راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

قسه‌ی‌ توركیا چووه‌سه‌ر
خۆری‌ گوله‌نییه‌كان له‌كوردستان ئاوا ده‌بێت

راوێژ کامه‌ران
دواجار وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌بڕیارێك كۆتایی‌ به‌مشتومڕێكی‌ چه‌ند هه‌فته‌یی‌ هێنا، ئیتر قوتابخانه‌ توركییه‌كانی‌ كوردستان له‌ده‌ستی‌ ره‌وتی‌ گوله‌ندا نامێنن.
6.09.2016  |  سلێمانی‌
خوێندكارانی‌ كۆلێژی‌ سه‌لاحه‌دینی‌ ئه‌یوبی‌ له‌سلێمانی‌ ( :وێنه الفيسبوك )
خوێندكارانی‌ كۆلێژی‌ سه‌لاحه‌دینی‌ ئه‌یوبی‌ له‌سلێمانی‌ ( :وێنه الفيسبوك )

پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردوو پشتیوان سادق وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌رێم له‌كۆنفرانسێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند بڕیاری‌ كۆتاییان له‌باره‌ی‌ قوتابخانه‌ توركییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ره‌وتی‌ گوله‌ن داوه‌، له‌مه‌ودوا ئه‌و قوتابخانانه‌ له‌ده‌ستی‌ ره‌وته‌كه‌دا نامێنن‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌هاوبه‌شی‌ به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن.

 

ئه‌م بڕیاره‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم جۆرێك له‌دڵنیایی‌ بوو بۆ ئه‌و دایك‌و باوكانه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌چاره‌نووسی‌ خوێندنی‌ منداڵه‌كانیان دڵنیانین، به‌تایبه‌تی‌ له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ توركیا داوای‌ له‌هه‌ولێر كرد قوتابخانه‌كانی‌ سه‌ر به‌فه‌تحوڵا گوله‌ن دابخات.

 

فه‌تحوڵا گوله‌ن سه‌ركرده‌ی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئیسلامیه‌كان له‌توركیا كه‌ به‌باوكی‌ ئیسلامی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ناوی‌ ده‌ركردووه‌، گروپێكی‌ به‌رفراوانی‌ له‌وڵاتانی‌ جیهان هه‌یه‌ كه‌ ناوی‌ "بزوتنه‌وه‌ی‌ خزمه‌ت"ی‌ هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌م گروپه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماده‌گیه‌كی‌ زۆر به‌هێزیان هه‌یه‌و له‌پرۆژه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانیاندا زیاتر له‌ 12 هه‌زار خوێندكاری‌ كورد وانه‌ ده‌خوێنن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و رێژه‌ زۆره‌ی‌ كه‌ له‌ كۆلێژو  زانكۆكانی‌ سه‌ر به‌م گروپه‌ له‌ هه‌رێم ده‌رچون‌و خوێندنیان ته‌واو كردووه‌.

 

گروپه‌كه‌ له‌هه‌رێم چالاكی‌ په‌روه‌رده‌ی‌‌و میدییای‌‌و ته‌ندروستی‌‌و بازرگانیان هه‌یه‌، كه‌ سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن (تاڵب بیوك)ه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێن، ناوبراو  نوێنه‌ری فه‌تحوڵا گوله‌ن‌و ڕێكخه‌ری چالاكییه‌كانی گروپی‌ گوله‌نه‌ له‌عێراق‌و هه‌رێمدا.

 

ئه‌م گروپه‌ له‌ساڵی‌ 1994وه‌ هاتۆته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌شاره‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌‌و كه‌ركوك قوتابخانه‌ی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان دروستكردووه‌، به‌پێی‌ به‌دواداچونه‌كانی‌ "نیقاش" گروپه‌كه‌ له‌شاری‌ هه‌ولێر زانكۆی‌ (ئیشق)‌و سه‌نته‌ری‌ زمانی‌ ئیشق‌و قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی ئیشق‌و كۆلێژی نولیفه‌ری كچان‌و كۆلێژی لاوانی ئیشقی‌ هه‌یه‌، هاوكات له‌سلێمانیش كۆلێژی سلێمانی كچان‌و كۆلێژی لاوانی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبی‌و سه‌نته‌ری‌ زمانیان هه‌یه‌و له‌ شاری‌ كه‌ركوكیش چه‌ند خوێندنگه‌یه‌كی‌ تایبه‌تیان كردۆته‌وه‌، ئێستاش گروپه‌كه‌ له‌هه‌رێمدا جگه‌ له‌دامه‌زرانی 20 خوێندنگه‌و فێرگه‌، تا ئه‌م دواییه‌ش كه‌ناڵێكی ڕادیۆییان هه‌بوو به‌ناوی (ده‌وران)و مۆڵه‌تێكی‌ ته‌له‌فیزیۆنیشیان وه‌رگرتووه‌ به‌هه‌مان ناوه‌وه‌، به‌ڵام به‌بڕیارێكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم مۆڵه‌تی‌ كاركردن له‌ڕادیۆكه‌ وه‌رگیرایه‌وه‌.

 

به‌پێی‌ ئامارێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش ژماره‌ی‌ قوتابخانه‌كانی‌ ئه‌م گروپه‌ بۆ قۆناغه‌كانی باخچه‌ی منداڵان تا ئاماده‌یی (20) قوتابخانه‌یه‌و نزیكه‌ی  (12,719)  قوتابی تیایاندا ده‌خوێنن.

 

له‌بواری‌ بازرگانیشدا گروپه‌كه‌ خاوه‌نی‌ كۆمپانیایه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌هه‌رێمدا كاری‌ وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن به‌ناوی‌ كۆمپانیای‌ (ئاتا سۆیی‌)و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ تایبه‌تیشیان به‌ناوی‌ (سه‌ما) له‌شاری‌ هه‌ولێردا كردۆته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌ندامێكی‌ پێشووی‌ ئه‌و گروپه‌ له‌هه‌رێم ئه‌وان له‌زۆر پرۆژه‌ی‌ بازرگانیدا هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم، به‌ڵام له‌ژێر ناوی‌ جۆراوجۆردا كاره‌كانیان ده‌كه‌ن.

 

هه‌موو قوتابخانه‌كانی‌ گوله‌ن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌ر به‌كۆمپانیایه‌كن كه‌ ناوی‌ (فه‌زیله‌)ی‌ هه‌ڵگرتووه‌، ئیكرام ئۆكشار وته‌بێژی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان كاری‌ په‌روه‌رده‌یی‌ ده‌كه‌ن نه‌ك بازرگانی‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ له‌بواری‌ په‌روه‌رده‌دا وه‌ری‌ ده‌گریین به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ نیه‌ كه‌ پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌ین، به‌شایه‌تی‌ كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش خوێندكارێك كه‌ لای‌ ئێمه‌ ده‌رچوون به‌رامبه‌ران به‌ 10 خوێندكاری‌ خوێندنگه‌و زانكۆكانی‌ دیكه‌یه‌".

 

ئیكرام جه‌خت له‌دۆستایه‌تی‌ گروپه‌كه‌یان ده‌كاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد، ئه‌و وتی‌ "ئێمه‌ زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانداین‌و به‌رده‌وامیش دۆستایه‌تیه‌كی‌ پته‌ومان له‌گه‌ڵ كورد هه‌بووه‌".

 

ئه‌گه‌رچی‌ گوله‌نیه‌كان له‌نێو توركیادا جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆریان هه‌یه‌و له‌ساڵانی‌ ڕابردوشدا هاوپه‌یمانێكی‌ به‌هێزی‌ پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدانی‌ فه‌رمان ڕه‌وا بون كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات، به‌ڵام ساڵی‌ ڕابردوو ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی‌ ڕۆیشت، تا ئه‌و كاته‌ی‌ هه‌وڵی‌ كوده‌تا شكستخواردوه‌كه‌ی‌ توركیا له‌15 ته‌موزی‌ 2016 ئه‌نجامدرا پارتی‌ دادو گه‌شه‌پێدان فه‌تحوڵڵا گوله‌نی‌ ڕابه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ به‌ئه‌نجامدانی‌ كوده‌تاكه‌ تۆمه‌تبار كرد، له‌پاش ئه‌وه‌شه‌ گروپه‌كه‌ به‌تیرۆریستی‌ ناوبراو به‌ته‌واوه‌تی‌ له‌توركیادا قه‌ده‌غه‌ كرا.

 

حكومه‌تی‌ توركیا به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ داوای‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كرد چالاكی‌ گوله‌نییه‌كان له‌كوردستانیش قه‌ده‌غه‌ بكات، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ولێر ماوه‌یه‌ك وه‌ڵامی‌ داواكه‌ی‌ دواخست، به‌ڵام دواجار چووه‌ ژێر ركێفیه‌وه‌.

 

ئیكرام ئۆكشار ئه‌وه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان هاوپه‌یمانی‌ ئه‌ردۆگان بووبن‌و وتی‌ "ئێمه‌ كه‌ به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ خزمه‌ت ناسراوین، هیچ په‌یامێكی‌ سیاسیمان نیه‌و دژایه‌تیشمان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك نه‌ له‌ ناو توركیاو نه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیادا نیه‌، ئیستا له‌نێو توركیادا كه‌سانێك ده‌ستگیر ده‌كرێن كه‌ هیچ په‌وه‌ندیان به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ خزمه‌ته‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكوو ئه‌وانه‌ بۆخۆیان كه‌سانێكن كه‌ كارو پرۆژه‌ی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌یان خۆش ده‌وێت‌و خۆیان به‌نزیك له‌بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌زانن، بۆیه‌ زۆرجار ئه‌مه‌ش حكومه‌تی‌ توركیا توڕه‌ كردووه‌".

 

گروپه‌كه‌ ئێستا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر خوێندكاری‌ ده‌رچووی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، هێمن عوسمان یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌رچووی‌ كۆلێژی‌ سه‌ڵاحه‌دینه‌ له‌سلێمانی‌‌و دواتریش له‌لایه‌ن گروپه‌كه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ ئه‌نقه‌ره‌ تا له‌به‌شی‌ سۆرانی‌ كه‌ناڵی‌ TRT6 كاربكات، ئێستا هێمن وازی‌ له‌كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌ هێناوه‌.

 

به‌وته‌ی‌ هێمن عوسمان هۆكاری‌ ئه‌و ترسه‌ زۆره‌ی‌ حكومه‌تی‌ دادو گه‌شه‌پێدان له‌ پێش كوده‌تاكه‌و له‌ پاش كوده‌تاكه‌ له‌م گروپه‌ هه‌یبوو بۆ ئه‌و شێوازی‌ كاركردنه‌ ستراتیژیه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان كاری‌ پێده‌كه‌ن، به‌"نیقاش"ی‌ وت "جه‌ماعه‌تی گوله‌ن وا خۆیان ناساندووه‌ كه‌ له‌بواری په‌روه‌رده‌دا كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌دا له‌به‌شه‌ ناوخۆیی‌و ئه‌و خانووانه‌ی خویندكاره‌كانیان ده‌مێننه‌وه‌،‌ خوێندكارانیان راده‌هێنن له‌سه‌ر پابه‌ندبوونیان به‌بیری‌ فه‌تحوڵلا گوله‌نه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن‌و ده‌یانخه‌نه‌ ژێر فه‌رمانی خۆیانه‌وه‌ كاتێ ئه‌و خوێندكارانه‌یان له‌دام‌و ده‌زگای حكومی یان هه‌ر ده‌زگایه‌كی دیكه‌ كار ده‌كات به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵی ده‌بێت‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌كاری بهێنن"

 

هێمن عوسمان وتیشی "مه‌به‌ستی جه‌ماعه‌تی گوله‌ن له‌هه‌موو جیهان دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كه‌ كه‌ گوڵبژێری خۆیان بێت بۆ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، باشترین رێگاش په‌روه‌ده‌یه‌ كه‌ هه‌ڵیان بژاردووه‌،  چونكه‌ كه‌مترین گومانیان دێته‌ سه‌ر".

 

هێمن به‌ دوریشی‌ ده‌زانێت گروپه‌كه‌ بتوانن هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌نه‌ بنكه‌یه‌ك بۆ دژایه‌تیكردنی‌ حكومه‌تی‌ توركیا، چونكه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و "ئه‌وان لێره‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابوریان هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندنی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ تورك كار له‌سه‌ر تاكی‌ كورد ده‌كه‌ن، بازرگانێكی‌ گه‌وره‌شن‌و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ تورك هاوبه‌شیان هه‌یه‌".

 

د. محمد بازیانی‌ به‌ڕێوبه‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ هودا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ پێی‌ وانیه‌ بونی‌ ئه‌م گروپه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئاسایشی‌ هه‌رێم مه‌ترسی‌ بێت، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م گروپه‌ گه‌ر بشیانه‌وێت ناتوانن له‌هه‌رێمی‌ كوردستان چالاكی‌ سیاسی‌ بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش له‌نێو زۆنی‌ زه‌رد (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان) كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌هێزتریان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وان مه‌ترسیان بۆ هه‌رێم نیه‌، بگره‌ زۆرجار به‌سودیشن به‌و پێیه‌ی‌ له‌رووی‌ په‌روه‌رده‌یی‌و زانستیه‌وه‌ كوالێتیه‌كی‌ زۆر باشی‌ خوێندنیان پێشكه‌شكردووه‌ كه‌ دواجار بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌سووده‌".

 

به‌ڵام د. محه‌مه‌د بازیانی‌ ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م گروپه‌ ڕه‌نگه‌ له‌داهاتویه‌كی‌ دووردا كاریگه‌ری‌ سیاسیشان له‌هه‌رێم هه‌بێت، ئه‌و وتی‌ "به‌شێكی‌ زۆر له‌منداڵانی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم له‌خوێندنگه‌كانی‌ ئه‌م گروپه‌دا ده‌خوێنن، گه‌ر له‌داهاتوودا ئه‌م منداڵانه‌ چونه‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ره‌نگه‌ بتوانن سودیان لێوه‌ربگرنه‌وه‌، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا ناتوانن هیچ چالاكیه‌كی‌ سیاسی‌ بكه‌ن به‌تایبه‌تیش ئێستا كه‌ له‌دۆخێكی‌ لاوازدان".

 

یه‌كه‌مین كاردانه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌داخستنی‌ قوتابخانه‌كانی‌ ره‌وتی‌ گوله‌ن ده‌ستی‌ پێكرد، به‌ڵام به‌ره‌و ئه‌وه‌ ئه‌چێت ئیتر هه‌موو چالاكییه‌كی‌ په‌روه‌رده‌یی‌‌و كه‌لتوری‌‌و بازرگانییان له‌كوردستاندا قه‌ده‌غه‌ بكرێت، وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناراسته‌وخۆ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ پشت راست ده‌كاته‌وه‌.

 

سه‌فین دزه‌یی‌ وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ دۆستانه‌مان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هاوبه‌ش، هه‌ر بۆیه‌ گرنگی‌ به‌پاراستنی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ده‌ین".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌