راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پاراستنی‌ مێژووی‌ شارێك
هۆگرانی شوێنه‌وار له‌ به‌سره‌ قه‌ره‌بووی بێ موزه‌خانه‌یی ده‌كه‌نه‌وه‌

عه‌مار ساڵح
به‌سره‌ له‌مۆزه‌خانه‌ی‌ فه‌رمی‌ بێبه‌ش بووه‌، به‌ڵام چه‌ند هۆگرێكی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌وارو كه‌لوپه‌لی‌ دێرین، كه‌لێنه‌كه‌یان پڕ كردووه‌ته‌وه‌و سه‌رنجی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆریان راكێشاوه‌.
10.11.2016  |  به‌سره
به‌هه‌وڵی‌ تاكه‌ كه‌س مێژووی‌ كه‌له‌پوری‌ به‌سره‌ ده‌بوژێنرێته‌وه‌
به‌هه‌وڵی‌ تاكه‌ كه‌س مێژووی‌ كه‌له‌پوری‌ به‌سره‌ ده‌بوژێنرێته‌وه‌

به‌شێكی مۆزه‌خانه‌ی مێژووی شارستانی له‌به‌سره‌ كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵێكی سنوورداره‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر درێژه‌ی كێشاو ساڵانی رابردوو هۆگرانی كۆكردنه‌وه‌ی شوێنه‌وارو ئه‌نتیكه‌ی هاندا موزه‌خانه‌ی كه‌سی‌و تایبه‌ت دابمه‌زرێنن كه‌ بوونه‌ جێی بایه‌خی هاووڵاتیان.

 

ئه‌حمه‌د مه‌حمود ده‌فته‌ر یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی بایه‌خ به‌شوێنه‌وارو مێژووی بینراو ده‌ده‌ن‌و له‌ساڵانی دوای 2003وه‌ كاری بۆ دامه‌زراندنی موزه‌خانه‌ی (كه‌له‌پووری به‌سره‌) كرد كه‌ به‌شێك له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی بۆ كرده‌ باره‌گا.

 

ده‌فته‌ر شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كات موزه‌خانه‌كه‌ی به‌هه‌وڵی كه‌سی دامه‌زراندووه‌ كه‌ كه‌لوپه‌لی كه‌له‌پووری له‌خۆده‌گرێت‌و مێژووی هه‌ندێكیان بۆ سه‌دان ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ره‌نگدانه‌وه‌ی رووكاری مێژوویی به‌سره‌یه‌، چونكه‌ تێگه‌یشتنێكی باشتر سه‌باره‌ت بارودۆخی شاره‌كه‌ له‌چه‌ند سه‌رده‌مێكی جیاجیادا پێشكه‌ش به‌ نه‌وه‌ی نوێ ده‌كات.

 

له‌باره‌ی سه‌ره‌تای بایه‌خدانیشی به‌كه‌له‌پوور به‌"نیقاش"ی وت "ئاره‌زووی كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی كه‌له‌پووریم له‌دایك‌و باوكمه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌و زۆربه‌ی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌شم له‌خاوه‌نه‌كانیان كڕیوه‌ یان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان له‌ڕێی نێوه‌ندگیرێكه‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی موزه‌خانه‌یه‌كم له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بوو كه‌ هه‌زاران پارچه‌ی كه‌له‌پووری وه‌ك چه‌كی جۆراوجۆرو شمشێرو ئامێری وێنه‌گرتن‌و كاتژمێری كۆن‌و ئه‌نتیكه‌و زۆرێك له‌كه‌لووپه‌لی كه‌له‌پووری دیكه‌ له‌سه‌ره‌تای په‌یدابوونیان له‌به‌سره‌ له‌خۆبگرێت".

 

وتیشی "سه‌ردانیكه‌رێكی زۆرو هه‌ندێك میوانی بیانی دێنه‌ لام بۆ بینینی كه‌لوپه‌له‌كانی نێو موزه‌خانه‌كه‌و زۆربه‌شیان سه‌رسوڕمانی زۆری خۆیان ده‌رده‌بڕن، بۆیه‌ ئێستا كار بۆ فراوانكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌كه‌م به‌دروستكردنی بینایه‌كی هاوچه‌رخ تا ببێته‌ موزه‌خانه‌یه‌ك شیاوبێ به‌پێگه‌و مێژووی به‌سره‌".

 

له‌چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا به‌سره‌ ژماره‌یه‌ك موزه‌خانه‌ی تایبه‌تمه‌ندی تێدابوو له‌وانه‌ موزه‌خانه‌ی مێژووی سروشتی له‌سه‌ر كۆرنیشی شه‌تولعه‌ره‌ب كه‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی له‌خۆگرتبوو، هه‌روه‌ها موزه‌خانه‌ی شوێنه‌واره‌كانی به‌سره‌و موزه‌خانه‌ی ده‌ریایی سه‌رئاو له‌ده‌روازه‌ی رووباری عه‌شار، به‌ڵام بینای ئه‌م موزه‌خانانه‌ دووچاری رووخاندن بوونه‌ته‌وه‌و كه‌لوپه‌له‌كانیان له‌كاتی هه‌ردوو جه‌نگی كه‌نداو له‌ 1991و داگیركردنی عێراق له‌ 2003 به‌تاڵان بران.

 

قه‌حتان عوبه‌ید به‌رٍێوه‌به‌ری پكشنه‌رایه‌تی ده‌سته‌ی شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری به‌سره‌ ئه‌و زیانانه‌ به‌گه‌وره‌ وه‌سف ده‌كات كه‌ به‌ر كه‌لوپه‌لی موزه‌خانه‌كانی شاره‌كه‌ كه‌وتوون‌و ده‌ڵێت "كه‌لوپه‌له‌كانی موزه‌خانه‌ی مێژووی سروشتی كه‌ سه‌ر به‌زانكۆی به‌سره‌یه‌ له‌كاتی جه‌نگی ساڵی 1991دا به‌ته‌واوی وێران كراون، هه‌روه‌ها بینا مێژووییه‌كه‌شی وێران كراو هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا نزیكه‌ی نیوه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانی موزه‌خانه‌ی به‌سره‌ دزران‌و نیوه‌كه‌ی دیكه‌شی رزگاركران‌و ره‌وانه‌ی به‌غدا كران‌و ئێستا له‌گه‌نجینه‌كانی موزه‌خانه‌ی عێراقدان‌و هه‌ركاتێك هۆڵی گونجاو بۆ پیشاندان دابینكرا ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌".

 

وتیشی "به‌شی گێڕانه‌وه‌ له‌موزه‌خانه‌ی عێراق نزیكه‌ی 15 هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌واری دزراوی عێراقی وه‌رگرتۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پارچانه‌ تائێستا جیانه‌كراونه‌ته‌وه‌ تا بزانرێت پارچه‌ شوێنه‌واری موزه‌خانه‌ی به‌سره‌یان تێدایه‌ یان نا".

 

قه‌حتان هیوای خواست "له‌ئاینده‌دا هۆڵی دیكه‌ بكرێنه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت بن به‌سه‌رده‌می سۆمه‌ری‌و بابلی‌و ئاشوورییه‌كان‌و پێشانگایه‌كی گه‌ڕۆكیش بۆ شارستانیه‌ته‌كانی تر بكرێته‌وه‌"، وتیشی "هه‌روه‌ك به‌نیازین موزه‌خانه‌یه‌كی كه‌له‌پووری له‌باره‌گای پشكنه‌رایه‌تی شوێنه‌وارو كه‌له‌پووری به‌سره‌ بكه‌ینه‌وه‌ پاش ئاماده‌كردنه‌وه‌ی‌و خوازیاریشین موزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ئۆتۆمبێل بكه‌ینه‌وه‌".

 

به‌رامبه‌ر ئه‌و وێرانكاریه‌ی دووچاری موزه‌خانه‌كانی به‌سره‌ هاتووه‌، ئاره‌زوو هۆگری كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی ده‌گمه‌ن له‌لای هه‌ندێك كه‌س رۆڵێكی ناڕاسته‌وخۆی هه‌بووه‌ له‌پاراستنی كه‌له‌پووری مێژوویی‌و ژینگه‌یی پارێزگاكه‌دا.

 

بایه‌خدان به‌مێژووی به‌سره‌ ته‌نیا تایبه‌ت نه‌بووه‌ به‌و كه‌سانه‌ی ئاره‌زووی كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی كه‌له‌پوورییان هه‌یه‌، چونكه‌ هیشام خه‌یروڵڵا كه‌ مامۆستای زانستی زینده‌وه‌رزانیه‌ له‌یه‌كێك له‌خوێندنگه‌كانی به‌سره‌، كاری بۆ دامه‌زراندنی موزه‌خانه‌یه‌ك كردووه‌ كه‌ نموونه‌ی وشككراوی كۆمه‌ڵێك ئاژه‌ڵی جیاجیای له‌عێراق به‌گشتی‌و له‌به‌سره‌ به‌تایبه‌تی له‌خۆگرتووه‌.

 

خه‌یروڵڵا له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌م موزه‌خانه‌یه‌ به‌شێك له‌مێژووی سروشتی پارێزگای به‌سره‌و ناوچه‌ی باشوور به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك ئاژه‌ڵی جۆراوجۆری وه‌ك ماسی‌و شیرده‌رو خشۆك‌و باڵنده‌و گیانداری وشكایی‌و ئاوی‌و بێ بڕبڕه‌كان به‌جۆره‌كانیانه‌وه‌ له‌خۆده‌گرێت".

 

ئه‌و بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌ "موزه‌خانه‌كه‌ نزیكه‌ی 1600 ئاژه‌ڵی وشككراو له‌بڕبڕه‌داره‌كان‌و 300 تابلۆی جۆره‌كانی مێروو له‌خۆده‌گرێت‌و ئامانج له‌دامه‌زراندنیشی خۆی له‌پاراستنی جۆره‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌ هه‌روه‌ك نموونه‌ وشككراوو پارێزراوه‌كان بۆ خوێندنی چه‌ندین بابه‌تی بایۆلۆجی له‌لایه‌ن خوێندكارانه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ناساندنی هه‌مه‌جۆریی ژینگه‌یی له‌به‌سره‌و ناوچه‌ی باشوور".

 

خه‌یروڵڵا پێشیوایه‌ موزه‌خانه‌كانی مێژووی سروشتی به‌شوێنێك داده‌نرێن كه‌ سوودێكی دوو سه‌ره‌یان هه‌یه‌، چونكه‌ جۆرێك له‌كاتبه‌سه‌ربردن‌و گه‌شتوگوزارو زانیاری زانستیش دابین ده‌كه‌ن.

 

له‌گه‌ڵ وه‌ستانی كاركردنیش له‌پرۆژه‌ی موزه‌خانه‌ی مێژووی سروشتی كه‌ حكومه‌تی خۆجێی دامه‌زراندنی له‌ناوچه‌ی كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی پێشوو په‌سه‌ند كردووه‌، هێشتا خه‌یروڵڵا نموونه‌ی كه‌لوپه‌له‌ پیشاندراوه‌ سروشتییه‌كانی له‌ماڵه‌كه‌یدا هه‌ڵگرتووه‌و له‌و پێشانگا وه‌رزییانه‌دا به‌شداریان پێده‌كات كه‌ به‌ هاوكاری دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان رێكده‌خرێن تا راسته‌وخۆ پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ریان بكات.

 

نه‌بوونی پشتیوانی حكومیش هه‌مان كێشه‌ی بۆ ده‌سته‌ی شوێنه‌وارو كه‌له‌پووری به‌سره‌ دروستكردووه‌ كه‌ به‌رپرسانی هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازن مێژووی شاره‌كه‌ له‌ڕێی دامه‌زراندنی موزه‌خانه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن.

 

موزه‌خانه‌ی شارستانی به‌سره‌ ته‌نیا یه‌ك به‌شی كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ گه‌نجینه‌ی كه‌لوپه‌لی شوێنه‌واری له‌دروستكراوی گڵین به‌قه‌باره‌و شێوازی جیاجیاو دراوی نه‌ختینه‌ی چه‌ندین قۆناغی جیاجیای له‌خۆگرتووه‌.

 

موزه‌خانه‌كان باسی مێژووی شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و رووكاره‌كانی پیشان ده‌ده‌ن‌و ناسنامه‌ی دیاری ده‌كه‌ن، به‌سره‌ش شارێكه‌ پڕیه‌تی له‌و شوێنه‌وارانه‌ی مێژوویان بۆ سه‌ده‌ جیاجیاكانی وه‌ك سه‌رده‌می كلدانی‌و بابلی‌و گریك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

دكتۆر ئه‌نوه‌ر جاسب ته‌ریف توێژه‌ری كه‌له‌پوور ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "بایه‌خدان به‌كه‌له‌پووری رۆشنبیری‌و سروشتی له‌گرنگترین فاكته‌ره‌كانی راكێشانی گه‌شتیارانه‌، هه‌روه‌ك كاریگه‌ریشی هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌كان له‌ڕووی فیكری‌و هێنانه‌ئارای پایه‌كانی رۆشنبیری فره‌یی".

 

دكتۆر ئه‌نوه‌ر بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌ كه‌ "پرۆسه‌ی هێنانه‌ئارای گه‌شه‌پێدانێكی هه‌مه‌لایه‌ن له‌كۆمه‌ڵگه‌ی به‌سره‌دا پێوستی به‌پیشاندانی ته‌رزه‌كانی ته‌لارسازی‌و ناسنامه‌ی كه‌لتوری‌و كه‌له‌پووری دانیشتووانه‌كه‌ی‌و كۆكردنه‌وه‌و به‌دۆكیۆمێنتكردنی كه‌له‌پووری كه‌لتوری ماددی‌و نووسینه‌وه‌ی چیرۆكی شوێنه‌ كه‌لتورییه‌كان‌و ئاماده‌كردنه‌وه‌و بوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌و ژیاندنه‌وه‌ی شوێنه‌وار هه‌یه‌ له‌رٍێی تێكه‌ڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌جێبه‌جێكردنی ستراتیژه‌كان‌و پێشكه‌شكردنی به‌سه‌ردانكه‌ران به‌شێوازی گونجاو".

 

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌مه‌ترسی‌و ئاسته‌نگی جیهانگیری ناوی ده‌بات‌و یارمه‌تیده‌ر بووه‌ له‌سڕینه‌وه‌ی رووكاری ئه‌و كه‌له‌پوورو كه‌لتوره‌ عه‌ره‌بیه‌ ره‌سه‌نه‌ی به‌سره‌ی پێ جیاكراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك گرنگترین شارستانیه‌تی عه‌ره‌ب، ده‌شڵێت "ئه‌وه‌ بووه‌ته‌ پێویستیه‌ك كه‌ چیرۆكی شوێن‌و زه‌مان بنووسرێته‌وه‌و به‌هزری دانیشتووان‌و كۆمه‌ڵگه‌ی ناوچه‌كه‌و گه‌شتیارانیشه‌وه‌ گرێبدرێت".

 

له‌سایه‌ی نه‌بوونی پشتیوانی حكومه‌تیش بۆ دامه‌زراندنی موزه‌خانه‌كان، ئه‌و زانیاری‌و شوێنه‌وارانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌ناو كتێب‌و سه‌رچاوه‌و موزه‌خانه‌ تایبه‌ته‌كانی هۆگرانی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌نتیكه‌دا ده‌مێننه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌