راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هێرشێكی‌ نوێ‌ بۆ سه‌ر پایته‌خت
به‌غدا داعشی‌ له‌كۆڵ نه‌بووه‌ته‌وه‌، قالۆنچه‌شی‌ هاته‌ سه‌ر

ئەفراح شەوقی
دیارده‌یه‌كی‌ سه‌یر رووی‌ له‌به‌غدا كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رما گه‌یشته‌ 51، ژماره‌یه‌كی‌ بێشومار قالۆنچه‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قام‌و باخچه‌و چێشتخانه‌و شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ پایته‌خت.
28.07.2016  |  به‌غدا
ئه‌م هه‌موو قالۆنچه‌یه‌ ته‌نها له‌حه‌وشه‌ی‌ یه‌ك ماڵدا بوون
ئه‌م هه‌موو قالۆنچه‌یه‌ ته‌نها له‌حه‌وشه‌ی‌ یه‌ك ماڵدا بوون

هێرشی‌ قالۆنچه‌ ترسی‌ خسته‌ ناو دڵی‌ خه‌ڵكییه‌وه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چووه‌ ناو ماڵه‌كانه‌وه‌، هاوكات شه‌وان ده‌نگێكی‌ زۆر بێزاركه‌ریان ده‌رده‌كرد.

 

هه‌ر دوو كاتژمێر دوای‌ هێرشه‌كه‌، دنیایه‌ك وێنه‌و كۆمێنت‌و هاشتاگ بڵاوبوونه‌وه‌و سه‌رنجی‌ خه‌ڵكیان له‌رووداوه‌ سیاسی‌‌و ئه‌منییه‌كان‌و نه‌بوونی‌ كاره‌باوه‌ گوێزایه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌م دیارده‌ نوێیه‌و پرسیاری‌ سه‌ره‌كی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو هۆكاری‌ ئه‌م هێرشه‌ چییه‌ كه‌ هه‌موو ده‌رمانه‌كانی‌ قه‌ڵاچۆش ناتوانێت له‌ناویان ببات.

 

سه‌عد عه‌بدوڵا جبوری‌ كه‌ دانیشتوی‌ ناوچه‌ی‌ شورته‌ رابیعه‌ی‌ خوارووی‌ به‌غدایه‌ ناچار بووه‌ بڕێكی‌ زۆر ده‌رمانی‌ قه‌ڵاچۆكردن بكڕێت بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی‌ هێرشی‌ قالۆنچه‌كان، به‌ڵام هیچی‌ سوودی‌ نه‌بووه‌و ناچار بووه‌ شه‌و تا به‌یانی‌ به‌ده‌ست دوایان بكه‌وێت‌و له‌ناویان ببات بۆ ئه‌وه‌ی‌ منداڵه‌كانی‌ بتوانن بخه‌ون.

 

ره‌یا عاسم خاوه‌نی‌ دوكانی‌ بۆن‌و كه‌لوپه‌لی‌ ژنانه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ تووشی‌ رووگیری‌ بووه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كڕیاره‌ ژنه‌كانی‌ له‌دوكانه‌كه‌ رایانكردووه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ بڕێكی‌ زۆر قالۆنچه‌ شوێنیان كه‌وتووه‌، هیچ ده‌رمانێكیش سوودی‌ نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵیاندا.

 

خاوه‌نی‌ یه‌كێك له‌چێشتخانه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ شه‌قامی‌ مه‌نسور وێنه‌یه‌كی‌ له‌فه‌یسبووك بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌رگای‌ چێشتخانه‌كه‌ی‌ به‌شێوه‌كی‌ كاتی‌ داخستووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ چاره‌یه‌ك بۆ قالۆنچه‌كانی‌ ژووره‌وه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند چالاكوانێكی‌ فه‌یسبووك وێنه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك قاپی‌ چێشتخانه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ قالۆنچه‌ تێی‌ یاوه‌، ئه‌ویش سه‌ره‌ڕای‌ داخستن ناچاربوو داوای‌ لێبوردن له‌میوانه‌كانی‌ بكات.

 

یه‌كێك له‌چالاكوانه‌كان له‌فه‌یسبووك وێنه‌یه‌كی‌ بڵاوكردبۆوه‌و نوسیبووی‌ "عێراقییه‌كان قبوڵیان بوو جاڵجاڵۆكه‌ی‌ مه‌ترسیدای‌ (بێوه‌ژنه‌ ره‌شه‌)‌و ماری‌ پێدارو زه‌رده‌واڵه‌ بڵاو بێته‌وه‌، به‌ڵام قبوڵیان نییه‌ قالۆنچه‌ وه‌ك فرۆكه‌ی‌ F16 به‌خێرایی‌ به‌سه‌ر سه‌ریاندا بفڕێت‌و له‌ماڵه‌كانیان بڵاو ببێته‌وه‌".

 

دیمه‌نی‌ منداڵێكی‌ ده‌ ساڵان به‌ناوی‌ سوجاد باوترین چیرۆكی‌ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو كاتێك له‌ترسی‌ قالۆنچه‌ ده‌ستی‌ به‌گریان كردووه‌و داوا له‌باوكی‌ ده‌كات بچنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ قالۆنچه‌ له‌باخچه‌یه‌ك گه‌مارۆیان داوه‌.

 

وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌‌و ژینگه‌ له‌زاری‌ د. ئه‌حمه‌د ردینی‌ وته‌بێژیه‌وه‌ هۆكاری‌ هێرشی‌ قالۆنچه‌كانی‌ گێڕایه‌وه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رما‌و جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ نه‌خۆشی‌ ناگوێزنه‌وه‌و هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه‌شی‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌چنه‌ گوێوه‌ زیاده‌ڕویان پێوه‌ كراوه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ حاڵه‌تی‌ زۆر ده‌گمه‌نن وه‌ك هه‌ر مێروویه‌كی‌ تر كه‌ ده‌كرێت بچنه‌ گوێوه‌.

 

هه‌ر بۆ گاڵته‌جاڕی‌ هه‌ندێ‌ له‌چالاكانی‌ سه‌ر فه‌یسبووك داعشیان تۆمه‌تبار كردبوو به‌ناردنی‌ ئه‌و قالۆنچانه‌، به‌ڵام هه‌ندێكی‌ تر بابه‌ته‌كه‌یان به‌جدی‌ گرتبوو نوسیبویان "سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ئه‌نقه‌ست به‌فرۆكه‌ به‌ری‌ داونه‌ته‌وه‌، وه‌ك چۆن پێشتر مێرووی‌ تریان له‌خواروی‌ عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌".

 

له‌لای خۆیه‌وه‌ د. سالم حه‌سن وه‌رشان مامۆستای‌ كۆلێژی‌ كشتوكاڵی‌ زانكۆی‌ ئه‌نبار به‌شی‌ خۆپارێزی‌ رووه‌ك به‌"نیقاش"ی‌ وت "قالۆنچه‌و هه‌موو جۆره‌ خشۆك‌و مێرووه‌كان ژینگه‌ی‌ گونجاو هه‌ڵده‌بژێرن بۆ مانه‌وه‌و گه‌شه‌كردن، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رما بۆ حه‌وت پله‌ زیاتر له‌ساڵی‌ پار، وایكرد له‌ژێر زه‌وی‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌و به‌دوای‌ شوێنێكی‌ فێنكدا بگه‌ڕێن".

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی‌ كه‌ باس له‌پێوه‌دانی‌ ژه‌هراوی‌ ده‌كه‌ن، جه‌میل ساعدی‌ توێژه‌ری‌ ژینگه‌یی‌‌و ته‌ندروستی‌ زانكۆی‌ موسته‌نسریه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "نه‌خۆشخانه‌كان هیچ حاڵه‌تێكی‌ مه‌ترسیداری‌ پێوه‌دانیان تۆمار نه‌كردووه‌، هه‌روه‌ك چۆن هیچ نه‌خۆشییه‌ك بڵاو ناكه‌نه‌وه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت شوێنی‌ پێوه‌ دانیان سوور ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و قسانه‌ش راست نییه‌ كه‌ باس له‌چوونه‌ ناو گوێ‌ ده‌كه‌ن".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ له‌مه‌ترسی‌ هێرشی‌ قالۆنچه‌كانی‌ كه‌مكرده‌وه‌و رایگه‌یاند كه‌ به‌هۆی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ گه‌رماوه‌ له‌شه‌واندا دێنه‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌شی‌ كه‌ ده‌ركه‌وتوون قالۆنچه‌ی‌ تازه‌ نین، به‌ڵكو له‌و جۆرانه‌ن كه‌ له‌ساڵانی‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ له‌عێراقدا بونیان هه‌یه‌، ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌رمانی‌ پێویست بڵاوده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیان به‌به‌روبومه‌ كشتوكاڵییه‌كان نه‌گه‌یه‌نن.