راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هونه‌ری‌ ئاماژه‌
چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك هه‌موو شتێك ده‌ڵێن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ بڵێن

سار ا قاهیره‌
چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك جه‌سته‌ی‌ خۆیان وه‌ك په‌یكه‌ری‌ برۆنز لێكردووه‌و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان هاوشێوه‌ی‌ رۆبۆت ده‌جوڵێنه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت بۆ یه‌كه‌مینجار هونه‌ری‌ ئاماژه‌ له‌عێراقدا كارا بكه‌ن.
18.08.2016  |  به‌غدا
یه‌كێك له‌نمایشه‌كانی‌ سه‌رشه‌قام
یه‌كێك له‌نمایشه‌كانی‌ سه‌رشه‌قام

ئه‌و هونه‌ره‌ی‌ ئه‌م كه‌سانه‌ پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌ن به‌(پانتۆ مایم) ناسراوه‌ كه‌ نواندنێكی‌ بێده‌نگه‌و ماوه‌یه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان له‌شه‌قامه‌كانی‌ عێراقدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

 

ئامانجی‌ ئه‌م هونه‌ره‌ گه‌یاندنی‌ بیرۆكه‌و هه‌ستێكی‌ دیاریكراوه‌ له‌رێی‌ ئاماژه‌و جوڵه‌ی‌ جه‌سته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ به‌ئاسانی‌ گه‌وره‌و بچووك تێی‌ ده‌گه‌ن‌و په‌یامه‌كه‌یان پێده‌گات.

 

حسێن ده‌رویش ده‌رهێنه‌ری‌ شانۆ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مه‌ لقێكه‌ له‌لقه‌كانی‌ شانۆی‌ بێده‌نگ سه‌ره‌تای‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م له‌ئه‌وروپا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی‌ هونه‌ری‌ سه‌رشه‌قام، لێره‌دا هونه‌رمه‌ند شێوه‌ی‌ خۆی‌ وه‌ك شێوه‌ی‌ په‌یكه‌ره‌ باوه‌كانی‌ سه‌ر شه‌قام‌و شوێنه‌ گشتییه‌كان لێده‌كات‌و له‌رێی‌ راكێشانی‌ سه‌رنجی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بیرۆكه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌یه‌نێت".

 

ئه‌م هونه‌ره‌ له‌عێراق مێژوویه‌كی‌ كۆنی‌ نییه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ نه‌ حكومه‌ت‌و نه‌ ناوه‌نده‌ هونه‌رییه‌كان‌و نه‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ پشتیوانیان بۆ ده‌رنه‌بڕیوه‌، یه‌كه‌مین ئه‌زموونیشی‌ به‌قسه‌ی‌ حسێن ده‌رویش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2015 كاتێك خۆی‌ له‌باخێكی‌ گشتی‌ به‌غدا نمایشی‌ پێشكه‌ش كردووه‌.

 

ده‌رویش باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ پاش ئه‌م ئه‌زموونه‌ تاكه‌كه‌سییه‌، جارێكی‌ تر هه‌مان كاری‌ له‌پارێزگا جیاجیاكانی‌ عێراق دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌و ئینجا چه‌ند نمایشێكی‌ له‌گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریری‌ ناوه‌ندی‌ به‌غدا پێشكه‌ش كردووه‌ كه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ راكێشانی‌ سه‌رنجی‌ خه‌ڵكی‌.

 

ساڵی‌ 2016 هونه‌ره‌كه‌ گه‌شه‌ی‌ كردو ئه‌مجاره‌ ژماره‌یه‌ك گه‌نج له‌پارێزگای‌ بابل پێشكه‌شیان كرد، له‌باره‌ی‌ سه‌رنجی‌ بینه‌رانیشه‌وه‌ ده‌رویش باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خه‌ڵكی‌ سه‌ره‌تا به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ لێیان روانیوه‌و هه‌ندێ‌ كه‌سیش هه‌بوون گاڵته‌یان پێكردوون، به‌ڵام دواتر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆڵی‌ زۆری‌ هه‌بووه‌ له‌ناساندنی‌ كاره‌كانیان.

 

هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌نده‌ عێراقییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ له‌رێی‌ ئه‌م هونه‌ره‌وه‌ سنوره‌كان ببڕن، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ده‌رویش ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌لایه‌ن كه‌ناڵی‌ (mbc)یه‌وه‌ بانگهێشتكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ به‌رنامه‌ی‌ ئه‌ره‌ب گۆت تالێنت بكات‌و له‌مه‌غریبیش بانگهێشتی‌ فیستیڤاڵێك كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ پشتیوانی‌ حكومییه‌وه‌ به‌شداری‌ نه‌كردووه‌.

 

عه‌لی‌ عه‌بادی‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی‌ تره‌و له‌به‌سره‌ ئه‌م هونه‌ره‌ پێشكه‌ش ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات خۆی‌‌و هاوڕێكانی‌ به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان نمایشی‌ جۆراوجۆر پێشكه‌ش بكه‌ن‌و هه‌مان كوالێتی‌ جیهانی‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌.

 

عه‌لی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌نمایشه‌كانماندا باسی‌ كێشه‌ سیاسی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ مایه‌ی‌ سه‌رنجی‌ رایگشتین".

 

باس له‌وه‌ش ده‌كات هه‌موو پرۆژه‌كانی‌ ئه‌وان خۆبه‌خشانه‌یه‌و هیچ لایه‌نێك پشتیوانیان ناكات‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ په‌یامێكی‌ مرۆڤانه‌ ده‌گه‌یه‌نین‌و باس له‌زوڵم‌و په‌راوێزخستنی‌ چینه‌ جیاوازه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ین".

 

ده‌رویش‌و عه‌لی‌‌و هاوڕێكانیان زۆربه‌ی‌ ئه‌و نمایشانه‌ی‌ پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌ن وێنه‌ی‌ ده‌گرن‌و دواتر له‌سه‌ر یوتیوب بڵاوی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وێش بینه‌ر پێی‌ ئاشنا بێت.

 

یه‌كێكی‌ تر له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی‌ پانتۆ مایم پێشكه‌ش ده‌كات ته‌قێ‌ سه‌یده‌، ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌نده‌ پێیان بكرێت له‌نمایشه‌كانیاندا له‌سیاسه‌ت دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌و زیاتر سه‌رنج ده‌خه‌نه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ مرۆیی‌‌و فیكرییه‌كان.

 

ته‌قێ‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ بیرۆكه‌یه‌كی‌ ئه‌رێنی‌ بگه‌یه‌نینه‌ خه‌ڵكی‌ ساده‌ی‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ خه‌ڵك به‌هۆی‌ كه‌م ده‌رامه‌تییه‌وه‌ ناتوانن بچنه‌ شانۆكان‌و نمایشی‌ شانۆیی‌ ببینن".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م هونه‌ره‌ له‌عێراقدا نوێیه‌، بۆیه‌ خه‌ڵك به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ته‌ماشای‌ ده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێت "هه‌موو ئه‌و نمایشانه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌ین به‌خۆڕاییه‌، به‌ڵام هه‌ندێجار به‌شداری‌ فیستیڤاڵه‌كان ده‌كه‌ین‌و كرێیه‌كی‌ كه‌م وه‌رده‌گرین".

 

زینه‌ حه‌سه‌ن كه‌ خوێندكاری‌ زانكۆیه‌و ئاماده‌ی‌ یه‌كێك له‌و نمایشانه‌ بووه‌، سه‌رسامی‌ خۆی‌ بۆ كاره‌كه‌ ده‌رده‌بڕێت‌و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م گه‌نجانه‌ ده‌یكه‌ن پێشر له‌عێراقدا باو نه‌بووه‌، بۆیه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ زۆری‌ هه‌بووه‌".

 

زینه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ر كه‌سێك ته‌ماشای‌ ئه‌م هونه‌ره‌ بكات پێویستی‌ به‌ماندوبوونی‌ زۆر نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ تێی‌ بگات، چونكه‌ جوڵه‌كان زۆر ساده‌و رۆشنن‌و په‌یامه‌كه‌ به‌خێرایی‌ ده‌گات".

 

زینه‌و ته‌ماشاكاره‌كانی‌ تر پێیان وایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م هونه‌ر شوێنی‌ خۆی‌ بگرێت‌و گه‌نجه‌كانیش بتوانن به‌رده‌وامبن، گرنگترین كار ئه‌وه‌یه‌ وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیری‌‌و ناوه‌نده‌ هونه‌رییه‌كان پشتیوانیان بكه‌ن.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌