راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌نجینه‌یه‌كی‌ مێژوویی‌
له‌سنوری‌ سه‌یدسادق شوێنه‌واری‌ چوار هه‌زار ساڵ پیش زایین ده‌دۆزرێته‌وه‌

سەلام هانەدنی
له‌سنوری‌ قه‌زای‌ سه‌یدسادق گه‌نجینه‌یه‌كی‌ زێڕینی‌ مێژووی‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌، ئه‌ویش شوێنه‌وارێكه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ بۆ چوار هه‌زار ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
2.11.2016  |  سلێمانی
تیمی‌ شوێنه‌وارناسان له‌گردی‌ قلرخ ( :وێنه سلام هانداني)
تیمی‌ شوێنه‌وارناسان له‌گردی‌ قلرخ ( :وێنه سلام هانداني)

بۆ دوو مانگ ده‌چێت تیمێكی‌ هاوبه‌شی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ شوێنه‌واری‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند پسپۆڕێكی‌ زانكۆی‌ فرانكفۆرتی‌ ئەڵمانی‌و چه‌ند شوێنه‌وارناسێكی‌ یابانی‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌كنه‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ پارچه‌ی‌ شوێنه‌واری‌ مێژووی‌ له‌قه‌زای‌ سه‌ید سادق (58كم خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌)، ئه‌وه‌ی‌ تائێستا له‌و جێیه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، شوێنه‌وارناسه‌كانی‌ تووشی‌ سه‌رسوڕمان كردووه‌.

 

ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ له‌سه‌ر دوو گردی‌ به‌ناوبانگی‌ قه‌زاكه‌ دۆزرازونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌گرده‌كانی‌ (قلرخ‌و كاژاو) ناسراون‌و تیمێكی‌ 19 كه‌سی‌ گه‌ڕانیان تێدا ده‌كه‌ن‌و رۆژ به‌رۆژیش پارچه‌ی‌ شوێنه‌واریی‌ نوێ‌ ده‌دۆزنه‌وه‌.

 

گردی‌ (قلرخ) ده‌كه‌وێته‌ گوندی‌ قلرخ له‌خۆرئاوای‌ قه‌زای‌ سیدسادق‌و گردی‌ (كاژاو)یش سه‌ر بەناحیەی تانجەرۆیە، گه‌ڕان له‌م گرده‌ی‌ دووهه‌میان كۆتایی‌ هاتووه‌و تائێستا چه‌ندین خشڵ‌و به‌ردو گۆڕو مۆری‌ تیا دۆزراوه‌ته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو چه‌ندین شوێنه‌واری‌ مێژووی‌ نزیكتریشی‌ تیا دۆزراوه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ شوێنه‌واری‌ په‌رستگایه‌كی‌ مه‌سیحی‌.

 

كاتێك ساڵی‌ 2012 تیمی‌ زانكۆی‌ فرانكفۆرتی‌ ئه‌ڵمانی‌ هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، وا مه‌زه‌نده‌یان كردووه‌ شوێنه‌واری‌ تا دوو هه‌زار ساڵ پێش زایین له‌وێ‌ بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ ئه‌مساڵ پرۆسه‌ی‌ كنه‌و پشكنین ده‌ستی‌ پێكردووه‌، ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ گه‌یشتوون سه‌رسوڕهێنه‌ر بووه‌، مێژووی‌ شوێنه‌واره‌كان بۆ چوار هه‌زار ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌كۆنترین ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌ له‌كوردستاندا دۆزراونه‌ته‌وه‌.

 

پرۆفیسۆر دێریك ویكا له‌زانكۆی‌ فرانكفۆردی‌ ئه‌ڵمانی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئه‌ندامانی‌ تیمی‌ پشكین به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌م دوو گرده‌ تائێستا شوێنه‌واری‌ هه‌زاره‌ی‌ چواره‌م‌و سێیه‌م‌و دووه‌می‌ پێش زایین دۆزراونه‌ته‌وه‌، به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ شوێنه‌واری‌ هه‌زاره‌ی‌ یه‌كه‌میش بدۆزینه‌وه‌، چونكه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌توانین مێژوو بنوسینه‌وه‌". ویكا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌هه‌مان شوێن شوێنه‌واری‌ سه‌رده‌می‌ مه‌سیح‌و ئیسلامیش دۆزراوه‌ته‌وه‌.

 

ده‌شتی‌ شاره‌زوورو قه‌زای‌ سه‌یدسادق‌و ده‌وروبه‌ری‌ به‌یه‌كێك له‌ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌ گرنگه‌كانی‌ كوردستان ده‌ده‌نرێن، حكومه‌تی‌ هه‌رێم 200 گردو ته‌پۆڵكه‌ی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ له‌لیستی‌ شوێنه‌واردا تۆماركردووه‌و ورده‌ ورده‌ پشكنینان تیا ده‌كرێت.

 

گردی‌ قلرخ كه‌ ئێستا كنه‌و پشكنینی‌ تیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بۆیه‌كه‌مجار له‌ساڵی‌ 1945 له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی‌ شوێنه‌واری‌ عێراقییه‌وه‌ پشكنینی‌ تیا كراوه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی‌ كه‌ ئێستا ئاشكرا بوون.

 

هێرۆ ساڵح شوێنه‌وارناس‌و نوێنه‌ری‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ شوێنه‌واری‌ سلێمانی‌ له‌تیمی‌ پشكنین به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ندێ‌ له‌و پارچانه‌ی‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ تائێستا نه‌مانزانیوه‌ بۆ چ سه‌رده‌مێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێشتر به‌شێكیان له‌كاتی‌ گه‌ڕاندا ده‌ستكاری‌ كراون یان شێوێندراون".

 

هه‌روه‌ها وتیشی‌ "له‌گردی‌ كاژاو كه‌ به‌رزیه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 30 بۆ 40 مه‌تر ده‌بێت چه‌ندین شوێنه‌واری‌ گرنگ دۆزراونه‌ته‌وه‌، له‌به‌رده‌می‌ ئه‌ویش گردێكی‌ بچوكتر هه‌یه‌ كه‌ به‌رزییه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 15 مه‌تر ده‌بێت، له‌وێش شوێنه‌واره‌ی‌ په‌رستگایه‌كی‌ مه‌سیحی‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌".

 

هێرۆ وتیشی‌ "جگه‌ له‌م دوو گرده‌ له‌گردی‌ شاملوش له‌هه‌مان ناوچه‌ خه‌ریكی‌ پشكنین، به‌ڵام تائێستا ئه‌وه‌ی‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ پارچه‌ی‌ سه‌ره‌تایین".

 

له‌ساڵانی‌ چله‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو كاتێك شوێنه‌وارناسانی‌ عێراقی‌ له‌گردی‌ (شاملو) پشكنینان كردووه‌ جۆرێك له‌گۆزه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ جیاواز بووه‌ له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی‌ تر، هه‌ر بۆیه‌ له‌دوای‌ ئه‌وه‌وه‌ له‌هه‌رشوێنێكی‌ عێراق له‌وجۆره‌ گۆزه‌و گڵینه‌ بدۆزرێته‌وه‌ پێی‌ ده‌گوترێت گڵینه‌ی‌ شاملو، به‌و پێیه‌ی‌ یه‌كه‌مجار له‌م گرده‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌.

 

هه‌موو ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌و مێژووه‌كه‌یان ساغ ده‌كرێته‌وه‌ راده‌ستی‌ مۆزه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌كرێن، ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ ده‌مێننه‌وه‌ له‌گه‌نجینه‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ شوێنه‌واری‌ سلێمانی‌ هه‌ڵده‌گیرێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ مێژووه‌كه‌یان ساغ بكرێنه‌وه‌.

 

ئه‌و شوێنه‌وارناسانه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ دوو مانگه‌ له‌قه‌زای‌ سه‌یدسادق خه‌ریكی‌ كنه‌و پشكنینن، به‌پێی‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی‌ پێی‌ گه‌یشتوون چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن پارچه‌ی‌ وه‌ها بدۆزنه‌وه‌ كه‌ سه‌رله‌نوێ‌ مێژووی‌ ناوچه‌كه‌ بنوسێته‌وه‌و سه‌ره‌تای‌ ژیانی‌ مرۆڤ له‌وێدا ده‌ستنیشان بكات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌