راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌مه‌نی‌ به‌قه‌د حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌
به‌ته‌مه‌نترین قازی‌ جیهان له‌گوندێكی‌ كوردستانه‌

سەلام هانەدنی
قازێك له‌گوندێكی‌ كوردستان ته‌مه‌نی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 24 ساڵ، به‌م پێیه‌ش بووه‌ته‌ به‌ته‌مه‌نترین قاز له‌جیهاندا، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا ناوی‌ نه‌خراوه‌ته‌ ناو كتێبی‌ گینیس بۆ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كانه‌وه‌.
11.08.2016  |  هه‌ڵه‌بجه
به‌ته‌مه‌نترین قازی‌ جیهان ( :وێنه سلام  هاندني)
به‌ته‌مه‌نترین قازی‌ جیهان ( :وێنه سلام هاندني)

گوندی‌ (مه‌لاوه‌یسه‌)ی‌ سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ خورماڵ (70 كم باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌) به‌هۆی‌ قازێكه‌وه‌ بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ناوچه‌ دیاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، چونكه‌ قازێكی‌ تیادا ده‌ژی كه‌ له‌ساڵی‌ 1992ه‌وه‌ له‌هێلكه‌ هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌و تائێستا له‌ژیاندایه‌.

 

ئه‌و قازه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی‌ هه‌ڵكشانی‌ ته‌مه‌نیه‌وه‌ توانای‌ خێرا رێكردنی‌ نه‌ماوه‌و زۆر له‌ماڵی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ دوور ناكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستاش هه‌موو رۆژێك ده‌ جوچك به‌دوایه‌وه‌ن‌و به‌خێویان ده‌كات.

 

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ نه‌به‌زی‌ خاوه‌نی‌ بانگی‌ ئه‌م قازه‌ بكات، چه‌نده‌ دوور بێت خێرا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای‌، خاوه‌نه‌كه‌ی‌ به‌وه‌ دڵته‌نگه‌ كه‌ گورجوگۆڵی‌ جارانی‌ نه‌ماوه‌و نه‌ وه‌ك جاران نان ده‌خوات نه‌ چاویشی‌ باش ده‌بینێت، بگره‌ بیرشی‌ زۆر لاواز بووه‌‌و ئه‌و ره‌فتارانه‌ی‌ پێشوو به‌قسه‌ی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌یكردن، ئێستا زوو بیری‌ ده‌چنه‌وه‌.

 

نه‌به‌ز یونس خاوه‌نی‌ قازه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كاتێك ساڵی‌ 1991 دوای‌ راپه‌ڕینی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، گونده‌كان ئاوه‌دانكرانه‌وه‌، ئێمه‌ش هاتینه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆمان له‌گونده‌كه‌مان‌و ساڵێك دواتر چه‌ند جوچكه‌ قازێك له‌هێلكه‌ تروكان، له‌ناو هه‌موویاندا ئه‌م دانه‌یه‌یان له‌ژیاندا ماوه‌".

 

ته‌مه‌نی‌ ئه‌م قازه‌ به‌قه‌د ته‌مه‌نی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، چونكه‌ حكومه‌تیش ساڵی‌ 1992 دامه‌زراوه‌، هه‌ندێ‌ كه‌س بۆ گاڵته‌جاڕی‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ قازه‌كه‌ی‌ مه‌لاوه‌یسه‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌به‌رهه‌م‌و به‌ به‌ره‌كه‌ت تره‌.

 

نه‌به‌ز وتیشی‌ "ئه‌م قازه‌ زۆر خۆشه‌ویسته‌ له‌لای‌ هه‌موو ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌مان، چونكه‌ ته‌مه‌نێكی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ سالاَنێكی‌ زۆره‌ له‌ناو خێزانه‌كه‌مان دایه‌‌و وه‌ك منداڵێكی‌ ئه‌و خێزانه‌ی‌ لێهاتووه‌، یادگاری‌ خۆش‌و ناخۆشمان له‌گه‌ڵی‌ هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ تاكو ئێستاش هێشتومانه‌ته‌وه‌ به‌خێوی‌ ده‌كه‌ین‌و وه‌ك نه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌و خێزانه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ لێهاتووه‌".

 

به‌گشتی‌ ساڵانه‌ قاز ته‌نها یه‌كجار كڕده‌كه‌وێت‌و هێلكه‌ هه‌ڵده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌م قازه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و 24 ساڵه‌دا به‌قسه‌ی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ هه‌موو ساڵێك دوو جار كڕكه‌وتووه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك جوچكی‌ ده‌بێت زۆر شه‌ڕانگێز ده‌بێت‌و ناهێڵێت هیچ په‌له‌وه‌رێكی‌ تر لێی‌ نزیك ببێته‌وه‌.

 

به‌قسه‌ی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ئه‌م قازه‌ به‌درێژایی‌ ته‌مه‌نی‌ تائێستا زیاتر له‌ 300 قازی‌ خستووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ناو ئه‌وانه‌دا ته‌نها بیست دانه‌یان ماونه‌ته‌وه‌.

 

سۆران محه‌مه‌د (42 ساڵ) دانیشتووی‌ ئه‌و گونده‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بیرم بێت ئه‌م قازه‌ هه‌بووه‌ هه‌ر لای‌ ئه‌م ماڵه‌ بوه‌ له‌م گونده‌دا تاكو ئێستا ده‌ژی‌‌و هێلكه‌و جوچكه‌ی‌ هه‌یه‌، هه‌موو خه‌ڵكی‌ گونده‌كه‌ خۆشیان ده‌وێت سۆزێكیان هه‌یه‌ بۆی‌".

 

 

ئه‌وه‌نده‌ قازه‌كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ناوبانگی‌ په‌یداكردووه‌، تائێستا ده‌یان كه‌س داوایان له‌خاوه‌نه‌كه‌ی‌ كردووه‌ پێیان بفرۆشێت، به‌ڵام به‌هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك رازی‌ نه‌بوون، نه‌ ئاماده‌ن بیفرۆشن‌و نه‌ ئاماده‌ن له‌ناوی‌ ببه‌ن.

 

به‌شێك له‌وانه‌ی‌ داوایانكردووه‌ بیكڕن، خاوه‌نی‌ كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان بوون، به‌ڵام خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ ناوه‌ به‌ڕوی‌ هه‌موویانه‌وه‌، له‌مڕووه‌وه‌ نه‌به‌زی‌ خاوه‌نی‌ ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ به‌ره‌كه‌تێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ ماڵی‌ ئێمه‌و تا له‌ژیاندا بێت ده‌ستبه‌رداری‌ نابین".

 

قازه‌كه‌ وا راهاتووه‌ له‌هه‌ر شوێنێكی‌ گونده‌كه‌ بێت بۆ هێلكه‌كردن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ بۆ ناو هێلانه‌كه‌ی‌ خۆی‌، له‌هه‌ر جێیه‌كیش گوێی‌ له‌ده‌نگی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ بێت خێرا راده‌كات به‌ره‌ورووی‌.

 

به‌قسه‌ی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ بێت ئێستا ئه‌م قازه‌ به‌ته‌مه‌نترین قازی‌ جیهانه‌ كه‌ له‌ژیاندا مابێت، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت به‌فه‌رمیش ئه‌و نازناوه‌ی‌ بۆ وه‌ربگرن.

 

پێشر به‌ته‌مه‌نترین قاز له‌جیهاندا قازێكی‌ به‌ریتانی‌ بوو به‌ناوی‌ "ئێدوینا" كه‌ 22 ساڵ ژیاوه‌و ساڵی‌ 2010 مردار بووه‌ته‌وه‌.

 

تائێستا خاوه‌نی‌ قازه‌كه‌ی‌ (مه‌لاوه‌یسه‌) به‌هۆی‌ دوری‌ ناوچه‌كه‌یانه‌وه‌ هیچ رێگایه‌كی‌ نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگات به‌لیژنه‌ی‌ دادوه‌ری‌ كتێبی گینیسی‌ پێوانه‌یی‌، چونكه‌ دڵنیایه‌ ئه‌گه‌ر پشكنین بۆ قازه‌كه‌ی‌ بكرێت ئه‌وا وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین قازی‌ ماڵیی‌ له‌سه‌ر گۆی‌ زه‌وی‌ تۆمار ده‌كرێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌