گه‌نجانی به‌غدا له‌وه تێگه‌یشتوون ئاسان نییه ده‌رفه‌تی كاریان له‌دامه‌زراوه حكومییهكانو كه‌رتی تایبه‌ت ده‌ست بكه‌وێت، بۆیه بیریان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ببنه خاوه‌نی پرۆژه‌ی تایبه‌تی خۆیان، ئه‌گه‌رچی پرۆژه‌كان بچوكیش بێت، به‌ربڵاوترین كاریش كه ده‌ستیان داوه‌تێ، به‌ڕێوه‌بردنی چێشتخانه‌ی بچووكی گه‌ڕۆكه.
چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان ساڵی رابردوودا له‌هه‌ندێك ناوچه‌ی پایته‌خت بڵاوبوونه‌وه‌و ئه‌و خواردنه میللییه بهتامانهش كه پێشكه‌شیان ده‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌می نرخی خواردنه‌كانیان وایكرد زۆر كه‌س سه‌ریان تێبكه‌ن.
هه‌ر كه‌سێك له‌به‌غدای پایته‌خت بسوڕێته‌وه له‌سه‌ر شۆسته‌و شه‌قامه داخراو‌و رێگا لاوه‌كییه‌كاندا، چاوی به‌عه‌ره‌بانه‌ی چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان ده‌كه‌وێت كه ژه‌مه خواردن پێشكه‌شی كڕیارانیان ده‌كه‌ن.
به‌شێكی زۆر له‌و گه‌نجانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م چێشتخانه گه‌ڕۆكانه كارده‌كه‌ن، پێشتر كرێكاری چێشتخانه گه‌وره‌كان بوون‌و جا یان به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت له‌سه‌ر كاره‌كه ناماون، یاخود به‌هۆی داخرانی ئه‌و چێشخانانهوه بێكار ماونه‌ته‌وه.
له‌تیف كریم كه گه‌نجێكه بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كاری له‌لای حكومهتو كه‌رتی تایبه‌ت ده‌ستنه‌كه‌وتووه، بۆیه چێشتخانه‌یه‌كی گه‌ڕۆكی بۆ خۆی داناوه، ئه‌و به"نیقاش"ی وت "به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری له‌نێو گهنجانو كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌لی كار به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه داراییه تونده‌ی وڵات پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هۆكارێك بووه بۆ داهێنانی شێوازی نوێ بۆ ژیان".
كه‌ریم باسی ئه‌وه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌یدا كه ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌یه، به‌جددی بیریان كردۆته‌وه‌و به‌دوای سه‌رچاوه‌ی پاره په‌یداكردندا گه‌ڕاون تا پێویستیان به كه‌سانی تر نه‌بێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "پاسی كۆنمان هێناو ئاسنگه‌ر بۆی كردینه چێشتخایهكی گهڕۆكو به‌باشی بۆیه‌مان كرد، باشییه‌كه‌ی بۆ ئێمه ئه‌وه بوو كه‌می تێچوو".
ئه‌وه‌ی كه‌ریم‌و هاوپیشه‌كانی پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، ئه‌و خواردنه میلییانهیه كه له‌سه‌ر گیرفانی خه‌ڵك زۆر ناكه‌ون.
له‌باره‌ی دیارترین ئه‌و خواردنانه‌ش كه چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كه پێشكه‌شیان ده‌كات، كه‌ریم روونی كرده‌وه كه خواردنه عیراقییه ناسراوه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن وه‌ك فهلافلو كوببهو شۆربا.
مه‌نسوور جبوری پێشتر له‌چێشتخانه‌یه‌كی به‌ناوبانگ كاری كردووه، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی داخراوه، ئه‌ویش چێشتخانه‌یه‌كی گه‌ڕۆكی بۆ خۆی دروستكردووه‌و بژێوی ژیانی پێ دابین ده‌كات.
جبوری ئاماژه به‌وه ده‌كات به‌هۆی كه‌می كڕیار‌و گرانی نرخی خواردنهكانو لاوازی باری دارایی زۆربه‌ی توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه، ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ی پێشتر كاری تیا كردووه داخراوه‌و ئه‌میش چاره‌سه‌ری له‌كردنه‌وه‌ی چێشتخانه‌یه‌كی گه‌ڕۆكدا دۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌وه ناره‌حه‌ته كه به‌هۆی داگیركردنی شۆسته‌كانه‌وه سه‌غڵه‌تی هاتوچۆی بۆ خه‌ڵك دروستكردووه.
گرفتێكی تر كه رووبه‌رووی خاوه‌ن چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان ده‌بێته‌وه، باری نائارامی به‌غدایه، چونكه له‌گه‌ڵ هه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا ناچارن ئه‌و جێیه جێبهێڵنو به‌دوای شوێنێكی تردا بگه‌ڕێن بۆ راگرتنی چێشتخانه‌كانیان.
خاوه‌ن چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌ن كه له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا خه‌ڵكێكی زۆر رووی له‌خواردنه‌كانیان كردووه، له‌مڕووه‌وه مونته‌سیر عه‌بدولحه‌ی كه لهچێشتخانهكهیدا هه‌مبه‌رگرو هۆت دۆگ پێشكه‌ش ده‌كات، ده‌ڵێت "له‌خواردنی چێشتخانه پله یهكو پله دووه‌كان پاك‌و خاوێنترین، بۆیه بووینه‌ته جێگای سه‌رنجی زۆرێك لهكڕیارهكان".
چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان لهگهڕهكه راقیهكاندا به‌تایبه‌تی به‌وه جیاده‌كرێنه‌وه كه خواردنی خۆرئاوایی وه‌ك هه‌مبه‌رگرو سكالوبو ستیك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و به‌هۆی بچووكی رووبه‌ری ئوتۆمبیلهكهوه ته‌نها جێگای چوار كرێكاریان تێدا ده‌بێته‌وه.
بان حه‌سه‌ن یه‌كێكه لهكڕیارانی چێشتخانه گهڕۆكهكانو پێی وایه ئه‌و چێشتخانانه ده‌رفه‌تێكی باشن بۆ كاركردنی گه‌نجان، چونكه كرێی دوكانیان له‌كۆڵ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام سكاڵای له‌خراپ به‌كارهێنانی شۆسته‌كان هه‌بوو له‌لایه‌ن فرۆشیاران، چونكه به‌شێكیان له‌ده‌وری خۆیان چه‌ندین كورسی ریز ده‌كه‌ن، ئه‌مه جگه له‌و پاشماوه‌و پیسیه‌ی هه‌ندێكیان له‌سه‌ر شۆسته‌كان به‌جێیانده‌هێڵن.
ئه‌حمه‌د سالم كڕیارێكی دیكه‌ی چێشتخانه گهڕۆكهكانهو ده‌ڵێت "چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان حاڵه‌تێكی شارستانیه له‌وڵاتانی ئه‌وروپاوه بۆمان گواستراوه‌ته‌وه" هۆكاری به‌ده‌نگه‌وه چوونی خه‌ڵكیشی بۆ ئهوچێشتخانانه گه‌ڕانده‌وه بۆ خێرایی پێشكه‌شكردنی ژه‌مه خواردنهكانو بوونی چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان له‌هه‌موو شوێنێك، ئه‌مه جگه له پاكوخاوێنیو تازه‌یی ئه‌و خواردنانه‌ی پێشكه‌شیان ده‌كه‌ن.
سالم پێشی وایه كه‌شخه‌یی ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌و چێشتخانانه كاردهكهنو پاكوخاوێنیانو باش مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ كڕیاره‌كان هۆكاری پشت زیادبوونی ئاستی جه‌ماوه‌رییانه‌و باوه‌ڕی وایه باشترین چاره‌سه‌رن بۆ له‌ناوبردنی بێكاری گه‌نجان.
ره‌نگه تێچوونی كه‌می پرۆژه‌ی چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان گه‌نجانی هان دابێت كاری تێدا بكه‌ن وه‌ك سه‌لمان تاهیر ئاماژه‌ی پێده‌كات كه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا پرۆژه‌ی چێشتخانه‌یه‌كی گه‌ڕۆكی فرۆشتنی سهندهویچیان به‌نرخێكی كه‌م داناوه‌و ره‌واجێكی زۆری هه‌بووه‌و پاره‌یان پێ كۆكردۆته‌وه.
سه‌لمان ده‌ڵێت "سهندهویچهكان له‌چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان به‌پێوه‌ری جیهانیو شێوازێكی تهندروستو نرخێك ئاماده ده‌كرێن كه كێبڕكێی چێشتخانه گه‌وره‌كان ده‌كات هه‌روه‌ك تێچوونی دانانی چێشتخانه‌ی گه‌ڕۆك له 10 ملیۆن دیناری عیراقی تێناپه‌ڕێت ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش ده‌توانرێت له‌نێوان چه‌ند هاوڕێیه‌كدا كۆبكرێته‌وه".
حكومه‌تی خۆجێیی به‌غداش دیارده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی چێشتخانهگهڕۆكهكانی له‌پایته‌ختدا به‌پرۆژه‌یه‌كی شارستانی وه‌سف كردووه‌و پلانێكی هاوشێوه‌یشی ئاشكرا كردووه بۆ خستنه‌سه‌ركاری گه‌نجانی بێكار.
جاسم عه‌لی سه‌رۆكی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غدا به"نیقاش"ی وت "پارێزگا پلانێكی هاوشێوه‌ی پرۆژه‌ی چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كانی به‌ئوتۆمبێل هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی بێكاری كه بریتیه له‌هاورده‌كردنی ئوتۆمبێلو فرۆشتنی به‌هاووڵاتیان به‌قیست له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌رزی بێكاری له‌وڵاتدا".
جاسم هه‌روه‌ها دووپاتیشی كرده‌وه كه پارێزگای به‌غدا هیچ لاریه‌كی نیه له‌دیارده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان ئه‌گه‌ر مه‌رجه ته‌ندروستیه‌كانیان تێدا بێت‌و زیاده‌ڕه‌وی نه‌كه‌نه سه‌ر شوێنه گشتییه‌كان، هه‌روه‌ك ئاماده‌یی پارێزگایشی ده‌ربڕی بۆ هاوكاریكردنی خاوه‌نی چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر دووچاری گوشار‌و پارهلێكێشانهوه بوونه‌وه.
دیارده‌ی چێشتخانه گه‌ڕۆكه‌كان چیتر ته‌نها ئه‌و پرۆژه بچووكانه‌ی خستنه‌سه‌ركاری گه‌نجان نین كه له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا سه‌ركه‌وتنیان سه‌لماندووه، به‌ڵكو له‌هه‌مان كاتیش‌دا كات‌و پاره بۆ خاوه‌ن ماركێته بازرگانیه‌كانی نزیكیان گێڕاوه‌ته‌وه له‌وه‌ی ژه‌مه‌خواردنی سه‌ره‌كی له‌كاتی كاركردندا بۆ دابین كردوون كه پێشتر ده‌بووایه بچنه چێشتخانه دووره‌كان بۆ خواردنی ژه‌مه خواردنی نیوه‌ڕوان.