راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشیان هه‌یه‌
له‌كوت كرێكاره‌ چینی‌‌و روسییه‌كان فێری‌ خواردنی‌ كه‌باب كراون

محه‌ممه‌د زه‌یدی
عه‌لی موسه‌وی په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كرێكاره‌ چینیانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌كێڵگه‌ی نه‌وتی ئه‌حده‌ب كارده‌كه‌ن، پێی‌ وایه‌ ئه‌وان وه‌كو كرێكاره‌ بیانییه‌كانی‌ تر نین‌و به‌باشی‌ ده‌توانن رێز له‌كه‌لتوری‌…
13.10.2016  |  واست
كێڵگه‌یه‌كی‌ نه‌وت له‌كه‌ركوك
كێڵگه‌یه‌كی‌ نه‌وت له‌كه‌ركوك

موسه‌وی ده‌ڵێت "ژینگه‌ رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌تێكه‌ڵاوكردنی كۆمه‌ڵگه‌كان كه‌ له‌ڕێی هه‌ندێك هه‌ڵسوكه‌وتی كرێكارانی بیانی چینی‌و روسی به‌كرده‌وه‌ دركمان پێكردووه‌".

 

عه‌لی‌و كه‌سانی دیكه‌ نموونه‌یه‌كن له‌دانیشتووانی شاری كوت‌و ناوچه‌كانی نزیك له‌ كێڵگه‌كانی "ئه‌حده‌ب"‌و "گازپرۆم" كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشیان له‌گه‌ڵ كرێكاره‌ چینی‌‌و روسییه‌كان هه‌یه‌و تێكه‌ڵی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌یان بوون.

 

"جێی خۆشحاڵییه‌ كه‌ زۆرێك له‌چینییه‌كان ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌وه‌یان كرد له‌مانگی ره‌مه‌زاندا وه‌ك رێزگرتنێك له‌پیرۆزی ئه‌و مانگه‌ له‌لای مسوڵمانان، به‌ئاشكرا خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان نه‌خۆنه‌وه‌" ئه‌بو ئه‌حمه‌د وا ده‌ڵێت كه‌ وه‌رگێڕێكه‌ له‌كێڵگه‌ی نه‌وتی ئه‌حده‌ب كارده‌كات، هه‌روه‌ها دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌چینییه‌كان "ته‌نانه‌ت ئاویشیان به‌به‌رچاوی كرێكاره‌ عه‌ره‌ب‌و عێراقییه‌ به‌ڕۆژووه‌كانه‌وه‌ ناده‌خوارده‌وه‌".

 

ئه‌بو ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی وت "چینییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت روسه‌كانیش هه‌ندێك كه‌لتوری كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیان به‌دڵه‌ وه‌ك ئاهه‌نگه‌كانی ژنهێنان‌و پرسه‌كان، تا ئاستێكی زۆریش رێز له‌دیارده‌ی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێو مسوڵمانان ده‌گرن".

 

به‌پێی قسه‌كانی ئه‌و وه‌رگێڕه‌، كرێكارانی بیانی له‌كوت هه‌روه‌ها سروشتی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان خێزانه‌كان‌و ژیانی پێكه‌وه‌ییان به‌دڵه‌.

 

په‌یوه‌ندی كرێكارانی بیانی به‌كۆمه‌ڵگه‌ی واسته‌وه‌ له‌ئاستێكی دیاریكراودا ناوه‌ستێت، به‌ڵكو زۆر له‌وه‌ زیاتریش ده‌ڕوات هه‌روه‌ك هیشام سه‌لمان كرێكاری چێشتخانه‌یه‌كی چینی ئاشكرای ده‌كات‌و ده‌ڵێت "چینییه‌كان هه‌ندێك جار خواردنی (قه‌یماغی به‌تار) بۆ به‌رچایی له‌گه‌ڵ چای عێراقیان به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌ كه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵوز لێده‌نرێت‌و به‌ ژه‌مه‌ خواردێكی چه‌وری داده‌نێن".

 

هیشام به‌"نیقاش"ی وت "نه‌ك ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌، بگره‌ چینییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت روسه‌كانیش به‌رده‌وام خواردنی كه‌بابی عێراقییان پێ خۆشه‌ كه‌ له‌ناوخۆدا دروست ده‌كرێت، ناو به‌ناویش هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاتی زۆر له‌چێشتخانه‌ میللییه‌كانی ناو شاره‌كاندا به‌سه‌ر ببه‌ن".

 

دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی به‌تار به‌به‌خێوكردنی گامێش‌و دروستكردنی چه‌ندین جۆری سپیایی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌به‌های خۆراكی به‌ناوبانگن، هاوكات چا فرۆشی دێرین حاجی (فعیو) ناوبانگێكی فراوانی له‌شاره‌كه‌دا هه‌یه‌و هه‌ردووكیان وه‌ك دوو نیشانه‌ی دیاری مێژووی شاره‌كه‌ لێیان ده‌ڕوانرێت.

 

ئه‌م په‌یوه‌ندی‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی نێوان دانیشتووانی شاره‌كه‌و كرێكارانی بیانی دژبه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پارێزگای به‌سره‌ی باشووری عێراق له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌خۆیه‌وه‌ بینی كاتێك كۆمپانیای (دایو)ی كۆریای باشوور كه‌ كار له‌پرۆژه‌ی به‌نده‌ری گه‌وره‌ی فاودا ده‌كات، ناچار بوو سوڵحێكی عه‌شایری بكات‌و حه‌وت هه‌زار دۆلار بداته‌ خێزانی یه‌كێك له‌كرێكاره‌كانی كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌ كۆریه‌كه‌یه‌وه‌ له‌شوێنی كاره‌كه‌ی لێی درابوو.

 

ئه‌و كاته‌ سه‌رچاوه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ "به‌رپرسانی كۆری له‌كۆمپانیاكه‌ ئاماده‌ی دانیشتنی سوڵحه‌كه‌ بوون كه‌ له‌قه‌زای فاو به‌ڕێوه‌چوو له‌كۆتاییشدا كۆمپانیاكه‌ قه‌ره‌بوویه‌كی عه‌شایری به‌بڕی حه‌وت هه‌زار دۆلار دایه‌ یه‌كێك له‌عه‌شیره‌ته‌كات".

 

سه‌رچاوه‌كان ئه‌وه‌شیان روونكرده‌وه‌ كه‌ "له‌ ئه‌نجامی دانیشتنه‌ عه‌شایرییه‌كه‌دا ئه‌و كرێكاره‌ی ده‌ستدرێژی كرابووه‌ سه‌ر دوو مانگ مۆڵه‌تی به‌ته‌واوی مووچه‌كه‌یه‌وه‌ پێدرا".

 

هیشام سه‌لمان به‌په‌یامنێری "نیقاش"ی وت "چینی‌و روسه‌كان تا ئاستێكی زۆر رێز له‌كه‌لتوری كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ده‌گرن، چونكه‌ ئه‌وان ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڕانه‌كانیشیاندا له‌بازاڕه‌ میللییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن جلوبه‌رگی پۆشته‌ له‌به‌ر بكه‌ن‌و له‌مامه‌ڵه‌كردنیاندا له‌گه‌ڵ تاكی عێراقی زه‌وقی گشتی له‌به‌رچاوده‌گرن".

 

له‌و دوو كێڵگه‌ نه‌وتییه‌دا سه‌دان كرێكاری بیانی له‌روس‌و چینییه‌كان كارده‌كه‌ن ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2009 وه‌به‌رهێنان تێیاندا ده‌ستیپێكرد، هاوكات ئه‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی "نیقاش" چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردوون ئاماژه‌یان به‌وه‌ نه‌داوه‌ كه‌ دژبه‌یه‌كی له‌نێوان كه‌لتوره‌كه‌یان‌و كه‌لتوری كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیدا هه‌بێت یاخود شتێك هه‌بێت نیشته‌جێبونیان له‌و پارێزگا ئارامه‌ تێكبدات.

 

به‌رپرسی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان له‌كۆمپانیا روسیه‌كه‌ وتی "به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بوونمان بووه‌ته‌ شتێكی گرنگ له‌بازاڕی ده‌ستی كاری عێراقیداو له‌پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی وه‌به‌رهێناندا به‌شدارین كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی پێویستی زۆری پێیه‌تی".

 

وتیشی "تێبینی هیچ ره‌گه‌زپه‌رستیه‌كمان نه‌كردووه‌ كه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ به‌رامبه‌رمان پیشانی بده‌ن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بینمان كه‌ هاوكارمانن‌و خۆشیان ده‌وێین‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ن دۆستایه‌تمان بكه‌ن ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تێكه‌ بۆ عێراقییه‌كان ده‌ژمێردرێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌