راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌ڕكردن به‌چه‌كه‌كه‌ی‌ داعش
به‌ره‌و موسڵ.. سوپا به‌فیشه‌ك‌و خه‌ڵكیش به‌تویته‌رو فه‌یسبووك

موسته‌فا حه‌بیب
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ به‌هه‌زاران سه‌ربازی عێراقی له‌ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌، له‌ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراقیش هاوڵاتیان خۆیان ئاماده‌كردووه‌، به‌ڵام چه‌كی‌ ئه‌مان فه‌یسبووك‌و تویته‌ره‌.
18.10.2016  |  به‌غدا
هاشتاگی یەکێک لەپەیجەکان
هاشتاگی یەکێک لەپەیجەکان

دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو ئۆپه‌راسیۆنی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ ده‌ستیپێكرد، عێراقییه‌كان‌و چالاكوانانی مه‌ده‌نیش له‌ڕووی میدیاییه‌وه‌ ئاماده‌كاریان بۆ شه‌ڕه‌كه‌ كردووه‌، ئه‌ویش له‌ڕێی ئه‌و هاشتاگانه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ ته‌نی‌.

 

حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ ئازادكردنی‌ موسڵی‌ راگه‌یاند، هه‌ر پاش ئه‌وه‌ سوپاو پێشمه‌رگه‌ له‌چه‌ند قۆڵێكه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر چه‌كدارانی‌ داعش له‌گونده‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ.

 

 

ره‌نگه‌ شه‌ڕی موسڵ یه‌كه‌م شه‌ڕ بێت كه‌ یه‌كگرتنی عێراقیه‌كان پێكه‌وه‌ له‌خۆبگرێت، چونكه‌ هه‌مووان هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازن له‌نزیكترین كاتدا شاره‌كه‌ ئازاد بكرێت، تا خۆیان بۆ ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی شكستهێنانی داعش له‌سه‌ر خاكه‌كه‌یان ئاماده‌ بكه‌ن، پاش ئه‌وه‌ی دوو ساڵ ده‌ستیان به‌سه‌ر سێیه‌كی رووبه‌ری وڵاته‌كه‌دا گرتبووه‌.

 

له‌چواچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی میدیاییدا كه‌ چالاكوانانی مه‌ده‌نی بۆ پشتیوانی شه‌ڕی ئازادكردنی موسڵ ده‌ستیان پێكردووه‌، ده‌یان هاشتاگ به‌خێرایی له‌په‌یجه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌فه‌یسبووك‌و تویته‌ر بڵاوبوونه‌وه‌، داعشیش به‌م نزیكانه‌ ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ‌و وێنه‌‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی كه‌ پرۆسه‌ی توندوتیژی كوشتن له‌خۆده‌گرن‌و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر وره‌ی عێراقییه‌كان ده‌بێت.

 

له‌دیارترین ئه‌و هاشتاگانه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی كه‌می رابردوودا بڵاوبوونه‌وه‌ ئه‌مانه‌ن (#فوج_الموصل_الالكتروني)، (#رسائل_الى_الموصل)، (#الموصل_لكل_العراقيين)، (#وصلنا_الموصل)، (#الموصل_طبلها_الجيش)، (#خلية_شباب_نينوى) و (#بالموصل_موعدنا).

 

ئه‌م تویتانه‌ش له‌ ترێند تویته‌ر ئاسته‌كانی پێشه‌وه‌یان گرت‌و له‌چه‌ند رۆژێكی كه‌مدا گه‌یشتنه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار تویت، زۆرینه‌ی عێراقییه‌كانیش به‌تایبه‌تی لاوان به‌شداریان له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م تویتانه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شدا كرد كه‌ باسی بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی یان رۆشنبیری ده‌كه‌ن، مه‌به‌سته‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ هاشتاگه‌كان به‌خێرایی بڵاوببنه‌وه‌.

 

فه‌یسبووك جه‌ماوه‌ریترین ماڵپه‌ڕه‌ له‌لای عێراقییه‌كان له‌كاتێكدا تویته‌ر بره‌وی زۆری نییه‌، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ عێراقییه‌كان ده‌ستیانكردووه‌ به‌دروستكردنی ئه‌كاونت له‌تویته‌ر دوای ئه‌وه‌ی تێبینیان كرد كه‌ داعش زیاتر له‌تویته‌ردا چالاكه‌، له‌شه‌ڕه‌كانی پێشووی تكریت‌و فه‌لوجه‌شدا عێراقییه‌كان سه‌ركه‌وتووبوون له‌كێبڕكێكردنی تویتی توندڕه‌وه‌كاندا.  

 

چه‌ند رۆژێكیش له‌مه‌وبه‌ر چالاكوانانی عێراقی ده‌ستیان كرده‌وه‌ به‌ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی نوێ وه‌ك خۆئاماده‌كردن بۆ شه‌ڕی موسڵ، هه‌ندێك په‌یجیش عێراقییه‌كانیان فێری چۆنێتی كردنه‌وه‌ی ئه‌كاونت له‌تویته‌ر ده‌كرد تا زۆرترین ژماره‌ی بینه‌ر به‌ده‌ستبهێنن‌و شێوازی بڵاوكردنه‌وه‌ی تویتی یه‌كگرتوو فێرببن كه‌ تویته‌ر داگیر بكات.

 

" النخوة النظيفة" یه‌كێكه‌ له‌و په‌یجانه‌و له‌په‌یجه‌ به‌ناوبانگه‌كانی فه‌یسبووكه‌ له‌لای عێراقییه‌كان كه‌ كۆمه‌ڵێك له‌گه‌نجان له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئه‌م په‌یجه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌بانگه‌شه‌كردن بۆ به‌كارهێنانی تویته‌ر له‌ڕێی چه‌ند پۆستێكه‌وه‌ كه‌ تێیدا داوا له‌عێراقییه‌كان ده‌كات به‌شداری له‌شه‌ڕی میدیایی داهاتوودا بكه‌ن.

 

هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن له‌تویته‌رو فه‌یسبووك هه‌وڵێكه‌ بۆ پشتیوانیكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و دژایه‌تیكردنی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیی‌و وێنانه‌یه‌ كه‌ داعش له‌باره‌ی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ بڵاویان ده‌كاته‌وه‌، به‌زۆریش داعش له‌میانی چالاكییه‌ میدیاییه‌كانیاندا له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ڕێی هه‌زاران لایه‌نگرو پشتیوانیانه‌وه‌ گرته‌ی ڤیدیۆیی كۆن یاخود ناڕاست سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕه‌كانی پێشوو بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

 

چالاكوانی مه‌ده‌نی ره‌زا شمه‌ری هۆشداری دا له‌باره‌ی پڕوپاگه‌نده‌كان له‌میانی شه‌ڕه‌كانداو له‌پۆستێكدا له‌په‌یجی خۆی له‌فه‌یسبووك ده‌ڵێت "چه‌ند رۆژی داهاتوو جه‌نگێكی میدیایی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌بینین، پێویسته‌ له‌ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی دڵنیابینه‌وه‌ به‌رله‌وه‌ی بڵاوبكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ وێنه‌ی پاڵه‌وانێتی‌و مرۆڤدۆستی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان بڵاوبكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ شه‌ڕه‌كه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م میدیایی ده‌بێت".

 

هونه‌رمه‌ندو وێنه‌كێش‌و رۆشنبیرانیش وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕی موسڵ هاتوونه‌ته‌ پاڵ هه‌ڵمه‌ته‌ میدیاییه‌كه‌و به‌ده‌یان هۆنراوه‌و كورته‌ چیرۆك سه‌باره‌ت به‌نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی موسڵ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ئابڵوقه‌ دراون، بڵاوكرانه‌وه‌، هاوكات هه‌ندێك كه‌س كاركاتێریان بۆ پشتیوانی سوپاو هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌داعش‌و ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی سه‌ركرده‌ی دروست كردووه‌.

 

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش ده‌سته‌ی "حه‌شدی شه‌عبی" ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاندنی وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕی موسڵ راگه‌یاند. له‌راگه‌یه‌ندراوێكیشدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ خۆبه‌خشانه‌یه‌و گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌ت ده‌بێت له‌عێراق‌و نزیكه‌ی 500 میدیاكار به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، كه‌ زۆربه‌یان یاوه‌ری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن له‌شه‌ڕه‌كاندا".

 

هه‌ر له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "10 هه‌زار چالاكوانی عێراقی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌شداری ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌كه‌ن له‌رٍێی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵی راست‌و ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تۆماریان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها رێگرتن له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی توندڕه‌وان له‌میانی شه‌ڕه‌كه‌دا بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه‌".

 

زۆرجاریش عێراقییه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ناو ته‌ڵه‌ی هه‌واڵه‌ ناڕاسته‌كانه‌وه‌ له‌ڕێی بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری‌و وێنه‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی ناڕاسته‌وه‌ كه‌ مشتومڕی تایفی له‌نێو عێراقییه‌كاندا ده‌وروژێنن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌پێكدادانه‌كانی نێوان "حه‌شدی شه‌عبی"‌و پێشمه‌رگه‌ له‌شاری دووزخورماتوو شه‌ڕه‌كانی فه‌لوجه‌‌و تكریت‌و رومادی روویدا.

 

عێراقییه‌كان له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان په‌یجێكی‌ تایبه‌تیان بۆ راگرتنی ئه‌و ئه‌كاونتانه‌ داناوه‌ كه‌ گومان ده‌كرێت هی داعش یان لایه‌نگرانی بن یاخود هی كه‌سێك بن كه‌ له‌میانی شه‌ڕه‌كه‌دا پروپاگه‌نده‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، ئه‌و په‌یجه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ به‌كار ده‌هێنرێت ناوی "بنبڕكردنی تیرۆری ئه‌لیكترۆنی" لێنراوه‌.

 

چالاكوان سامر عه‌باس‌و كۆمه‌ڵێك له‌هاوڕێیانی بڕیاریان داوه‌ تیمێك پێكبهێنن كه‌ سه‌دان عێراقی له‌خۆده‌گرێت بۆ رێگرتن له‌ئه‌كاونته‌ ساخته‌كان یاخود ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌توندڕه‌وانن، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی كه‌مدا تیمێكمان بۆ دروستبوو كه‌ سه‌دان خۆبه‌خش له‌خۆده‌گرێت‌و چاودێری ئه‌كاونته‌كانی داعش له‌تویته‌ر یان فه‌یسبووك ده‌كه‌ن پاشان له‌نێو خۆماندا بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵپه‌ڕه‌كانیان لێ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌ تا دایانبخه‌ن‌و رێ له‌بڵاوبوونه‌وه‌یان بگرن".

 

تیرۆری ئه‌لیكترۆنی بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كی جیهانی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی، له‌و باره‌یه‌وه‌ ماڵپه‌ڕی تویته‌ر له‌مانگی ئابی رابردوودا رایگه‌یاند كه‌ له‌حوزه‌یرانی ساڵی 2015وه‌ 360 هه‌زار ئه‌كاونتی راگرتووه‌ وه‌ك به‌شێك له‌جه‌نگه‌كه‌ی له‌دژی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی هانی تیرۆر ده‌ده‌ن.

 

عێراقییه‌كانیش به‌شێوازی خۆیان هه‌وڵی دژایه‌تیكردنی داعش ده‌ده‌ن له‌رووی میدیاییه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی‌ یه‌كێكن له‌زۆرترین ئه‌و گه‌لانه‌ی جیهان كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی جه‌نگی ئه‌لیكترۆنی، چونكه‌ رێكخراوی "داعش" له‌ساڵی 2014دا چه‌ندین شاری به‌هۆی پروپاگه‌نده‌وه‌ داگیركردن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ خۆیان به‌باشی ئاماده‌ده‌كه‌ن بۆ شه‌ڕی موسڵ.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌