راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گۆڤه‌ند له‌سه‌رده‌می‌ جه‌نگدا
ئێزدییه‌كان چادری‌ ئاواره‌ییان كردووه‌ به‌هه‌واری‌ خۆشه‌ویستی‌

تایبه‌ت
شه‌ڕو ئاواره‌یی‌‌و ماڵوێرانی‌ رێگه‌ی‌ له‌كچان‌و كوڕانی‌ ئێزدی‌ نه‌گرتووه‌ به‌یه‌كتر شادبن‌و بچنه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رییه‌وه‌، به‌ڵام لێره‌ جیاوازییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بێ‌ شایی‌‌و گۆڤه‌ند به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌كه‌ به‌ڕێ‌ ده‌كه‌ن.
28.07.2016  |  سلێمانی
دوعا حه‌یدۆو یوسف حه‌سنه‌ ( :وێنه دشتي علي )
دوعا حه‌یدۆو یوسف حه‌سنه‌ ( :وێنه دشتي علي )

زه‌ماوه‌نده‌كه‌ی‌ كوڕ‌و كچه‌ گه‌نجه‌كه‌، ته‌نانه‌ت رێوره‌سمی‌ ساده‌‌و ساكاریشی‌ بۆ رێكنه‌خرا بوو، ته‌نها خواردنێكی‌ كه‌م بۆ میوانان ئاماده‌كرابوو، شایی‌‌و هه‌ڵپه‌ركێ حه‌وت رۆژییه‌كه‌ی‌ شه‌نگال به‌نسیبی‌ دوعا حه‌یدۆ‌و یوسف حه‌سه‌ن نه‌بوو، وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ قوربانیه‌كانیان، پابه‌ندی‌ بریاری‌ گه‌وره‌كانیان بون‌و به‌بێده‌نگی‌ چونه‌ ناو كه‌ژاوه‌ی‌ زێڕینه‌وه‌.

 

دوعا‌و یوسف، له‌كه‌مپێكی‌ ئاواره‌كانی‌ ئاشتی‌ له‌سلێمانی‌ له‌ناو ئۆتۆمبێلێكدا دابه‌زین كه‌ هیچ له‌ئۆتۆمبێلی‌ بوك زاوا نه‌ده‌چوو، بێ‌ هه‌ل هه‌له‌ لێدان‌و گۆرانی‌ ده‌ستیان له‌ناو ده‌ستی‌ یه‌ك بوو خۆیان كرد به‌نێو ئه‌و چادره‌دا كه‌ بریاریانداوه‌ بیكه‌نه‌ هه‌واری‌ خۆشه‌ویستیان.

 

هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ كاتێك به‌رێوه‌چوو، تینی‌ تیشكی‌ خۆر تاده‌هات گه‌رمتر ده‌بوو، دوعا حه‌یدۆ خه‌ڵكی‌ به‌عشیقه‌یه‌ له‌باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ موسڵ‌و له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ ئاواره‌ بووه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ وه‌ك ئێزیدییه‌كان له‌وكاته‌وه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ساته‌مان به‌سه‌ر هاتووه‌ دڵمان شكاوه‌و هه‌موومان غه‌مبارین، ناكرێت له‌كاتی‌ ئێستادا ئاهه‌نگ‌و دیلان بگێڕین".

 

دوعا، پێداگری‌ كرد له‌وه‌ی‌ "تائێستا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌كچ‌و ژنه‌كانمان له‌ده‌ستی‌ رێكخراوی‌ داعشدان، بۆیه‌ هیچ كچ‌و كوڕێكی‌ ئێزدییه‌كان بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ له‌هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یدا ئاهه‌نگ‌و خۆشی‌ بگێرێت".

 

داعش كاتێك هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ ئێزدینشینه‌كان پاساوی‌ "كافربون"ی‌ كرده‌ بیانوی‌ هێرشه‌كانی‌ بۆ سه‌ر ئێزیدیه‌كان _پێكهاته‌یه‌كی‌ ئاینی‌ سه‌ربه‌خۆن‌و زۆرینه‌یان له‌عێراق‌و سوریا نیشته‌جێن_ كه‌ سه‌دان ساڵ بوو پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ موسڵمان‌و مه‌سیحیه‌كاندا به‌ئاشتی‌ ده‌ژیان.

 

هه‌رچه‌نده‌ داعش به‌نیازی‌ سڕینه‌وه‌ یه‌كجاری‌ ئێزیدیه‌كان هێرشیكرد، توانی‌ برینێكی‌ قوڵ بخاته‌ سه‌ر دڵیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌ته‌مای‌ بوو بۆی‌ نه‌چووه‌سه‌ر، ئێزیدیه‌كان كۆڵیان نه‌داو له‌ئاواره‌ییدا جارێكی‌ تر ده‌ستیان به‌ژیان كرده‌وه‌.

 

 

ئێستا كه‌مپی‌ ئاشتی‌ له‌ناحیه‌ی‌ عه‌ربه‌ت_20 كم له‌باشوری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌_، كه‌م رۆژ هه‌یه‌ هاوسه‌رگیرییه‌كی‌ تێدا به‌رێوه‌نه‌چێت، به‌شێكی‌ هاوسه‌رگیرییه‌كان كوڕ‌و كچه‌ ئێزیدیه‌كان به‌پێی‌ داب‌و نه‌ریتی‌ خۆیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

 

دوعا‌و یوسف، به‌رێكه‌وت یه‌كتریان ناسیوه‌، دوای‌ دووجار په‌یوه‌ندیكردن بڕیاری‌ هاوسه‌رگیریان داوه‌، به‌پێی‌ دابونه‌ریتی‌ ئێزیدیه‌كان خۆشه‌ویستی‌ پێش هاوسه‌رگیری‌ رێگه‌ پێنه‌دراوه‌. دوعا دڵی‌ به‌هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان خۆشه‌‌و پێباشه‌ ئاواره‌یی‌ نه‌كرێته‌ بیانو بۆنه‌چونه‌ ناو كه‌ژاوه‌ی‌ زێڕینه‌وه‌.

 

یوسف حه‌سه‌ن، پشتگیری‌ له‌قسه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ كرد‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "راسته‌ ئێمه‌ ئاواره‌ین، به‌ڵام ده‌كرێت بیر له‌ژیانی‌ خۆشمان بكه‌ینه‌وه‌، هیوادارم كوڕ‌و كچه‌كانی‌ تریشمان به‌ئاواتی‌ خۆیان بگه‌ن".

 

دانیشتوانی‌ كه‌مپی‌ ئاشتی‌ پێكهاتون له‌ئاواره‌ ئێزیدیه‌كانی‌ شه‌نگال‌و عه‌ره‌به‌كانی‌ پارێزگای‌ موسڵ‌و سه‌لاحه‌دین، دوو هه‌زارو 700خێزانن، 300خێزانیان ئێزیدین‌و 2هه‌زارو 400 خێزانیشان عه‌ره‌بن، كۆی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ پێكدێن له‌ 15 هه‌زار كه‌س.

 

به‌هۆی‌ دروستبونی‌ شه‌ڕی‌ داعش له‌عێراق‌و سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئاڵۆزیه‌كانی‌ سوریا، له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردودا ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ئاواره‌ رویان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌و به‌پێی‌ ئاماری‌ ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ژماره‌یان یه‌ك ملیۆن‌و 954 هه‌زار كه‌س ده‌بوو، زۆرینه‌یان له‌كه‌مپه‌كاندا جێگیركراون، 40 كه‌مپ له‌هه‌رێمدا هه‌ن.

 

په‌یام سه‌لام به‌رێوه‌به‌ری‌ كه‌مپی‌ ئاشتی‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ 8ی‌ ئابی‌ 2014وه‌ كه‌مپی‌ ئاشتی‌ كراوه‌ته‌وه‌ تاكو ئێستاش به‌رده‌وام هاوسه‌رگیری‌ ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك سێ‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌كه‌مپی‌ ئاشتی‌ ئه‌نجام ده‌درێت".

 

ئێزیدیه‌كان بریاریانداوه‌ هاوسه‌رگیریه‌كان به‌بێده‌نگی‌ به‌رێوه‌بچن، هه‌ر كوڕو كچێك ئاهه‌نگ بگێڕن ئه‌وان به‌شداری‌ تێدا ناكه‌ن.

 

به‌شێك له‌كوڕ‌و كچه‌ ئێزیدیه‌كان له‌خوار ته‌مه‌نی‌ 18 ساڵیه‌وه‌ هاوسه‌رگیری‌ ده‌كه‌ن، به‌ته‌نها لای‌ شێخه‌كه‌یان له‌یه‌كتر ماره‌ ده‌كرێن‌و له‌دادگانی‌ هه‌رێمدا مامه‌ڵه‌ی‌ فه‌رمیان بۆ ناكرێت، هیچ بوكێكی‌ نوێش نیه‌ به‌بێ‌ كردنی‌ بڕێك زێڕ له‌لایه‌ن ماڵ باوكی‌ زاواوه‌ بچێته‌ ناو ژیانه‌ تازه‌كه‌ی‌.

 

شێخ شه‌مۆ موراد، شێخی‌ ئێزیدیه‌كان له‌كه‌مپی‌ ئاشتی‌ كه‌ كوڕ كچه‌كان له‌یه‌كتر ماره‌ ده‌كات، به‌"نیقاش" راگه‌یاند پێشتر له‌شه‌نگال حه‌وت رۆژ ئاهه‌نگ ده‌گێڕدرا بۆ بوك‌و زاوا‌و ده‌عوه‌ت‌و پیرۆزبایكردن هه‌بوو.

 

وتیشی‌ "ئێستا كه‌ داعش ئه‌و كاره‌ساته‌ی‌ به‌سه‌ردا هێناین، هیچ ئاهه‌نگێك ناگێڕین، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش ئه‌وه‌ بكات هیچ كه‌سێك ناچێته‌ ئاهه‌نگه‌كه‌یان".

 

به‌پێی‌ دابونه‌ریتی‌ ئێزیدیه‌كان سه‌ره‌تا كوڕ له‌گه‌ڵ باوكی‌‌و چه‌ند كه‌سێكی‌ دیكه‌و شێخه‌كه‌یان ده‌چنه‌ ماڵی‌ كچه‌كه‌و خوازبێنی‌ له‌باوكی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ماڵی‌ كچه‌كه‌ رازی‌ بون ئه‌وا پیرۆزبایی‌ له‌كچه‌كه‌و كوڕه‌كه‌ ده‌كه‌ن، پاشانیش كچ‌و كوڕه‌كه‌ ده‌چنه‌ ماڵی‌ شێخه‌كه‌و به‌پێی‌ دابونه‌ریت‌و رێوره‌سمی‌ ئاینی‌ خۆیان له‌یه‌كتریان ماره‌ ده‌كات.

 

ئه‌گه‌ر باوكی‌ كچه‌كه‌ رازی‌ نه‌بێت ئه‌وا كچ‌و كوڕه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چن بۆ ماڵی‌ شێخی‌ ئێزیدیه‌كان، یان له‌ماڵی‌ خزمێكیان ماره‌ ده‌كرێت به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ ماڵی‌ كچه‌كه‌، تا ئه‌وكاته‌ی‌ ماڵی‌ كچه‌كه‌ رازی‌ ده‌بن یان ئاشت ده‌بنه‌وه‌.

 

له‌ماڵی‌ شێخی‌ ئێزیدیه‌كان هێمای‌ په‌رستگای‌ لالش _په‌رستگای‌ گه‌وره‌ی‌ ئێزدیدیه‌كان له‌باكوری رۆژئاوای ناوەندی قەزای شێخان_ هه‌ڵواسراوه‌و دوعای‌ تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌كه‌ن، پێش هاتنی‌ داعش له‌زێدی‌ خۆیان ئه‌و مه‌راسیمه‌ له‌په‌رستگادا ئه‌نجام ده‌درا.

 

جگه‌ له‌دوعا‌و یوسف ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌كوڕو كچانی‌ ئێزیدی‌ له‌كه‌مپه‌كه‌دا ده‌ستیان به‌ژیانێكی‌ نوێ‌ كردوه‌، عێفان خدر (19 ساڵ) خه‌ڵگی‌ گوندی‌ دیبا شێخ خدر له‌شه‌نگال، نزیكه‌ دوو مانگ‌و نیوه‌ له‌گه‌ڵ سافیناز عه‌مر (13 ساڵ) هاوسه‌رگیری‌ كردوه‌، له‌خێمه‌یه‌كی‌ ته‌نیشت ماڵ باوكی‌ زاوا پێكه‌وه‌‌و به‌خۆشه‌ویستیه‌وه‌ شه‌نی‌ رۆژگار ده‌كه‌ن.

 

عێفان‌و سافیناز له‌ئاواره‌یدا یه‌كتریان ناسینه‌وه‌‌و هیچ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌یان نه‌كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش، بۆ پرۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان گه‌ڕانه‌وته‌وه‌ بۆ لای‌ شێخه‌كه‌یان له‌قه‌زای‌ شێخان له‌وێ‌ له‌یه‌كتر ماره‌ كراون.

 

ئه‌و كوڕ‌و كچانه‌ی‌ له‌كه‌مپه‌كه‌دا هاوسه‌رگیری‌ ده‌كه‌ن، روبه‌روی‌ چه‌ند گرفتێك ده‌بنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر عێفان‌و سافینازدا هات، دوای‌ سێ‌ مانگ چاوه‌روانی‌ ئینجا خێمه‌یان وه‌رگرتووه‌، بوك‌و زاوا تازه‌كه‌ش سه‌ره‌تا خێمه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌‌و له‌ناو خێمه‌ی‌ باوكی‌ زاوادا مانگی‌ هه‌نگوینیان به‌رێ ده‌كه‌ن.

 

گرفتێكی‌ تر كه‌ ژیانی خێزانه‌ تازه‌كانی‌ هاوشێوه‌ی‌ ماڵه‌ باوانیان روبه‌روی‌ ناره‌حه‌تی‌ زیاتر كردوه‌ته‌وه‌، نه‌بونی‌ ده‌رفه‌تی‌ كار‌و سه‌رچاوه‌ی‌ داهاته‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ زیاتر له‌دوو ساڵه‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌، ترس له‌تارمایی‌ داعشیش وای‌ لێكردون جارێك بیر له‌گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌‌و به‌ژیانی‌ ئاواره‌ی‌ رازی‌ بن، هاوسه‌ره‌ نوێكان‌و ئاواره‌ ئێزیدیه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ تا گره‌نتی ته‌واویان پێنه‌درێت باره‌گه‌‌و بنه‌ نه‌پێچنه‌وه‌ به‌ره‌و نیشتمانی‌ خۆیان.

 

ئه‌م راپۆرته‌ كاری‌ تیمی‌ په‌یامنێرانی‌ نیقاشه‌ وه‌ك به‌شێك له‌راهێنانی‌ خولی‌ تایبه‌تی‌ نیقاش له‌شاری‌ سلێمانی‌.

به‌شداربوان: مه‌عاز فه‌رحان، هێمن حه‌سه‌ن، شاڵاو محه‌مه‌د، ده‌شتی‌ عه‌لی‌، سه‌لام هانه‌دنی‌، جوانڕۆ محه‌مه‌د.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌