راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژیان ده‌كاته‌وه‌ به‌به‌ری‌ شارێكدا
ئه‌زموونێكی‌ كه‌م وێنه‌.. له‌شه‌قامی‌ مردووه‌وه‌ بۆ شه‌قامی‌ كتێب

ئه‌حمه‌د سامر
تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر شه‌قامی سۆمه‌ر له‌ناسریه‌ ناوی‌ شه‌قامی مردووی‌ لێنرابوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌هه‌وڵی كۆمه‌ڵێك چالاكوانی لاوو خاوه‌نی كتێبخانه‌كان‌و رۆشنبیران، بووه‌ته‌ مێرگێكی رۆشنبیری.
20.10.2016  |  زیقار

محه‌مه‌د (22 ساڵ) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌به‌شدارانی ده‌ستپێشخه‌ری چالاكی شه‌قامی كتێب، سڵ له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ هه‌موو رۆژانێكی هه‌ینی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌هاوڕێیانی سندوقی كتێبه‌كان هه‌ڵبگرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ یه‌كه‌مین ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر شۆسته‌كه‌ كتێبه‌كانیان پیشان ده‌ده‌ن‌و به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو رێكیانده‌خه‌ن، به‌رله‌وه‌ی شه‌قامه‌كه‌ له‌پاشنیوه‌ڕۆدا به‌سه‌ردانیكه‌رانی قه‌رباڵغ ببێت.

 

محه‌مه‌د كه‌ ماجستێری له‌ئه‌ده‌بیاتی زمانی عه‌ره‌بیدا وه‌رگرتووه‌، كارێكی باشتر له‌فرۆشتنی كتێب نابینێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای هیلاكی كاره‌كه‌و قازانجه‌ كه‌مه‌كه‌شی، به‌ڵام ئه‌و وه‌كو چه‌ندین هاوڕێی تری، به‌نزیكترین كار له‌خۆیه‌وه‌ له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌سوودتره‌ له‌چاوه‌ڕێكردنی به‌ڵێنه‌كانی دامه‌زراندنی حكومی كه‌ بووه‌ته‌ شتێكی نیمچه‌ مه‌حاڵ.

 

محه‌مه‌د به‌په‌یامنێری "نیقاش"ی وت "هه‌موو رۆژانێكی هه‌ینی به‌وره‌وه‌ بۆ پشتگیری هه‌ر چالاكییه‌كی مه‌ده‌نی ده‌چمه‌ شه‌قامی كتێب، ته‌نیا سه‌بووریشم له‌م چالاكییه‌ ئه‌و هیوایه‌یه‌ كه‌ ئیلهام ده‌به‌خشیًته‌ لاوان‌و مانایه‌كی گه‌وره‌تر ده‌داته‌ ژیانیان له‌شارێكی په‌ككه‌وتوودا كه‌ زۆرێك له‌جومگه‌كانی ژیانی پاشه‌كشه‌یان كردووه‌".

 

چالاكییه‌كانی ئه‌و شه‌قامه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر بینای شاره‌وانی ناسریه‌ له‌سه‌نته‌ری شاره‌كه‌دا درێژ ده‌بێته‌وه‌، ته‌نیا فرۆشتنی كتێبی عه‌ره‌بی‌و ئینگلیزی نیه‌، به‌ڵكو ده‌رفه‌تێكیش دراوه‌ته‌ ئه‌دیبان‌و نووسه‌ران كه‌ دیداری به‌رهه‌مدار رێكبخه‌ن‌و چاپكراوه‌ نوێیه‌كانیان ئیمزا بكه‌ن‌و خوێنه‌ر رابكێشن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هاندانی هونه‌رمه‌ندان بۆ پێشكه‌شكردنی چالاكی جۆراجۆر له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا.

 

عه‌لی كازم خاوه‌نی كتێبخانه‌ی (عه‌لی) یه‌كێكه‌ له‌رێكخه‌رانی چالاكی شه‌قامی كتێب، زۆر پشت به‌به‌بازاڕكردنی كتێب ده‌به‌ستێت له‌بوارێكی گشتیدا له‌بری ئه‌وه‌ی له‌نێو چوار دیواردا له‌كتێبخانه‌یه‌كدا بهێڵرێته‌وه‌، ئه‌و "نیقاش"ی وت "بوونی ئێمه‌ وه‌كو خاوه‌نی كتێبخانه‌كان فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون‌و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م چالاكییه‌،  ئێستا په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری خوێنه‌ردا هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی رۆشنبیری كه‌ ئه‌ركی كاراكردنی خوێندنه‌وه‌و ئه‌رزش بۆ گێڕانه‌وه‌یه‌تی له‌سایه‌ی هه‌لومه‌رجی لێچوونه‌وه‌ی لاوان له‌خوێندنه‌وه‌".

 

شه‌قامی كتێب له‌ناسریه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ئومێده‌وارن وه‌ك شه‌قامی موته‌نه‌بی به‌غداو فه‌راهیدی به‌سره‌ی لێبێت، ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ ئه‌مری واقیع‌و هانده‌رێكیش بۆ شاری دیكه‌ كه‌ هه‌نگاوی هاوشێوه‌یان ناوه‌ وه‌ك پارێزگاكانی واست‌و بابل‌و دیوانیه‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی خۆجێیی سنووردار بووه‌و ته‌نیا بریتی بووه‌ له‌دابینكردنی ئه‌و شوێنه‌ی چالاكییه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌رێت‌و قه‌ده‌غه‌كردنی چوونه‌ ناوه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل‌و رووناككردنه‌وه‌ی.

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ لیژنه‌ی رۆشنبیری‌و راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا كه‌ ده‌سته‌بژێرێك له‌رۆشنبیران‌و هونه‌رمه‌ندان‌و میدیاكاران ئاماده‌یبوون بۆ تاووتوێكردنی رێگه‌چاره‌كانی پشتیوانیكردنی پرۆژه‌كه‌و پێشكه‌شكردنی ئه‌و كارئاسانیانه‌ی له‌توانادا بن.

 

حه‌سه‌ن وائیلی سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی وت "هه‌وڵێكی لێبڕاوانه‌ له‌ئارادایه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی شوێنێكی گونجاو بۆ ئه‌و چالاكییه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ رۆشنبیرییه‌كان له‌پارێزگاكه‌دا به‌گشتی به‌ده‌ست كه‌می پشتیوانی داراییه‌وه‌ گیرۆده‌ن ئه‌وه‌ش رێگره‌ له‌جێبه‌جێكردنی زۆرێك له‌پێشنیارو بیرۆكه‌كان".

 

له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ندێك له‌چاودێران پێیانوایه‌ پارێزگای زیقار به‌ده‌ست خراپی پلاندانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت زیاتر له‌كه‌می پاره‌.

 

ئه‌نوه‌ر فازڵ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌چالاكوانان پێیوایه‌ حكومه‌تی زیقار زۆر گوێ به‌پشتیوانیكردنی رۆشنبیری نادات، به‌ڵام دواناكه‌وێت له‌پێشكه‌شكردنی پشتیوانی بۆ چالاكی كه‌م به‌هاتر ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌چه‌ند لایه‌نێكی كاریگه‌رو به‌هه‌ژموونن.

 

ئه‌نوه‌ر به‌"نیقاش"ی وت "شه‌قامی رۆشنبیری هه‌رچه‌نده‌ رووكارێكی جوان‌و شارستانی به‌شاری ناسریه‌ به‌خشیوه‌، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا كه‌موكوڕییه‌كانیشی ده‌رخستووه‌، چونكه‌ فرۆشیاران له‌گرنگترین شه‌قام‌و گۆڕه‌پانه‌ گشتییه‌كانی شاره‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی بێ سه‌روبه‌ره‌ شوێنه‌كانیان فراوان كردووه‌ ئه‌ویش به‌هۆی پشتگوێخستنی حكومه‌ت‌و خراپی پلاندانان‌و شكستهێنان له‌سوودوه‌رگرتن له‌تواناكانی شاره‌كه‌".

 

فازڵ له‌وه‌ ده‌ترسێت به‌هۆی نه‌بوونی پشتیوانییه‌وه‌ ئه‌م چالاكییه‌ دابمركێته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئایا باشتر نییه‌ سوود له‌م چالاكییه‌ رۆشنبیرییه‌ وه‌ربگیرێت‌و گه‌شه‌ی پێ بدرێت؟ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ رێكخراوی‌ یونسكۆ مانگی‌ ته‌مموزی‌ رابردوو سێ ناوچه‌ی شوێنه‌واری‌و رۆشنبیری پارێزگاكه‌ی‌ خسته‌ ناو لیستی‌ پاراستنه‌وه‌".

 

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا تائێستا چالاكییه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خاوه‌نی كتێبخانه‌كان كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی بیست كتێبخانه‌یه‌ به‌رده‌وام ئاماده‌ده‌بن، هه‌روه‌ك كتێبخانه‌یه‌كیش بۆ منداڵ هه‌یه‌ كه‌ منداڵێكی بچووك كاری فرۆشتنی تێدا گرتۆته‌ ئه‌ستۆ تا منداڵانی هاوته‌مه‌نی‌ رابكێشێت.

 

ئه‌سما زوهێری خوێندكاری قۆناغی یه‌كه‌می زمانی ئینگلیزی له‌زانكۆی زیقار هه‌ست به‌خۆشحاڵی ده‌كات كاتێك به‌به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ باوكیدا دێت بۆ شه‌قامی كتێب‌و به‌دوای چیرۆك‌و شانۆگه‌ری جیهانی به‌زمانی ئینگلیزی ده‌گه‌ڕێت كه‌ له‌خوێندنه‌كه‌یدا پێویستی پێیانه‌.

 

ئه‌سما به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و كاره‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رۆشنبیری‌و كتێبی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌كادیمی پته‌وكردووه‌، به‌ڵام جوانترین شت ئه‌وه‌یه‌ منداڵان له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان دێنه‌ ئێره‌، ره‌نگه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتبێت منداڵانمان به‌بینینی كتێب‌و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كردنیدا رابێن له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ به‌هۆی شه‌ڕو ململانێوه‌ كراوه‌ته‌ قوربانی توندوتیژی‌و رق‌و كینه‌".

 

ئه‌م نمایشه‌ چالاكی دیكه‌شی به‌رهه‌مهێناوه‌، چونكه‌ هه‌ندێك له‌موزیكژه‌نه‌ لاوه‌كان پارچه‌ موزیك ده‌ژه‌نن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كردنه‌وه‌ی پێشانگای فۆتۆگرافی‌و تابلۆی شێوه‌كاری‌و هه‌ندێك له‌هونه‌رمه‌نده‌ شێوه‌كاره‌كانیش ده‌ستیان كردووه‌ به‌كردنه‌وه‌ی چه‌ند وه‌رشه‌یه‌كی بچووك تا منداڵان فێری هونه‌ری وێنه‌كێشان بكه‌ن.

 

چالاكوانانی رێكخه‌ری چالاكی شه‌قام پێشبینی ئه‌وه‌ ناكه‌ن هه‌موو به‌شداربووان مه‌به‌ستی هاوشێوه‌یان هه‌بێت، چونكه‌ تێیاندایه‌ ده‌یه‌وێت پاره‌یه‌كی باشی له‌فرۆشتنی كتێب ده‌ستبكه‌وێت.

 

هاوكات هه‌ندێك له‌خاوه‌ن كتێبخانه‌كان سكاڵا له‌ده‌ستی كێبڕكێكاره‌ تازه‌كانی پیشه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، له‌وباره‌یه‌وه‌ غه‌سان بورهان خاوه‌نی كتێبخانه‌ی (ئامارجی) ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ لایه‌نگری ته‌واومان بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت پێگه‌ی رۆشنبیری له‌پارێزگاكه‌دا پته‌وبكات، پێمانوایه‌ هه‌ندێك كه‌س هه‌ن پابه‌ندی ئاكاری كاره‌كه‌ نین‌و كاڵاكانیان به‌نرخێكی كه‌متر ده‌خه‌نه‌ڕوو ئه‌مه‌ش ئیحراجی بۆ فرۆشیارانی دیكه‌ دروست ده‌كات‌و زیانیان لێده‌دات".

 

غه‌سان به‌"نیقاش"ی وت "له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ژماره‌ كتێبخانه‌یه‌ی كاڵاكانیان له‌یه‌ك شوێندا خستۆته‌ڕوو، ئه‌وا قازانجیان كه‌م ده‌بێت له‌شارێكدا كه‌ زۆرینه‌ی خوێنه‌رانی له‌خاوه‌ن داهاته‌ سنوورداره‌كانن".

 

سه‌ره‌ڕای كێبڕكێ‌و ئاسته‌نگه‌كانیش دكتۆر سه‌عید جه‌عفه‌ر ئه‌كادیمی له‌زانكۆی زیقار پێیوایه‌ ئه‌م چالاكییه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌و كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر بایه‌خپێدانی لاوان، ئه‌ویش به‌هۆی سروشتی ئه‌و دیدارانه‌ی ئه‌نجام ده‌درێن‌و ئه‌و چالاكییه‌ش كاری له‌سه‌ریان ده‌بێت‌و هانی بایه‌خپێدانه‌كانیان ده‌دات.

 

هه‌موو هه‌فته‌یه‌كیش سه‌ردانیكه‌رانی شه‌قامه‌كه‌و میوانانی چه‌ندین چالاكی‌ نوێ‌ ده‌بینن، له‌م رووه‌وه‌ رێكخراوی  (ئه‌لمه‌عقیل)ی رۆشنبیری چالاكییه‌كی هانده‌رانه‌ی رێكخست له‌ژێرناوی (خه‌ڵاته‌كه‌ت كتێبه‌كه‌ته‌) كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی پرسیارێكی رۆشنبیری له‌یه‌كێك له‌ ئاماده‌بووان ده‌كرێت له‌به‌رامبه‌ردا كتێبێكی پێ ده‌درێت ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی راست بداته‌وه‌.

 

عوده‌ی شه‌بیب خاوه‌نی كتێبخانه‌ی (ئه‌لمه‌عریفه‌) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین كتێبخانه‌كانی ناسریه‌ به‌رده‌وام پشتیوانی چالاكییه‌كه‌ ده‌كات، هیواخوازه‌ كه‌ هاوئاهه‌نگی زیاتر له‌گه‌ڵ كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار به‌رێكخستنی چالاكییه‌كه‌ هه‌بێت، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "ئێستا جه‌ماوه‌رێكی زۆرمان له‌خوێنه‌ران هه‌یه‌ كه‌ له‌شاره‌ جیاجیاكانی پارێزگاكه‌وه‌ دێن هه‌روه‌ها كڕیاریشمان هه‌یه‌ كه‌ پێشتر له‌كتێبخانه‌كانماندا نه‌مان بینیون زۆربه‌شیان له‌گه‌نجان‌و خوێندكارانی كۆلێژن".

 

پاش ئه‌وه‌ی په‌یجێكیش له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك به‌ناوی "شه‌قامی كتێب" كرایه‌وه‌، سه‌نته‌ری باشوور بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌میانی پشتیوانییه‌كانی بۆ چالاكییه‌كه‌ هه‌واڵنامه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌ی ده‌ركرد كه‌ بایه‌خ به‌هه‌واڵه‌كانی شه‌قامی رۆشنبیری‌و چالاكییه‌كانی ده‌دات. له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ حه‌یده‌ر حوجامی سه‌رپه‌رشتیاری ده‌ركردنی رۆژنامه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی وت "ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌مان ئه‌زموونه‌كه‌ی پته‌وتركرد به‌ده‌ركردنی چاپكراوێكی بچووك به‌ناوی شه‌قام، بۆیه‌ ئه‌م چالاكییه‌ ده‌توانێت ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت جه‌ماوه‌ری رۆشنبیری دروست بكات له‌ده‌ره‌وه‌ی ساڵۆنه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان‌و هۆڵه‌ داخراوه‌كانی رۆشنبیرییه‌وه‌".

 

ئێستاش پرسیاره‌كه‌ له‌باره‌ی به‌رده‌وامبوونی دیارده‌ی شه‌قامه‌ رۆشنبیرییه‌كانه‌ له‌پارێزگانی باشوورو ناوه‌ڕاست له‌سایه‌ی بارودۆخێكی سیاسی‌و ئابووری سه‌ختدا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌