راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌ڵه‌ی‌ سێكسی‌ ئه‌لكترۆنی‌
یان پاره‌ ده‌ده‌یت یان ئابڕوت ده‌برێت

محەمەد زەیدی
له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی‌ كوت بوون به‌داوی‌ مافیاكانی‌ سێكسی‌ ئه‌لكترۆنییه‌وه‌، یان ده‌بێت پاره‌ بده‌ن یاخود گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانیان بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
28.07.2016  |  واست
چه‌ندین گه‌نج بوون به‌م داوه‌وه‌
چه‌ندین گه‌نج بوون به‌م داوه‌وه‌

چیرۆكه‌كه‌ له‌و كاته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كاتێك گه‌نجێك له‌رێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كچێك له‌وڵاتێكی‌ تر كامێرا بۆ یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌و سێكسی‌ ئه‌لكترۆنی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دواتر روون ده‌بێته‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ روویداوه‌ كاری‌ مافیاكانی‌ ئه‌و بواره‌یه‌‌و هه‌موو دیمه‌نی‌ گه‌نجه‌كه‌ تۆماركراوه‌، ئینجا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێده‌كه‌ن یان ده‌بێت پاره‌یان بداتێ‌ یاخود گرته‌كه‌ی‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

 

زۆربه‌ی‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی‌ بوون به‌م ته‌ڵه‌یه‌وه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ ئالوده‌ی‌ ژووره‌كانی‌ چات بوون، "نیقاش" توانی‌ ده‌ستی‌ بگات به‌چه‌ند یه‌كێكیان‌و له‌زاری‌ خۆیانه‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌.

 

عه‌لوكی‌ كه‌ ناوی‌ خوازراوی‌ كوڕێكی‌ ته‌مه‌ن بیست ساڵه‌‌و بووه‌ به‌داوی‌ تۆڕه‌كانی‌ سێكسی‌ ئه‌لكترۆنییه‌و دواتر ناچار بووه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر بدات، به‌"نیقاش"ی‌ وت "كچه‌كه‌ وا خۆی‌ نیشاندا كه‌ فه‌ره‌نسییه‌كی‌ به‌ره‌چه‌ڵه‌ك مه‌غریبییه‌، داوایكرد كامێرای‌ فه‌یسبوكه‌كه‌م بكه‌مه‌وه‌و خۆمان بۆ یه‌كتر نمایش بكه‌ین، نه‌مزانی‌ ئه‌مه‌ی‌ روویداوه‌ هه‌مووی‌ ته‌ڵه‌ بووه‌".

 

سه‌ره‌تا عه‌لوكی‌ گوێ‌ به‌بابه‌ته‌كه‌ نه‌داوه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ هه‌ڕه‌شیان لێكردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر پاره‌ نه‌دات هه‌موو گرته‌ تۆماركراوه‌كه‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵیداوه‌ بڕوایان پێبهێنێت كه‌ ئه‌و كاره‌ نه‌كه‌ن، به‌ڵام زیاتر سوربوون، ویستوشیه‌تی‌ هاوڕێكانی‌ كێشه‌كه‌ی‌ بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌وه‌ش هیچ ئه‌نجامێكی‌ نه‌بووه‌.

 

عه‌لوكی‌ تاكه‌ كه‌س نه‌بووه‌ كه‌ بووه‌ به‌م داوه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌م یه‌كێكه‌ له‌و ده‌یان چیرۆكه‌ی‌ به‌ته‌نها له‌شارێكی‌ وه‌ك كوتدا له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا روویان داوه‌.

 

نونو، دیسان ناوێكی‌ تری‌ خوازراوه‌ بۆ یه‌كێك له‌قوربانییه‌كان به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌پڕ تووشی‌ شۆك بووم كه‌ بینیم هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ له‌نێوان من‌و كچه‌كه‌دا روویداوه‌ زۆر به‌وردی‌ وێنه‌ گیراوه‌".

 

ئه‌و گه‌نجه‌ ته‌مه‌ن هه‌ژده‌ ساڵه‌ كه‌ له‌شه‌رمدا كاتێك قسه‌ی‌ ده‌كرد ته‌ماشای‌ زه‌وی‌ ده‌كرد، وتی‌ "نازانم بۆ ئه‌م بێعه‌قڵیه‌م كرد، نه‌مزانی‌ ده‌بمه‌ قوربانی‌، به‌ڕاستی‌ ئێستا باری‌ ده‌رونیم زۆر خراپه‌".

 

ده‌شڵێت "هه‌ر چوار خوله‌ك دوای‌ كاره‌كه‌، كچه‌كه‌ لینكێكی‌ بۆ ناردم كه‌ كردمه‌وه‌ بینیم به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئابڕوبه‌رانه‌ ڤیدیۆكه‌م تۆماركراوه‌".

 

ئه‌میش سه‌ره‌تا زۆر گوێ‌ به‌بابه‌ته‌كه‌ نه‌داوه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ هاكه‌ره‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بڕی‌ دوو هه‌زار دۆلاریان نه‌داتێ‌ ئه‌وا له‌سه‌ر یوتیوب‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، دواجار له‌گه‌ڵیان رێككه‌وتووه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی‌ قیستی‌ مانگانه‌ پاره‌كه‌ بدات.

 

به‌پێی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان هاكه‌ره‌و قوربانییه‌كه‌، ده‌بێت گه‌نجه‌كه‌ له‌رێی‌ كۆمپانیایه‌كی‌ حه‌واڵه‌وه‌ پاره‌ بنێرێت بۆ ئه‌و وڵاته‌ی‌ كه‌ داوای‌ لێده‌كه‌ن.

 

سامر باوی‌ كه‌ خاوه‌نی‌ كۆمپانیای‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراوه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌لای‌ منه‌وه‌ چه‌ند گه‌نجێك پاره‌یان ناردووه‌ بۆ كه‌سی‌ جیاواز له‌چه‌ند وڵاتێك، سه‌ره‌تا نه‌مزانی‌ له‌ترسدا ئه‌م پارانه‌ ده‌نێرن".

 

ده‌شڵێت "پێم سه‌یر بوو كه‌ مانگانه‌ دوو گه‌نج ده‌هاتنه‌ لام‌و داوایان ده‌كرد پاره‌یان بۆ حه‌واڵه‌ بكه‌م بۆ مه‌غریب‌و تونس، دواتر بۆم روونبووه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی‌ سێكسی‌ ئه‌لكترۆنی‌‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئابڕویان نه‌چێت ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌ده‌ن".

 

هه‌رچه‌نده‌ زۆر كه‌س داوا ده‌كه‌ن حكومه‌ت رێوشوێنی‌ پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌نجان نه‌بن به‌و داوه‌وه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ حكومی‌ رایه‌كی‌ تریان هه‌یه‌.

 

ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌لكترۆنی‌ كوت، ئه‌ندازیار حه‌یده‌ر وائیلی‌ پێی‌ وانییه‌ به‌كارهێنانی‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ "قوربانی‌ سێكسی‌ ئه‌لكترۆنی‌" ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ راست بێت، به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ره‌زامه‌ندی‌ خۆیان كامێرایان كردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ قوربانی‌ نین.

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ ده‌كرێت بگیرێنه‌ به‌ر، وائیلی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ژیانی‌ تایبه‌تی‌ كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌و ناكرێت ئێمه‌ ده‌ستی‌ لێ‌ وه‌ربده‌ین یان سنورداری‌ بكه‌ین، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌مان له‌سه‌ره‌ هۆشیاری‌ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌نجی‌ زیاتر تێوه‌ نه‌گلێن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌