‌ هۆكاری ئه‌و زیادبوونه‌ بۆ خواستی خه‌ڵك بۆ ئاگاداربوون له‌بیرۆكه‌ی نوێ‌و هونه‌ری داهێنراو گوزارشتكه‌ر له‌واقیع‌و وێنه‌ تۆقێنه‌ره‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ك مادده‌ی ساده‌ش له‌كاره‌كانیدا به‌كار ده‌هێنێت، له‌م رووه‌شه‌وه‌ هه‌نگوینی سپی له‌گه‌ڵ بۆیه‌ی سوورو هاڕاوی كاكاو به‌كارده‌هێنێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی شتێك له‌خوێن بچێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئامرازانه‌ش كه‌ به‌كاریان ده‌هێنێت ساده‌ن، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت ده‌ستكه‌وتنی مادده‌ی پێویست بۆ كاره‌كه‌ی ئاسان نییه‌.

 

ساره‌ پاساوی به‌رهه‌مهێنانی تابلۆو وێنه‌ی خوێناوی به‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ژیانی گه‌لی عێراق هاوشێوه‌ی فیلمی ترسناكه‌، چونكه‌ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ رۆژانه‌ روو ده‌ده‌ن، واده‌كه‌ن وێنه‌ی خوێن ئاسایی بێت‌و ببێته‌ هاوه‌ڵی عێراقیه‌كان له‌خه‌وو بێداریاندا، ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كاركردنی له‌بواری ئیفێكتی تایبه‌تدا هێشتا تاڕاده‌یه‌ك نوێیه‌ له‌عێراق، هیواخوازیشه‌ كاره‌كه‌ی توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت ده‌ربكه‌وێت‌و بایه‌خی دروستكه‌رانی سینه‌ما بۆخۆی رابكێشێت.

 

ئه‌و كچه‌ گه‌نجه‌ عێراقیه‌ نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ خواستی گه‌یشتنی به‌هۆڵه‌كانی هۆلیوودو بوار بۆ ره‌خساندنی هه‌یه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌فیلمێكی عێراقیداكه‌ ئیفێكتی تایبه‌تی تێدا به‌كاربێت بۆ كێشانی وێنه‌و تابلۆی هونه‌ری ترسناك، چونكه‌ پێی وایه‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی كه‌ پڕن له‌وێنه‌ی ترسناكی وه‌ك چاوی خوێن لێچۆڕاوو برینی كراوه‌و هی دیكه‌ له‌وێنه‌ی شێوه‌ خوێناوی، سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌ده‌هێناو بڵاونه‌ده‌بوونه‌وه‌ به‌بێ به‌كارهێنانی ئیفێكتی سه‌رنجڕاكێش له‌وێنه‌ كێشاندا، كه‌ ئه‌وه‌ش شتێكه‌ به‌بۆچوونی خۆی كاره‌كانی بۆ نمایشكردن له‌نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا كاندید ده‌كات.

 

ساره‌ ورده‌ ورده‌ په‌ره‌ی به‌تواناو بایه‌خپێدانه‌كانیدا له‌بواری ئیفێكت‌و ساڵی رابردوو ده‌ستی كرد به‌كاری ئیفێكتی تایبه‌تی ده‌ستكرد بۆ شانۆو ئه‌و وێنه‌ ترسناك‌و نامۆیانه‌ی دروستی كردن بینه‌رێكی زۆریان له‌تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌ییدا بۆ په‌یداكرد.

 

دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌كارهێنانی ته‌كنیكی (ئێس ئێف ئێكس) جیاوازیه‌كی به‌كاره‌كانی به‌خشیوه‌و زۆر كه‌س ستایشی هه‌وڵه‌كانی ده‌كه‌ن له‌و كارو وێنانه‌ی به‌ئه‌نجامیان ده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش كه‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌ له‌وروژاندنی هه‌ستی خه‌ڵك‌و حه‌زی زانین له‌لایان‌و سه‌رنجڕاكێشانیان بۆ بیرۆكه‌كانی‌و ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌ڕێی كارو وێنه‌كانیه‌وه‌ بیڵێت، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت زۆربه‌ی ئه‌و ماددانه‌ی له‌كاره‌كه‌یدا به‌كاریان ده‌هێنێت، خۆی له‌ماڵه‌وه‌ دروستیان ده‌كات‌و مادده‌ی ساده‌ن به‌به‌راورد به‌و ماددانه‌ی هونه‌رمه‌ندانی پیشه‌وه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌كاریان ده‌هێنن.

 

هه‌روه‌ك دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ده‌یه‌ی رابردوودا ئامێره‌ هونه‌ریه‌كان‌و ئیفێكته‌ تایبه‌ته‌كان به‌سینه‌ما دووچاری دزین‌و خراپبوون بوونه‌وه‌، به‌ڵام پیشه‌سازی سینه‌مای عێراقی رانه‌وه‌ستاو سینه‌مای خۆماڵی ده‌توانێت له‌هۆلیوود كێبڕكێ بكات، ستایشی خانه‌ سه‌ربه‌خۆكانی به‌رهه‌مهێنانی سینه‌ماییشی له‌عێراق كرد كه‌ چه‌ندین فیلمیان به‌رهه‌مهێناوه‌ سه‌ركه‌وتنی باشیان به‌ده‌ستهێناوه‌ وه‌ك فیلمی (كوڕی بابل) كه‌ چه‌ند خه‌ڵاتێكی نێوده‌وڵه‌تی بردۆته‌وه‌.

 

ئه‌گه‌ر مادده‌ ئه‌سڵیه‌كانی ئه‌م هونه‌ره‌ له‌لای ساره‌ ده‌ستبكه‌وتنایه‌ ئه‌وا وه‌ك خۆی ده‌ڵێت به‌ماوه‌یه‌كی كورت ده‌یتوانی كێبڕكێی هونه‌رمه‌نده‌ خۆرئاواییه‌كان بكات، چونكه‌ ئه‌و تائێستا هیچ پشتیوانیه‌كی حكومی‌و ناوخۆیی ئه‌وتۆی لێ نه‌كراوه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌