راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌رۆكی‌ ئه‌مه‌ریكاش بوو به‌نوكته‌
ترامپ له‌ئه‌مه‌ریكا ده‌رچوو كه‌چی‌ له‌عێراق هه‌رایه‌ له‌سه‌ری‌

موسته‌فا حه‌بیب
ساڵانێكه‌ عێراقییه‌كان گوێ به‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا ناده‌ن، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی ترامپ شتێكی جیاواز بوو، چونكه‌ به‌نوكته‌و پێكه‌نین كه‌ ترسه‌كه‌یانی له‌ ئاینده‌ شاردووه‌ته‌وه‌، باسی سه‌رۆكی نوێی كۆشكی سپیان كرد.
17.11.2016  |  به‌غدا
ترامپ لەبری سەدام
ترامپ لەبری سەدام

جیا له‌هه‌موو كاتێك گه‌نجانی عێراق زۆر سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا بوون، كۆمێنت‌و وێنه‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی پێكه‌نیناوی گوزارشتیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كرد هه‌ر له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی كاندیده‌كانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌ركه‌وتنی ترامپ بۆ سه‌رۆكایه‌تی كه‌ بۆ چه‌ند رۆژێك بووه‌ بابه‌تی خۆسه‌رقاڵكردن له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.

 

سه‌دان كۆمێنت‌و وێنه‌ی دۆبلاژكراوو گرته‌ی ڤیدیۆیی كۆمیدی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌باره‌ت به‌بردنه‌وه‌ی ترامپ بڵاوبوونه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌فه‌یسبووكدا كه‌ عێراقییه‌كان به‌باشترین ماڵپه‌ڕی داده‌نێن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و نوكتانه‌ش پێكه‌نیناوی بوون، به‌ڵام ره‌خنه‌ی بۆ سیاسیه‌ عێراقییه‌كانیش تێدابوو، هه‌روه‌ك له‌ناواخنیاندا ترسێكیان به‌رامبه‌ر به‌سیاسیه‌تی نوێی ئه‌مریكا له‌سه‌رده‌می ترامپدا شاردبووه‌وه‌.

 

یه‌كێك له‌و وێنانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌وه‌، لێكدانه‌وه‌ی ته‌واوی بۆ كرابوو، وێنه‌كه‌ دوایه‌مین چوار سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و ئه‌و رووداوانه‌ی پیشان ده‌دات كه‌ ساڵانی حوكمیاندا روویاندابوو له‌سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوه‌ چه‌كداریه‌ توندڕه‌وه‌كان، چونكه‌ له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك بیل كلینتۆندا بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له‌ئه‌فغانستان سه‌ریهه‌ڵداو له‌سه‌رده‌ی جۆرج بوشی كوڕدا رێكخراوی قاعیده‌ ده‌ركه‌وت‌و له‌سه‌رده‌می باراك ئۆباماشدا رێكخراوی داعش سه‌ریهه‌ڵداو له‌سه‌رده‌می ترامپی سه‌رۆكی نوێشدا "زۆمبی" ده‌رده‌كه‌ون.

 

الزومبي قادم

الزومبي قادم

لێدوانه‌ تونده‌كانی ترامپ له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا له‌دژی عه‌ره‌ب‌و مسوڵمانان‌و كۆچبه‌ران وای له‌چالاكوانانی نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كرد به‌دیكتاتۆر وه‌سفی بكه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی كۆچكردووی عێراقی بشوبهێنن ئه‌ویش له‌ڕێی وێنه‌یه‌كی مۆنتاژكراو كه‌ تێیدا ترامپ به‌ جلوبه‌رگه‌ سه‌ربازیه‌كانی سه‌دام حسێنه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت‌و راوێژكاره‌كانی له‌ته‌نیشتیه‌وه‌ راوه‌ستاون.

 

ترامب بدلا من صدام

ترامب بدلا من صدام

ئه‌حمه‌د فه‌لاح كاركاتێریستی عێراقیش وێنه‌یه‌كی ترامپی كێشاوه‌ كه‌ فڵچه‌ی بۆیه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و كۆشكی سپی له‌پشتیه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌نگی گۆڕاوه‌ بۆ سوورو به‌وه‌ش وێنه‌كێشه‌كه‌ سیاسه‌تی توندوتیژی ترامپی پیشان داوه‌.

ترمب يطلي البيت الابيض باللون الاحمر

ترمب يطلي البيت الابيض باللون الاحمر

 

هه‌ڵوێسته‌ ره‌خنه‌گرانه‌كانی ترامپ سه‌باره‌ت به‌سیاسه‌تی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان به‌رامبه‌ر عه‌ره‌ب‌و به‌تایبه‌تیش ده‌وڵه‌تانی كه‌نداوی عه‌ره‌ب، وێنه‌یه‌كی كۆمیدی به‌رجه‌سته‌ی كردووه‌ كه‌ تێیدا ترامپ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ په‌نجه‌ی بۆ پێشه‌وه‌ ئاڕاسته‌ كردووه‌و چه‌ند كه‌سێك له‌پێشیه‌وه‌ به‌جلوبه‌رگی عه‌ره‌بیه‌وه‌ لێی هه‌ڵدێن، له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ش نووسراوه‌ "وا هاتم".

 

ترامب يهدد دول الخليج

ترامب يهدد دول الخليج

وێنه‌یه‌كی تری ترامپ رسته‌یه‌كی میللی عێراقی له‌سه‌ر نووسراوه‌ "بۆ كوێ هه‌ڵدێن.. ئیلا تحین" كه‌ رسته‌یه‌كی به‌ناوبانگه‌ ساڵی رابردوو ئه‌بو عزرائیل كه‌ یه‌كێكه‌ له‌جه‌نگاوه‌رانی "حه‌شدی شه‌عبی" له‌شه‌ڕه‌كانی دژ به‌داعش به‌كاری هێنا، ماناكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ "حه‌شدی شه‌عبی" تیرۆریستان ده‌هاڕێت وه‌كو چۆن ئاردی نان ده‌هاڕدرێت.

 

ترامب يستعير عبارة ابو عزرائيل

ترامب يستعير عبارة ابو عزرائيل

له‌ پارێزگای واستی باشووری به‌غداش ئه‌بو شدراك عیتابی كه‌ هاووڵاتیه‌كی ئاسایی دانیشتووی شاره‌كه‌یه‌ دوور له‌ خه‌ڵك ده‌ژی، له‌ناكاو بووه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی ناودار له‌نێو عێراقیه‌كاندا، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌و لێكچوونه‌ زۆره‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان ئه‌وو سه‌رۆك ترامپدا هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌روخسادرا، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له‌قژه‌ زه‌رده‌كه‌شیدا، وێنه‌ی ئه‌بو شدراك به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاوبووه‌وه‌و عێراقیه‌كان ناوی "ترامپی عێراقی"یان لێناوه‌.

 

ترامب العراقي

ترامب العراقي

گاڵته‌پێكردن‌و گێڕانه‌وه‌ی نوكته‌ ته‌نیا به‌وێنه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو گرته‌ی ڤیدیۆییشی گرتۆته‌وه‌ له‌ڕێی دۆبلاژكردنی بۆ شێوه‌زاری میللی عێراقی یاخود له‌ڕێی دیمه‌نی شانۆیی كۆمیدیه‌وه‌ كه‌ ئه‌كته‌ره‌ گه‌نجه‌كان ده‌ینوێنن، یه‌كێك له‌گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان وتارو جوڵه‌كانی ترامپی له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی شیعری میللی دۆبلاژ كردووه‌، له‌ گرته‌یه‌كی دیكه‌شدا كه‌سێك به‌ شێوه‌زاری میللی قسه‌ ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی سیاسییه‌كی عێراق بێت.    

 

هونه‌رمه‌ندی كۆمیدی ئه‌حمه‌د وه‌حید كه‌ به‌ده‌ركردنی گرته‌ی ڤیدیۆیی هه‌فتانه‌ ناوبانگی ده‌ركردووه‌و تێیدا ره‌خنه‌ له‌سیاسییه‌كان‌و بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌عێراق ده‌گرێت، له‌یه‌كێك له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا ئه‌ڵقه‌یه‌كی تایبه‌تكرد به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، ئه‌حمه‌د روخسارو قژی خۆی وه‌ك ترامپ لێكردووه‌و وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ خاڵی نییه‌ له‌ ره‌خنه‌ی قووڵی سیاسی له‌عێراقیه‌كان.

 

له‌و دیمه‌نه‌ كۆمیدیه‌دا ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت "ئه‌ی عێراقییه‌كان گرنگی به‌ كاروباری خۆتان بده‌ن، كه‌س به‌كه‌ڵكتان نایه‌ت، هه‌ندێكتان خۆشخاڵ بووه‌ به‌وه‌ی ره‌خنه‌م له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌نداو گرتووه‌ كه‌ رقتان لێیانه‌، به‌ڵام دوای دوومانگ ده‌چم بۆلایان‌و سه‌مایان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، واز له‌ده‌ره‌وه‌ بهێنن‌و كێشه‌كانتان له‌ناوخۆدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌ندێكتان لایه‌نگری ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی دیكه‌ لایه‌نگری پوتینی سه‌رۆكی روسیان، دواجار پوتین‌و ئه‌ردۆغان پێكه‌وه‌ داده‌نیشن بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌كانیان نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق".

 

ئه‌حمه‌د له‌بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا كه‌ ماوه‌كه‌ی دوو ده‌قیقه‌یه‌، ده‌ڵێت "هه‌ندێك له‌عێراقییه‌كان پیرۆزباییان لێنه‌كردم به‌بۆنه‌ی بوونم به‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌بری ئه‌وه‌ش هاتوون دڵداری له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م ده‌كه‌ن له‌په‌یجی خۆی له‌فه‌یسبووك".

 

له‌دیمه‌نێكی كۆمیدی دیكه‌ی چوار ئه‌كته‌ری عێراقی گه‌نجدا عێراقیه‌كان پیرۆزبایی له‌ترامپ ده‌كه‌ن به‌بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ویش له‌ڕێی هۆنراوه‌یه‌كی شیعری میللیه‌وه‌ به‌گۆرانی‌و سه‌ماكردنه‌وه‌، یه‌كێكیان له‌ترامپ ده‌پرسێت "چۆن له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌رچوویت به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌و به‌رتیل دابه‌ش بكه‌یت وه‌ك ئه‌وه‌ی سیاسیه‌ عێراقیه‌كان پێش هه‌ڵبژاردن ده‌یكه‌ن" وه‌ك ره‌خنه‌یه‌كی ئاشكرا له‌و سیاسیانه‌ی به‌گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و دارایی تۆمه‌تبارن‌و ده‌نگی ده‌نگده‌ران به‌پاره‌و به‌ڵێنی درۆ ده‌كڕن.

 

دواجاریش ئه‌بو عه‌لی شه‌یبانی كه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی جێمشتومڕه‌ له‌نێو عێراقییه‌كاندا، له‌به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی رۆژانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت‌و ئیدیعای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌رمانی هه‌موو نه‌خۆشیه‌كان ده‌زانێت‌و باسی جنۆكه‌و فریشته‌ ده‌كات‌و نه‌خۆشی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی به‌به‌رنامه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی پشكنینیان بۆ بكات‌و ده‌رمانی گونجاویشیان له‌گژوگیا بۆ داده‌نێت.

 

شه‌یبانی زۆرجار له‌به‌رنامه‌كه‌یدا باسی بابه‌تی سیاسی ده‌كات، به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكاش له‌یه‌كێك له‌ئه‌ڵقه‌كانی به‌رنامه‌كه‌یدا وتی "هیلاری كلینتۆن سه‌رۆكایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌باته‌وه‌و سوێندیشی له‌سه‌ر ده‌خۆم"، به‌ڵام دوای بردنه‌وه‌ی ترامپ عێراقییه‌كان ده‌یان نوكته‌و ره‌خنه‌یان گرت، به‌ڵام شه‌یبانی له‌ئه‌ڵقه‌یه‌كی تری به‌رنامه‌كه‌یدا له‌دوای هه‌ڵبژاردن رایگه‌یاند كه‌ ده‌یزانی ترامپ ده‌یباته‌وه‌ به‌ڵام ته‌نیا بۆ فێڵ وتوویه‌تی هیلاری ده‌یباته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌