راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نزیكه‌ی‌ ده‌ هه‌زار بریندار هه‌یه‌
پێشمه‌رگه‌ تیماركاره‌کان.. تاڵه‌مووی‌ نێوان مه‌رگ‌و ژیان

ئیسماعیل عوسمان
پزیشك‌و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی‌ له‌كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌هانای‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ بچن، به‌ڕاده‌یه‌ك تێكه‌ڵی‌ شه‌ڕی‌ داعش بوون كه‌ ئه‌وانیش سیفه‌تی‌ پێشمه‌رگه‌یان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌چه‌كێكی‌ جیاوازه‌وه‌.
26.10.2016  |  سلێمانی
بریندارێكی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ ( :وێنه اسماعيل عثمان )
بریندارێكی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ ( :وێنه اسماعيل عثمان )

 

هێمن جه‌وهه‌ر (20 ساڵ) سێ ساڵه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، هه‌فته‌ی‌ رابردوو له‌كاتی‌ گه‌یاندنی‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌ خوێن له‌قاچ‌و به‌شی خواره‌وه‌ی چه‌ناگه‌ی ده‌چۆڕا، په‌رستارو دكتۆره‌كان زوو زوو خوێنی ناوده‌میان پاك ده‌كرده‌وه‌و دوای چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ی‌ به‌شی نه‌شته‌رگه‌یان كرد.

 

دوای دوو رۆژ له‌نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ی، په‌یامنێری‌ "نیقاش" هێمنی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ (شار) بینییه‌وه‌ كه‌ چه‌ناگه‌ی دورابوه‌وه‌و باری ته‌ندروستی جێگیر بوو، به‌ده‌نگێكی پچڕ پچڕ - نه‌یده‌توانی ده‌می به‌ته‌واوه‌تی بجوڵنێت - وتی "له‌باشوری كه‌ركوك له‌كاتی ئاماده‌كاریدا بووین بۆ رووبه‌روبونه‌وه‌ی‌ داعش، فرۆكه‌یه‌كی‌ نه‌ناسراو بۆردومانی‌ كردین، دوو شه‌هیدو چه‌ند بریندارێكمان هه‌بوو، له‌رێگای ئۆتۆمبێلی تایبه‌ته‌وه‌ گواسترامه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ كه‌ركوك، له‌وێشه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ سلێمانی كرام".

 

هێمن یه‌كێكه‌ له‌و سه‌دان پێشمه‌رگه‌یه‌ی‌ له‌ماوه‌ی دوو ساڵ‌و شه‌ش مانگی‌ شه‌ڕی‌ داعشدا بریندار بووه‌، به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا 43 شه‌ڕو په‌لاماردان‌و هێرش‌و روبه‌روبونه‌وه‌ی قورس له‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌‌و داعشدا روودایانداوه‌.

 

ئه‌و بریندارانه‌ی‌ له‌شه‌ڕه‌كانی‌ داعشدا كه‌وتوونه‌ته‌وه‌، چاره‌سه‌ریان سپێردراوه‌ به‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كانی‌ تر، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كیشیان نێردراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

 

د. شه‌ماڵ جه‌بار یاوه‌ر، لێپرسراوی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014ه‌وه‌ تا پێش هێرشه‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ موسڵ 9415 پێشمه‌رگه‌ بریندار بوون‌و 1513ی‌ دیكه‌ش شه‌هید بوون‌و وتی‌ "له‌ماوه‌ی جه‌نگی داعشدا ئێمه‌ وه‌ك ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ زیاتر له‌3000 بریندارمان له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ چاره‌سه‌ركردووه‌و ئه‌وانی‌ تر له‌نه‌خۆشخانه‌كان چاره‌سه‌ركراون، ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ كردومانه‌ زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار نه‌شته‌رگه‌رییه‌، چونكه‌ بریندار هه‌بووه‌ سێ‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ ویستووه‌".

 

به‌پێی‌ ئامارێكی‌ دیكه‌ كه‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، له‌دواین شه‌ڕی روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و داعش له‌شه‌وی‌ هه‌ینی‌ رابردوو زیاتر له‌ 200 كه‌س له‌كه‌ركوك بریندار بوون، هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌م ئاماره‌ پشت راست ناكاته‌وه‌و ته‌نها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ 66 بریندار ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌كانی شاری سلێمانی كراون.

 

د.ئومێد حه‌مه‌ ساڵح، به‌رێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی سلێمانی به‌"نیقاش"ی‌ وت "ژماره‌ی ئه‌و بریندارانه‌ی‌ هه‌ینی‌ گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ 49 بریندار بوون‌و یه‌كێك له‌برینداره‌كانیش له‌كاتی گواستنه‌وه‌یدا بۆ نه‌خۆشخانه‌ شه‌هید بووه‌".

 

میحوره‌كانی ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ دابه‌ش كراون به‌سه‌ر سێ ناوچه‌دا كه‌ ئه‌وانیش هه‌ولێرو سلێمانی‌و دهۆكن، زۆرترین جه‌نگ له‌میحوره‌ی سلێمانی بووه‌ كه‌ پێك دێت له‌(كه‌ركوك، خانه‌قین، جه‌وله‌ولا، خورماتو، موسڵ) برینداره‌كانی‌ ئه‌و شه‌ڕانه‌ش له‌هه‌ر سێ‌ نه‌خۆشخانه‌ی (فریاكه‌وتنی سلێمانی، نه‌خۆشخانه‌ی‌ شار، چه‌می رێزان) چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

 

بێستون سه‌رحه‌د (22 ساڵ) ئه‌و كاته‌ی‌ ویستویه‌تی یه‌كێ له‌هاوڕێ پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كانی‌ ده‌رباز بكات، له‌رێگای قه‌ناس به‌ده‌سته‌كانی داعشه‌وه‌ بووه‌ته‌ ئامانج‌و برینداربووه‌و فیشه‌ك به‌ر قاچی راستی كه‌وتووه‌، دوای گواستنه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی نه‌شته‌رگه‌ری بۆكراوه‌، ئه‌و كه‌ هێشتا له‌نه‌خۆشخانه‌ مابووه‌وه‌ باس له‌ئازایه‌تی‌ تیمه‌كانی‌ ته‌ندروستی‌ ده‌كرد له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "تیمه‌كانی ته‌ندروستی توانیویانه‌ پاڵپشتێكی‌ گرنگی‌ پێشمه‌رگه‌بن".

 

تیمه‌ ته‌ندروستیه‌كانی به‌ره‌كانی جه‌نگ كه‌ له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ته‌ندروستی هه‌رێمه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014ه‌وه‌ پێكهێنراون‌و كاریان ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ فریاگوزاری‌ سه‌ره‌تایی‌ بۆ برینداره‌كان بكه‌ن وه‌ك (وه‌ستاندنی خوێن به‌ربوون، كردنه‌وه‌ی‌ رێره‌وی‌ هه‌ناسه‌دان، دانانی‌ كانولا، هه‌ڵواسینی‌ موغه‌زی).

 

به‌شێكی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م تیمانه‌ "تیمی ئاماده‌"ن كه‌ له‌كاتی شه‌ڕو هێرشه‌كانی پێشمه‌رگه‌و داعشدا كارده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ له‌پێنج پزیشكی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌‌و 15 شوفێری ئه‌مبۆلانس‌و 25 كارمه‌ندی ته‌ندروستیه‌ پێك دێن، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گوازراوه‌یان هه‌یه‌ له‌ناو چادردا‌و ئه‌مانیش چاره‌سه‌ری‌ خێرا بۆ برینداره‌كان ده‌كه‌ن‌و ده‌یاننێرنه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ شاره‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ تیمی‌ گه‌ڕۆكی‌ چاره‌سه‌ری‌ خێرا هه‌ن كه‌ له‌پزیشكێك‌و یاریده‌ده‌ری‌ پزیشك‌و ئه‌مبۆڵانسێك پێكهاتوون‌و به‌كۆی‌ گشتی‌ ژماره‌یان 50 كارمه‌ندو 23 شۆفێره‌.

 

ئاوات مه‌حمود بابه‌كر، سه‌رپه‌رشتیاری تیمه‌ ته‌ندروستیه‌كانی به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌میحوه‌ری‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كیان نه‌بوونی‌ ئه‌مبۆلانسی گولله‌نه‌بڕه‌‌و ده‌ڵێت "بریندارێك ته‌قه‌ی له‌سه‌ر بێت ناتوانین برۆینه‌ سه‌ری‌و بیگوێزینه‌وه‌، ئه‌بێت هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان بگوێزنه‌وه‌ نزیك تیمه‌كانمان‌و فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایان بۆ ئه‌نجام بدرێت، سه‌ره‌ڕای‌ برینداره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ دیلی داعشمان هه‌بووه‌ ئه‌ویشمان چاره‌سه‌ر كردووه‌".

 

ئه‌گه‌ر چی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ داعشه‌وه‌ برینداری‌ پێشمه‌رگه‌ زۆر بوون، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی‌ په‌یداركردنی‌ شاره‌زایی‌‌و تێگه‌یشتن له‌فێڵه‌كانی‌ داعش ژماره‌ی‌ برینداره‌كان كه‌مبوونه‌ته‌وه‌.

 

دكتۆر میران محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ سلێمانی‌ كه‌ زیاتر له‌هه‌زار كارمه‌ندیان به‌شێوه‌ی‌ ده‌سته‌ ده‌سته‌ چوونه‌ته‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات زۆرترین برینداره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ته‌قینه‌وه‌و فیشه‌كی‌ قه‌ناس بریندار بوون‌و زۆربه‌ی‌ فیشه‌كه‌كان به‌ر ران‌و سنگ‌و سه‌ریان، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا به‌هۆی‌ بوونی خۆپاریزی گولله‌نه‌بڕی‌ سنگی پێشمه‌رگه‌وه‌ برینداری سنگ‌و سه‌ر كه‌متر بووه‌ته‌وه‌.

 

دكتۆر میران به‌"نیقاش"ی‌ وت "تائێستا توانای‌ ئه‌وه‌مان نه‌بووه‌ برینداره‌كان به‌كۆپته‌ر بگوازینه‌وه‌، نه‌بوونی‌ ئه‌مبۆلانسی‌ گولله‌نه‌بڕیش وایكردووه‌ نه‌توانین بچینه‌ قوڵایی‌ شه‌ڕه‌وه‌و ژیانی‌ كارمه‌نده‌كانی‌ خستوینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ دوو كارمه‌ندمان شه‌هیدبوون".

 

به‌هۆی‌ ده‌ستوبردی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستییه‌وه‌ تائێستا ژیانی‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ له‌مردن رزگاركراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌برینداره‌كان زامه‌كه‌یان ئه‌وه‌نده‌ قورسه‌ له‌كوردستان چاره‌سه‌ریان نییه‌و ده‌بێت بنێردرێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

د.شه‌ماڵ جه‌بار یاوه‌ر لێپرسراوی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات تائێستا 926 كه‌سیان ناردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ر، زیاتر له‌ 50 برینداری‌ تر ماون ده‌بێت ئه‌وانیش ره‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ بكرێن، روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ته‌نها برینداره‌ قورسه‌كان ره‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێن ئه‌وانه‌ی‌ پێویستیان به‌نه‌شته‌رگه‌ری ده‌رماری زۆر ووردو چاندنه‌وه‌ی‌ چاوو گۆڕینی جومگه‌كانی ده‌ست‌و دروستكردنه‌وه‌ی‌ ده‌ست‌و پێ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوتاوییه‌ قورسه‌كان‌و ئه‌وانه‌ی‌ فیشه‌ك به‌ر سه‌ریان كه‌وتووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش بۆ وڵاتانی‌ توركیاو ئه‌لمَانیاو هیندستان‌و یۆنان‌و قوبرس‌و ئوردن ده‌نێردرێن.

 

ئاری جه‌مال (34 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌و بریندارانه‌ی‌ چاوه‌ڕێی‌ نۆره‌ی‌ خۆی‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بنێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئاری‌ فیشه‌كی‌ قه‌ناس به‌ر شانی چه‌پی كه‌وتووه‌، دوای نه‌شته‌رگه‌ی ئێستا ئه‌و ده‌سته‌ی توانای جوڵه‌ی نه‌ماوه‌‌و پسپۆره‌كانی  ته‌ندروستی ئێران‌و كوردستان پێیان وتووه‌ كه‌ ده‌ماری براوه‌و پێویستی به‌نه‌شته‌رگه‌ری ده‌مار هه‌یه‌‌و ئه‌مه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان ده‌كرێت.

 

ئاری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پشكنینه‌كانم ته‌واو بووه‌و بڕیار بوو له‌گه‌ڵ چه‌ند بریندارێكی‌ تردا بنێردرێینه‌ ئه‌ڵمانیا، به‌ڵام به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمه‌وه‌ پرۆسه‌ی‌ ناردنه‌كه‌مان راگیراوه‌و ئێمه‌ش هه‌ر چاوه‌ڕێین".

 

زۆربه‌ی‌ ئه‌و بریندارانه‌ی‌ په‌یامنێری‌ "نیقاش" چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵدا كردن ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ رزگاربوونیان له‌مردن به‌هۆی‌ زوو به‌ده‌مه‌وه‌ چوونی‌ پزیشك‌و كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستییه‌ له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ، هێمن جه‌وهه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه‌ گه‌نجه‌ی‌ به‌بۆردومانی‌ فرۆكه‌ بریندار بووبوو، سوپاسی‌ ئه‌و كارمه‌ندو پزیشكانه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ ژیانی‌ خۆیان خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان له‌مردن رزگار بكه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌