راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌یان ماڵی‌ تازێبار كردووه‌
زێی‌ گه‌وره‌.. رووباری‌ مه‌رگ‌و ژیان

رامیار جەواد
زێی‌ گه‌وره‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ژیان هه‌زاران كه‌سه‌، به‌ڵام ساڵ نییه‌ به‌ده‌یان ماڵ رۆڵه‌كانیانی‌ تیا نه‌خنكێت‌و به‌هۆی‌ ئاوی‌ ئه‌و زێیه‌وه‌ تازێبار نه‌بن.
25.08.2016  |  هه‌ولێر
تیمی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ خه‌بات له‌وكاته‌ی‌ هه‌وڵی‌ ده‌رهێنانه‌وه‌ی‌ ته‌رمێك ده‌ده‌ن ( :وێنه راميار جواد)
تیمی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ خه‌بات له‌وكاته‌ی‌ هه‌وڵی‌ ده‌رهێنانه‌وه‌ی‌ ته‌رمێك ده‌ده‌ن ( :وێنه راميار جواد)

به‌شێكی‌ گرنگی‌ ئاوی‌ زێی‌ گه‌وره‌ به‌ قه‌زای‌ خه‌بات (37كم باكوری‌ خۆرئاوای‌ هه‌ولێر)دا تێده‌په‌ڕێت، خه‌بات ده‌روازه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنی‌ هه‌ردوو شاری‌ موسڵ‌و دهۆكه‌ به‌پارێزگای‌ هه‌ولێره‌وه‌ روباره‌كه‌ش وه‌كو مار به‌ناویدا پێچاوپێچی‌ كردوه‌و ناحیه‌كه‌ی‌ كردووه‌ به‌دوو به‌شه‌وه‌.

 

خه‌بات ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زێی‌ گه‌وره‌ (له‌توركیاوه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ‌‌و به‌دهۆك‌و هه‌ولێرو موسڵدا تێده‌په‌ڕێ‌)كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پێنج لقه‌كه‌ی‌ پێكهێنه‌ری‌ روباری‌ دیجله‌، هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و رووباره‌وه‌ بووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ كشتوكاڵی‌‌و گه‌شتیاری‌ ناسراو، چونكه‌ جگه‌ له‌گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی‌ ئاودێری‌، ناوچه‌یه‌كی‌ دارستانی‌ به‌رفراوانی‌ هه‌یه‌.

 

زێی‌ گه‌وره‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ بژێوی‌ هه‌زاران كه‌سی‌ له‌سه‌ره‌ به‌هۆی‌ كشتوكاڵ‌و پیشه‌سازی‌‌و راوه‌ماسی‌و گه‌شتیارییه‌وه‌، هاوكات بووه‌ته‌ "روباری‌ مه‌رگ"یش به‌هۆی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ خه‌ڵك كه‌ تیایدا ده‌خنكێن.

 

حیكمه‌ت ساڵح (44) ساڵ كارمه‌ندی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ قه‌زای‌ خه‌باته‌و یه‌كێكه‌ له‌ئه‌ندامانی‌ ئه‌و تیمه‌ی‌ ته‌رمی‌ خنكاوه‌كان ده‌رده‌هێننه‌وه‌، حیكمه‌ت له‌و كاته‌ی‌ خه‌ریكی‌ پشكنین‌و گه‌ڕان بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ دوو برا كه‌ چه‌ند كاتژمێرێك له‌وه‌و به‌ر خنكابوون به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێره‌ شوێنێكه‌ بۆ خۆ فێنككردنه‌وه‌ گه‌نجان به‌كار ده‌هێنن،  به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ مه‌رگی‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌سانێك كه‌ مه‌له‌ نه‌زانن".

 

حیكمه‌تی‌ مه‌له‌زان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی‌ كه‌ ژماره‌یان 13 كه‌سه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و ته‌رمانه‌ ده‌رده‌هێننه‌وه‌ كه‌ له‌زێكه‌دا ده‌خنكێن، كاره‌كه‌شیان پڕ زه‌حمه‌ت‌و مه‌ترسییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاوێكی‌ لێڵ‌و شڵه‌قاوی‌ تاریكه‌و مه‌له‌زانه‌كانیش پێی‌ ناوێرن، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "هۆكاری‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كی‌ خنكان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئاوه‌كه‌ قوڕو لیته‌ی‌ زۆره‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی‌ خۆیانی‌ تێ‌ فڕێ‌ ده‌ده‌ن مه‌له‌ نازانن، یاخود به‌هۆی‌ ساردی‌ ئاوه‌كه‌وه‌ ده‌ست‌و قاچیان له‌كار ده‌كه‌وێت".

 

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ خه‌بات له‌ساڵی‌ 2002 هه‌تا مانگی‌ ئابی‌ ئه‌مساڵ (177) كه‌س له‌قه‌زای‌ خه‌بات له‌ناو زێی‌ گه‌وره‌دا خنكاون، ساڵی‌ 2016 یه‌كێكه‌ له‌و ساڵانه‌ی‌ زۆرترین قوربانی‌ تیا بووه‌، چونكه‌ ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ حه‌وت مانگی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵدا 27 كه‌س خنكاون، دواهه‌مینیان پێشمه‌رگه‌یه‌ك بوو كه‌ له‌به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ له‌موسڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و بۆ خۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی‌ چووه‌ته‌ زێیه‌كه‌و خنكاوه‌، ته‌رمه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ 17ی‌ ئاب دۆزرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ ته‌نها ئه‌و حاڵه‌تانه‌ن كه‌ لای‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان تۆمار كراون.

 

عه‌قید حه‌یده‌ر ئه‌بوبه‌كر به‌ڕێوبه‌ری‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ خه‌بات به‌"نیقاش"ی‌ وت "خنكانه‌كانی‌ ئه‌مساڵ مایه‌ی‌ سه‌رسوڕمان بوون، چونكه‌ 9 حاڵه‌تی‌ خنكانی‌ دوو كه‌سی‌ تۆماركراوه‌ كه‌ ساڵانی‌ پێشوو به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بووه‌و خنكانه‌كان تاكه‌ كه‌سی‌ بوون".

 

ناخۆشترین رووداو به‌لای‌ عه‌قید حه‌یده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هێشتا ئاماره‌كانی‌ خنكان له‌و قه‌زایه‌ تۆمار نه‌كراون، ئه‌ویش رووداوی‌ خنكانی‌ پێنج كچ بووه‌ له‌یه‌ك كاتدا، كاتێك ساڵی‌ 1997 شه‌ش كچ پێكه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سه‌ر ئاوی‌ زێیه‌كه‌ بۆ شوشتنی‌ قاپ‌و قاچاخ، سه‌رجه‌میان كه‌وتوونه‌ته‌ ناوی‌، سه‌ره‌نجام پێنجیان خنكاون‌و یه‌كێكیان رزگاركراوه‌.

 

كێشه‌ی‌ تیمه‌كه‌ی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌لوپه‌لی‌ پێویستیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، بۆیه‌ نه‌ به‌ئاسانی‌ كه‌سه‌كانیان بۆ رزگار ده‌كرێت‌و نه‌ ته‌رمه‌كانیش خێرا ده‌دۆزنه‌وه‌، عه‌قید حه‌یده‌ر ده‌ڵێت "پێداویستی‌ ژێر ئاومان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ وه‌ك سۆنارو له‌یزه‌ر‌و ئاگاداربوونه‌وه‌ له‌رێی‌ خوێنه‌وه‌، بۆیه‌ كاتێك تیمه‌كانمان ده‌چنه‌ ژێر ئاو ئه‌وانیش ژیانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، چونكه‌ له‌ژێر ئاوه‌كه‌ هیچ نابینن‌و ره‌نگه‌ ببن به‌ته‌لی‌ راوه‌ ماسییه‌وه‌ یان به‌ر كه‌رته‌ شاخێك بكه‌ون یاخود له‌قوڕو لیته‌دا بچه‌قن".

 

یه‌كێك له‌و رووداوانه‌ی‌ كه‌ له‌مانگی‌ ئابی‌ ئه‌مساڵدا تۆماركراوه‌، رووداوی‌ خنكانی‌ مێردمنداڵێك بووه‌، كاتێك چه‌ند مێرمنداڵێك بۆ مه‌له‌كردن چوونه‌ته‌ سه‌ر روباره‌كه‌و له‌نێویاندا (ئه‌حمه‌د یوسف)ی‌ 11 ساڵ خنكاوه‌.

 

محه‌مه‌د برای‌ ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ ئێره‌ ناهه‌قیان نییه‌ دێنه‌ سه‌ر ئه‌م رووباره‌، چونكه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا هیچ مه‌له‌وانگه‌یه‌ك نییه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هیچ تابلۆیه‌كی‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ دانه‌نراوه‌ له‌و جێیانه‌ی‌ مه‌ترسی‌ خنكانیان له‌سه‌ره‌".

 

تیمه‌كانی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندینجار هاوڵاتیانی‌ ناوچه‌كه‌یان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ له‌مه‌ترسی‌ مه‌له‌كردن، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ گوێیان به‌و رێنماییانه‌ نه‌داوه‌، ئه‌وه‌ی‌ تائێستا له‌ده‌ست ئه‌و تیمانه‌ش هاتووه‌، رزگاركردنی‌ 27 كه‌س بووه‌ ته‌نها له‌ساڵه‌كانی‌ 2009و 2011، چونكه‌ له‌و دوو ساڵه‌دا لافاو زۆر بووه‌و خه‌ڵكی‌ زۆر كه‌وتوونه‌ته‌ زێیه‌كه‌وه‌.

 

ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی‌ تۆماركراون خنكان بوون، هیچ حاڵه‌تێكی‌ تیا نه‌بووه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ خۆكوشتن خۆیان فڕێدابێته‌ ناو ئاوه‌كه‌وه‌.

 

به‌رگری‌ شارستانی‌ خه‌بات، ته‌نها ئه‌و حاڵه‌تی‌ خنكان‌و رزگاركردنانه‌ تۆمار ده‌كات كه‌ خۆیان پێی‌ هه‌ستاون، واته‌ هه‌ر كه‌سێكی‌ تر رزگار كرابێت یان هه‌ر ته‌رمێكی‌ تر له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه‌ دۆزرابێته‌وه‌، لای‌ ئه‌وان تۆمار نییه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێن ژماره‌ی‌ خنكاوه‌كان زۆر زیاتره‌ له‌وه‌ی‌ لای‌ ده‌زگا فه‌رمییه‌كان تۆمار ده‌كرێن.

 

حاجی‌ محه‌مه‌د هه‌ركی‌ (57 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌هۆی‌ راوه‌ ماسییه‌وه‌ بژێوی‌ ژیانی‌ له‌سه‌ر ئه‌و زێیه‌یه‌، ئه‌و 23 ساڵه‌ به‌م كاره‌وه‌ سه‌رقاڵه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا ئاگاداری‌ چه‌ندین رووداوی‌ خنكان بووه‌.

 

حاجی‌ محه‌مه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێره‌ شوێنی‌ مه‌رگ‌و ژیانه‌، كه‌سانێك بۆ خۆشی‌ دێن به‌ڵام ته‌رم له‌گه‌ڵ خۆیان ئه‌به‌نه‌وه‌، كه‌سانێكیش به‌ده‌ست به‌تاڵی‌ دێن‌و بژێوی‌ ژیانیان په‌یدا ئه‌كه‌ن ماڵ‌و مناڵیان پێ‌ نان ئه‌ده‌ن".

 

وتیشی‌ "من له‌و ماوه‌یه‌ی‌ لێره‌ ڕاو ده‌كه‌م سێ‌ جار ته‌رم به‌ر تۆڕه‌كانمان كه‌وتوه‌و ده‌رمان هێناوه‌ته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر ده‌خنكێت و بێ‌ سه‌ر و شوێن ئه‌بن، ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بیستومه‌ له‌ساڵی‌ 1993وه‌ تائێستا زیاتر له‌ 700 كه‌س له‌م زێیه‌دا له‌قه‌زای‌ خه‌بات خنكاون".

 

به‌ڕای‌ حاجی‌ محه‌مه‌د چاره‌سه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ له‌رێی‌ تابلۆی‌ ئاگاداركردنه‌وه‌وه‌ خه‌ڵك ئاگادار بكرێته‌وه‌ له‌ناوچه‌ مه‌ترسیداره‌كانی‌ مه‌له‌كردن‌و له‌به‌رامبه‌ردا شوێنی‌ مه‌له‌كردنی‌ گونجاو بۆ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ دابین بكرێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌