راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاره‌زوویه‌كی‌ ناوازه‌
هونه‌ری‌ وێنه‌كێشان له‌سه‌ر بوونه‌وه‌ره‌ بچووكه‌كان

كچه‌ شێوه‌كارێك له‌به‌غدا ده‌یه‌وێت ببێته‌ یه‌كه‌م وێنه‌كێشی سه‌ر مێروو تا په‌یامی ئاشتی بگه‌یه‌نێته‌ جیهان به‌وه‌ی مێرووه‌كان بوونه‌وه‌ری جوان‌و ئێسك سووكن.
6.10.2016  |  به‌غدا
سه‌جا به‌ته‌مه‌نێكی‌ كه‌مه‌وه‌ توانیوێتی‌ ده‌ست بداته‌ هونه‌رێكی‌ گه‌وره‌ ( :وێنه Sara al-Qaher)
سه‌جا به‌ته‌مه‌نێكی‌ كه‌مه‌وه‌ توانیوێتی‌ ده‌ست بداته‌ هونه‌رێكی‌ گه‌وره‌ ( :وێنه Sara al-Qaher)

سه‌جا به‌غدادی كه‌ كچه‌ شێوه‌كارێكی عێراق‌و خوێندكاری كۆلێژی كشتوكاڵه‌، یه‌كه‌م وێنه‌كێشی عێراقه‌ وێنه‌ له‌سه‌ر مێروو ناوكی میوه‌و شتی بچووك دروست ده‌كات له‌بری وێنه‌كێشان له‌سه‌ كاغه‌زو قوماش‌و دیوار.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هونه‌ره‌ له‌وڵاتانی‌ تر نموونه‌ی‌ زۆره‌، به‌ڵام بۆ عێراق نوێیه‌، سه‌جا له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌م وێنه‌كێشانه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌، هه‌موو شته‌كانی ده‌وروبه‌رمان به‌كاربهێنین‌و سوودیان لێوه‌ربگرین له‌كاری هونه‌ریدا تا شێوه‌یه‌كی نوێی جیاوازی له‌وه‌ی پێشووی پێببه‌خشێت".

 

سه‌جا له‌و كاته‌وه‌ی خوێندكاری قۆناغی ئاماده‌یی بووه‌ ده‌ستی به‌وێنه‌كێشان كردووه‌و قالۆنچه‌یه‌كی مردووی ره‌نگ كردووه‌و دوای ئه‌وه‌ش كه‌ چووه‌ته‌ كۆلێژی‌ كشتوكاڵ‌و مێروو بووه‌ به‌پسپۆری خوێندنه‌كه‌یی‌‌و وێنه‌كێشانی سه‌ر مێرووی زیندووی تاقیكرده‌وه‌.

 

سه‌جا دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شتێكی جوڵاو له‌وێنه‌كێشاندا كارێكی قورسه‌، هه‌روه‌ك به‌خێوكردنی ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ش زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ زۆربه‌یان پێوه‌ده‌ده‌ن، به‌ڵام خۆشه‌ویستی بۆ وێنه‌كێشان هانیداوه‌ له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ بچووكانه‌دا زانست‌و هونه‌ر پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌و بیكاته‌ تابلۆی هونه‌ری.

 

ئه‌و ده‌ڵێت "مێروو بوونه‌وه‌ری جوانن، ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین‌و زانیاریان له‌سه‌ر كۆبكه‌ینه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سوودیان له‌زیانیان زیاتره‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان كه‌لتورێكی نه‌رێنی به‌سه‌ردا زاڵه‌ كه‌ ناوی دڕندانه‌ له‌مێرووه‌كان ده‌نێت‌و به‌گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشی مه‌ترسیداره‌وه‌ په‌یوه‌ستیان ده‌كات".

 

فیلمی كارتۆن‌و دۆكیۆمێنتاری تایبه‌ت به‌مێروو رۆڵێكی گرنگیان هه‌بوو له‌چه‌سپاندنی خۆشه‌ویستی‌و هۆگری سه‌جا بۆ مێروو، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت دوای ئه‌وه‌ی بۆی ده‌ركه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان كۆمه‌ڵگه‌ی بچووكن له‌سه‌ر هاوكاری‌و پشتگیری یه‌كتر بنیاتنراون، بۆیه‌ به‌ كه‌لوپه‌لی ساده‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌وێنه‌كێشان كه‌ سه‌رنجی هاوكاره‌كانی بۆ خۆی راكێشاوه‌.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ رۆژێك وێنه‌كانی پیشانی پزیشكێك داوه‌و ئه‌ویش پێی راگه‌یاندووه‌ كه‌ پێویسته‌ وێنه‌كانی بخاته‌ڕوو، چونكه‌ گرنگ‌و جوانن‌و ئه‌زموونێكی هونه‌ری نوێن له‌عێراقدا.

 

هونه‌رمه‌ندی لاو سه‌جا، بازی به‌سه‌ر ترسی له‌هه‌ندێك جۆری مێروو داوه‌، چونكه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ئامانجه‌كه‌ی پاڵی پێوه‌ ده‌نێت به‌سه‌ر ترسه‌كه‌یدا زاڵبێت‌و چه‌ند پێشانگایه‌كی بۆ وێنه‌كانی له‌سه‌ر مێروو له‌زانكۆ  بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ترس لای هه‌ندێك له‌ كچه‌ خوێندكاره‌كان.

 

سه‌جا ده‌ڵێت "مێرووه‌كان بوونه‌وه‌ری بچووكن‌و مرۆڤ له‌نه‌زانیه‌وه‌ ده‌یانكوژن" ئه‌ویش ویستویه‌تی به‌وێنه‌كانی په‌یامێكی ئاشتی بۆ عێراقییه‌كان بنێرێت له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا كه‌ دووچاری كوشتن‌و هه‌موو پێشێلكارییه‌ك ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ك هه‌وڵیش ده‌دات په‌یامێك بۆ وه‌زاره‌تی ژینگه‌و لایه‌نه‌ حكومیه‌كان بنێرێت بۆئه‌وه‌ی سه‌رنجیان رابكێشێت به‌وه‌ی‌ ژینگه‌ی عێراق پیس بووه‌.

 

سه‌جا چه‌ندین حه‌وزی پڕ له‌مێرووی هه‌یه‌و گونجاوترینیان بۆ وێنه‌كێشان هه‌ڵده‌بژێرێت، ده‌شڵێت "هه‌ر وێنه‌یه‌ك كه‌ ده‌یكێشم په‌یامێكی ئاشتی‌و خۆشه‌ویستی‌و هاوكارییه‌و هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌رێی ره‌نگه‌وه‌ بیگه‌یه‌نمه‌ هه‌مووان".

 

ئه‌م وێنه‌كێشه‌ دووچاری سه‌ختیه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی گونجاو بۆ مێرووه‌كان، چونكه‌ زۆربه‌یان پێویستیان به‌ژینگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنیان له‌به‌رئه‌وه‌ ناوه‌ ناوه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و مێرووانه‌ له‌ده‌ست ده‌دات كه‌ به‌خێویان ده‌كات.

 

سه‌جا په‌رۆشی ئه‌وه‌یه‌ وێنه‌كانی له‌زانكۆو كۆلێژو كۆبوونه‌وه‌ خێرخواییه‌كان‌و په‌ناگه‌كانی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت پیشان بدات‌و  بۆنه‌ی تایبه‌ت هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ پیشاندانی تابلۆكانی، وه‌ك رۆژی ئاشتی‌و رۆژی جیهانیی دژی جگه‌ره‌كێشان‌و رۆژی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ.

 

سه‌جا خواستی ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ په‌یامه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ جیهان، هه‌روه‌ك ئومێدی هه‌یه‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی له‌نزیك هه‌ره‌مه‌كانی میسر پیشان بدات‌و ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ پشتیوانیه‌كی حكومی سنوورداری به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌یان ئاسته‌نگدا كه‌ رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌.

 

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان یارمه‌تیده‌ربوون له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی سه‌جادا، هه‌روه‌ها هاندانی دایك‌و باوك‌و خزمانی سه‌باره‌ت به‌م ئاره‌زووه‌ سه‌یره‌ یارمه‌تی داوه‌ تا زیاتر به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ك له‌یه‌كێك له‌مۆڵه‌ بازرگانیه‌كاندا كارده‌كات بۆ دابینكردنی پاره‌ی پێویست بۆ خۆی‌و بۆ كڕینی كه‌ره‌سته‌ی وێنه‌كێشان، هه‌وڵیش ده‌دات باخچه‌یه‌ك بۆ مێرووه‌كان بكاته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ سه‌ردانی بكه‌ن.

 

هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار كامیل موسه‌وی له‌باره‌ی ئاره‌زووه‌كه‌ی سه‌جاوه‌ ده‌ڵێت "ئاره‌زوویه‌كی نایابه‌، ئه‌و هونه‌ره‌ی داهێناوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی وێنه‌ی نه‌كێشاوه‌" هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هونه‌ری وێنه‌كێشان له‌سه‌ر مێرووو كه‌لوپه‌لی بچووك له‌ئه‌وروپا وه‌ك سه‌ركێشیه‌ك ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام هه‌ر زوو كه‌م بووه‌وه‌و ته‌نیا تایبه‌ته‌ به‌ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌هونه‌رمه‌ندو هه‌واداران".

 

به‌شیر حاچه‌می ره‌خنه‌گریش كچه‌ هونه‌رمه‌ندی لاو سه‌جا به‌ "بوێر و پێشڕه‌و" وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت "ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ئاڵۆزه‌ی عێراقی تێدا ده‌ژی حاڵه‌تی داهێنانی نائاسایی دروست ده‌كات‌و سه‌جاش یه‌كێكه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌و نموونه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاشتی پێشكه‌ش كردووه‌ له‌ڕیی وێنه‌كێشان له‌سه‌ر په‌پووله‌، له‌كاتێكدا خه‌ڵك له‌خوێن‌و رق‌و كینه‌دا نقوم بوون" ده‌شڵێت  "گۆڕینی ئه‌و مێرووانه‌ی دیمه‌نیان ناشرین‌و ترسناكه‌ بۆ شێوه‌ی جوان له‌ڕێی ره‌نگه‌وه‌، هونه‌رێكی نایابه‌". 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌