راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژیان ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌به‌ری‌ سكرابدا
له‌كه‌لوپه‌لی‌ بێكه‌ڵك‌و فڕێدراو هونه‌رێكی‌ سه‌رنجراكێش به‌رهه‌م دێت

سار ا قاهیره‌
چه‌ند گه‌نجێكی‌ عێراقی‌ سوود له‌كه‌لوپه‌لی‌ سكراب‌و فڕێدراو ده‌بینن‌و له‌رێیانه‌وه‌ چه‌ندین شێوه‌ی‌ هونه‌ری‌‌و كاری‌ ده‌ستڕه‌نگینی‌ دروست ده‌كه‌ن.
28.07.2016  |  به‌غدا
هونه‌ری‌ كه‌لوپه‌له‌ بێكه‌ڵكه‌كان
هونه‌ری‌ كه‌لوپه‌له‌ بێكه‌ڵكه‌كان

ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی‌ له‌م پرۆژه‌یه‌دا كارده‌كه‌ن له‌ناو خۆڵ‌و خاشاك‌و له‌لای‌ ئاسنگه‌رو شوێنه‌كانی‌ چاككردنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێل كه‌لوپه‌له‌ فڕێدراوه‌كان هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌و به‌جۆرێك پێكیانه‌وه‌ ده‌لكێنن كه‌ شێوه‌ی‌ هونه‌ریی‌‌و سه‌رنجراكێش ببه‌خشێت.

 

گه‌نجه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆیان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپا زۆر باویه‌تی‌، به‌ڵام له‌عێراق شێوه‌ی‌ نه‌بووه‌، له‌مڕووه‌وه‌ عه‌بدولقادر نائیب خاوه‌نی‌ وه‌رشه‌ی‌ هونه‌ری‌ كه‌لوپه‌له‌ سكرابه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی‌ گه‌وره‌ له‌م بواره‌دا كاریان كردووه‌.

 

عه‌بدولقادر به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م هونه‌ره‌ جگه‌ له‌لایه‌نی‌ جوانكاری، كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر پاك راگرتنی‌ ژینگه‌.. بیرۆكه‌كه‌ش له‌هونه‌رێكی‌ جیهانییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ كار له‌سه‌ر زیندوكردنه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌ فڕێدراوه‌كان ده‌كات".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ چوارچێوه‌و شێوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو بۆ ئه‌م هونه‌ره‌ نییه‌، به‌ڵكو پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌داهێنان‌و بیركردنه‌وه‌و زه‌وق‌و توانای‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌.

 

باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ یه‌كێك له‌هاوڕێكانی‌ له‌رووی‌ دارایی‌‌و كه‌لوپه‌لی‌ پێویسته‌وه‌ پاڵپشتی‌ كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ هیچ لایه‌نێكی‌ حكومی‌ ده‌ستی‌ هاوكاریان بۆ درێژ نه‌كردووه‌، له‌كاتێكدا چه‌ند ساڵێكه‌ هه‌وڵی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ ئه‌م هونه‌ره‌ ده‌دات‌و سوود له‌بیرۆكه‌ جیهانییه‌كان ده‌بینێت بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ لاساییان بكاته‌وه‌.

 

عه‌بدولقادر روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌ شكاوه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌، سه‌ره‌تا بیرۆكه‌ی‌ كاره‌كه‌ی‌ داده‌ڕێژێت، ئینجا پارچه‌كان له‌یه‌ك ده‌دات‌و شێوه‌ هونه‌رییه‌كه‌یان پێ‌ دروست ده‌كات‌و ده‌شڵێت "ئامانجی‌ سه‌ره‌كیمان تێگه‌یاندنی‌ خه‌ڵكه‌ له‌چۆنێتی‌ پاراستن‌و پاكڕاگرتنی‌ ژینگه‌ له‌رێی‌ سوودبینین له‌كه‌لوپه‌لی‌ بێكه‌ڵك‌و گۆڕینیان به‌پارچه‌ی‌ كه‌ڵكدار".

 

عه‌بدولقادرو هاوڕێكانی‌ به‌و كه‌لوپه‌لانه‌ به‌شداری‌ چه‌ندین پێشانگای‌ ناوخۆییان كردووه‌، به‌ڵام هیچ نرخێكیان له‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كان دانه‌ناوه‌و لێگه‌ڕاون خه‌ڵكی‌ خۆیان بخه‌مڵێنن.

 

محه‌مه‌د عامری‌ هاوكاری‌ عه‌بدولقادر كه‌ یارمه‌تی‌ ده‌دات له‌كۆكردنه‌وه‌و گواستنه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌له‌ فڕێدراوه‌كان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات هه‌موو به‌یانییه‌ك به‌شوێن كه‌لوپه‌لی‌ بێكه‌ڵك‌و فڕێدراودا ده‌گه‌ڕێن‌و كه‌ ده‌چنه‌وه‌ وه‌رشه‌كه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ شێوه‌یه‌كی‌ جوانی‌ به‌به‌ردا بكه‌ن.

 

ئه‌م هونه‌ره‌ هێشتا زۆر كه‌س پێی‌ ئاشنا نین، به‌ڵام به‌هره‌مه‌نده‌كان فه‌یسبووك‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كارده‌هێنن بۆئه‌وه‌ی‌ هونه‌ره‌كه‌یان به‌خه‌ڵكی‌ بناسێنن.

 

عومه‌ر عه‌بدوڵا كه‌ گه‌نجێكی‌ دانیشتوی‌ به‌سره‌یه‌‌و خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی‌ دیبلۆمی‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كانه‌، یه‌كێكی‌ تره‌ له‌و به‌هره‌مه‌ندانه‌ی‌ له‌كه‌لوپه‌له‌ فڕێدراوه‌كان كاری‌ هونه‌ری‌ دروست ده‌كات.

 

عومه‌ر ئه‌وكاته‌ی‌ خوێندكار بووه‌ ده‌ستی‌ داوه‌ته‌ ئه‌مكاره‌و له‌پاڵ خوێندنی‌ په‌یكه‌رتاشیدا به‌م به‌رهه‌مانه‌شی‌ سه‌رنجی‌ مامۆستاو هاوڕێكانی‌ راكێشاوه‌.

 

عومه‌ر به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆرم حه‌ز به‌م هونه‌ره‌یه‌و له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ ته‌ماشای‌ نمونه‌ جیهانییه‌كان ده‌كه‌م، ورده‌ ورده‌ش خۆم بیرۆكه‌ی‌ نوێ‌ داده‌ڕێژم".

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "جوانی‌ ئه‌م كارانه‌ له‌وه‌دایه‌ بینه‌ر تووشی‌ شۆك ده‌كات‌و پرسیار له‌باره‌ی‌ شێوازی‌ دروستكردنیه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ له‌كێشه‌ سیاسی‌‌و ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق دوور بكه‌ونه‌وه‌و بۆ كه‌مێكیش بێت له‌نائارامی‌‌و دڵه‌راوكێدا نه‌ژین".

 

باس له‌وه‌ش ده‌كات كاره‌كانی‌ ئه‌وان به‌ته‌نها شێوه‌یه‌كی‌ هونه‌ری‌ نییه‌ كه‌ دروست بكرێت‌و نمایش بكرێت بۆ فرۆشتن، به‌ڵكو هێماداریشن بۆ بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ژیانه‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م گه‌نجانه‌ ته‌واو سه‌رقاڵی‌ كاره‌كه‌یان بوون‌و كاتی‌ گرتوون، به‌ڵام ئه‌م هونه‌ره‌ تائێستا نه‌بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ بژێوی‌ ژیانیان له‌وڵاتێكدا كه‌ رۆژ به‌رۆژ رێژه‌ی‌ بێكاری‌ به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌