راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پیاوێك به‌ته‌سبیحی‌ هه‌ژده‌ مه‌تری‌ مێژووی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌نوسێته‌وه‌

سەلام هانەدنی
پیاوێك له‌پێنج هه‌زار ده‌نكی‌ قه‌زوان ته‌سبیحێكی‌ هه‌ژده‌ مه‌تری‌ دروست ده‌كات بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی‌ كاره‌ساتی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ پێنج هه‌زار كه‌سی‌ تیا بوونه‌ قوربانی‌.
29.09.2016  |  هه‌ڵه‌بجه
سه‌نعان ته‌سبیحه‌ پێنج هه‌زار ده‌نكیه‌كه‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دروستی‌ كردووه‌ ( :وێنه Salam Hanadni)
سه‌نعان ته‌سبیحه‌ پێنج هه‌زار ده‌نكیه‌كه‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ قوربانیانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دروستی‌ كردووه‌ ( :وێنه Salam Hanadni)

سه‌نعان فایق محه‌مه‌د (38 ساڵ) خه‌ڵكی‌ گوندی‌ (هانه‌ی‌ دن)ی‌ سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ بیاره‌یه‌ له‌ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ته‌سبیح دروستكه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌، سه‌نعان ماوه‌ی دوو ساڵیش به‌شێوه‌یه‌كی‌ پچڕ پچڕ خه‌ریكی‌ دروستكردنی‌ ته‌سبیحێك بووه‌ كه‌ درێژییه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ هه‌ژده‌ مه‌ترو نیو، ره‌نگه‌ درێژترین ته‌سبیح بێت له‌جیهاندا، ئامانجی‌ ئه‌م كاره‌شی‌ رێزلێنانه‌ له‌پێنج هه‌زار قوربانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌.

 

رۆژی‌ 16ی‌ ئازاری‌ 1988 فرۆكه‌كانی‌ رژێمی‌ به‌عس شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ (خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌)یان كیمیاباران كرد‌و به‌پێی‌ ئاماره‌ ره‌سمییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش پێنج هه‌زار كه‌س به‌گه‌نج‌و پیرو ژن‌و منداڵه‌وه‌ له‌و رووداوه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

 

له‌پاش رووداوه‌كه‌وه‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌و كوردستان به‌گشتی‌ به‌چه‌ندین شێواز هه‌وڵی‌ هێشتنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌یان داوه‌، ئه‌م هه‌وڵه‌ی‌ سه‌نعانیش ده‌چێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه‌.

 

سه‌نعان ده‌ڵێت "من خه‌ڵكی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌م‌و خزم‌و كه‌سم هه‌بووه‌ له‌كاره‌ساتی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌هید بوون، بۆیه‌ بیرم له‌وه‌ كردوه‌ شتێك دروستبكه‌م وه‌ك سومبلێك بۆ شه‌هیدانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆیه‌ ته‌سبیحێكی‌ پێنج هه‌زار ده‌نكیم دروستكرد كه‌ ته‌عبیره‌ له‌پێنج هه‌زار شه‌هیدی‌ هه‌ڵه‌بجه‌".

 

سه‌نعان بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد كه‌ ده‌نكه‌كانی‌ ته‌سبیحه‌كه‌ به‌پێی‌ ته‌مه‌نی‌ قوربانییه‌كان گه‌وره‌و بچووكی‌ تێدایه‌، ده‌نكه‌ گه‌وره‌كان هێمایه‌ بۆ قوربانیانی‌ گه‌وره‌و ده‌نكه‌ بچووكه‌كانیش هێمایه‌ بۆ قوربانییه‌ منداڵه‌كان، ده‌شڵێت "ته‌سبیحه‌كه‌ دوو گوڵنگی پێوه‌یه‌و له‌نێو گوڵنگه‌كان‌و ته‌سبیحه‌كه‌دا مێژووی‌ كاره‌ساته‌كه‌م نوسیوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ دوای‌ شانزه‌ ده‌نك گرێیه‌ك هه‌یه‌، ئینجا سێ‌ ده‌نك‌و دواتریش دوو گوڵنگه‌كه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان هه‌شت ده‌نكی‌ پێوه‌یه‌ ئه‌مه‌ش هێمایه‌ بۆ 16ی‌3ی‌1988 رۆژی‌ كاره‌ساتی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌".

 

ده‌شڵێت "دوو گوڵنگه‌كه‌ به‌به‌كره‌ دروستم كردون كه‌ پێكهاتون له‌پێنج هه‌زار تاڵ به‌كره‌ به‌ره‌نگه‌كانی‌ (سور، زه‌ر، سپی‌، سه‌وز) كه‌ ره‌نگی‌ ئاڵای‌ كوردستانه‌، بڕیارمداوه‌ ته‌سبیحه‌كه‌ له‌مۆنۆمێنتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دابنێم بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وێ‌  وه‌ك ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ تر كه‌ هه‌ن‌و گوزارشت له‌كاره‌ساته‌كه‌ ده‌كه‌ن، بمێنێته‌وه‌".

 

مۆنۆمێنتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ده‌روازی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌و شوێنێكه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كاڵاو كه‌لو په‌ل‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی‌ كه‌ له‌كاتی‌ كیمیاباران‌و دوای‌ كیمیابارانه‌كه‌ش به‌جێهێڵراون، رۆژانه‌ چه‌ندین كه‌س له‌شاره‌كه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن.

 

له‌مۆنۆمێنتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ناوی‌ ته‌واوی‌ پێنج هه‌زار قوربانییه‌كه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دیواره‌كانیه‌وه‌ نوسراوه‌و ته‌واوی‌ ئه‌و وێنه‌و به‌ڵگانه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا گیراون، له‌گه‌ڵ چه‌نیدن پارچه‌ جل‌و به‌رگ‌و قاپ‌و قاچاخ‌و پێداویستی‌ جێماوی‌ ترو چه‌ندین په‌یكه‌رو تابلۆو كه‌ره‌سته‌ی‌ هونه‌ری‌، ته‌سبیحه‌كه‌ی‌ سه‌نعانیش ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌وانه‌.

 

سه‌نعان ئه‌م ته‌سبیحه‌ی‌ له‌قه‌زوان دروستكردووه‌، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ره‌مزێكه‌ بۆ به‌رهه‌مێكی‌ خۆماڵی‌، هه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ ته‌زبیحی‌ قه‌زوان تێكناچێت.

 

له‌لای‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ سه‌نعان فایه‌ق به‌"مامۆستای‌ سێ‌ هونه‌ره‌" ناسراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ پیشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ خۆی‌ هه‌للاجییه‌و له‌پاڵیدا كاری‌ دروستكردنی‌ ته‌سبیح ده‌كات‌و سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وانه‌ش شانۆكاره‌و زیاتر له‌30 به‌رهه‌می‌ شانۆیی‌ هه‌یه‌‌و شیعری‌ منداڵان ده‌نوسێت‌و گروپی‌ منداڵانی‌ هه‌ورامانی‌ هه‌یه‌ كه‌ تاكه‌ گروپی‌ منداڵانه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا.

 

سه‌نعان هه‌ر له‌دوكانه‌كه‌ی‌ خۆیدا له‌پاڵ كاری‌ هه‌للاجی‌ ته‌سبیح دروستده‌كات، له‌باره‌ی‌ ئه‌و كاره‌شیه‌وه‌ وتی‌ "ماوه‌ی‌ سێ ساڵه‌ ده‌ستم كردوه‌ به‌دروستكردنی‌ ته‌سبیحی‌ قه‌زوان، له‌سه‌ره‌تای‌ وه‌رزی‌ پایزه‌وه‌ كه‌ قه‌زوانه‌كان خه‌ریكه‌ پێ ده‌گه‌ن، رۆژانه‌ ده‌چمه‌ شاخه‌كانی‌ هه‌ورامان به‌داره‌كه‌وه‌ قه‌زوان لێ‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ ده‌یانهێنه‌مه‌ ماڵه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێگه‌ییوه‌و سه‌وزه‌ جیایی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ خواردن ئه‌وه‌شی‌ پێ نه‌گه‌یشتوه‌و ناوكه‌كه‌ی‌ پوته‌ به‌كاری‌ ده‌هێنم بۆ ته‌سبیح دروستكردن".

 

له‌ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان به‌هه‌زاران داری‌ قه‌زوان هه‌ن به‌رهه‌می‌ ئه‌و دارانه‌ش كه‌ قه‌زوانه‌ له‌پایزدا پێ ده‌گات‌و سه‌وز  ده‌بێت، داری‌ قه‌زوان جیا له‌به‌رهه‌می‌ قه‌زوانه‌كه‌ی‌ كه‌ بۆ خواردن‌و ته‌سبیح به‌كار ده‌هێنرێت، بنێشتی‌ كوردیشی‌ لێ‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.

 

ده‌شلێت "ئه‌و قه‌زوانه‌ی‌ كه‌ ناوكی‌ نیه‌ له‌ماڵه‌وه‌، جیایی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌و توێكڵیكی‌ پێوه‌یه‌ لای‌ ده‌به‌ین‌و دواتر بۆ ماوه‌ی‌ 10 رۆژێك له‌به‌ر خۆر دایده‌نین تاكو وشك بێته‌وه‌، ئه‌و كات ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ ته‌سبیحی‌ لێ دروست بكه‌یت، بۆیه‌ ده‌ست ده‌كرێت به‌كونكردنی‌ ده‌نكه‌ قه‌زوانه‌كان‌و دواتر پێكه‌وه‌نانیان به‌جۆرێك له‌(به‌ن)".

 

سه‌نعان فایق باس له‌وه‌ ده‌كات ته‌سبیحی‌ قه‌زوان چه‌ند جۆرێكی‌ هه‌یه‌ له‌وانه‌ باشترینیان جۆری‌ (ئه‌بڵه‌ق)ه‌ كه‌ به‌پله‌ یه‌ك داده‌نرێت‌و نرخه‌كه‌ی‌ له‌ 100 دۆلاره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات تاكو 1000 دۆلار، جۆره‌كانی‌ تریش له‌ته‌سبیحی‌ قه‌زوان (پێنج خاڵ، ساده‌، لاپان، چۆله‌كه‌ خۆر، قه‌له‌خۆر) پێكهاتوون.

 

سه‌نعان شانازی‌ ده‌كات به‌و ده‌یان جۆر ته‌سبیحه‌ ناوازه‌یه‌ی‌ دروستیكردوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ لای‌ خۆی‌ له‌هه‌موویان شیرینتره‌ ته‌سبیحه‌كه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ بۆ زیندووهێشتنه‌وه‌ی‌ كاره‌ساتێكه‌، هاوكات پێی‌ وایه‌ یه‌كێكه‌ له‌درێژترین ته‌سبیحه‌كانی‌ جیهان، خۆی‌ له‌هیچ شوێنێكی‌ تری‌ كوردستان‌و عێراق بوونی‌ ته‌سبیحێكی‌ به‌و درێژییه‌ نه‌بیستووه‌، ته‌نانه‌ت پێی‌ وایه‌ له‌سه‌ر ئاساتی‌ جیهانیش وێنه‌ی‌ نییه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه‌ دادوه‌رانی‌ كتێبی گینیسی‌ پێوانه‌یی‌ ناگه‌نه‌ ئێره‌، ئه‌گه‌ر نا پێم وایه‌ ئه‌م ته‌سبیحه‌ی‌ من ناوی‌ ده‌چووه‌ كتێبه‌كه‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌