راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

زوكه‌ربێرگی‌ عێراق
گه‌نجێك رێچكه‌ی دامه‌زرێنه‌ری فه‌یسبووك ده‌گرێته‌به‌ر

مه‌نار ئه‌لزوبه‌یدی‌
گه‌نجێكی‌ عێراقی‌ رێچكه‌ی‌ مارك زوكه‌ربێرگی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ فه‌یسبووكی‌ گرتووه‌ته‌به‌رو له‌رێی‌ دروستكردنی‌ تۆڕێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت عێراقییه‌كان پێكه‌وه‌ گرێبدات.
2.11.2016  |  دیوانیه
تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نیپرۆ
تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نیپرۆ

له‌خێزانێكی گوزه‌ران مامناوه‌ندی شاری دیوانه‌وه‌ لاوێكی عێراقی به‌ناوی سه‌جاد سه‌عدی سه‌لمان (19 ساڵ – پۆلی كۆتایی قۆناغی دواناوه‌ندی) ماڵپه‌ڕێكی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستكردو ناوی ناوه‌ "neproo"، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ش كه‌ هاتوونه‌ته‌ ڕێی دوودڵ نه‌بووه‌ له‌په‌ره‌پێدانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی‌و هه‌وڵی داوه‌ خوێندنه‌كه‌ی بگونجێنێت له‌گه‌ڵ ئاره‌زووه‌كه‌ی كه‌ رووكاره‌ زانستییه‌كانی خه‌ریكن ده‌رده‌كه‌ون.

 

سه‌جاد هه‌ر له‌زووه‌وه‌ لێهاتوو بووه‌ له‌دیزانی ئه‌لیكترۆنی‌و دانانی به‌رنامه‌دا، بۆیه‌ زۆر ماڵپه‌ڕی ئه‌لیكترۆنی هه‌واڵی‌و وه‌رزشی دیزان كردووه‌، هه‌میشه‌ش بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ماڵپه‌ڕێكی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك خاسیه‌تی باشی هه‌بێت.

 

سه‌جاد له‌باره‌ی گه‌شه‌كردنی بیرۆكه‌كه‌ی به‌"نیقاش"ی وت "چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بیرم له‌دروستكردنی ماڵپه‌ڕێك كرده‌وه‌و پلانم بۆ دروستكردنی ماڵپه‌ڕێكی ئه‌لیكترۆنی بۆ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵاتی داڕشت‌و بڕیارمدا كاری له‌سه‌ر بكه‌م‌و ره‌گه‌زی سه‌ره‌نجڕاكێشی بۆ دابنێم تا زۆرترین ژماره‌ی به‌كارهێنه‌ر رابكێشم، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستمكرد به‌دروستكردنی به‌شی نایاب‌و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و گرفتانه‌ی له‌ماڵپه‌ڕی فه‌یسبووكدا هه‌بوون‌و چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ریش توانیم ئه‌وه‌ به‌دیبهێنم".

 

هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بوو وتی "هه‌نگاوی رێكخراوم ده‌ستپێكرد بۆ دروستكردنی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ كه‌ بریتی بوون له‌دابینكردنی سێرڤه‌رو دۆمین‌و رووبه‌رو مه‌وداو دانانی به‌رنامه‌ی سیستمی ماڵپه‌ڕه‌كه‌و دروستكردنی‌و پاشان دانانی سیستمه‌كه‌و كاركردن له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌و دیزاینه‌كه‌ی‌و ئاماده‌كردنی سێتینگ‌و ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كان كه‌ چوار مانگی خایاند، دوای ئه‌وانه‌ش توانیم ماڵپه‌ڕێكی ئاماده‌ دروست بكه‌م كه‌ به‌سترایه‌وه‌ به‌ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانی وه‌ك تویته‌رو یوتیوب‌و گوگڵ، ئیتر ده‌ستم كرد به‌بانگه‌شه‌ بۆ كردنی".

 

 هه‌نگاوه‌كانی چوونه‌ژووره‌وه‌ بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ له‌رێی‌ ئه‌م لینه‌كه‌وه‌ ده‌بێت (neproo.com/join.) پاشان فه‌رمانی (دروستكردنی ئه‌كاونتێكی نوێ) هه‌ڵده‌بژێریت‌و زانیارییه‌كان پڕ ده‌كه‌یته‌وه‌، ده‌توانرێت جگه‌ له‌عه‌ره‌بی به‌زمانه‌كانی تریش به‌كاربهێنرێت، چونكه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی 10 زمانی داناوه‌و به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت زمانی گونجاو هه‌ڵبژێرێت‌و پاشان خۆی له‌ماڵپه‌ڕه‌كه‌دا تۆمار بكات.

 

نیپرۆ ماڵپه‌ڕێكی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی هاوشێوه‌ی فه‌یسبووكه‌، به‌ڵام چه‌ند خاسیه‌تێكی دیاریكراوی هه‌یه‌ كه‌ سه‌جاد سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌زیادكردنیان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ روونی ده‌كاته‌وه‌ "به‌دوای ئه‌و شتانه‌دا گه‌ڕام كه‌ له‌ فه‌یسبووكدا نین وه‌كو زانینی سه‌ردانكه‌رانی په‌یجه‌كه‌، بۆیه‌ ئه‌م خاسیه‌ته‌م بۆ زیادكرد كه‌ له‌ڕێیه‌وه‌ به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت زانیاری له‌باره‌ی سه‌ردانكه‌رانی ماڵپه‌ڕه‌كه‌وه‌ هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش له‌پاڵ خاسیه‌تی لایكدا، ئه‌نلایكیشم داناوه‌ له‌گه‌ڵ دانانی خاسیه‌تی "pro" كه‌ ئاستی په‌یجه‌كه‌ ئه‌ژمار ده‌كات‌و وه‌كو پێوه‌رێك وایه‌ كه‌ به‌رزترین پله‌ ده‌داته‌ په‌یجه‌ چالاكه‌كانی به‌كارهێنه‌ران، به‌وه‌ش دیاری خۆڕایی له‌نیپرۆوه‌ وه‌رده‌گرن وه‌كو ریكلامی پاره‌بۆدراوو لۆگۆی تایبه‌ت به‌ په‌یجه‌كه‌، هه‌روه‌ك هێزی په‌یجه‌ تایبه‌ته‌كه‌ش بۆ دووهێنده‌ زیاد ده‌كات.

 

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ بوار به‌بڵاوكردنه‌وه‌ وێنه‌و ڤیدیۆو ده‌نگ (mp3)و گفتوگۆی ڤیدیۆیی ده‌دات كه‌ له‌فه‌یسبووكدا نین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌خاسیه‌تی مای ستۆر كه‌ رێگه‌ به‌ به‌شداربووان ده‌دات هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ماڵپه‌ڕی نیپرۆ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نووسینی نرخ‌و جۆرو ناونیشانه‌كانیان كه‌ ئه‌مه‌ش خاسیه‌تێكه‌ ته‌نیا تایبه‌ته‌ به‌ماڵپه‌ڕه‌كه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ماڵپه‌ڕی نیپرۆ پشتیوانیه‌كی ته‌كنیكی 24 سه‌عاتی له‌شێوه‌ی چاتدا پێشكه‌ش ده‌كات بۆ پرسیاركردن‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری به‌كارهێنه‌ران".

 

سه‌جاد دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ "نیپرۆ توانای كۆنترۆڵكردنی وشه‌ی هه‌یه‌ له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر به‌كارهێنه‌ران هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌كی په‌وه‌ندیدار به‌تایفگه‌ری له‌ئیمه‌یلی تایبه‌تی خۆیان یان له‌ په‌یجه‌ گشتیه‌كه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ وه‌ك پۆستێكی تایفی یان ده‌سته‌واژه‌یه‌كی وه‌ك: داعش، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، سونی، شیعی‌و ..هتد، ئه‌وا ماڵپه‌ڕه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی ده‌یانكاته‌ جفره‌و ده‌یانگۆڕێت بۆ نیشانه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ك (*) هه‌روه‌ك كار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی خاسیه‌تێكی ئۆتۆماتیكی دیكه‌ش ده‌كات كه‌ قه‌ده‌غه‌كردنی وێنه‌ی توندوتیژی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

 

سه‌جاد ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی به‌ماڵپه‌ڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تی عێراقی عه‌ره‌بی وه‌سف ده‌كات كه‌ بیروڕای به‌كارهێنه‌رانی كۆنترۆڵ ناكات‌و سیخوڕی به‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیانه‌وه‌ ناكات وه‌ك له‌فه‌یسبووكدا هه‌یه‌، ئامانجیشی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان خه‌ڵكه‌ له‌توێژو نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌ته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ به‌وپه‌ڕی دڵنیایی‌و ئاشتیه‌وه‌ به‌بێ وشه‌ی تایفی‌و ره‌گه‌زپه‌رستی.

 

ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ كه‌ به‌لینكێك له‌گوگڵه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌جاد په‌ره‌ی پێدرا بۆ ئه‌پلیكه‌یشنێكی ئه‌زموونی له‌پله‌ی ستۆرو له‌لایه‌ن زۆر كه‌سه‌وه‌ داونلۆد كراو تائێستا ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی گه‌یشتۆته‌ سه‌د هه‌زار كه‌س.

 

سه‌جاد ده‌ڵێت شتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو كه‌ كۆمپانیای گوگڵ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی ناساندو به‌وێنه‌وه‌ دۆكیۆمێنتی كرد كه‌ ئه‌وه‌ش هانده‌رێكی گه‌وره‌ بوو بۆ په‌ره‌پێدانی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ چه‌ند ماڵپه‌ڕێكی تری عه‌ره‌بی‌و نێوده‌وڵه‌تی.

 

به‌ڵام ماڵپه‌ڕی "نیپرۆ" له‌هه‌ڵمه‌ته‌كانی هاككردن پارێزراو نه‌بووه‌ كه‌ سه‌جاد به‌توند وه‌سفیان ده‌كات‌و ده‌ڵێت "ماڵپه‌ڕه‌كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تێكی به‌هێزی هاككردن بووه‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند "ئایپی"یه‌كی جیاوازه‌وه‌ كرانه‌ سه‌ری به‌مه‌به‌ستی له‌كارخستنی‌و دواتر چوونه‌ژووره‌وه‌ بۆ بۆردی كۆنترۆڵه‌كه‌ی‌و په‌كخستنی، ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ روسیه‌ی له‌دامه‌زراندنی سێرڤه‌ره‌كه‌دا پشتم پێبه‌ستووه‌ ده‌رخسته‌یه‌كی به‌و هه‌وڵی هاككردنانه‌ بۆ ناردم‌و منیش داوام له‌كۆمپانیاكه‌ كرد ماڵپه‌ڕه‌كه‌ دابخات بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كان، به‌وه‌ش توانیم ئه‌و هێرشانه‌ له‌ناو ببه‌م جگه‌ له‌یه‌ك حاڵه‌ت نه‌بێت كه‌ خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنیم‌و سه‌رله‌نوێش ماڵپه‌ڕه‌كه‌م خسته‌وه‌ كار".

 

ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای نیگه‌رانی سه‌جاده‌ ئه‌وه‌یه‌ هێرشبه‌ره‌كان سێ گه‌نجی عێراقی بوون، به‌ڵام ئه‌و بیری له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ بیانداته‌ دادگا، به‌ڵكو كاری بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هێزی سیستمی پاراستنه‌كه‌ی زیاتر بكات.

 

ماڵپه‌ڕی نیپرۆ وای كردووه‌ به‌ناوی جیاجیاوه‌ لاسایی بكرێته‌وه‌، به‌ڵام هیچیان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستی هونه‌ری‌و ته‌كنیكی ماڵپه‌ڕه‌كه‌، چونكه‌ شتی نوێ كێبڕكێ دروست ده‌كات.

 

له‌به‌رامبه‌ر كێبڕكێكارانیشدا سه‌جاد یه‌كه‌م پشتیوانی له‌دایكیه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ هانی داوه‌و له‌ قه‌باره‌ی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ ئاگاداری كردۆته‌وه‌ كه‌ دێنه‌ ڕێگای، هه‌روه‌ك باوكی‌و زۆرێك مامۆستایان‌و هاوڕێیان‌و كه‌سانێكیش له‌ئینته‌رنێته‌وه‌ هانیان داوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌پشتیوانانی له‌ده‌ره‌وه‌ له‌عێراقیه‌كان‌و بیانیانش، هه‌وڵیشی داوه‌ سوود له‌شاره‌زایی ئه‌ندازیاریان‌و راوێژه‌ هونه‌رییه‌كانیان وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هه‌وڵه‌كانی تیمێكی پسپۆر كه‌ چه‌ند گه‌نجێكی پارێزگاكانی كوت‌و سه‌ماوه‌و به‌سره‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ وه‌ك خۆبه‌خش كاریان بۆ پاراستنی ماڵپه‌ڕه‌كه‌و په‌ره‌پێدانی كردووه‌.

 

ئێستا "نیپرۆ" به‌لای دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ پرۆژه‌ی ته‌مه‌نه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "به‌ئاینده‌و بوونی خۆمی داده‌نێم بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێیه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتێكی عێراقی پێشكه‌ش بكه‌م‌و خوازیاریشم له‌ئاینده‌دا كۆمپانیای نیپرۆ دابمه‌زرێنم، هیوادارم هه‌لومه‌رج له‌عێراق گونجاوبێت بۆ پرۆژه‌كه‌و ناچار نه‌بم له‌وڵاتێكی تره‌وه‌ به‌دواداچوونی بۆ بكه‌م".

 

سه‌جاد بانگه‌وازه‌كه‌ی ئاڕاسته‌ی به‌هره‌مه‌نده‌ عێراقییه‌كان ده‌كات‌و هانیان ده‌دات سووربن له‌سه‌ر كاره‌كه‌یان‌و خۆیان ته‌سلیمی هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌كه‌ نه‌كه‌ن‌و به‌حه‌ماسه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت "ئێستا كار له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕێكی نوێ ده‌كه‌م كه‌ كه‌سێك له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق پاره‌ی بۆ دابین ده‌كات‌و منیش سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌م، ئه‌ركی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ پشتیوانیكردنی گه‌شه‌پێده‌ره‌ گه‌نجه‌كانه‌ له‌وانه‌ی بیرۆكه‌ی نوێیان هه‌یه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌