راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

حوكمڕانی‌ له‌كوردستان‌و چاره‌سه‌ر له‌ئه‌وروپا
سه‌ركرده‌كانی‌ كورد له‌ته‌ندروستیشدا خۆیان له‌خه‌ڵك جیاده‌كه‌نه‌وه‌

مەعاز فەرحان
پێناچێت سه‌ركرده‌كانی‌ كورد متمانه‌یان به‌و كه‌رتی‌ ته‌ندروستییه‌ هه‌بێت كه‌ خۆیان بناغه‌كه‌یان داڕشتووه‌، ئه‌وه‌تا له‌جیاتی‌ رێگه‌ی‌ نزیكی‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ خۆیان، رێگه‌ی‌ دورو درێژی‌ وڵاتان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌گرنه‌به‌ر.
14.09.2016  |  هه‌ولێر
نه‌وشیروان مسته‌فا، مه‌سعود بارزانی‌، جه‌لال تاڵه‌بانی‌
نه‌وشیروان مسته‌فا، مه‌سعود بارزانی‌، جه‌لال تاڵه‌بانی‌

پێده‌چێت ئه‌م ماوه‌یه‌ كه‌سانی‌ یه‌كه‌می‌ حزبه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ تێكچوون‌و ساردی‌ په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كانیاندا، پێكه‌وه‌ش ته‌ندروستیان تێكچوو بێت، ئه‌مڕۆژانه‌ جه‌وله‌یه‌كی‌ گه‌رموگوڕی‌ سیاسیه‌كانی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌ كه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌ گه‌شتی‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌یان كردوه‌.

 

مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، دوای‌ ململانێیه‌كی‌ گه‌رموگوڕ‌و یه‌كلانه‌بونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانیان، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ردوكیان بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستانیان به‌جێهێشتووه‌، یه‌كه‌میان بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ چاوی‌‌و دووه‌میشیان بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پشتی‌.

 

له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، هه‌رێمی‌ كوردستان به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ردا دابه‌شیبووه‌، یه‌كێكیان مه‌سعود بارزانی‌‌و ئه‌وی‌ تریشیان نه‌وشیروان مسته‌فا رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌كات‌و ئه‌م دوو لایه‌نه‌ هیچ هاموشۆو جموجوڵێكی‌ سیاسییان پێكه‌وه‌ نه‌ماوه‌.

 

چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ دوو سه‌ركرده‌ ناكۆكه‌كه‌ له‌كاتێكدابوو، جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان دوای‌ چل رۆژ له‌وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌ له‌وڵاتی‌ نه‌مسا سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكرات‌و كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌ ره‌سمیه‌كانیدا به‌شێك له‌گه‌شته‌كانیشی‌ بۆ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی ته‌رخان ده‌كات، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 24ی‌ ئاب بارزانی‌ چووه‌ته‌ ئه‌وروپا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ باس له‌ئه‌جێندای‌ سه‌ردانه‌كه‌ بكرێت، به‌ڵام به‌شێك له‌میدیا ناوخۆییه‌كانیش بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ بارزانی‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌ له‌ده‌ره‌وه‌یه‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و میدیای‌ حزبه‌كه‌ی‌ كه‌مترین كات قسه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی‌ سه‌رۆكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

 

عه‌لی‌ عه‌ونی‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بارزانی‌، بێ‌ ئاگایی‌ خۆیشی‌ نیشاندا له‌وه‌ی‌ كه‌ بارزانی‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌ چوبێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و پێیوایه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌كان مانای‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ متمانه‌یان به‌ته‌ندروستی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیان نه‌بێت، به‌ڵكو ره‌نگه‌ له‌كوردستان چاره‌سه‌ریان نه‌بێت.

 

عه‌ونی‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌بێت‌و له‌كوردستان چاره‌سه‌ر نه‌بێت به‌رپرسه‌كه‌ ناچاره‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر لێره‌ هه‌بێت پێموایه‌ ئه‌وپه‌ری‌ بێ‌ ویژدانیه‌ به‌رامبه‌ر به‌پاره‌ی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ كه‌ تۆ بیچت له‌ده‌ره‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌یت".

 

نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران‌و ركابه‌ری‌ سیاسی‌ بارزانی‌، رۆژی‌ 3ی‌ ئه‌م مانگه‌ (ئه‌یلول) به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌ بۆ به‌ریتانیا گه‌شتی‌ كرد.

 

سه‌ردانه‌كه‌شی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ دێت له‌24ی‌ ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ 2015دا به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی‌، سه‌ردانی‌ له‌نده‌نی‌ كردو دوای‌ حه‌وت مانگ له‌ 28ی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

ئیسماعیل ساڵح، سكرتێری‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌بێت پشكنێكی‌ تر بكاته‌وه‌ بۆ پشتی‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كاتی‌ خۆی‌ دوو فه‌قه‌ره‌یان بۆ به‌ستوه‌ته‌وه‌، له‌و شوێنه‌ی‌ كه‌ بۆی‌ كراوه‌ نه‌بێت، ناتوانرێت ده‌ستكاری‌ بكرێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران كاتێك كه‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ دوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوو -پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌- ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رپرسانی‌ ئه‌و دوو حزبه‌ ده‌گرت گوایه‌ متمانه‌یان به‌كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ خۆیان نیه‌‌و بۆ ئازارێكی‌ دان ئێشه‌ش ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

سكرتێره‌كه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری‌ فه‌قه‌راته‌كی‌ له‌كوردستان نه‌بووه‌ پزیشكه‌كانیش ئامۆژگارییان كردوه‌ كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، وتی‌ "حه‌ز ده‌كه‌ن برۆن له‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ خۆمان بپرسن، چه‌ند جار وه‌كو هاوڵاتیانی‌ ئاسایی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا چووه‌و چاره‌سه‌ری‌ وه‌رگرتووه‌، هه‌ر پاراستۆڵه‌كه‌ی‌ ئێره‌ ده‌خوات، به‌ڵام ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی‌ ئێستای‌ له‌كوردستان چاره‌سه‌ری‌ نییه‌".

 

چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و نه‌وشیروان مسته‌فا، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، له‌وڵاتی‌ نه‌مساوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2012 كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق بوو، به‌هۆی جه‌ڵته‌ی مێشك گه‌یه‌ندرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی به‌غداو دواتر گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له‌به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیاو له‌رۆژی 19ی ته‌مموزی 2014 دوای 19 مانگ گه‌ڕایه‌وه‌ سلێمانی.

 

خاڵس قادر وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، رونیكرده‌وه‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ی‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ لێره‌ چاره‌سه‌ری‌ نیه‌‌و بۆیه‌ پێویسته‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ر بچێته‌ ده‌ره‌وه‌‌و له‌وێ له‌ژێر چاودێریدا بێت، به‌ڵام نازانێت نه‌خۆشیه‌كه‌ی‌ نه‌وشیروان‌و مسته‌فا‌و مه‌سعود بارزانی‌ چیه‌ تا بزانێت لێره‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن یان نا.

 

خاڵس قادر به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسه‌كان بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ر ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ متمانه‌ی‌ هاوڵاتیان به‌كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ خۆمان نه‌مێنێت، ئه‌گه‌ر لێره‌ چاره‌سه‌ریان هه‌یه‌ باشتره‌ لێره‌ وه‌ریبگرن نه‌ك بچنه‌ ده‌ره‌وه‌".

 

ئه‌م سێ‌ سه‌ركرده‌یه‌ كه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ر ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ سێ‌ حزبه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن‌و ده‌ستێكی‌ باڵاشیان له‌دامه‌زراندنی‌ حكومه‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانی‌ تری‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌بووه‌.

 

ته‌نیا ئه‌م سێ‌ سه‌ركرده‌یه‌ نین كه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ر ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌شێكی‌ زۆر له‌ به‌رپرسانی‌ حزبی‌‌و حكومی‌‌و به‌شێك له‌هاوڵاتیانیش به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ ته‌ندروستی‌ خۆیان زیاتر رووی‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ وڵاتان ده‌كه‌ن، له‌ئێستاشدا به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" عه‌لی‌ باپیر ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ له‌وڵاتی‌ ئێرانه‌.

 

زوڵفا مه‌حمود، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، خراپی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ له‌كوردستان ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ كه‌سانێك كه‌ به‌"مافیاكانی‌ ناو وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌" وه‌سفیان ده‌كات، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناویان بهێنێت  به‌"نیقاش"ی‌ وت "خۆیان سیسته‌مه‌كه‌یان خراپ كردوه‌ ئیتر متمانه‌شیان نامێنێت به‌چۆنیه‌تی‌‌و كوالیتی‌ چاره‌سه‌ركردن له‌سیسته‌مه‌كه‌دا".

 

زوڵفا، جه‌ختیكرده‌وه‌ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌رپرسه‌كان ده‌بێته‌ هۆی‌ بێ‌ متمانه‌یی‌ خه‌ڵك به‌سیسته‌می‌ ته‌ندروستی‌،  "به‌رپرسه‌كانی‌ ئێمه‌ بۆ سه‌رئێشه‌یه‌كیش ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌".

 

له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردودا كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌ره‌ڕای‌ ئاسته‌نگه‌كان تاڕاده‌یه‌ك به‌ره‌و پێشچوونی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام قه‌یرانی‌ دارایی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ كه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌، گرفتی‌ بۆ ئه‌م كه‌رته‌ دروستكردوه‌، له‌ئێستادا وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ زیاتر له‌ 100 ملیار دینار قه‌رزاری‌ كۆمپانیاكانی‌ ده‌رمانه‌.

 

حه‌مید زه‌ڵمی‌ خوێندكاری كورد كه‌ ئێستا بۆ ماسته‌ر ده‌خوێنێ‌ له‌زانكۆی لۆمالیندای‌ كالیفۆرنیای‌ ئه‌مریكا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ "حه‌ق‌و نا حه‌ق ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌‌و چاره‌سه‌ر هه‌ر له‌ناوه‌وه‌ وه‌رناگرن به‌ بێ گوێدانه‌ جۆری نه‌خۆشیه‌كه‌".

 

زه‌ڵمی‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌ركرده‌كان بچوكترین متمانه‌یان به‌كه‌رتی ته‌ندروستی خۆماڵی نیه‌و ئاماده‌ نین چاره‌نوسی ته‌ندروستی خۆیان‌و خێزانه‌كانیان بده‌نه‌ ده‌ستی نه‌خۆشخانه‌كانی‌ ناوخۆ، كاتێك ئه‌مان خۆیان پێویستیان به‌سیسته‌مه‌كه‌ نه‌بێت كه‌واته‌ له‌خراپی‌و هه‌ژاریشیدا هیچ زیانێك ناكه‌ن، به‌لاشیانه‌وه‌ گرنگ نیه‌ كه‌ چی تیا ده‌گوزه‌رێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌