راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شاری خۆشه‌ویستی‌و ئاشتی
خانه‌قین خۆی‌ له‌هه‌موو شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق جیا ده‌كاته‌وه‌

دەشتی عەلی
ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ كه‌ سه‌ردانی خانه‌قین ده‌كه‌یت هه‌ستناكه‌یت جگه‌ له‌شیعه‌ مه‌زهه‌ب، هیچ پێكهاته‌و مه‌زهه‌بێكی جیاوازی تێدایه‌، زۆربه‌ی‌ گه‌ڕه‌ك‌و بازاڕی خانه‌قین بۆ یادی ئیمام حوسێن ڕه‌ش داپۆشراون.
17.11.2016  |  دیاله
رێوڕەسمی عاشورا لەخانەقین ( :وێنه دشتي علي)
رێوڕەسمی عاشورا لەخانەقین ( :وێنه دشتي علي)

زۆربه‌ی‌ دانیشتوانی‌ له‌سه‌ربانی خانووه‌كانیان‌و دوكانه‌كانیان ئاڵای ڕه‌ش‌و وێنه‌ی‌ ئیمامی عه‌لییان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌دوكانداره‌كان به‌پارچه‌ی‌ په‌ڕۆی ڕه‌ش تابلۆو ناونیشانی شوێنی كاره‌كه‌یان شاردۆته‌وه‌.

 

شارۆچكه‌ی‌ خانه‌قین (باكوری به‌عقوبه‌ی‌ ناوه‌ندی پارێزگای دیاله‌) هه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌كانی كوردو عه‌ره‌ب‌و توركمان له‌خۆده‌گرێت،  به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كورد 90%ی پێكهێناوه‌و ئه‌و ڕێژه‌یه‌شی ماوه‌ته‌وه‌ له‌عه‌ره‌ب‌و توركمان پێكهاتوون كه‌ زۆرینه‌یان ئیسلامن‌و كه‌مینه‌كی كاكه‌ییش له‌شارۆچكه‌كه‌دا ده‌ژین.

 

موسڵمانه‌كانی خانه‌قین به‌سه‌ر هه‌ردوو مه‌زهه‌بی سوننه‌و شیعه‌ دابه‌شبوون، به‌وته‌ی‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شارۆچكه‌كه‌ش هه‌ردوو مه‌زهه‌به‌كه‌ نیوه‌ به‌نیوه‌ی‌ موسڵمانان پێكده‌هێنن.

 

له‌دوای ساڵی 2003-ه‌وه‌ له‌زۆربه‌ی‌ ئه‌و شارو شارۆچكانه‌ی‌ عێراق كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌سوننه‌و شیعه‌ پێكهاتبوون، هه‌ردوو مه‌زهه‌به‌كه‌ كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنی یه‌كترو هه‌زاران كه‌سیان له‌یه‌كتر كوشتووه‌، به‌ڵام سوننه‌و شیعه‌كانی خانه‌قین به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ته‌واوی عێراقه‌وه‌ نه‌ك دژایه‌تی یه‌كتریان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به‌ئاشتی پێكه‌وه‌ ده‌ژین‌و له‌بۆنه‌و مه‌راسیمه‌ ئاینییه‌ تایبه‌ته‌كانی یه‌كتردا به‌شداریی ده‌كه‌ن.

 

له‌مه‌راسیمی عاشوراداو له‌یادی "شه‌هیدكردنی" ئیمام حوسێن‌و چله‌دا، شیعه‌كانی خانه‌قین به‌نێو شه‌قامه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی شارۆچكه‌كه‌دا به‌ڕێپێوان‌و له‌خۆدان شین‌و ماته‌م ده‌گێڕن، به‌شێك له‌هاوڵاتیه‌ سوننه‌كانیش له‌نێو كاروانی ڕێبواراندان.

 

عیماد قادر هاوڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن 57 ساڵی سوننه‌ مه‌زهه‌به‌، ئه‌و له‌سه‌ر یه‌كێك له‌شۆسته‌كانی بازاڕی خانه‌قیندا وشكه‌ ده‌فرۆشێت به‌"نیقاش"ی‌ وت "هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان ئێمه‌و هاوشارییه‌ شیعه‌كانماندا نیه‌" عیماد بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ی‌ قسه‌كانی ته‌ماشای هاوسێ دوكانداره‌ شیعه‌كه‌ی‌ كرد تاوه‌كو ڕاستی وته‌كانی بسه‌لمێنێت.

 

سوننه‌كانی خانه‌قین له‌مانگی موحه‌ره‌مدا كه‌ مانگی ماته‌مگێڕانی شیعه‌یه‌، وه‌ك هاوخه‌میی‌و هاوسۆزییه‌ك هیچ جۆره‌ ئاهه‌نگێكی هاوسه‌رگیریی ئه‌نجامناده‌ن‌و ته‌نانه‌ت زۆر به‌كه‌می جلی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ له‌به‌رده‌كه‌ن.

 

جه‌بار ئیبراهیم ته‌مه‌نی 64 ساڵه‌و شیعه‌ مه‌زهه‌به‌، به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ له‌بوونی كێشه‌ی‌ نێوان هه‌ردوو مه‌زهه‌به‌كه‌ی‌ ده‌ڕوانی‌و بۆ "نیقاش" وتی "ئێمه‌ یه‌ك پێغه‌مبه‌رو یه‌ك قورئانمان هه‌یه‌، ئیتر بۆچی كێشه‌ له‌نێوانمان هه‌بێت".

 

ئه‌و شانازی به‌شارۆچكه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات‌و به‌سیمبولی پێكه‌وه‌ژیان ناوبرد ده‌یوت "تێكه‌ڵی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ‌ برا سوننه‌كانماندا بۆ سه‌رده‌مانی كۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ژن‌و ژنخوازی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌نێوانماندا".

 

جه‌بار باسی له‌وه‌كرد، به‌شێك له‌شیعه‌كان ناوی مناڵه‌كانیان جگه‌ له‌عه‌لی، به‌ناوی خه‌لیفه‌كانی دیكه‌ی‌ راشدینه‌وه‌ ده‌نێن، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌ندێ‌ ناوچه‌ی‌ تر كه‌ ناوه‌كانی‌ عه‌لی‌‌و عومه‌ر كوشتنی‌ له‌سه‌ره‌.

 

وتیشی "من هه‌ركاتێك سه‌ردانی به‌غدا بكه‌م، زیاره‌تی شێخ عه‌بدولقادر گه‌یلانی ده‌كه‌م كه‌ سیمبولێكی پیرۆزی سوننه‌كانه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ی‌ هاوڵاتی كێشه‌مان نیه‌، ئه‌وه‌ سیاسییه‌كانن گرفت‌و ناكۆكییه‌كانیان شۆڕده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ناومان".

 

هه‌رچه‌نده‌ جه‌بار شیعه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌شێك له‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد به‌وه‌ی‌ ویستویانه‌ دووبه‌ره‌كی‌ له‌نێوان شیعه‌و سوننه‌دا دروست بكه‌ن.

 

بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ وته‌كانی جه‌بار، سه‌میر محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خانه‌قین به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ماوه‌ی‌ ڕابردوودا هه‌ندێ‌ هێز هه‌وڵیداوه‌ بێنه‌ ناو شارۆچكه‌كه‌، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگربووین له‌و هه‌وڵه‌، چونكه‌ بێگومانین ئه‌و جموجۆڵه‌ كێشه‌ی‌ مه‌زهه‌بی دروست ده‌كات".

 

به‌پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان ژماره‌ی‌ دانیشتوانی خانه‌قین نزیكه‌ی‌ دوو سه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بێت‌و له‌40 گه‌ڕه‌كی شارۆچكه‌كه‌ نیشته‌جێن، گه‌ڕه‌كه‌كان هاوبه‌شه‌ له‌هاوڵاتیه‌ سوننه‌و شیعه‌كان.

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، له‌مێژا بابه‌تی پێكه‌وه‌ژیان له‌خانه‌قین به‌رپایه‌و له‌ساڵانی رابردوودا مه‌سیحی‌و جوله‌كه‌ش له‌شارۆچكه‌كه‌دا ژیاون، سه‌میر محه‌مه‌د هۆكاری ئه‌و شێوه‌ پێكه‌وه‌ ژیانه‌ی‌ بۆ نه‌بوونی گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ لای دانیشتوانه‌كه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ وتیشی "من خۆم سوننه‌م كچه‌كه‌م داوه‌ به‌كوڕێكی شیعه‌، براكانم ژنه‌كانیان شیعه‌یه‌، ئه‌و ژن‌و ژنخوازییه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ تێكه‌ڵاویی‌و یه‌كتر قبوڵكردن له‌خانه‌قیندا".

 

له‌ناوه‌ندی خانه‌قیندا دوو حوسێنییه‌و 16 مزگه‌وتی تێدایه‌، بۆ به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌كاندا سوننه‌و شیعه‌كان روو له‌جێگا پیرۆزه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن.

 

سه‌ید عه‌باس نه‌جه‌فی، سه‌یدی شیعه‌كانی خانه‌قینه‌و ئیمامی حوسێنییه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ شارۆچكه‌كه‌یه‌، ماوه‌ی‌ 75 ساڵه‌ له‌شارۆچكه‌كه‌ ده‌ژی‌و له‌باره‌ی‌ هۆكاری پێكه‌وه‌ژیان له‌ناوچه‌كه‌یان بۆ "نیقاش" وتی "ئه‌و برایه‌تی‌و خۆشه‌ویستییه‌ی‌ لێره‌ هه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی ژن‌و ژنخوازی نێوانمان‌و ڕۆشنبیری دانیشتوانه‌كه‌یی ‌و مامۆستایانی ئاینیی سوننه‌، كه‌ هیچ دووبه‌ره‌كییه‌ك دروست ناكه‌ن‌و سه‌ردانی یه‌كتر ده‌كه‌ین".

 

پێكه‌وه‌ ژیان ته‌نها له‌بازنه‌ی‌ سوننه‌و شیعه‌ گرێنه‌دراوه‌، به‌ڵكو كاكه‌ییه‌كانی خانه‌قینیش له‌گه‌ڵ‌ هه‌ردوو مه‌زهه‌به‌كه‌دا به‌ئاشتی‌و برایه‌تی ژیانیان ده‌گوزه‌رێنن، هه‌ڤاڵ‌ ناوخاس گه‌نجێكی كاكه‌ییه‌ ده‌یوت "دایكم له‌عاشورا هه‌ریسه‌ دروست ده‌كات‌و له‌جه‌ژنی قوربانیشدا قوربانی ده‌كه‌ین".

 

ئه‌و گه‌نجه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌وان هه‌رچییدا ناكۆك‌و دژبن دواجار له‌كوردبووندا یه‌كده‌گرنه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شی به‌هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌قه‌ڵه‌مدا.

 

"خانه‌قین شاری خۆشه‌ویستی‌و ئاشتی" ئه‌م نوسینه‌ له‌ئێستادا به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی قه‌زای خانه‌قین‌و ئیداره‌ی‌ شارۆچكه‌كه‌، له‌سه‌ر سه‌رجه‌م نوسراوه‌ فه‌رمییه‌كانی قه‌زاكه‌دا ده‌نوسرێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بوونی برایه‌تی‌و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ له‌خانه‌قیندا كه‌ هه‌ر به‌راستیش له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌یدا ره‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌