راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پیاوێک بەتەنیا 265 كچی رزگارکردووە
ئەوەی دووساڵ پێش ئێستا روویدا 74 هەمین هەوڵی‌ بنبڕکردنی ئێزدییەکان بوو

ئاڵا لەتیف
ئێزیدیەکان ئەوە دوو ساڵ تێدەپەڕێنن بەسەر ئەو رۆژەی کە داعش پەلاماری دان‌و ناوچەکەیانی داگیرکرد، ئەو رۆژە بەدەر لەوەی کۆمەڵکوژییان بەرامبەرکرا، هاوکات کچان‌و ژنانیشیان بەکەنیزەک بران.
3.08.2016  |  دهۆک
چوار كچی‌ ئێزدی‌ له‌لالش ( :وێنه سنكار بكر )
چوار كچی‌ ئێزدی‌ له‌لالش ( :وێنه سنكار بكر )

ئەمڕۆژانە بۆ ئێزیدییەکان چیرۆکی تاڵ وەبیر دەهێنێتەوە، ئەوان لەلایەک درێژە بەژیانی ئاوارەییان دەدەن لەناو کەمپەکانداو لەلایەکی دیکەشەوە پەیتا پەیتا پێشوازی لەو کچ‌و ژن‌و مناڵانەیان دەکەن کە لەدەستی داعش دەیانکڕنەوە.

 

ده‌شیانه‌وێت ئەوەی بەسەر ئێزیدیەکاندا هات وەک دۆسێی جینۆساید لەسەر ئاستی جیهان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بۆئەمەش چەند رێکخراوەو دەزگایەک هەوڵی جددی دەدەن.

 

رۆژی‌ 3ی‌ ئابی‌ 2014 کاتێک داعش پەلاماری شنگالی دا  ١٩ گوندی ئەو ناوچەیەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی، دانیشتوانەکەشی، ئەوانەی توانیان بەرەو چیای شنگال هەڵاتن‌و ئەوانەشی مانەوە پیاوەکانیان کۆمەڵکوژ کران‌و کچ‌و ژنەکانیان کران بەکەنیزەک‌و مناڵەکانیشیان بران بۆ جبەخانە چەکدارییەکانی داعش.

 

بەپێی ئامارێکی نوسینگەی تایبەت بەکاروباری رفێنراوان کە سەر بەبەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزیدیەکانە له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم، تائێستا ناوی شەش هەزارو ٤٠٤ کەس تۆمار کراوە کە لەلایەن داعشەوە رفێنراون، لەو ژمارەیەش هەتا  رۆژی‌ 18ی‌ ته‌مموزی‌ 2016 توانراوە (٢٦٢٨) کەس لەژیر دەستی داعش رزگاربکرێت بەژن‌و پیاوو مناڵەوە، بەو پێیەش ژمارەی ئەوانەی کە تائێستا لەژێر دەستی داعشدا ماونەتەوە بریتیە لە(٣٧٧٦) کەس کە ١٩١٨ کەسیان لەرەگەزی مێن‌و ١٨٥٨ کەسیشیان لەرەگەزی نێرن.

 

لەلێدوانێکیدا بۆ نیقاش هادی دوبانی، بەڕێوەبەری نوسینگەی کاروباری رفێنراوان لەدهۆک دەڵێ "بەپێی ئامارەکانی ئێمە 280 منداڵ‌و پێرەمیرد بەهۆی‌ برسێتییەوە لەسەر شاخدا گیانیان لەدەست داوەو 840 کەسیش تاوەکو ئێستا بێ سەرۆشوێنن‌و نازانرێت ئاخۆ ئەوکەسانە کەوتوونەتە دەستی‌ داعش یاخود لەرێگادا بێ سەروشوێن بوون، هەروەها 1293 شەهید کە بەدۆکۆمێنت ناوەکانیان پارێزراوە."

 

دەربارەی چۆنێتی دەربازکردنی ئەوانەش کەلەژێر دەستی داعشدا بوون هادی دەڵێ "هەندێکیان خۆیان توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن‌و بەشێکیشیان بەهۆی‌ تەمەن‌و بەساڵاچوونەوە داعشەکان خۆیان رێگایان پێداون بگەڕێنەوە، ئەوانەی‌ کە گەڕاونەتەوە مەرج نییە هەموویان لەرێگای‌ گۆڕینەوە بەرامبەر بەبڕێکی‌ دیاریکراو لەپارە هاتبێتنەوە ."

 

ئاماژە بەوەش دەکات کە داوایان لەزۆر شوێن کردوە هاوکاریان بن لەگێرانەوەی‌ بەکەنیزەگیراوەکانی‌ لای‌ داعش، "بەڵام بەداخەوە ئەوان یارمەتییان نەداین تەنها لایەن کەیارمەتی‌ داین نووسینگەی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆکی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بوو، ئەوان بەڕادەیەکی‌ زۆر هاوکاری‌ مادی‌‌و مەعنەوییان کردین."

 

هادی دووبانی هەندێک زانیاری نوێش ئاشکرا دەکات دەربارەی ژمارەی‌ گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئێزیدییەکان، دەڵێ "23 گۆڕی‌ بەکۆمەڵمان تۆمارکردووە کە 386 تەرمیان تێدایە، زۆرترین ژمارەی‌ تەرمیش کە لەناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا دۆزراونەتەوە بریتین لە86 تەرم."

 

پێشبینیش دەکەن نۆ گۆڕی‌ تری‌ بەکۆمەڵ هەبێت بەوپێیەی‌ زۆرینەی‌ ئەوانەی‌ کەرزگاریان دەبێت‌و دەگەڕێنەوە پێیان رادەگەیەنن کە رووداوی‌ کوشتنیان بینیوە لەناوچەیەکی‌ دیاریکراو، دەڵێ "ئیمەش ئەو ناوچەیە وەکو شوێنی‌ گۆڕی‌ بەکۆمەڵ لای‌ خۆمان تۆمار دەکەین‌و دواتریش بەدواداچوونی‌ بۆ دەکەین .. گۆڕی‌ بەکۆمەڵ هەبووە تەنها هی‌ ژنان بووە زۆرینەیان بەتەمەن بوون کە یەکێک لەوگۆڕە بەکۆمەڵانەش دایکی‌ نادیە مورادی‌ تێدابوو" (ئه‌و كچه‌ ئێزدییه‌ی‌ ده‌نگی‌ ئێزدییه‌كانی‌ گه‌یانده‌ جیهان).

 

ئاینی‌ ئێزیدی‌ یاخوود یەزدانی‌ یەکێکە لەکۆنترین ئاینەکانی‌ ناوچەی‌ رۆژهەڵات بەشێوەیەکی‌ گشتی‌، ئەم ئاینە پێش چەندەها هەزارساڵ لەناوچەی‌ دۆڵی‌ رافیدەین سەری‌ هەڵداوەو ئاینێکیش نییە بۆ تەبشیرو بڵاوکردنەوە بەکارهێنرابێت واتا شوێن کەوتووانی‌ ئاینەکانی‌ دیکە ناتوانن پەیرەوی‌ رێرەو و ئاینی‌ ئێزیدییەت بکەن.. خودی‌ ئاینی‌ ئێزیدیش تەواوکەری‌ ئەو ئاینانەیە کە لەپەرستنی‌ دیاردە سروشتییەکانەوە بۆ (تەنهابوون ـ التوحید ) هەنگاوی‌ ناوە کە بەسەرەکیترین بنەمای‌ ئەم هەژمار دەکرێت.

 

لەئاینی‌ ئێزیدیشدا کۆمەلێک شت هەن بەحەرام هەژمار دەکرێن لەوانە درۆکردن وریباو هەروەها زیناو سوێندی‌ درۆو ئەنجامدانی‌ هاوسەرگیری‌ لەگەڵ کەسانی‌ غەیری‌ ئێزیدی‌ .. هەروەها هاوسەرگیریش لەدەرەوەی‌ چینەکانیش کارێکی‌ حەرام کراوە و لەنێو ئێزیدیییانیشدا سێ چینی‌ ئاینی‌ سەرەکی‌ هەن (شێخ‌و پیرو مورید)و هەر تاکێکیش دەبێت لەنێو چینەکەی‌ خۆیدا هاوسەرگیری‌ بکات.

 

زمانی‌ ئێزیدیییەکان زمانی‌ کوردییەو هەموو دەقە ئاینییەکانیشیان بەزمانی‌ کوردییە .. ئەوان دوو کتێبان هەیە (مەسحەفی‌ رەش‌و جلوە)و لەهەموو وەرزێکیشدا ئێزیدییەکان بۆنەی‌ تایبەت بەخۆیان هەیەو پەرستگای‌ سەرەکیشیان پەرستگای‌ (لالش)ە کەپیرۆزترین جێگای‌ ئاینییە بەلای‌ ئەوانەوە کەدەکەوێتە دووری‌ 60 کم لەپارێزگای‌ موسڵ.

 

به‌پێی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئێزدییه‌كان تاوەکو ئێستا 73 جار له‌سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كاندا شاڵاوی‌ بنبرکردن‌و لەناوبردنیان بۆ دەرکراوە‌و ژنانیشیان بەکەنیزە براون، دێهاتەکانیشان وێران کراون ئەمە جگە لەوەی‌ ناچاریش کراون بەگۆڕینی‌ ئاینی‌ خۆیان.

 

بەڵام ئەوەی شاڵاوەکەی ئەمجارە جیادەکاتەوە لەوانەی جارانی پێشوتر سەردەمێکیترە کە تیایدا بەهۆی روماڵکردنە میدیاییەکانەوە ئێزیدییەکان توانییان دەنگی خۆیان بگەیەنن‌و شاهیدحاڵەکانیش بۆ مێژوو کارەساتەکە وەک خۆی بگێڕنەوە.

 

کچی عەمۆ سلۆ، یەکێکە لەدەربازبوانی گوندی کۆجۆ، ئەو گوندەی کە زۆرترین رێژەی کوژراوو رفێنراوی تێدا تۆمارکراوە بەبەراورد بەو گوندانەی دیکەی شنگال کە کەوتنە ژێر دەستی داعش.

 

کچی کە بەڕێکەوت لەیەکێک لەپرۆسەی رەمیکردنەکانی داعش رزگاری بوو، دەڵێ "داعش لەکەوکەبێکی دیکەوە نەهاتبوو هەتا عێراق‌و سنجار داگیر بکات، خەڵکی ناوچەکە یارمەتییاندان، ئەوانەی چەکداری بیانی داعش بوون‌و هاتنە ناوچەکە هەموویان ١٠ چەکدار نەدەبوون، بەڵام عەرەبی ناوچەکانی شنگال‌و بەعاج‌و تەلەعفەر ئه‌وانه‌ی‌ داعش بوون هەر ئەوانیش شنگالیان رادەست کرد."

 

ئەو کە ئێستا یەکێکە لەو ژمارە کەمەی پیاوانی گوندی کۆجۆ کە ئەو رۆژە دەربازیان بووە باسی ئەوە دەکات کە چۆن ژنەکانی گوندەکەیان جیاکراونەتەوە پیاوەکانیش سواری سەیارە کراون بۆئەوەی دوور لەگوند گوللەبارانیان بکەن، دەڵێ "کە دایانبەزاندین لەسەیارەکە فیشەکیان بەبەر قاچماندا دەتاقاند بۆئەوەی خێراتر رابکەین‌و لەسەر ئەژنۆ بەڕیز دابنیشین، من یەکەم کەس بووم کە لەسەر ئەژنۆ دانیشتم، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکەن راستەوخۆ دەستیان کرد بەرەمی، بیکەیسی‌و رەشاشە، نزیکەی ٥٠ کەسێک دەبووین، کە تەواویان کرد بەگوێی خۆم گوێم لێ بوو کە یەکێکیان دەیوت فیشەکەکانی من روسییە رێگەم بەن با من پێیانەوە بنێم، لەو کاتەدا فڕۆکەیەک هات‌و زۆر نزیک بۆوە لەئێمە ئەمەش وایکرد چەکدارەکان شپرزە ببن‌و دانە بەدانە فیشەکی ترمان پێوە نەنێن، هەربۆیە لەناو ئەو جەماعەتانەی کە رەمی کران زۆرترین کەس لەجەماعەتەکەی ئێمە بەزیندوویی دەرچوین."

 

لەخێزانەکەی کچی‌و براکانی ٧٥ کچ بێ سەرو شوێن‌و رفێنراون، ده‌ڵێت "لە خێزانەکەی من خۆم دەرچووم، ژن‌و کچەکانی منیشیان برد، یەکێک لەکچەکانم لەتەلەعفەر گیانی لەدەستداو دواتریش ژنەکەم‌و دوو کچەکەی ترم رزگارکرد بە بڕی سیانزه‌ هه‌زار دۆلار."

 

دەشڵی "ئێستا لەو ٧٥ کچە ٤٠ کەسمان کڕیوەتەوە، ١٦ کەسیشیان دڵنیاین کە لەلای داعش ماونەتەوە، بەڵام چارەنووسی ئەوانی تر نازانین، بێ سەروشوێنن. دوو لەبرازاکانم تازە کڕیومانەتەوە یەکێکیان بە شانزه‌ هه‌زارو یەکێکیشیان بەهه‌ژده‌ هه‌زار دۆلار".

 

رەنای تەمەن ٢٠ ساڵان ئەو برازایەی کچیە کە ١٤ی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵ لەرەقەوە بە ١٦ هەزار دۆلار لەدەستی داعش کڕدراوەتەوە، خوشکە بچوکەکەشی کە ئێستا تەمەنی ١٤ ساڵانە کۆتایی مانگی حوزەیران لەموسڵەوە بە ١٨ هەزار دۆلار لەدەستی داعش کڕدراوەتەوە.

 

ئەو دوو خوشکە ئێستا لەگەڵ مامیان و خوشکێکی دیکەیان لەکەمپی قادیا لەزاخۆ درێژە بەژیان دەدەن کە ئەویش ساڵی رابردوو لەدەستی داعش کڕدراوەتەوە.

 

ئەو دوو خوشکە شاهیدحاڵی چەندین حاڵەتی کوشتن‌و دەستدرێژی‌و کڕین‌و فرۆشتنن بەو کچ‌و ژنانەوە کە کەوتونەتە دەستی داعش، رەنا دەڵێ "توڕە دەبوون ئەگەر نوێژمان نەکردایە دەیانوت دەبێ نوێژ بکەن. ئێمە داواکارین دۆسییەکەمان بەدونیا بناسێنریت کەچەندین جار رووبەرووی دەستدرێژی‌و لاقەکردن بوینەتەوە چ ژیانێک لەو رۆژانەدا ژیاوین."

 

هەرچەندە ئەو دوو خوشکە لەرێگەی ماڵێکەوە کڕدراونەتەوە، بەڵام چیرۆکی خۆ دەربازکردنەکەی ئەوان لەماڵی یەکەم بۆ گەیشتن بە ماڵی دووەم کە نێوەندگیرییان بۆ دەکات لەگەڵ خێزانەکانیان لەکوردستان پریەتی لەسەرکێشی.

 

بارینی خوشکی رەنا دوای ئەوەی شەوەکەی تەلەفون لەبوکی ماڵەکە وەردەگرێ‌و پەیوەندی بەکوردستانەوە دەکات ئەدرەسی ماڵێک لەموسڵ وەردەگرێ، رۆژی دواتر سێ هەزار دینار لەبوکی ماڵەکە قەرز دەکات‌و لەنیوەڕۆدا فرسەت دەهێنێ‌و دەڕوا. دواتر ئەو ماڵە بە ١٨ هەزار دۆلار رادەستی دەکەنەوە. چیرۆکەکەی رەناش زۆر لەوەی خوشکەکەی جیاواز نییە تەنها ئەوەندە نەبێت رەنا لەرەقەوە دێتەوەو ئەمیش لەموسڵەوە.

 

زۆرن ئەوانەی کە ئێستا ئیش لەدۆسێی کڕینەوەی رفێنراوانی ژێر دەستی داعشدا دەکەن، عەبدوڵا شریم یەکێکە لەوانە کە تائێستا نزیكه‌ی 265 كچی رزگار كردووه‌و ناو و ژماره‌كانیانی لایه‌، ته‌نانه‌ت وێنه‌ی كاتی رزگاركردنه‌كه‌شیانی هەیە. بۆ هەموویان فایلی بۆ دروستکردوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر رۆژێك له‌رۆژان یه‌كێك وتی چۆن تۆ ئه‌مانه‌ت رزگار كردووه‌ به‌به‌ڵگەوە‌ نیشانی بدات.

 

شریم دەڵێ هەر تەنیا کچان‌و ژنانی رزگار نەکردووە بەڵکو کوڕیشی رزگار کردووە، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وانه‌ی من رزگارمكردن حەوتیان كوڕ بوون كه‌ له‌مه‌عه‌سكه‌ره‌كانی داعشدا بوون‌و ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 14بۆ 16 ساڵاندایه‌‌و باقی هه‌مووی مناڵ‌و ژن‌و كچ بوون."

 

سەبارەت بە نرخی ئەو کچ‌و ژنانەی ئازادی کردوون عەبدوڵا شریم وتی "به‌پێی قورسی كاره‌كه‌ نرخه‌كان ده‌گۆرێت، سه‌ره‌تا هه‌بوو به‌هه‌زار دۆلار ده‌مانهێنانه‌وه‌ دواتر بوو به‌هه‌زارو پێنج سه‌د دۆلارو ئێستاش گه‌شتۆته‌ ده‌ هه‌زار دۆلار، من كۆمه‌ڵێكم هه‌یه‌ له‌ره‌قه‌ ئیش ده‌كه‌ن، ئه‌و هاورێیانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیان ئیشیان ده‌كرد له‌به‌رچاویاندا به‌چه‌قۆ كۆشتیانن. هیچ یه‌كێك له‌مانه‌ش خۆیان به‌كوشت ناده‌ن ئه‌گه‌ر پاره‌یه‌كی باشیان ده‌ست نه‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و هۆكاره‌یه‌ كه‌ نرخه‌كان گه‌شتونه‌ته‌ ده‌ هه‌زار دۆلار، ئه‌و كچانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان 9 ساڵه‌ له‌هه‌موو كچه‌كانی تر به‌گرانترینیان داده‌نرێن".

 

شریم خۆی‌ بازرگانێكی‌ دیاری‌ ئێزدییه‌و ئێستا له‌دهۆك نیشته‌جێیه‌، سه‌ره‌تا به‌پاره‌ی‌ خۆی‌ به‌شێك له‌و رفێندراوانه‌ی‌ كڕیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌كان رێكده‌خات‌و له‌لایه‌ن بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزیدیەکان له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم پاره‌كه‌ی‌ بۆ دابین ده‌كرێت.

 

ئەوانەی لەژێر دەستی داعش دەگەڕێنەوە باوەش بۆ ژیان دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی لەسەر دەستی ئەوان بەسەریاندا هاتووە هێندە بەئاسانی لەبیر ناکرێ، هەربۆیە لەلایەک گرفتی دەرونی‌و لەلایەکی دیکەش گرفتی دیکەی تەندروستییان هەیە بەتایبەتی کچ‌و ژنەکان بەهۆی لاقەکردنی بەکۆمەڵ‌و دەستاو دەستپێکردنیان لەنێوان چەکدارەکاندا.

 

د. نەغەم نەوزاد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان لەیەکێک لەو سەنتەرانەی دهۆک کاردەکات کە پشکنینی تەندروستی بۆ کچان‌و ژنانی دەربازبووی دەستی داعش دەکەن، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ھەموو کەیسەکان لەبارودۆخێکی زۆر ھەستیاردان، دەتوانم بلێم ٩٩%ی ئەو ژن‌و کچانەی دەربازبوون، رووبەرووی دەستدرێژی سێکسی بونەتەوە ھەر لەتەمەنی ١٠ ساڵان بۆ سەرەوە بێجگە لەوەش بەشێکی زۆریان تووشی چەندان نەخۆشی جۆری پێست‌و کەمخوێنی بوون."

 

دەشڵێ "من بەراشکاوانە دەڵێم ھەرچەندە ئێمە توانیومانە چارەسەری دەروونی پێویستیان بۆ ئەنجام بدەین، بەڵام ھیشتا بارودۆخی ئەوان زۆر زۆر لەچارەسەرەکانی ئێمە گەورەترەو بەئاسانیش ئەو دۆخە کۆنترۆل نەکراوە‌و ناکرێ. ئەمە گرفتێکی کاتی نییە بەڵکو ئەمانە لەناو قەیرانی راستەقینەدا ژیاون‌و کارەساتی گەورەو راستەقینەشیان بینیوە بۆیە پێویستە ھاوکارییە دەروونییەکان بۆ ئەمانە زۆر زیاتر بکرێ."

 

ئەوەی ئەو پزیشکە باسی لێوە دەکات هەمان ئەو مەترسیەیە کە د. غەزوان رەشۆ، پسپۆڕی دەرونی ئاماژەی بۆ دەکات، ئەویش کە بەهەمان شێوە لەو سەنتەرە تایبەتیەدا چارەسەری دەرونی دەربازبوانی داعش دەکات، دەڵێ "زۆرینەی ئەو کەیسانەی لای داعشەوە دەگەڕێنەوە بیر لەخۆکوشتن دەکەنەوە ئەمەش پێویستی بەچاودێری بەردەوامە، بەشێوەیەکی گشتی سەرجەمی دەربازبووان پێویستیان بەچارەسەری دەروونییە لەلایەن کەسانی پسپۆرەوە لەبوارەکە".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌