راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

باوی‌ ئه‌وه‌یه‌ عه‌میه‌ گۆڕه‌كه‌ت بۆ هه‌ڵكه‌نێ‌
به‌ناوبانگترین گۆڕهه‌ڵكه‌نی‌ نه‌جه‌ف به‌فه‌یسبووك داواكاری‌ وه‌رده‌گرێت

مه‌نار ئه‌لزوبه‌یدی‌
گۆڕهه‌ڵكه‌نێك له‌گۆڕستانی‌ نه‌جه‌ف بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ عێراق‌و له‌سه‌ر فه‌یسبووك به‌هه‌زاران هه‌واداری‌ بۆ خۆی‌ كركردووه‌ته‌وه‌.
21.07.2016  |  نه‌جه‌ف
كاریكاتێری‌ عه‌لی‌ عه‌میه‌ ( :وێنه موقع العمية على انستغرام)
كاریكاتێری‌ عه‌لی‌ عه‌میه‌ ( :وێنه موقع العمية على انستغرام)

عه‌لی‌ عه‌میه‌ (43 ساڵ) به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ نوێ‌‌و داهێنه‌رانه‌ گۆڕ هه‌ڵده‌كه‌نێت‌و مردوو ده‌نێژێت، ته‌نانه‌ت له‌بواره‌كه‌دا چه‌ندین ركابه‌ری‌ بۆ په‌یدابووه‌.

 

عه‌میه‌ (نازناوه‌كه‌ی‌ بۆ باپیره‌ نابیناكه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌) له‌ته‌مه‌نێكی‌ منداڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ برا قورئانخوێنه‌كانی‌ چووه‌ته‌ گۆڕستان‌و كاتێك ته‌مه‌نی‌ 13 ساڵ بووه‌ به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ مامۆستای‌ وێنه‌ وازی‌ له‌خوێندن هێناوه‌و بووه‌ته‌ یارمه‌تیده‌ری‌ گۆڕهه‌ڵكه‌ن.

 

كه‌سوكاری‌ عه‌میه‌ له‌نه‌جه‌ف به‌دوورینی‌ باشترین جۆره‌كانی‌ عه‌بای‌ پیاوان ناسراون، سوودی‌ له‌و ناوبانگه‌ بینیوه‌ بۆ كاره‌كه‌ی‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌میره‌كانی‌ كوه‌یت‌و سعودیه‌ ئه‌و عه‌بایانه‌یان ده‌كڕی‌ كه‌ باپیرانم له‌ناوچه‌ی‌ حویش ده‌یاندوری‌، باوكیشم مه‌لای‌ مینبه‌ری‌ حوسه‌ینییه‌ بوو، ئه‌م ناوبانگه‌ زۆر یارمه‌تی‌ دام بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێش ركابه‌كانم بكه‌ومه‌وه‌".

 

ئه‌و له‌كاره‌كی‌ خۆیدا قاڵبووه‌ته‌وه‌و گۆڕه‌كانی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ هه‌ڵكه‌ندووه‌و رازاندوێتیه‌وه‌، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ خه‌ڵك زۆر ناسیوێتی‌.

 

له‌و كاته‌ی‌ په‌یامنێری‌ "نیقاش" له‌نوسینگه‌كه‌ی‌ بوو بۆ جاری‌ بیست‌و یه‌كه‌م ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی‌ لێیداو به‌شانازییه‌وه‌ داوای‌ لێبوردنی‌ ده‌كردو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ئه‌وه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ین، وتیشی‌ "له‌نوسینگه‌كه‌م خه‌ڵكێكی‌ زۆر چاوه‌ڕێمن، هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت وێنه‌م له‌گه‌ڵ‌ بگرن‌و هه‌ندێكی‌ تر ده‌یانه‌وێت مردووه‌كانیان بۆ بنێژم".

 

كاره‌كه‌ی‌ عه‌میه‌ هه‌ر وا ئاسان نه‌بووه‌، به‌ڵكو رووبه‌رووی‌ ململانێی‌ گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌ به‌ناوبانگه‌كان بووه‌ته‌وه‌‌و ده‌ڵێت "ململانێی‌ نا شه‌ریفانه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردم‌و ده‌یانویست دوورم بخه‌نه‌وه‌... ئه‌مه‌ زۆر بێزاری‌ كردم، به‌ڵام بێهیوا نه‌بووم‌و بڕیارمدا به‌به‌هێزی‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌".

 

هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌می‌ به‌چاپكردنی‌ ده‌ هه‌زار كارت بووه‌ كه‌ وێنه‌ی‌ خۆی‌‌و ژماره‌ی‌ ته‌له‌فۆنی‌ له‌سه‌ربووه‌، ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكیش بۆی‌ زۆر نه‌بووه‌، ده‌شڵێت "په‌نام برد بۆ هه‌ندێ‌ ناسیاوم كه‌ له‌فه‌یسبووكیان ده‌زانی‌ داوام لێكردن وێنه‌ی‌ ئه‌و گۆڕه‌ جوانانه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌ دروستم كردون، هه‌ندێك بۆ پشتیوانی‌‌و هه‌ندێكی‌ تر وه‌ك گاڵته‌پێكردن بڵاویان كرده‌وه‌، خۆیشم پاره‌م ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوو سمارتفۆن بكڕم‌و خوێنده‌واریشم نه‌بوو".

 

به‌ڵام به‌هۆی‌ ناشتن‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ش گۆڕه‌وه‌ مۆبایلێكی‌ زیره‌كی‌ كڕیوه‌و داوای‌ له‌چه‌ند گه‌نجێك كردووه‌ ئه‌كه‌ونتێكی‌ فه‌یسبووكێكی‌ بۆ بكه‌نه‌وه‌ به‌ناوی‌ "عه‌لی‌ عه‌میه‌ی‌ گۆڕهه‌ڵكه‌ن" هه‌رچه‌نده‌ گاڵته‌یان پێكردووه‌، به‌ڵام هه‌ر كاتژمێری‌ یه‌كه‌م 50 داوای‌ هاوڕێیه‌تی‌ بۆ هاتووه‌، ئه‌و كاته‌ له‌ناو گه‌نجه‌كان هه‌ستاوه‌ته‌ سه‌رپێ‌و وتوویه‌تی‌ "له‌ئاینده‌دا ته‌مه‌ننا ئه‌كه‌ن بتوانن وێنه‌م له‌گه‌ڵ بگرن".

 

عه‌میه‌ سوودی‌ له‌فه‌یسبووك بینیوه‌ بۆ خۆناساندن‌و ده‌ڵێت "وێنه‌ی‌ گۆڕه‌ جوانه‌كانم بۆ هه‌ندێ‌ كه‌س ده‌نارد، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی‌ شاره‌كانی‌ ناوه‌ڕاست‌و باشوور گرێ‌ ده‌داو ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ گه‌نجم ناسی‌، زۆربه‌ی‌ جه‌ماوه‌ركه‌م گه‌نجن، به‌تایبه‌تی‌ گه‌نجانی‌ كه‌راده‌ی‌ به‌غدا".

 

پاش په‌یداكردنی‌ ناوبانگ سێ‌ په‌یجی‌ فه‌یسبووكی‌ بۆ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ناوبانگترینیان زیاتر له‌ (268) هه‌زار لایكی‌ هه‌یه‌و ئه‌ندازیارێكی‌ عێراقی‌ له‌مالیزیا بۆی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، دوانی‌ تریش دوو هاوڕێی‌ له‌سه‌ماوه‌و ناسرییه‌ بۆی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن‌و وه‌ڵامی‌ نامه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌و وێنه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ رێكده‌كه‌ون كه‌ گۆڕیان ده‌وێت.

 

عه‌دنان شێخ عه‌بدولجعێفه‌ری‌ كه‌ 45 ساڵه‌ گۆڕ هه‌ڵده‌كه‌نێ‌‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌و كاره‌یان كردووه‌، پێی‌ وانییه‌ عه‌میه‌ گۆڕهه‌ڵكه‌نێكی‌ راسته‌قینه‌ بێت به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م كه‌سه‌ به‌دوای‌ ناوبانگ‌و پاره‌دا ده‌گه‌ڕێ‌، مردوناشتن مه‌رج‌و ره‌وشتجوانی‌‌و پابه‌ندبوون به‌شه‌رعی‌ ده‌وێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت زیان به‌ئێمه‌ بگه‌یه‌نێت له‌رێی‌ یاریكردن به‌نرخه‌كانه‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "ئه‌م ساڵانه‌ كه‌ ئیش جوڵاوه‌ نرخی‌ گۆڕێك 350 بۆ 400 هه‌زار دینار، به‌ڵام یارمه‌تی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدو هه‌ژاران ده‌ده‌ین‌و هه‌ندێجار به‌دوو سه‌د هه‌زارو هه‌ندێجاری‌ تر به‌خۆڕایی‌ هه‌ڵیده‌كه‌نین، ئه‌وه‌ی‌ بۆ گۆڕهه‌ڵكه‌ن ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌د هه‌زار دیناره‌، ئه‌وه‌ی‌ تر ئه‌ڕوات بۆ باج‌و كرێی‌ ساڵانه‌ی‌ نوسینگه‌و كاره‌با".

 

به‌قسه‌ی‌ عه‌دنان، گۆڕه‌كان ده‌بن به‌دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێكیان موڵكی‌ شاره‌وانییه‌و گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌كان به‌نرخێكی‌ گران ده‌یكڕن، به‌شێكی‌ تریان زه‌وی‌ ده‌وڵه‌تن‌و گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌كان زیاده‌ڕه‌وی‌ ده‌كه‌نه‌ سه‌رو بازرگانی‌ پێوه‌ ده‌كه‌ن.

 

له‌به‌رامبه‌ردا عه‌میه‌ پێی‌ وایه‌ ركابه‌ره‌كانی‌ ده‌یانه‌وێت زیان له‌ناوبانگی‌ بده‌ن، چونكه‌ ئه‌و گۆڕێك به‌ 250 هه‌زار دینار هه‌ڵده‌كه‌نێت‌و نرخه‌كه‌ی‌ زۆر له‌وان كه‌متره‌، هه‌روه‌ها كه‌ره‌سته‌ی‌ باش به‌كارده‌هێنێت وه‌ك مه‌ڕمه‌ڕی‌ توركی‌‌و خشت‌و شێوه‌یه‌كی‌ ئه‌ندازه‌ییان پێده‌دات‌و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جواننوسه‌ به‌ناوبانگه‌كان ده‌كات، ده‌شڵێت "براكه‌م پیاوی‌ ئاینییه‌و خۆی‌ مه‌راسیمی‌ ناشتن به‌ڕێوه‌ ده‌بات‌و به‌ڕێزه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مردووه‌كه‌ ده‌كه‌ین‌و هه‌ر گۆڕێك سێ‌ بۆ چوار مه‌تر هه‌ڵده‌كه‌نین، گۆڕه‌كانی‌ ئێمه‌ له‌شێوه‌ی‌ بڕینی‌ پاقلاوه‌یه‌، ئه‌مه‌ش خۆم دامهێناوه‌".

 

عه‌میه‌ هه‌وادارێكی‌ زۆری‌ هه‌یه‌و ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت له‌كاتی‌ مردوو شوشتن‌و نوێژكردن له‌مزگه‌وت‌و مه‌رقه‌دی‌ ئیمام عه‌لی‌ سه‌ردانكه‌ران داوای‌ وێنه‌گرتنم لێده‌كه‌ن".

 

ده‌شڵێت "ته‌نانه‌ت ژنان له‌مالیزیاو ئه‌مه‌ریكاو توركیا گرته‌ی‌ ڤیدیۆییان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و هاوار ده‌كه‌ن: ده‌تانه‌وه‌ێ‌ كێ‌ بتانێژێ‌؟ خۆشیان وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن عه‌میه‌، به‌ڵام من ئه‌م گرتانه‌م بڵاونه‌كرده‌وه‌، چونكه‌ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ داخراوداین‌و ره‌نگه‌ ركابه‌ره‌كانم به‌كاری‌ بهێننه‌وه‌ له‌دژم، منیش ئاماده‌م هه‌موو شتێك له‌ده‌ست بده‌م جگه‌ له‌جه‌ماوه‌ره‌كه‌م".

 

ئه‌مان فوئاد خزعه‌لی‌ (23 ساڵ) كه‌ ده‌رچووی‌ كۆلێژی‌ یاسایه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات عه‌میه‌ سوودی‌ له‌بابه‌تی‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و سه‌رنجڕاكێش بینیوه‌و له‌فه‌یسبووك بڵاوی‌ كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر بۆ خۆی‌ په‌یدا بكات.

 

ئه‌مان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و زیره‌كه‌ له‌به‌كارهێنانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ته‌نانه‌ت پێگه‌یه‌كی‌ هه‌واڵی‌ هه‌یه‌ به‌ناوی‌ عه‌میه‌ نیوز كه‌ هه‌واڵی‌ مردووناشتن‌و جۆری‌ گۆڕو نرخه‌كانیان بڵاوده‌كاته‌وه‌، سه‌لیقه‌یه‌كی‌ هونه‌ری‌ باشیشی‌ هه‌یه‌، بیرم دێت جارێكیان چه‌ند گۆڕێكی‌ به‌یه‌ك ره‌نگ‌و شێوه‌ دروستكرد بۆ چه‌ند برایه‌كی‌ كه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعشدا شه‌هیدبوون".

 

عه‌میه‌ به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ ئۆتۆمبێلی‌ كڕیوه‌و نوسینگه‌ی‌ تایبه‌تی‌ كردووه‌ته‌وه‌و خواسته‌كانیشی‌ به‌رزبوونه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت "ته‌نها چوار ساڵی‌ ترم پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێش هه‌موو ركابه‌ره‌كانم بكه‌ومه‌وه‌و گۆڕستانی‌ نه‌جه‌ف كۆنترۆڵ بكه‌م".

 

ئێستا منداڵه‌كانی‌ راده‌هێنێت بۆ فێربوونی‌ پیشه‌كه‌ی‌، یه‌كێكیان گۆڕ هه‌ڵده‌كه‌نێت‌و یه‌كێكیان ده‌بێته‌ قورئانخوێن، ته‌نانه‌ت عه‌باو عه‌مامه‌شی‌ بۆ كڕیوه‌.

 

عه‌میه‌ كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ سه‌رنجی‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیی‌و به‌ناوبانگه‌كان‌و هاوڵاتیانی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ‌، خه‌ونی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌هۆی‌ كاره‌كه‌یه‌وه‌ ببێته‌ كه‌سایه‌تییه‌كی‌ جیهانی‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌